کۆنەپەرست و ڕۆشنبیر

لە کتێبی:
چوار نامیلکەی عەلی شەریعەتی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 20 خولەک  721 بینین
کۆنەپەرست و ڕۆشنبیر

وەک دەزانین ئێمە ئەمڕۆ بەو کەسانەی کە بڕوایان بە قسەی پڕوپووچ و بن شڕ هەیە و بە ئافاتی خەرافاتەوە گیرۆدەن، ئێژین دەسەی کۆنەپەرست کە من بەڕاستی نازانم. بە بڕوای من بەو پڕوپووچ پەرستانە، دەبێ بێژین: دوورەهەست و گوێرەکەی گێژ. ئەو کەسانەش کە دوژمنی خەرافات و پڕوپووچن، تێگەیشتوون کە خەرافات کۆمەڵگا لەبەر یەک دەبا و زیانی ژیانە و گەرەکیانە بتۆژنەوە کە ئەم ئاهۆ مرۆکوژە کەی هاتۆتە ناو کۆمەڵ و چۆن جێگەی خۆی کردۆتەوە و چۆنی بیر لە ڕاستەقانی لەبیر خەڵک بردۆتەوە؟ چۆن توانیویە سەرچاوەی ڕوونی دینەکە شلوێ بکا و سەر لە مەردم بشێوێنێ؟ بە زانایی، دەراوەکان ڕوون کەنەوە و سەرچاوە بەسەر کەنەوە و بزانن ئایین لە پێشدا کە پەیدا بووە، چۆن بووە و بۆچی وای بەسەر هاتووە؟ تێبکۆشن جەماوەری خاپێندراو حاڵی بکەن. واتا دەردیش بناسن و دەرمانیشی بدۆزنەوە و دەردی نەزانین چارە کەن، دەتوانین بەوانە بێژین ڕۆشنفکری خاوەن بەهرە. کەچی ئێستا لە ناوماندا دەستەیەک هەن هیچ ئاگایان لە ڕابردووی ئیسلام نییە؛ نازانن قورعان چی تێدایە. هەوڵیان نەداوە بزانن سەرەتای ئەو پڕوپووچ و خەرافاتە لە کوێوە سەری هەڵداوە. هەر دەزانن گاڵتە بەو مەردمە بکەن کە باوەڕیان بەو پڕوپووچانە هەیە. لایان وایە بە گەمە و گاڵتە پێکردن دەبڕێتەوە. بە خۆشیان ئێژن ڕۆشنبیر! دەیسا من ئەم تەرزە کەسە زۆر بە تاریکبین دەزانم و دەگەڵ کابرای ساویلکەی بەستەزماندا فەرقی ناکەم. هەرکیان وەک یەک بێچارەن و هیچ کارێکیان لە دەست نایە. ساویلکەی نەخوێندەواریش وەک ئەو لە قورعان نازانێ و نازانێ خوا چی فەرمووە. هەر لەوساوە ساوا بووە و تازە زمانی گرتووە و گوێی بۆ قسە و باس گرتووە، پێی گوتراوە ڕێ و شوێنی ئیسلامەتی، بڕوا بە خوا و بە قورعان و حەج کردن و زەکات دان و عەلی و حوسێن خۆشویستن و چاوەنۆڕی ئیمامی زەمان کردن و پەنا بردن بە مەرقەدی ئیمامزادانە. بێچارە تێگەیەندراوە کە پیاو با موسوڵمانیش بێ، با هەرچی فەرمانی خواشە پێکی بێنێ، دیسان لە بارەگای خودا وەک چڵەپووشێک نانوێنێ و زۆرحەستەمە دەنگی بە خودا ڕابگا. ڕێگای چارەی هەر ئەوەیە پەنا بەرێ بە یەکێک لەو پیاوچاکانەی کە لە خوداوە نزیکن. ئەوان بۆی ببنە تکاکار کاری چاکە و لە ژێر سایەی ئەو گەورە سایە چەورانە پاروو دەڕۆن هەڵدەکێشێ! لەم بارەوە هێندەی دەگوێ ئاخنراوە کە ئەو نەزانە لای وایە هەر دەستێکی لە دامێنی تکاکارێکی وا گیر بێ، ئیتر بەسیە. با سەرپێچی لە فەرمانی خوا کردبێ، با ماڵی خەڵکی خواردبێ، با هەرچی دەڵێن لە شەرع و قورعاندایە نەیکردبێ، گرینگ نییە؛ تکای ئیمام و پیاوچاکان دەفریای دێ؛ ڕێگە نادا بەرپرس و حیساب بکەوێ و عەداڵەت شوێنی خۆی بگرێ.

ئەگەر فڵانە ئیماندار لە خەزادا بە کوشت چووە و شەهیدە و دەچێتە بەهەشت، ئەم -کە تکاکاری هەیە- بە بێشەڕ و خۆ بەکوشت دان دەتوانێ پلەی چەند شەهید بەدەست بێنێ. وەک لەمەوبەریش لێی دواین بە فەرمایشتی مام ئاخوند فرمێسک ڕشتن بۆ حوسێن بەسە بۆ چوونی بەهەشت و دەرەجەی شەهید ساندن و خۆدزینەوە لە سزا و لێپرسینەوە. جا بەو پێیە هەروا تۆزێک سەرنج بدە و ئەم دیمەنە بێنە بەرچاو:

رۆژی زیندوو بوونەوەیە. هەموو گیاندار لە مەحشەر کۆبوونەتەوە. چاک و خراپ هاویڕ دەکرێن. بانگ لە شەهیدان کراوە ڕیز ببەستن؛ هەتا چاکەی سەردنیایان بێتەوە ڕێ و پاداش لە خودا وەرگرن.

شەهیدانی خەزای بەدر، عەلی، حوسێن، هەمزە، عەبباس، حوڕ، جەعفەری تەییار، ئەنەس، خەباب، یاسری عەممار و هیکە لە ڕێز یەکەوە وێستاون. چەند کۆنەحاجی خۆماڵی ڕەزاگرانی خوێنتاڵی کەچەڵی زگ دەرپەڕیوی بەلەرە لەبەر بەز و پیو، تەزبیح بەدەست لە تەنیشتیانەوە وێستاون، چاوەچاون کەنگێ میداڵی شەهادەت لە فرشتەکان وەردەگرن.

وا من بە خەیاڵ حاجیەکی هەڵدەبژێرم کە هەر بزەی سمێڵیەتی و گاڵتە بە کلکی خۆی دەکا. دەچمە تەکیەوە و دەیدوێنم:

- سەلام، حاجیاغا گیان، خێرە؟ چۆنە تەشریفت لێرەیە؟!

- پاداشی شەهید وەردەگرم.

- تۆ لە کام خەزا بەشدار بووی؟ دەگەڵ کێ ڕا شەهید کرای؟

- ئای بابا وازمان لێ بێنە! خەزای چی و شەهیدبوونی چی؟ شەوێک هێندەم

فەسەنجوون خوارد، گرفتم پێ کرد و مردم!

- بمبوورە ئەگەر لێت پرسم چۆن دەفەرمووی پاداشی شەهید وەردەگرم؟

- وەڵڵا پەرژین بێ لە ڕووتا؛ بیلامانێ. ئەو شەوەی کە تێیدا مردم یەکشەمە بوو. شەوەکەی هەینوی ڕابردوو عوسڵم کرد و چوومە ناوجێ. دۆعایەک هەیە مەلایەک فێری کردووم و دەیفەرموو هەرکەس لە شەوی هەینیدا حەفتاجارانی بخوێنێ، خوا لە قیامەت دەرەجەی حەفتا شەهیدی خەزای بەدری خەڵات دەکا. بە برام بڵێم هەر لەسەرجێ حەفتا کەڕەت دۆعا بۆرم خوێند و نووستم. هەر سەرم لە گۆڕ هەڵێنا، پیاوانی خوا هاتنە شوێنم؛ گوتیان وەرە! وامزانی دەمبەن حیسابی فەسەنجوونم لێ دەکێشن. بیری مردنی خۆم دەکرد. بیری ئەوەندەم نەدەبرد کە من خێری دۆعای گۆرینم پێ دەگا. وام دەبینی بە دەرەجەی حەفتا دانە شەهیدەوە لای ئەمانەی کە هەر یەکەی بە شەهیدێک داندراون ڕاوێستاوم. هیچ دەزانی چۆنە بە یەک شەهید ڕازی بووم و پلەی شێست و نۆ شەهیدم لە دەفتەر قەڵەم کێشاوە؟

- ئادەی بزانم لەبەر چی؟

- لەبەر دڵی ئیمام حوسێن. نازانی چەندەم خۆش دەوێ. وەک دەزانی ئەم ئیمامە نازەنینە دەگەڵ حەفتاودوو کەسدا لە خزم و کەس و یارانی لە خەزایە لەسەر دەشتی کەربەلایە شەهید کران. هەر یەکیان بە شەهیدێک دانراون. جا من بۆ ئەوەی ئیمامی خۆشەویستم بەزەیی بە خۆیدا نەیە و نەشکێتەوە، وتم منیش هەر بە شەهیدێک حیساب کەن. منیش وەک ئەو. چاکم نەکرد؟

- ئافەریم بۆ ماریفەتت. وەباڵ بەستۆم پیاوەتیت کرد.

ئێستا بۆمان هەیە بڵێین ئەو بۆرەپیاوەی لای وایە دۆعا لەسەر جێ بخوێنێ، بێدەردیسەر و ماندوو بوون لە بەهەشت پاڵ دەداتەوە، کونی دۆعای گوم کردووە. بەستەزمانە و فێڵبازێکی پیاوخەڵەتێن ئاوا لە خشتەی بردووە.

بەڵام ئەگەر خوێندەوارێک کە بە خۆی دەڵێ ڕۆشنبیر، لای وابێ هەڵخەڵەتانی ئەو ساویلکە نەزانانە و فەرمایشتی فێڵبازانەی ئەو ئاخوندەی کە دۆعا فرۆشی دەکا بریەتین لە ئیسلامەتی ڕاستەقینە و هەرکەس بڵێ موسوڵمانم وەک ئەوانە و دەبێ گاڵتە بە ئەقڵی کەین، بە بڕوای من ئەویش وەکوو حاجیەکەی باسمان لێوە کرد ڕێگەی ڕاستی لێ تێک چووە؛ چونکە هەردووکیان لە ڕاستی بێخەبەرن.

ڕاستت دەوێ دەردەکەمان دوو سەرەیە: وا لە لایەکەوە دەیبینین سەتان ساڵە کۆلکەمەلای گوێنەدەر و حەشاماتی نەخوێندەوار و کۆڵەوار لە ناو لیتە و جڵیتاوی پڕوپووچدا دەتلێنەوە و ڕۆژ لە دووی ڕۆژ پتر نوقمی زەلکاوی خەرافات دەبن. لەم لاشەوە چینی تازە پێگەیشتووی لاومان هەیە کە لە لاوە یان لە ناوخۆ دەرسی لاوەکی دەخوێنن؛ خۆیان ناو ناوە ڕۆشنبیر. هەر یەکتر دەناسن و بەس. چیغیان بە لای جەماوەرەوە گرتووە. لە زانکۆدا لە سەرپەڕی گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا، بە وشەی نیوە بێگانەی ڕەق و دژوار، بە شیعری نوێ -کە هەر بۆ خۆیان تێی دەگەن- هەر لە پەستا گاڵتە بەو مەردمە دەکەن کە فریوی ئاخوندەکانیان خواردووە. نوکتەی سەیر هەڵدەبەستن؛ قاقا پێیان پێدەکەنن! کەسیش نییە ئەو بەناو ڕۆشنبیرانە تێبگەیەنێ کە ئێوە بۆ گەلەکەتان لەو ئاخوندانە کەمتر نین کە ئێوە گەپیان پێ دەدەن. ئێوە ئەگەر بە ڕاستی دڵسۆزی گەل بان، دەبوایە لە جیات پێکەنین بۆی گریابان.

کابرای بەستەزمانی نەزان لەو ڕۆژەوە کە پای خستۆتە دنیاوە بە خەرافات گوش کراوە. بەو بیر و بڕوا ناڕێکەی بە بڕوای تۆ گاڵتەجاڕە، بانگی بە گوێدا لێدراوە و هەر بەمەش فرچک کراوە. چۆن فێر کراوە، وا ژیاوە و تا دەشمرێ هەروا دەژی. ئەو لای وایە قورعان و ئیسلام و ئیمام هەر ئەوەیە کە ئاخوندەکە گوتوویە. چۆن بزانێ ئەو ڕێگای ئەو گرتوویەتی ڕێگەی خودا و قورعان نییە؟

مامۆستا ڕۆشنبیرەکەی تازەکوورەش کە دەبوایە زۆر باش ئاگای لە دینە ڕاستینەکە با و ئەوسا بە هێدی و هێمنی و لەسەرخۆیی کابرای ساویلکە بدوێنێ و بە زمانی خۆش لەو هەڵەکاریەی دەربێنێ و بیخاتە سەر ڕاستەڕێگە، ڕەپ و ڕاست پێی دەڵێ کەر و هیچنەزان و لە ڕوویدا دەحیلکێتەوە!

چۆن وا دەبێ؟ چۆن هەق نەدەین بەو چینە نەخوێندەوارە کە دەربارەی ئەو تازەکڵانە بێژێ: پۆلێک مناڵی هەرزەکار، سەرێک چوونە کافرستانی، پیت و لەتێکیان خوێندووە؛ ئیتر خۆیان لێ گۆڕاوە. دینەکەشیان دۆڕاندووە و هاتوونەوە. ئێستا وەزوانێ شەق و شڕ، پڕ لە وشەی ڕەق و دژوار -کە تەنانەت ئاخوندی ئاواییەکەشمان سەر لە مانایان دەر ناکا- تیز و گاڵتەمان پێ دەکەن؛ وە دینەکەمان ئەخەنن. چار هەر ئەمەسە دەریانکەین یان هیچ نەوێ خۆمانیان لێ دوور خەینەوە.

بە بڕوای من تا وا بین و ڕۆشنبیرمان کردە و ئاکاریان ئەمە بێ، هەزار ساڵی دیش لەم شوێنەی کە ئێستای تێداین چەقیوین. نەزانەکان هەروا نەزان دەمێننەوە. لە جیاتی ئاوڕدانەوە سەر ئیسلامی ڕاستەقینە و قورعان خوێندن بە ماناوە، دۆعای مەلا دەخوێننەوە. لایان وایە دنیا هەر ئەمەی تێدایە و سەرمایەی دوای مردنیشیان دەنگی بە خودا ڕاناگا؛ گەرەکە داژدارێکی بێ کە خۆشەویستی خودایە تا بیباتە بارەگاوە. ئەو پەنا و تکا و ڕەجایەش چەند پلەیە: تۆ لەبەر ئاخوند وەپاڕێ! ئەویش دۆعات بۆ لە ئیمام بکا، ئیمام بە خوات بناسێنێ و تکات بۆ بکا و بچییە بەهەشت.

تا ئاخوندیش دێتە سەربار کە ئەم کارە ئەنجام بدا، ئەشێ تۆزێک خۆت بوخرێنی و دیاری و میاریەکی بۆ بەری. قیامەتیش کەبابخانەیە! چەندی بدەی هێندە دەخۆی.

تۆی ڕۆشنبیر کە لە سەرتە ئەم کابرا نەخوێندەوارە تێبگەیەنی: خودای گەورە لە قورعاندا ڕێ و شوێنێکی بۆ داناوین؛ هەرکەس تۆزێک لێی لابدا، سزای دەدا. ئیتر بەرتیل و تکاکار هیچ کارێک لە خودا ناکەن، لۆمەی دەکەی؟ بەر تەشەر و تانەی ئەدەی؟ سورمەی دەچاوان ناکێشی، کوێری دەکەی؟! دەرسی دادە! ئازا و پووکی پێ نیشاندە! با ئەو بێچارە تێبگا ڕێگای ڕزگاری کامەیە؛ چۆناوچۆن دەستی بڕاوە و ژیانی بە فێڕۆ دراوە. مەسەل دەڵێ: تۆ سکەی زیوی خۆت دەرخە! گاڵتە بە قۆشەی من بکە.

لە پاش مردن هەستانەوە

بەداخەوە ئەو چینە سەربەمێزەرەی ناومان لێ ناون ڕۆحانی، دەستیان دەم کارەش وەرداوە و بە قازانج و بەهرەی خۆیان، چەرخیان داوە. بۆ خۆیان کە زۆر خۆش بژین، قەیدی نییە! بەڵام وایان بردۆتە مێشکی ئێمەوە کە ئەگەر دنیامان دەوێ، گەرەکە ئەولامان نەوێ. ئەبێ ژینی سەردنیامان جەهەندەم بێ تا لەو دنیا چاومان وە بەهەشت بکەوێ. با بە ورکە نانی ڕەق و کەڕوو هەڵێناو خۆ تێر کەین؛ بە تاڵی و سوێری ڕابوێرین هەتا دەمرین. ئەوسا پێخۆری چەور و زۆر مەزەدار و تورش و شیرین لە بەهەشت چاوەنۆڕمانە. ئەم قسەیەش دژی ئایەتی قورعانە کە فەرموویە: «بێژە! کێیە ئەو شتە جوانانەی خودا بۆ بەندەی خۆی داهێناوە و ئەو ڕزقە خۆش و بەتامەی دەتانداتێ، پێتان دەڵێ ناڕەوایە؟ بێژە! ئەو هەموو خوشیک و خۆشە خوا بۆ ئەوانەی داناوە کە لە ژینی سەرزەمیندا باوەڕیان بە خوا هێناوە و لە ڕۆژی هەستانەوەشدا هەر دەیانبێ.»

پێغەمبەری خوا فەرموویە: «وا کۆشش بکە بۆ دنیات لات وابێ هەرگیز نامری! واش بۆ ئەولاش خەبات بکە وەبزانە هەر سۆزی دەڕۆی!».

دینی ئیسلام دنەی موسوڵمانان دەدا زەوی و زاری زۆر بکێڵن؛ باغ بنێژن؛ لە بەرهەمی شان و باهۆی ماندووی خۆیان بەڕێ بچن. چاویان لە دەستی کەس نەبێ. پەیدا کەن و لە ڕای خودا لێی ببەخشن. ئەوانەی دەڵێن هەر کەسێ لە دنیادا بەربەڵا بێ لە ڕۆژی هەستانەوەدا کەیفی سازە، حیلەبازن؛ بۆ خۆیان لە دنیا سازن و نایانەوێ کەس بیانگاتێ. لێت ڕوون بێ خۆپەرستن و هیچیان خودا ناپەرستن.

پاڕانەوە

پاڕانەوە و نزا و دۆعاش لە لایەن بە دیمەن زانای کەمزانەوە لە ڕێگەی خۆی لادراوە. دەڵێن بەندە لەسەریەتی خۆی وەک پووشێکیش نەزانێ. هەرگیز نابێ بڕوای وابێ کە هیچ کارێکی لەدەس دێ. ئەشێ بۆ هەموو ئاواتان دەستەودامانی خودا بێ. کەچی بەراوەژوو بۆی چوون و تێنەگەیون.

نزا ئەسپۆن و ئاو نییە پەڵەی پیسی بشواتەوە. کەس بە دۆعا و پاڕانەوە ناتوانێ قانوونی خودا بەربەست بکا و سەرەڕای گونا بەخشینیش، خەڵات و پاداش وەرگرێ.

هەر لەم شاری تارانەدا، لەم ڕیزە وتارانەدا، ڕۆژێک لە کۆنفڕانسێکدا سەبارەت بە ئیمام سەجاد و دۆعاکانی باسێکم کرد. لە جەنگەی وتارەکەمدا هاتە یادم کە «پڕۆفسۆر ئەلکسیس کارل» دەربارەی چۆنییەتی نزا بڕوایەکی تایبەتی و سەربەخۆی هەیە کە من زۆرم لا پەسندە. لەمەڕ ئەویش هێندێک دوام.

کاتێ لە پاریس دامەزرام بۆ یەکەمجار ساڵی ١٣٣٨ نووسراوێکی ئەو پڕۆفسۆرەم وەرگێڕا کە سەبارەت بە پاڕانەوە نووسیبوی. لەوساوە چەند جارێکیتر چاپ کراوە.

لەم ئاخر ئۆخریانەشدا، دەگەڵ باسە بەنرخەکەی «موهەندیس بازرگان»دا -کە ئەویش هەر لەم بابەتەس- لە نامیلکەیەکی جواندا چاپ و بڵاو کرایەوە.

ئەلکسیس کارلکەس لای وایە پاڕانەوە لەبەر خودا لۆ بنیادەم وەک ئاو و هەوا پێویستە. ئێژێ نزا و پاڕانەوە لە گیانێکی پڕ لە تاسەوە دەردەچێ. ڕاز و نیازێکی زۆر پاکە لە هەناوی پڕ هاڵاوی ئەویندارانی خوداوە سەر هەڵدەدا. بەرهەمی پاڕانەوەمان بە دڵسۆزی گیان و دڵ مشتوماڵ دەکا. سۆمایی دەدا بە چاوان؛ سیسی پێ دەبووژێتەوە.

دەڵێ: «نیچەکەس» تێنەگەیوە کە گوتوویە: پاڕانەوە لەبەر خودا نیشانەی بێدەرەتانی و دەستەوستانی مرۆڤە و پیاو سووک دەکا. پێچەوانەی قسەی نیچە، پاڕانەوە دەبێتە هۆی گەیشتن بە بارەگای یار. لە خاکت جوێ دەکاتەوە و لە عاسمانان سەیر دەکەی.

ئەلکسیس کارل پێی وایە هەر گەلێک لەم دنیایەدا هەستی پاڕانەوەی نەما، لەبەین چووە.

وێستێ ئەگەر کەشیشێک ئەمەی بگوتبا دەکرا بڵێن بۆ قازانجی گیرفانی خۆی ئەمە دەڵێ؛ بەڵام هۆزان و هەڵکەوتەی وا بەناوبانگ لە دنیادا بیر و بڕوای دەربارەی دۆعا ئاوابێ، هەر لە سۆنگەی تۆژینەوە لەو بارەوە بۆ دووەمین جار جایزەی نۆبل وەربگرێت، ناشێ بایەخی پێ نەدرێ.

لەو ماوەدا کە خەریکی وەرگێڕانی دۆعانامەکەی کارل بووم، ویستم زۆرتر دەربارەی بیر و باوەڕی ئەو نووسەرە گەورە و گرانە بزانم. گش ئەوانەی دەربارەی نزای نووسیبوون خوێندمنەوە. بۆم دەرکەوت کە سەرچاوەی دۆعاکانی ئیمانی خاچپەرستانەیە و دەگەڵ دۆعای موسوڵمانان جیاوازی تایبەتی هەیە.

دۆعا لە لای خاچپەرستان بۆ دوو شتە: یەکێ ڕاز و سکاڵای دڵدارانەیە دەگەڵ خودا، دووهەم داوای پێکهێنانی ئەو ئاوات و دڵخوازەیە کە خۆی دەستی پێ ڕاناگا و بۆی بە عەزرەت و تاسەیە. واتا نزا و پاڕانەوەی لە دوو بناوانەوەیە: یەک دڵداری؛ دوو نەداری. بەڵام نزا لە ئیسلامدا جگە لەم دوو دەراوانە چەند سەرچاوەی تریشی هەس؛ بە تایبەتی لە لای شیعە. شیعە لە درێژایی مێژوو ژێرچەپۆکە و ئازاردراو و چاوترساو بوون. نەیانوێراوە ڕازی دڵ بە ئاشکرا بدرکێنن. ناچار بوون خۆیان، مەبەستیان لە نهێنیدا بهێڵن و لە ژێر سەرپۆشا بکۆشن. ئەم ڕازی دڵ پۆشینەشیان ناو لێناوە: تەقیە کردن کە مانای خۆپارازتنە.

پاڕانەوەکانی شیعە -وێڕای ڕاز و نیازی دڵدارانەشیان- لە باری کۆمەڵایەتی و چەرخانی باری ڕامیاری بەرەو باشی و زۆر مەبەستی تری تێدا. نموونەی ئەو نزایانە لە «سەحیفەی سەجادیەناوی تایبەت» کۆبوونەوە و بە ڕۆشنی دێنە بەرچاو.

زۆربەی زۆریان بە سوپاس و ستایش و پەسنی خودا دەس پێدەکەن. ئەوسا پەیوەندی نێوانی خواوەند و ئافەریدەکانی دێتە گۆڕێ. وردە-وردە باس دێتە سەر ئەرکی سەرشانی خواپەرست بەرانبەر بە کردگاری. لەوە بەولا دەربڕینی هەستی دڵە و نیشاندانی زەبوونی و دەرد و ئازاری کۆمەڵی ژێردەست و هەژار و بەئازار و دەردەدارە کە زۆرداران بێ بەزەیی ڕەفتاریان دەگەڵ دەکەن و لە ناڕەوا جەزرەبە و ئازاریان دەدەن. بێدەسان دەچەوسێننەوە؛ بێکەسان دەکرووسێننەوە.

ئەوسا داوای یارمەتی و هێز و بوێری لە خوا دەکا کە بتوانێ بەرەی زۆردار لەناو بەرێ و چینی هەژار و چەوساوە لە چنگ بەدفەڕی خوانەناس ڕزگار بکا.

بۆ نموونە: یەک لە نزاکان ئەمەیە: «خوایە! مەمکە بەیاریدەری زۆرداران. کارێک بکە لە دەستم بێ دەهانای لێقەوماوان و هەژار و زۆرلێکراوان بێم و دڵیان خۆش کەم.»

وا دەبینین ئەم بابەتە نزایانە فەلسەفەشن؛ باسی ئاکاری چاکیشن؛ بەرنامەی کاروباریشن. بە بڕوای من پیاو ئەگەر لە شەو و ڕۆژدا چەند جارێک ئەمانە بێژێ، دووسەرە بەهرە دەبینێ: یەکیان بیر لە خوا کرنەوە، دووهەم لە فیزوبایی بوون و خۆپەرستی تەکینەوە.

خۆ نەخوازە وتنی ئەم ڕاز و نیازە و ئەم داخوازیانە لە خودا، لە چەند وەخت و چەند شوێنێکی تایبەتیدا وەکوو تەنگی نوێژی شێوان، نیوەشەوان، بەرەبەیان، ڕۆژی هەینی، ڕەمەزانان، ڕۆژی جێژنان، لە گۆڕستان، کە پیاو زۆر دڵی ناسکە و لە تەهی دڵ دۆعا دەکا، لە پاڕانەوەی دەمی تر کاریترن.

بەڵام با لە بیرمان نەچێ من کە وتم دۆعای شیعە، مەبەستم شیعەی پێشین بوو. نیازم نزای ئەوانە بوو کە وەک سەجاد خواپەرست بوون. نەک ئەو دۆعا پەڕپووتانەی کە ئێستا ئاخوندەکانمان ناویان ناون دۆعای شیعە و لە ڕاستیشدا دەبوو ناویان بنێن: «تەپکە بۆ بەستەزمانی ساویلکە».

حەشاماتی بەسەزمانی نەخوێندەوار فێر کراون بە عارەبیەکی ڕەق و تەق ئەو چەند نزایە بخوێنن و بەهەشت لە خودا بستێنن. لە هەزاران یەک نازانێ ئەوی دەیڵێ مانای چییە؛ ئەم نزایە چی تیایە و خوێنەر چی لە خوا گەرەکە. بەڵام پیاو لە هەق لانەدا؛ ئەم دۆعا تاشراوانەی لەم ڕۆژگارەدا بوونە باو، دوو کاری زۆر گرینگ دەکەن: یەکەم بازاڕی دەسبڕی دۆعانووسان وەبرەو دەخەن، دووهەم قورعان لە بیر خەڵک دەبەنەوە و کەس ئاوڕی وێ ناداتەوە.

کابرای نەخوێندەواری هیچنەزان دۆعایەکی فێر کراوە دەبێ ڕەشخوێن لەبەری کا و هەرگیز نەپرسێ مانای چی؟ دەیخوێنێ دەستیش هەڵدێنێ. لای وایە خودا دەدوێنێ و داوای بەهەشتی لێدەکا. ناشزانێ ڕاست باسی بەرەو بەهەشت چوونە یان نا. بەڵام ئەوەندە دەزانێ لە هەموو کۆڵانی شاران لە هەموو شوێن و ئاقاران هەروا بە دیمەن ئاخووندە و بەبار دۆعای نووسراوی خۆی بەو دیندارانە دەفرۆشێ.

جا ئەگەر ڕۆشنبیرەکان بەم جۆرە بۆرە دۆعایە پێدەکەنن، لێیان ناگرم. بەڵام ناشێ وا بزانن دۆعای موسوڵمانی پێشووش هەر ئەوەیە و موسوڵمانەتی بەڕاستی لەم جڕوجۆنگانەی تێدا. ئەو خوێندەوارەی گەرەکیە لە ڕووی زانستی ڕاستەوە ڕووداوی دەوروبەری خۆی هەڵسەنگێنێ، ئەوسا بڕیار لەسەر سووک و سەنگینی شت بدا و بکرێ پێی بێژن ڕۆشنبیر، پێویستە بەر لە گاڵتەکردن بە دین، بزانێ داخۆ ئەم دینە لە پێشوودا چلۆن بووە؟ چەند دەستاودەستی کردووە؟ چەندە دەسکاری کراوە؟ تا گەیشتۆتە ئەمڕۆکە، لای چەند وەستای ناشی ڕەنگ کراوە و تێک دراوە؟

لێم ڕوونە ئەگەر ئەوانەی ئێستا بە دین پێدەکەنن، بزانن قورعان دەڵێ چی، بزانن پێشەواکانی سەرەتای ئیسلام چلۆن بوون، پێناکەنن؛ دەتوانم بڵێم بۆی دەگرین. دەزانێ تەنانەت نزای موسوڵمانانی پێشینە هەرگیز باسی خۆیان نەبووە و پاڕانەوەش جۆیەک بووە لە قورعان هەڵبەستراوە. عەلی، فاتم، حوسێن، زێنەب، یاسری عەممار، ئەبووزەر، لە وەختی نزا کردنا بۆ هەژاران پاڕاونەوە کە لە دەست چەوسێنەرەوان بێنە دەرێ. تووکیان لە زۆردار کردووە کە یاخوا تەرتوتوونا بێ! موسوڵمانەکانی پێشوو هیچ کامیان لایان وا نەبوو تەنبەڵ- تەنبەڵ لە ماڵەخۆ پاڵدەنەوە و دۆعا بکەن، خوا هەموو کاریان بۆ دەکا. نەخێر؛ هەموو ڕەنجیان دەدا، کۆششیان بێپسانەوە بوو. ماندوو دەبوون، ئەوسا لەبەر قاپی خودای خۆیان لارەمل دەپاڕانەوە کە لەو کارەی دەستیان داوەتێ سەریانخات.

پێغەمبەر-هەزاران دروودی خوای لەسەر- لە جەنگەی جەنگەکەی ئوحود، وەک زاناترین فەرماندە لە دنیادا لەشکری ڕاهێندراوی فێرکراوی مەیدانداری بەڕیز دەکا. دەڕوانێتە چەک و ئەسپاباتی شەڕیان داخۆ کەم و کورتی هەیە؟ تەواوی کا. ئەم جار دەڕوانێتە شەڕگە؛ کەلەبەر و جێسەنگەر و خەڵ و چەپەری دوژمن و شوێنی بۆسە دانانەوە و هێرش بردن، کەم و زۆر دەبەرچاو دەگرێ؛ هەموو شت لێک دەداتەوە. ئەگەر شەڕ درێژەی کێشا بە کوێدا ئازووخەی بۆ بێ؟ چۆن دەستی بە ئاو ڕابگا؟ چۆن ڕێگەی ئازووخەی دوژمن بەربەست بکا؟ چۆن ڕێ نەدا بگەنە ئاو، لە توونیان تەنگەتاو ببن؟ پاش ئەو هەموو کاروبارە، ئەوسا دەستی پاڕانەوە بەرەو عاسمان بڵند دەکا و لەبەرخوا دەپاڕێتەوە: «چیای ئوحود لە چیاکانی بەهەشتە؛ خۆشمان دەوێ. ئەویش ئێمەی خۆش گەرەکە. خوایە! کارێکی وا بکەی کێوی ئوحود بە سوودمان شایەتی بدا نە لە دژمان».

ئیتر نەیفەرموو «خودایە! ئەم چەند سۆفیلکەی تەنبەڵ و ئەسپێون و لاگوپ کوڵکنی بێ هونەر و جەوهەرەم کۆ کردۆتەوە، کە قەت شەڕیان نەکردووە و بۆ ژێردەستی گۆش کراون و بە بێهەستی و خۆپەرستی ژیاون؛ بە گەورەیی خۆت سوێند دەدەم لە سەر دوژمنی پڕچەکی ڕێکوپێکی پسپۆڕ لە جەنگ و خاوەنهێز زاڵیان بکەی! خوایە ئێمەی کە هەر پێکەوە شەڕمانە و گەرمە بازاڕی گەڕمانە و هەرکەسێک پێمان دڵسۆزە و نیازی وایە پێشمان بخا، بەرلەوە هەنگاو هەڵێنێ خۆمان قاچی دەبڕینەوە، بەرلەوە دوژمن بگاتێ خۆمان چوار نیخەی دەکێشین و کەوڵی دەکەین، بیکە بە خاتر حوسێن و مناڵە وردیلەکانی لە بەڵای ئەو بێدینانە بنپارێزە!».

عەلی لە پێش سوپای لایەنگرانییەوە -کە ئامادەی چوونە جەنگن- دۆعا دەکا: «ئەگەر ئێمەت بەسەر دوژمناندا زاڵ کرد، دەدڵمان نێ کە لە خۆبایی نەبین و زوڵم لە ژێرکەوتوو نەکەین. ئەگەر دەرۆستی دوژمنیش نەهاتین و ئێمە شکاین، بە شەهیدمان لە قەڵم دە!». حوسێن کە بۆ ڕەزای خودا، بۆ پارێزگاری لە مافی ڕەوای بێچارە و نزاران، بۆ بووژانەوەی ڕێ و شوێنی ڕاستەقینەی ئیسلامەتی دەگژ زۆرداران ڕادەچێ و گیانی خۆی و خزم و کەس و خاو و خێزانی بەخت ئەکا، لە دوا دەما، لە کاتی ئاویلکەدانا، لاوێچێک لە خوێنی گەشی لەشی بەرەو حەوا دەپڕژێنێ و بە نزاوە خودای بانی سەر دەدوێنێ: «خودایە! من لە ڕێی تۆدا گیانی خۆم دا؛ بە هومێدم قبوڵی کەی.»

بەڵێ برای ڕۆشنبیرم! خوشکی زانام! ئەوانە چەند نموونەیەک بوون لە دۆعای ئیسلامی پێشین. نزای ئەوان خشت و خاڵی ناهومێدی ڕادەماڵی؛ خەوخەوی وەخەبەر دێنا؛ دڵی سیسی پاراو دەکرد؛ خەباتی بەرەو ئاواتی فێری بەرەی داماو دەکرد. نەک لەو توخمە ویردانە بوون کە ئێستا بۆمان دەنووسن: هەرکەس لە بن لێوانەوە ئەم چەند ڕستەیە وەخوێنێ، خوا دەرەجەی چل شەهیدی وەک شەهیدانی بەدری پێ دەبەخشێ.