با باسی ئیمامەت بکەین

لە کتێبی:
چوار نامیلکەی عەلی شەریعەتی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 17 خولەک  804 بینین
با باسی ئیمامەت بکەین

باوە! تۆ فەرمووت: پێغەمبەر بە ئاشکرا وەسیەتی کرد و ڕایگەیاند کە ئامۆزاکەی خۆی عەلی بکرێتە جێنشینی ئەو. لە پاش عەلیش کوڕ و نەوەی بە زنجیرە فەرمانی موسوڵمانانیان لە دەستا بێ. هێندێک کەس هەن لایان وایە: ئیمامەتی بە کەلەپوور، دەسکردی ئێرانییەکانە کە لە سەر دام و دەستووری پاشایەتی ساسانییەکان دامەزراوە. ڕەنگە ئەو تەرزە کەسانە درۆ بکەن؛ بەڵام ئێستا درۆ یا ڕاست خوا لاسای ساسانییەکان بێ یان ڕاستەڕێی موسوڵمان بێ، بە ئێمە چی؟ کام بارمان لەسەر سووک دەکا؟

وا گریمان باوەڕم کرد کە فەرموودەکەی تۆ ڕاستە و دەبوایە ئەو ئیمامانە -یەک لە شوێن یەک- فەرمانڕەوای سەرزەمین بان؛ کە وەک دەشیزانین نەبوون. ئەو جار -وەکوو خۆت ئەیزانی- هەتا ساڵی ٢٥٠ ئیمامان لە گۆڕێ بوون. ئەی ئێستا چی؟ من کە ئێستا دەستم بە ئیمامەکان ڕاناگا، ئەشێ چی بکەم؟ تا ئێستاش حاڵیت نەکردووم ڕژیمی حوکمی ئیمامان دەگەڵ حوکمی خەڵکی تردا فەرقی چییە؟

باوە گیان! هیچ ئاگاداری کە ئەوەی بۆی بە تەنگەوەی و شەڕ و هەرای لەسەر دەکەی، ئەوانەی ناخۆشت دەوێن، ئەوانەی تۆ خۆشت دەوێن، ئێستا لە کوێن؟ ئەبووبەکر و ئەو کەسانەی هاوکاری ئەبووبەکر بوون هەموو مردوون. ئەوانەی سەر بە عەلی بوون، ویستیان بیکەنە خەلیفە، هەزار و ئەوەندە ساڵە لەبەین چوون. ئەوانەی دوژمنایەتی پێغەمبەر و ئەبووبەکر و عەلی و ئەسحابانیان دەکرد، تێکڕا ون بوون و بای بردوون. تۆ تازە تێهەڵدەچییەوە و کۆنەشەڕان دەژینییەوە. کسپ و کارت وەلا ناوە؛ شەو و ڕۆژت هەر بە باسی کێشە و هەرای نێوان عەلی و ئەبووبەکر دەبڕێتەوە. داخوا کام ڕێی دەوەشاوە خەلیفە بێ؟

دەیشت فەرموو: ئیمامەکان گشتیان بە پاکی گووراون؛ بێگوناهن. خوا دەستی ڕێزی لێ ناون؛ لە لای خۆیەوە دایناون. تا ئەگەر ئێمەی گوناهبار ئەوانمان کردە تکاکار، خوا لە تاوانمان ببوورێ و لە پاش مردن تووشی چەرمەسەرە نەبین. دیسان هەر فەرمووت: دوای مردن، نەتفەرموو لە پێش مردنا چۆنن بۆمان. ئێمەی موسوڵمانی ئەمڕۆ، ئیمامێکی وامان دەوێ پێشمان کەوێ، لە ژێر چنگی داگیرکەری خوانەناس ڕزگارمان بکا. بۆ ئیمامی وا ئاتاجین کە ئیستعماری گەلخۆری خاوەنزۆری بێبەزەیی ببەزێنێ و ژینی سەربەست و ئازادمان وەدەست بێنێ و ئێمەش ماوەیەک لە دنیا سەربەخۆ بین.

تۆ دوازدە ئیمامت هەیە، بە زنجیرە ناوەکانیانت لەبەرە و لات وایە ئەوەندەت بەسە. بڕوانە تۆ ئەم شتە کەم بایەخانە و چەند هەزاری وەک ئەمانەت دەمێشکی من ئاخنیوە. مێشکی خۆشت تا بنەوبان هەڵچنیوە و پێشت وایە دنیا هەر ئەوەی تێدایە و هیچیتر نا. ئیتر کۆشش لە ڕای شۆرش بۆ ئازادی و فێربوونی زانستی تازەی دنیای ئەمڕۆ -بەلای تۆوە- گشتی بایە. ئەو گەلانەی گەرەکیانە لە ژێر نیری دیلایەتی ڕزگار ببن، ڕژیمی لاسار لابەرن، خۆیان چارەنووسی خۆیان بگرنە دەس، بەلای تۆوە خراپ دەکەن؛ چونکە تێکۆشان بۆ دنیا تەنیا بە کافر ڕەوایە.

دەسا -من پێچەوانەی تۆ- هونەر و زانستی تازەم پێ پەسندە. بیر و بڕوای فەیلەسووف و پیتۆڵانی هەموو دنیا دەخوێنمەوە. لە زانستی دنیای تازە، گیانم تازە دەکەمەوە. ناچم وەک تۆ بۆ هەزار ساڵ لەمەوبەر ئاوڕ دەمەوە. من وەک تۆ نیم بڕوام وابێ هەزار و ئەوەندە ساڵە دنیا کە هەر وەک خۆی ماوە و نەگۆڕاوە.

با دیسان تێهەڵچینەوە

من ئێژم پێویستە بژیم. ئەرکی ژیانیش زۆر گرانە؛ باری گەورەم لەسەر شانە و لەسەرمە لە هەزار بە هەزار وەسەری خەم. هەر نابێ وچانیش بدەم؛ هەر ڕەت بەرم؛ هەڵدێران و هەپروون بە هەپروون بوون، یەکە. تۆش دەفەرمووی واز بێنە وەدووی من کەوە! هەزار قۆناغ بەرەو دواوەت دەگێڕمەوە. ئەوسا ئەگەر دنیاشت چوو، هەرگا مردی کارت سازە. بە بڕوای من تۆ ڕێگەی خۆت گوم کردووە. منیش ئەگەر شوێن تۆ کەوم، وەکوو تۆ شرت و گوم دەبم. هەر بۆیە لێت جوێ دەبمەوە.

تۆ ئێژی هەژاری خاسە. برسی، خۆشەویستی خوایە. پێغەمبەر زۆر جار لە برسان بەردی لە ورگی بەستووە؛ بژیوی دەس نەکەوتووە. بەم فەرمایشتە جوانەتڕا، ئەشێ هەر کەس نان شک نابا، سوپاسگوزاری خودا بێ؛ چونکە ڕۆزی پێ نەداوە. جا کەوابوو با سوپاسی ئەو داگیرکەرانەش بکەین کە نانەکەمان دەڕفێنن و تاڵانی وڵاتمان دەبەن! فەرمووت: هەرکێ لە سەرزەمین زەبوون و بێدەرەتان بێ، لە قیامەت ساز و تەیارە. ئەگەر لێرە کوللێرەیان لێ ڕفاندی، ئەگەر لە نێزی و بێنانی مناڵەکەیان گریاندی، دڵت خۆش بێ؛ لە بەهەشتێ بابۆڵەی زلت بۆ دەکرێ و بۆ خەندە ختووکەت دەدرێ! کەوابوو ئەبێ ئەوانەی ژێردەستە و دیلی زۆردار و ئیستعمارن، ئەوانەی داهاتی ساڵیان، نەغدینە و سامان و ماڵیان تاڵان دەکرێ و داگیرکەر پێی خەنی دەبێ، ڕۆژ و شەویان بە سوپاس بۆ داگیرکەران تەرخان بکەن؛ چونکە ئەوان بوونەتە هۆی بەختەوەری ئەو بێچارانە لە قیامەت.

باوە! ئەوانەی پێت دەڵێن با تیکەت لە دەم بڕفێنن، با برسیت کەن، بۆ ڕۆژی قیامەتت باشە، گزیکارن؛ بە ناوی دیانەتەوە پاروو لە دەم تۆ دەڕفێنن؛ خۆیان ئەیخۆن. ئەگەر تۆ چاوت نووقاوە و نایانبینی، من دیتوومن کە چۆن تیکەڕفێنێکن! ئەوانەی کە بە ناوی دین چاویان بەستی و هەست و هۆشیان لێ سڕ کردی، ماڵە تاڵانییەکەی تۆیان لە ناو خۆیاندا بەش کرد و پێت نەزانی.

باوە گیان! چۆن تۆ بە تەمای، منی ڕۆڵەی چەرخی بیستەم خۆم کەڕ کەم و چاوم داخەم، ئەو کتێبە نەخوێنمەوە کە خۆت و دایکم نایزانن. هەر بچمە مزگەوت و تەکیە، هەر ئەو قسانە ببیسم کە هەزار ساڵی ڕەبەقە -بە دەردی بنێشتە خۆشکە- بێزراوە؛ هەرگیز بەقاس نووکی دەرزیش بەهرەی نەبووە. من دەچم ئەو کتێبانە دەخوێنمەوە کە تۆ ئێژی ئامیانی لە دین لادانە؛ کە پڕیانە لە ڕازی نهێنی سروشت؛ کە لە زانستی بەکەڵک پڕ کراون.

برا خۆشەویستەکانم!

هەرچەند بە ئێوەم ڕاگەیاند کە لە جیاتی چینی تازە پێگەیشتووی لە دین نەبان دەتاندوێنم، بەڵام خۆشم دەوە ناگەم چۆن دەتوانم ببم بە دەمڕاستی ئەوان؛ چونکە من یەکێک لەوان نیم و بگرە منیشیان خۆش ناوێ.

لاوەکانمان من بە مەزهەبی دەزانن؛ بە مۆڕەوە لێم دەڕوانن. لایان وایە منیش نیمچە ئاخوندێکم. ئاخوندی مێزەر بەسەریش منیان دەدزێ. لایان وایە منێکی کراوات لە مل، مافی چوونە سەربەرزەک و وتاری دین دانم نییە. لاو بە مەلام حەساو ئەکەن؛ مەلاش بە لاو. نازانم ئێوە چی ئەڵێن؟ هەر چۆنێک بێت من ناچارم لە فەرمانی ویژدانی خۆم دەرنەکەوم. بەرانبەر بە ویژدانی خۆم پێتان دەڵێم: هامدەرسان! مامۆستاکانم! دەس ڕەنگینان! ڕۆشنبیران! نووسەرانی قەڵەم ڕەوان! ئەویندارانی ئازادی و دیمۆکراسی و ئەی ئەوانەی بە ئاواتن ژیانی هەژاران بگۆڕن و بۆ یەکسانی و کامەرانی لە خەباتن! لاشتان وایە دینداری هۆی دواکەوتنە، تێنەگەیون ئەوەی کە ئێوە دیوتانە دەگەڵ ئەو دینەی من دەڵێم زۆر لێک دوورن.

من کە دەڵێم با دیندار بین، مەبەستم لە ئایینێکە لە سایەیدا هەموو مرۆ ئازاد دەژی. چینایەتی و نزم و بەرزی تێدا نییە. دنە ئەدا پیشەسازی و هونەری جوان و زانستی هەموو جۆرە فێر ببین و هەر لە سەر پشتی بێشکەوە تا دەچینە گۆڕیچەوە، دەرس خوێن بین. ئەو ئیسلامەی کە من گەرەکمە بمانبێ ئەوە نییە کە ئێوە لێی قەڵس و تووڕەن.

جارێک یەک لەشاگردانم بە تەوسێکەوە پێی وتم: تۆ بۆ سوودی تایبەتی خۆت، خۆت کردۆتە وشکەشیعە ئەگینا وەک دەڵێی وا نیت!

گوتم: کاکۆ! کامە قازانج؟ ئەوی بە سەر من هاتووە بە سەر کێ دێ؟ ژیانی لاویم، تافی جوانیم، دەرفەت و هەلی ژیانم لەسەر ئەم بیر و بڕوایە لە دەس داوە. ئەنجامەکەی وا دەبینی خۆت و لاوانی هاوبیرت بە مێشک پووچم دەزانن. لەولایشەوە مەلا و کاڵی سەربەتاڵی مفتەخۆریش لایان وایە لامەزەبم و هەزار جنێوم پێ دەدەن! ئەگەر منیش پێم لە ویژدانی خۆم نایە و گوێم بە عەیب و عار نەدایە، دەمتوانی وەکوو ئەوانەی دینیان بە دنیا دەفرۆشن، گوند و ڕەز و زێڕ و زۆری زۆرم بوایە.

خۆ ئەگەر بێلایەنیش بام، کارم بە سەر ئەو کارانەوە نەبوایە و کڵاوی خۆم توند بگرتایە با نەیبا، کەس کاری بە من نەدابوو. دوژمنایەتی ئاخوند و دژایەتی توندی لاوانم نەدەدی. بەڵام وەک وتم ویژدانم هانەم ئەدا کە دینەکەم- وەکوو دەپێشوودا هەبووە نەک ئەوەی ئێستاکێ هەیە- بە دنیایە بناسێنم؛ بیانخەمەوە سەر ڕاستەڕێی موسوڵمانەکانی بەرێ و لە گومڕایی دەریانبێنم.

ئێرنێست ڕێنان ئەو زانا خاچپەرستەی کە ئێمە دەڵێین کافرە، دەربارەی ئیسلام گوتوویە: «ئیسلام واتا ئینسانییەت». من دەمەوێ ئەو ئینسانییەتە نیشاندەم. کە دەشڵێم بە مەزەب شیعەم، نابێ هیچ کەسێک لای وابێ کە من شیعە -وەک ئورتودۆکس و کاتۆلیک و پرۆتستانت لە دینی خاچپەرستاندا بەرانبەر بە یەک وێستاون- لە کۆمەڵگای موسوڵماندا لە حاند سوننی و ئیسماعیلی و زەیدی و ئەشعەری و هیتریش، بەڕەوشت و ئاینێکی سەربەخۆ و جیاواز دەزانم.

من لام وایە ئیسلام یەکە و نابێ هیچ لکی لێوەکەین. ئەو هەموو لکەی کە ئێستا لێی بۆتەوە، هۆی ئەمەسە کە ئیسلامە ڕاستەکەمان بیر چۆتەوە.

من لە شیعەتی مەبەستم پەیڕەوی لەو کەسانەیە کە بەر لە موسوڵمانانی تر بە گژ زاڵم و لاساری ڕەگەزپەرست و فاسقدا هاتوون و بەو نیازە بوون کە نەهێڵن مافی موسوڵمانی هەژار بەرپێ بدرێ. وا دەشزانین کە ئەوانە سەرنەکەوتوون و لە ڕاهی خودا تێدا چوون. ئەو ئیسلام داگیرکەرانەش چۆن بە ناوی ئایینەوە دەمیان ناوەتە ناو خوێنی هەژاران و چەند هەزار درۆ و بوختانیان بۆ دینەکە هەڵبەستووە! بەڵێ من مەزەب شیعەم و هەردووک ئەسڵی مەزەبی شیعایەتیشم پێ پەسندە و بڕوام پێیە. دوو ئەسڵەکەش: ئیمامەت و عەداڵەتە. من ئیمامێکم گەرەکە خوداپەرستی ڕاستی بێ و هەموو توانای لە ژیانیدا بۆ خزمەت بە هەژاران و بۆ مافی چینی چەوساوە و ژێرچەپۆکە بەخت بکا. ئیمامی وا دیارە ئەو عادڵەش دەبێ کە لە ئەسڵی دووهەم دایە. ئیتر من ئەو شیعەیە نیم کە لام وابێ بە گریان و قوڕپێوان و بەرۆککوتان، هەموو کار دەچێتە سەر و بەهەشتی خواشم دەدەنێ.

لێم ڕوونە ڕۆشنبیرانیش ئەو بڕوایەم پەسند دەکەن. ئەگەر ئەوان ئەمڕۆ لە دین گازندە و گلەیان هەیە، لۆمە ناکرێن. چونکە ئەوەی ئەم ڕۆژانە ناو نراوە ڕەوەشتی شیعەگەریەتی، هەر ناوی بێناوەرۆکە و کوێرە و کلۆر و قرپۆکە.

لە درێژایی سەتان ساڵدا گزیکاران لە ژێر جبە و مێزەر و ڕیش، بە چاپ و گوپ و فڕ و فیش، بۆ قازانجی دنیای خۆیان دینەکەیان لێ گۆڕیوین. ئەوەی ئێستا بە ناوی دین، بە ناوی مەزەب دەیبینن، تەپکەو داوە؛ بۆ خواردن نراوەتەوە.

داخەکەم! ئەو بێفەڕانەی دینیان کردە کەرستەی هەژار فریودان، ئەوەندە ئینسافیان نەبوو کە هەرگا ناوەرۆکەکەی لە ناو دەبەن، ناوەکەشی نەهێڵنەوە. فێڵە، بوختانە، درۆیە، دەسبڕینە، نان دزینە، هەر پێشی ئێژن ئیمان و شیعایەتی. ئەگەر ویژدانێکیان هەبا دەبوایە ناویان بنایە مەزەبی گریان و شیوەن؛ یان هەر ناوێ کە کاڵا پڕ بە باڵا بی. ئەوسا زۆر بە هاسانی دەکرا خەڵکی ڕەمەکی حاڵی کەین کە ئەم تازەداهاتگە نە ئیسلامە نە مەزەبی شیعەگەری. چونکە نە دادی تێدایە، نە دادپەروەر. ئەو کەسانەی شاعەبباسیان کردە ئیمام، ئاوڕووی هەموو ئیمامێکیان لە هەردێ دا و شووشەی دینیان لە بەردێ دا.

وا پتر لە هەزار ساڵە چارەڕەشین. بە درێژایی ئەو ماوەیە لە دەس دام و دەزگای عەرەب، لە کوشت و کوشتاری مەغول، لە بێگاری خان و بەگان، زاڵەمانە و خوێن دەگرین و خۆ دەگرین و خوو دەگرین و بە هەناسەساردی دەبین و بە هەناسەساردی دەمرین. دڵمان هەر بەوەندە خۆشە کە بە دەم خۆمان ناو ناوە لاگیر و پەیڕەوی عەلی. ئارێ، دەستەیەکی دز و دەسبڕ، خۆیان کردە ڕێبەری دین و بۆ لاشەی گەنیوی دنیا دینەکەیان پڕ کرد لە قسەی پڕ و پوچ و خەرافات و ڕایانگەیاند کە ئەمەیە شیعایەتی. وشەکانی: خواپەرستی، پاڕانەوە، زیارەتی مەکە و کەربەلا، قورعان، ئیمامەت، عەداڵەت، عەلی، ویلایەت، شەهادەت، حوسێن، قیامەت، شەفاعەت، قەزا و قەدەر، چاوەنۆڕی ئیمامی هێشتا نەهاتوو، گشتی بۆتە ئامرازی خەڵک خاپاندن و بۆتە مایەی کسپ و کاری کارنەکەرانی مفتەخۆر. تا حاڵ وابێ، خواش هەڵناگرێ چاوەنۆر بین کە لاوانی ڕۆشنبیری ئازادیخواز -کە بۆ پێشکەوت و یەکسانی و دادپەروەری لە ڕووی جیهاندا دەکۆشن- خۆیان باوێنە ناو داوی ئەو بەڵایە و هەرچی ئەو بەناو دیندارە گزیکارە دەیڵێن، بڵێ وایە و بڕوا بێنێ. نەخێر هەرکەس تۆزێک هەست و شعووری لابێ، نابێ بیر و بڕوای وابێ کە ئەو تەنبەڵ و بێکارە و زمانلووسەی لەسەر ڕەنجی هەژار دەژین، نومایندەی دین و خودا و ئیسلامەتین. ئیسلامەتی و خوداپەرستنی بە ڕاست، گەلێک لەوە بەرزترە کە ئەوانە باسی دەکەن. ئیسلام دەڵێ خواپەرست بە! بەڵام ناڵێ خواپەرستی هەر ئەوەیە لات وابێ خودایەک هەیە و هیچیتر نا. خواپەرستی لە ئیسلامدا مانای وایە: لە کرگاری خوا بنۆڕی، لە ژیانی جانەوەرانی بەژی و ئاوی، لە مرۆ، لە ڕوەک، لە دار، لە عاسمان و ئەستێرەکان و لەم خۆکردەی لە بەرچاوە بتۆژیەوە.

ئیسلام دەڵێ: ئازاد بژی! چاوت لە دەستی کەس نەبێ! خۆت زاڵ کە بەسەر سروشتا و بیخە بەر کار.

خودای ئیسلام جوان پەسندە. لە پیس و گەمار تووڕەیە. پەسندی زانایان دەدا. خودا لاگیری ئازایی و ئاکار چاکی و دەست و دڵ و دەروون پاکی و بەزە و ڕوحمە. مرۆ لە بەرانبەر خودا ئەمیندارە و کردوویەتە جێنشینی خۆی لە هەردێ و بۆ فرشتە بۆتە ڕووگە.

پێغەمبەر فەرمووی ئاکارتان وەکوو ئاکاری خودابێ. خوا عادڵە؛ دژی زوڵمە. جا هەرکەس یان هەر کەسانێک عەداڵەت لە بیر بکەن و بە گژ زاڵمدا نەچنەوە، بە خودا نەناس حەساون. جا با ئەو ڕێی گرتوویانە ناوی ئیسلام یان شیعایەتی لێ بنێن.

شیعایەتی سەرەتایی بۆ بە گژداچوونی زۆردار پەیدا بووە. وەک دەزانین ئەوانەی لاگیری عەلی و دۆستی ئەولادی عەلی بوون و خۆشیان ویستوون، پێیان وتوون شیعەی عەلی. شیعە واتا: دەستە و بەستە. لە هەموو دەور و زەمانان هەر کەوتوونە بەر جەزرەبە و شکەنجە و ئازار دراون و بە دایم زۆری لێکراو بوون. هەر بە ئاواتی ڕۆژێک بوون کە زوڵم و زاڵم نەمێنێ و لە ژێر سایەی عەداڵەتا ئازاد بژین. جا وێستا هەرکەس -سا بە هەر بەهانە و ناوێک- زوڵم بکا یان یاریدەی زاڵم بدا، لە مەبەستی سەرەتایی شیعایەتیەکەی لایداوە و ناشێ هەر بێژێ ئیسلامم.

خودایەکی من دەیناسم دادپەروەرە؛ دژی زوڵم و زۆردارییە؛ لە بێکاری خۆشی نایە؛ دنەی کار و کۆشش دەدا. ژینی ڕەبەنی و نەداری لە ئیسلامدا پەسند نییە. پێغەمبەری خوا فەرموویە: بەلەنگازی لەوانەیە پیاو بەرەو کافر بوون بەرێ.

ئەبووزەری دۆستی نزیکی پێغەمبەر و ئیمام عەلی فەرموویەتی: نەداری لەم دەرگایەوە بێتە ژوورێ، ئیمان بە دەرگاکەیتردا بۆی دەردەچێ.

عەلی لە ئامۆژگاریەکدا بە کوڕی خۆی موحەمەد حەنیفە دەڵێ: «کوریژگەی خۆم! لەبەر خودا بپاڕێوە هەژار نەبی. هەژاری دین لاواز دەکا؛ ئاوەز تێک دەئاڵۆزێنێ؛ سینە پڕ دەکا لە کینە.»

ئەو دینەی دەڵێ ڕەبەنی و بەلەنگازی کارێ باشە، ئیسلام نییە؛ دینی خاچپەرستان و چلەکێشی هیندوستانە. ئیسلام گەرەکیە توانا بی؛ ژیر و ئازاد و ئازا بی؛ دەس بە شمشێر لە خەزا بی. ئەو عەلی تۆ ناوی دێنی دەگەڵ ئەوەی کە من ناسیوومە لێک جیان. ئەو عەلی کە من دەیناسم گەورە و گچکەی بە چاوێک تماشا دەکرد. لە مووچە دابەش کردنا بۆ عوسمانی کوڕی حەنیف، کە زۆری لێوە نزیکە و بۆ کۆیلەکەی، هەریەک سێ درەم دادەنێ.

ئەو عەلی ئەمن ناسیومە لە مزگەوتا دەس بە دۆعا نزا دەکا؛ لە مەیدانا دەس بە شمشێر خەزا دەکا. لە باری کۆمەڵایەتیدا دژی پیاوی نالەبارە؛ دوژمنی چەوسێنەرانە؛ لە ڕیا و درۆ بێزارە؛ بەزەیی بە گزیکاراندا نایەتەوە. چوار هەزار خارجی قڕ کرد کە هەموویان قورعان ڕەوان و نوێژکەر بوون؛ نیشانەی سوژدە بردنیان لەسەر ئەنی ببووە پەڵە. لەمەڕ ئەو کارەوە فەرمووی: تاریکی فیتنە و ئاژاوە دنیای تەنی ڕۆژ بە ڕۆژ تەشەنەی دەکرد. ئەگەر ئەوانەم نەکوشتا لەوانە بوو دنیایە بەربەڵا بکەن. ئەم کارەش لە دەس من نەبا لە دەس کەسیتر نەدەهات. جگە لە من کێ زاتی بوو چوار هەزاری بە ڕواڵەتی لە خواترس و قورعان خوێن و تەرکەدنیا و لە ڕاستیشدا ماکی ئاژاوە و پشێوی قەڵاچۆ کا و گوێ نەداتە بەرژەوەندی باری ڕۆژ و تکای تکاکاران نەگرێ.

ڕەنگە ئەوانە لای خۆیان لایان وا بووبێ چاک دەکەن و ڕاپەڕینیان لە ڕووی عەلی بۆ بەرژەوەندی ئیسلامە. بەڵام ئەوانە دەسخەرۆی عەمری عاس و ئەمەوی بوون. دەسخەرۆ بوونیش گوناهە. فریوخواردنیش تاوانە و تووشی گوناهانت دەکا. عەلی پاپای حوکم نەبوو؛ لەسەر نەبوونە خەلیفە کێشەی نەکرد. تەنیا دژی زۆرداری بوو. عەلی بە مالکی ئەشتەر دەڵێ: تا من فەرمانم ڕەوابێ، کەس ناتوانێ دەنکە جۆیەک لە دەم مێروولەش بڕفێنێ. هەموو مرۆ لام یەکسانن. ئەگەر موسوڵمانیش نەبن خۆ ئینسانن. دەبێ تۆ هەموو ئینسانێک وەک برای خۆت تماشا کەی.

ئیسلامی من نە ئیسلامی عەبدولڕەحمان کوڕی عەوفە و نە ئیسلامەتی عوسمانی کوڕی عەففانە. من ئیسلامی ئەبووزەرم خۆش گەرەکە کە تەنیا لە خوا دەترسا و لەسەر بڕوای ئیسلامەتی خۆی بەخت کرد.

عوسمان یاری پێغەمبەر و خەلیفە بوو؛ قورعان ئەو کۆی کردۆتەوە. موسوڵمانان لەسەر دراو وەکۆ کردن و ماڵی ئیسلام بە فێڕۆدان دەگژی ڕاچوون. یەک لەوانە ئەبووزەر بوو کە دەیگوت خودا فەرموویە: ئەی ئەوانەی خاوەن بڕوان! گەلێک لە کەشە و ڕەبەنان بە ماڵی مەردم دەژین و ئەو کەسانەش کە زێڕ و زێو دەشێرنەوە و لە ڕای خودای بەخت ناکەن با بۆ ئازاری زۆر بەژان ئامادە بن.

کەعبولئەحبار کۆنە مالمی جوولەکانی نۆموسوڵمان -کە ببووە دەمڕاستی عوسمان- لە وەرامی ئەبووزەر دەیگوت ئەم ئایەتە بۆ حاخام و کەشەکان و خاوەن سەرمایەی زۆر زل و کۆیلەکڕی غەیرەدینە و موسوڵمانان ناگرێتەوە. ئەبووزەر دەیگوت: ئەو کەسانەی زێڕ و زێو کۆ دەکەنەوە و دەیشارنەوە -کافر بن یان موسوڵمان بن- وەکوو یەکە.

من ئیسلامی ئەبووزەر بە ڕاست دەزانم کە بۆ ماڵی موسوڵمانان، بۆ نەمانی چینایەتی لە کۆمەڵدا، بۆ لادانی زوڵم و زۆری لەسەر بێدەست و بێزۆران، دەگەڵ زۆرداری نالەبار، بکەوێتە زۆرانبازی و سەر و ماڵی لە ڕێگەی بڕوایدا بڕوا.