کەربەلا

لە کتێبی:
چوار نامیلکەی عەلی شەریعەتی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 41 خولەک  786 بینین
کەربەلا

باوە! تۆ چیرۆکێکت هەس، باسی حوسێن و کەربەلا. دایم و دەرهەم بە ساڵ، بە مانگ، بە شەو، بە ڕۆژ، کردووتە بە بنێشتە خۆشکە و دەیجوویەوە. دەگەڵ چیرۆک گوتنەکەشا بە کوڵ دەگری و دەبارێنی. من ئەو چیرۆکە نازانم چۆنە، چونکە خۆیشت هیچ لەو بارەوە نازانی تا بۆمانی شی کەیەوە.

لێت ئەپرسم: حوسێن کێ بوو؟ بۆچی کوژرا؟

تۆ دەفەرمووی: نەوەی پێغەمبەری خوا بوو، گیانی خۆی کردە قوربانی لە پێناو موسوڵماناندا.

- قوربانی دانی گیان چییە؟

- لە کەربەلا خۆی دایە کوشت تا لە ڕۆژی قیامەتدا تکاکاری ئۆمەتی باپیرەی خۆی بێ.

دەیسا باوە ئەم جواوە تەواو لە وێنەی وەرامی فەلەکانی خاچپەرستە لە سەر لەداردانی مەسیح. ئەویش دەڵێن: بابەدەم سێوی دزیبوو، لەسەر دزیەتیەکەی گراو لە بەهەشتی خوا دەرکرا و دەرگای بەهەشت لە خۆی و زاڕۆڵەکانی گاڵە درا و بڕیار درا ئیتر نە ئادەمی سێودز نە بێچوولە و نەوەکانی ئەو سێودزە -نە بە ئاشکرا نە بە دزی- تازە نایەنەوە بەهەشت؛ مەگین قوربانی وا بدەن کە خوای گەورە لە بارتەقای سێوی بەهەشتی بزانێ و دایانکاتەوە ناو بەهەشت. مەسیح بوو بەو قوربانییە و خۆی بە جوولەکان بە کوشت دا و تاوانی سێو دزینەکەی باوەگەورەی بە خوێنی خۆی بژاردەوە.

ئەگەر ئەم فەرموودەت ڕاست بێ و ئیمام حوسێنیش وەک مەسیح لە ڕێی بەخشینی گوناهی موسوڵمانان خۆی کردبێتە قوربانی، ئیتر یەزید و یارانی خەتابار نین. بە قسەی تۆدا جەنگی حوسێن دەگەڵ یەزید بۆیە نەبووە کە زوڵمی زاڵم نەمێنێ و بەرەی زۆرلێکراوی هەژار لە ژێر دەستی خونکاری لاسار و کافر ڕزگار بکا و دادی بێچاران بستێنێ. حوسێن بۆیە خۆی دابەکوشت کە ئێمە بۆ گوناە کردن بێلەمپەر بین؛ هەرچی کاری پیسە بیکەین. بەڵام لە دەی محەڕەمدا بۆی بگرین و لە خۆمان دەین. ئەویش لە ڕۆژی قیامەتا ئۆباڵمان وەئەستۆ بگرێ و لە سزای خوا ڕزگارمان کات. ئیتر باسی دنیا و منیا نییە. پوختەی باسەکە وای لێ دێ: هەر کەس موسوڵمانی باشە و پەیڕەوی ئیمام حوسێنە، هەمووی حەواڵەی پاش مەرگە و پاداش لەو دنیا وەردەگرێ و کاری بەم دنیایە نییە!

بە ڕاستی ئەم فەرمایشتەت بۆ ئەوانەی دنیاخۆرن و خاوەنزۆرن و هەژاران دەکروسێننەوە، چاکترین دڵخۆشکەرەیە و بۆ لاواز و لانەواز و لێقەوماوان، بەهێزترین تەزێنەری مێشک و دڵە.

باوکی بەڕێز!

من دەمەوێ لە دنیادا قارەمانێ وا هەڵکەوێ دەهانام بێ؛ دەستم بگرێ. زوڵمی زۆرداری بەدکارم لەسەر لابا و مافم نەخورێ. هانەم بدا لە ڕێگەی ئازاد بوونمدا بەگژ داگیرکەردا بچم. بۆ پارێزگاری لە نامووس، لە ئابڕووی گەل، سەنگەر بگرم و بۆی بمرم. وامدەزانی حوسێن ئەو قارەمانە بوو کە بۆ دیفاع لە مافی چینی بەشخوراو بەرەنگاری یەزید بووە و لە ڕای ڕزگاری هەژاران شەهید کرا؛ کارەکەیم زۆر بە دڵ بوو. کەچی وا تازە تێدەگەم کە هیچ کاری بەسەر کاری هەژارانی بێپەنا و بێبناوانی چەوسێنراوی بێتاوانی دەورانی ئەمەوی نەبووە. ئەم جەنگ و خۆبەکوشتدانەی هەر بۆیە بوو لە مەحشەرا تکا بۆ ئەوانە بکا کە محەڕەم بۆی گریاون. دەیسا پێم بێژە کەربەلا -جگە لە قازانج و بەهرەی بۆ مام مەلا- کام دەردی من دەرمان دەکا؟

باوە! وە بیرت دێ جارێ لە بارەی ئەم مەبەستەوە عەرزم کردی کەربەلا چۆن بۆ مەمانان -کە لەم ڕۆژگارەدا دەژین و سەدهەزاران گرێ و گۆڵی ئابووری و کۆمەڵایەتیمان تووش هاتووە- بێبەهرەیە، تۆ لە وەرامی ئەم قسەم کتێبێکت پێ نیشاندام، فەرمووت: ئەمە بخوێنەوە تا تەواو دەمکوتت بکا. کتێبەکەم لە تۆ وەرگرت. ناوی ئایەتوڵڵایەکی بەناوبانگی لە پشت بەرگەکە نووسرابوو؛ کە لە شاری پیرۆزی قوم دادەنیشێ و ئەم کتێبەی دەربارەی خوێنی حوسێن و کارەساتی شەڕی کەربەلا داناوە.

پێشەکیەکی بۆ نووسیوە بە خۆی هەڵدەڵێ و خۆیمان وا پێ دەناسێنێ کە لە زانستی ئایینی و ئابووریشدا پسپۆڕی هەرەگەورەیە.

لە شوێنێکی ئەو کتێبەدا نووسراوە: ڕاپەڕینی ئیمام حوسێن دژی یەزید، بۆ هەموو خەڵکی سەرزەمین و بە تایبەتی بۆ موسوڵمانانی ئێران خێر و خۆشی و خەنی بوونە. ئەم خەنی بوونەش دوو جۆرە: یەکەمیان گەشەی دەروونە و دووهەمیان هۆی پووڵدار بوونە:

١- گەشەی دەروونییەکە چۆنە؟ ئەگەر ئێستا کۆمەڵێک لە تۆژەرەوە و ژمارگەی زۆر کارامە تێکڕا بێن و سیایی ناوی ئەو هەموو ژن و پیاوانە، ئەو هەموو پیر و لاوانە، ئەو هەموو جووتە چاوانە کە لە پرسەی ئیمام حوسێندا گریاون و لە سۆنگەی ئەو گریانەوە لە لای خواوە بەخشراون و بۆ بەهەشت بەڕێ کراون بگرنەوە، بە بێگومان لە میلیۆن و چی-چیلۆنیش تێدەپەڕێ و هێشتا نیوەشی نانووسرێ.

٢- لە بارەی ئابووریشەوە: هێندە بە بەهرە و گرینگە کە ئەشێ لە بەرانبەریا لۆرت و خاوەن سەرمایەکان، پسپۆڕانی زانستی ماڵ بە ماڵدان و سارد و سەودا و بازرگانی لە جیهاندا کڕنۆش بەرن و بزانن دەستەوستانن.

من کە تا ئێرەم خوێندەوە، تەزوێکی ساردم پێدا هات. یاخوا خێر بێ. ئەی بۆ منێک کە زۆر شتم لەم بارەوە خوێندۆتەوە تێنەگیوم کە بەهرەی ئابووری گریان بۆ حوسین و قازانجی چوونی کەربەلا لە چیدایە و چۆنە و چەندە؟ وا دیارە من نازیرەکم. ئەو مامۆستا بلیمەتەی ئەم کتێبەی بۆ نووسیوین، لە زیرەکی و لێهاتوویی شتی وای دۆزیوەتەوە کە بە بیری ئێمەی سادە و تێنەگیشتوودا نایە.

مامۆستای زانا ئەم باسەی شی کردۆتەوە و فەرموویە: سەرنج بدەن! هەموو ساڵێک ئەو هەموو خەڵکی ئێرانەی موسوڵمانە لە سەبزەوارەوە بگرە تا قەزوێن و دەوروبەری لە گوناباد و کاشان و یەزد و سمنان و کوردکۆی و موحەمەدئاباد و گش لا، لە سەرانسەری ئێراندا، گشتی دەچێتە کەربەلا بۆ زیارەتی ئیمام حوسێن؛ دروودی خودای لەسەر بێ.

هەریەک لەو زیارەتکەرانە بۆ باروبنەی سەفەریان، بۆ تۆشەی ڕا، کەلوپەل دەگەڵ خۆ دەبەن. لە کاتی گەڕانەوەدا چییان پێ هەبێ دەیفرۆشن. ئەوسا بۆ دیاری و متفەرک و یادگاری، شت لە کەربەلا دەکڕن و دەیهێننەوە. ئەم کڕین و فرۆشتنە و ماڵبەماڵە و کەلوپەل پێک گۆڕینەوە، هەموو ساڵێک ئەوەندە بازاڕی ئێران وە برەو دەخا و هێندە قازانجی ئابووری بە ئاپۆرە دەگەیەنێ کە لە سەرانسەر دنیادا هێشتا وێنەی نەدیتراوە.

دەئاخر چۆن پێنەکەنم؟ دە یاخوا نووسەری گەورەی سواڵکەر و چەورەی ناڕەسەن! ماڵت بڕمێ بۆ کەریەتیت! ئەگەر بۆ خۆت گێل و حۆل و ماڵوێرانی، خەڵکی بۆ بە کەر دەزانی؟ من ناڵێم مێشکت کار بکا؛ بەڵام هەر چاوت کوێر نەبا و دەوروبەری خۆتت دیبا، دەتزانی کە شیرکەتێکی زۆر چکۆلەی بازرگانی لە ژاپۆندا چەند ئەوەندەی بێنە و بەرەی ئاڵوگۆڕی ماڵ و کاڵای تێدا هەیە.

تەنانەت هەر شارەزاییت لە شارۆکێکی ئێران با -کە چەند کاڵای دەرەکی دەتوێنێتەوە و تەرازووی هاوردە و بردەی هەتا کوێ دەخوێنێتەوە- ئەم فەرمایشتە قۆڕانەت نەدەفەرموو. تەپڵەی لباد بە سەرێکی شەکاڵ شڕۆڵی دێهاتی بە جەنابت خەڵەتاوە و هانت داوە سەفەری کەربەلا بکات. ئەو پووڵ و پارەی هەیەتی خەرجی چوون و گەڕانەوەی دابین ناکا. سوور دەزانێ لەوانەیە لە نیوەی ڕێگە پەک بخا و زیارەتی بە نسیب نەبێ. چاری ناچار پەڵاسێک، تەشکەبەرەیەک، تەختەکوێنێک، خورجێنێکی پڕ لە پینە دە لابارەکەی ڕادەکا. لە کەربەلا بە عارەبێکی پاپەتی، وەکوو خۆی ڕووت و نەگبەتی دەفرۆشێت و بەو چەند قۆشە و قرۆشەوە دەچتە بازاڕی کەربەلا، بەردەمۆر و خۆڵی تەیەمموم کردن و تەزبیحی ڕەشی گڵ دەکڕێ و دەیکاتە دیاری دەستی خۆی بۆ هاوسا و دەر و جیران و کەدخودا و منداڵەکانی و بۆ ئاخوندیش پارچێک قوماشی کڕیوە. ئیتر چیتر؟

دەک یاخوا لە بەغیلیانت سۆمایی چاوانت دابێ! تۆ لات وابێ ئەم سارد و سەودایە زۆرە و پڕقازانجە، لە سەرانسەری جیهاندا هێشتا وێنەی نەبینراوە! وا بیربەری تێر و تەسەلی ئێرانیان بە سەفەری کەربەلاوە بەستراوە.

هیچ بە دووریشی نازانم بۆ دینەوەی ئەم بیرە قووڵ و ژیرانەت ئیمام حوسێن بە منەتباری خۆت بزانی. پێت وابێ ئیمامی شەهید پێویستە سوپاست بکا کە تۆی بلیمەت و زانا تێگەیشتووی شۆرش و خۆ بەکوشتدانی هەر بۆیە بوو کە تەزبیح و بەردەمۆران وە برەو بخا و ئێرانی پێ دەوڵەمەند بن!

ئەگەر ئەو شەهید نەبووبا و ئەگەر یارانی پاکی ئەو لە سەر خاکی کەربەلا خوێنیان نەڕژایە، کێ ئەو هەموو بەردەمۆرە و قوڕە زۆرەی تەزبیحانی دەکردە تەنخوا و سەرمایەی بازرگانی لە ئێراندا؟

خوا نەیبڕێ نیو ئەوەندەی ئەم ئێرانە تەزبیحی گڵ و بەردەمۆر لە سەرانسەری ئەمریکا و ئورووپادا دەس ناکەوێ.

بەڵێ، باوکی ئاییندارم!

گەورەترین سوود و بەهرەی شەهید بوونی ئیمام حوسێن -کە بە ڕاستی ڕووداوێکی دڵتەزێنە و دەبوایە سەرمەشق بوایە بۆ خواناسینی بەڕاست و فیداکاری لە ڕای هەقدا و سەردۆڕاندن لە ڕێگەی مافی ڕەوادا- لە لای خاوەنی کتێبی نووسراوی موجتەهیدی قوم، کە بە ناوی «دیفاع لە حوسێنی شەهید» ناو نراوە، بۆ بەرەنگاری یەزید و نەمانی زوڵم و لاساری بەرەی دەستەڵاتدار نەبووە؛ داڕژتنی پڕۆژەیەکی ئابووری پڕ لە سوود و سەرمایە بوو کە بەردەمۆر و تەزبیحی گڵی کەربەلا بفرۆشرێ و ئێران پێ ببووژێتەوە.

با ئەوەشمان لە بیر نەچێ کە ئەو پیرە مامۆستایەی خاوەنی ئەم فیکرە بیکرە، هەر لەو کتێبە جوانەیدا وێڕای باسی ئیمام حوسێن و پڕۆژە پڕقازانجەکەی، هەتا زمانی گەڕاوە و هەتا تەڕایی لێ بڕاوە، جوێن و سخێفی ناڕەوای بە ئەسحابە و موسوڵمانانی تر داوە؛ کە لای وا بووە ئەویش هەر بەرژەوەندی ئیمانە.

هەر ئەو کابرا کتێبنووسە -کە وەک وتمان لە شاری قوم دادەنیشێ و ڕیشێکی پڕپشتی هەیە و بە قسەی خۆیدا سەرگەلەی مامۆستاکانە- دزی لێ ئاشکرا بووە؛ چی کردووە؟ هێناویە قسەی لاتانەی ئەو نامەرد و چرووکانەی کە دەربارەی حوسێنیەی ئیرشاد دەیکەن و دەیانەوێ ئەو شوێنە پیرۆزە سووک کەن -بێدەسکاری- بە بێئەوە شەرم بیگرێ، بە ناوی خۆی خستوویەتە ناو کتێبەکەیەوە و خوێندەوار وا حاڵی دەکا کە ئەم درۆ و هەڵبەستانەش هی خۆیەتی!

دەی من ناڵێم ئێوە بڵێن! پیاوێکی وا درۆ و بوختان و قسەی پیس لە پیاوی درۆزن بدزێ و ناوی نامەردەکەی پێشووش وە بن لیچ دا و بە دووسەرە ببێتە دز، کێ بڕوا دەکا ڕاست بکا و ئیمام حوسێنی خۆش بوێ و دزی وا چۆن ڕای دەکەوێ باسی ئیمام حوسێن بکا؟

باوە! دایە!

ئەگەر ئێوە لاتان وایە ئەم چەند کەسە ناکەسانەی درۆهەڵبەست و بوختانکەر نابن بە بەڵگەی شوورەیی بۆ ئاییندارانی دیکە و دەڵێن چەم بێ چەقەڵ نابێ و ئەم بابەتە کتێبنووسە زمانلووسەش چەقەڵی چەمی ئیسلامن؛ پێتان وایە کتێبی زۆر باشتر هەیە کە پیاوە بەناوبانگەکان نووسیویانە و هەرچی فەرموویانە ڕاستە و گەرەک ئەوان بخوێنمەوە، خاسە؛ بەڵام با بزانین ئەو کەسەی لە دانشگا خوێندوویەسی؛ بژیشکە یان ئەندازیارە یان دەرسبێژی زانکۆیە و لە ئابووری و کیمیا سەری دەردەچێ؛ بە درێژایی تەمەنی خۆی هەر کتێبی ڕۆشنبیرانی بێدینی خوێندۆتەوە؛ شارەزایی لەسەر وێژەر و وێژەوانی ئورووپایی ناموسوڵمان دەبڕێتەوە؛ ئێستا ئەگەر دڵی بۆ ئیمان لێ بدا و بمانەوێ کتێبی خۆمان وەخوێنێ، چۆنی ئامۆژگاری بکەین کە کێهە کتێب زۆر باشە و لە کامەیان بەهرە بەرێ؟ نازانم تۆ چی ئەفەرمووی؟ بەڵام من خۆم لەم وەرامە دادەمێنم. بۆچی؟ چۆن دەبینم بۆ نموونە فڵان کتێب زۆر زەلامە؛ ناوی پیاوی زۆر زلیشی لە سەر بەرگەکەی نووسراوە. بە چەندین نازناوی ڕەنگین دەوری ناوەکەی دراوە. هەر خاوەنی ئەم کتێبە بەناوبانگە لە سەر مینبەر ئامۆژگاری نەخوێندەواری گەل دەکا؛ ئایینداران دەگریەنێ؛ گەورە و گچکە خۆشیان دەوێ.

چەند ئاخوندی زانا و داناش پەراوێزیان بۆ ئەو کتێبە نووسیوە و فەرموویانە: هەرچی فەرموویە پەسندە و تەواو بەر ئیسلام دەکەوێ. کەسێک سەری لە مانای قورعان دەرنەچێ، چۆن دەزانێ کە هەرچی لەم کتێبەدا، لە قورعاندا نەنووسراوە؟ هەر هەمان مەلاش فەرموویە بۆ پیاوی ڕەمەکی ناشێ مانای ئایەتان بزانێ. واتا ئێمە لەسەرمانە بێ لام و جوم هەرچی لەو کتێبانەدایە بە فەرموودەی خوا و پێغەمبەری بزانین و نقە نەکەین!

جارێکیان لە خۆتم پرسی: باوە! تۆ کامە کتێبت زۆر پێ باشە بیخوێنمەوە؟ ناوی کتێبەکەت برد و فەرمووت سەرتۆپی هەموو کتێبە ئایینییەکانی ئەمڕۆیە و کەس ناتوانێ لە ڕووی نووسەرەکەیدا بکۆخێت. ئەو هانەدانەت هەڵینام پەیدای کەم و بیخوێنمەوە.

سەردێڕی یەک لە وتارەکان وا نووسرابوو: «پێغەمبەر لە سەرەمەرگا چۆن وەسیەتی بۆ عەلی کرد؟» بە خوێندنەوەی ئەم سەردێڕە مچوڕک و تەزوم پێدا هات؛ لەشم وەسەر ئارەق گەڕا. دەبێ پێغەمبەری خودا لە لای عەلی -کە ئامۆزا و یاری هەرە بەڕێزی بوو- چی فەرمووبێ؟ لێم ڕوونە باسی ڕووداوی داهاتووی چەند هەزار ساڵی پێ فەرمووگە. ئەم وەسیەتە هێندەی شتی پڕ لە بەهرە بۆ موسوڵمانان تێدایە کە مەپرسە. داخوا دەربارەی ئەم دینە و دەربارەی ئەم سەرزەمینە چەند ڕازی نهێنی و گرینگ بە ئیمام عەلی گوتراوە کە لە پاش کۆچی پێغەمبەر ئەو بیزانێ و کەسی تر ئاگای لێ نەبێ.

باوە گیان! ئێستا دەزانم تۆش بە هەڵپەی کە بزانی ئەم وەسیەتەی کە پێغەمبەر بە گوێی عەلیدا دەچپاند چەند گرینگ بوو؟

دەساوەرە با پێکەوە ئەو کتێبەی کە خۆت فەرمووت گەورەترین کتێبی مەزەبیمانە لێک کەینەوە و ئەو مەبەستە کە باسی ئەم وەسیەتەیە پێکەوە بیخوێنینەوە و لە سەرسامی ڕزگار ببین. دەقی نووسراوی ناو کتێب لەو بارەوە بەم جۆرەیە کە لە خوارەوە نووسراوە: «پێغەمبەر هەستی کردبوو کە زۆر لە دنیا نامێنێ. ویستی وەسیەت بۆ خۆشەویستی خۆی (عەلی) بکا؛ لە دوای کۆچی دوایی ئەو عەلی چی بکا؟ حەزی نەدەکرد هیچ کەسێک بەم کەین و بەینە بزانێ. تا ڕۆژێک هەلی بۆ ڕەخسا و دوور لە چاوی چاونەزێران خۆی گەیاندە ماڵی عەلی. دوور لە ئەغیار و گوێدێران پێغەمبەر وەسیەتەکەی کرد فەرمووی: عەلی! زۆر دەمێکە دوو نهێنیم لە دڵدایە گەرەکمە هەر بە تۆی بێژم چونکە لە تۆ خاترجەمم کە ڕازی من لە لای هیچ کەس نادرکێنی. دەیسا بەڵێنم پێ بدە کە ئەم دوو ڕازە گرینگە بە کەس ناڵێی. عەلی فەرمووی: بەڵێن دەدەم».

من کە گەیشتمە ئەو حاندە باوەڕ بکەن هەموو لەشم هاتە لەرزە دەبێ پێغەمبەری ئاخر زەمان لە دواڕۆژانی ژینیدا کام دوو ڕازی زۆر بە نرخی بە ئامۆزای خۆی فەرمووبێ؟ مامۆستای نووسەری کتێب دوای ئەو پێشەکیە بە سامە، باسی وەسیەتەکە دەکا و دەڵێ:

«پێغەمبەری خودا فەرمووی: من زۆرم نەماوە بمرم. لێم ڕوونە هەر لە ماڵی تۆ و لە باوەشی تۆشدا دەمرم. جا هەر کاتێک لە کاتی گیانەڵاومدا سەرم وە سەر سنگی تۆ کرد، زۆر وشیار بە! هەرکە دیتت گیانی پاکم لە لەشم جوێ ئەبێتەوە، تۆ هەر لە جێ دەستت بە دەممەوە بگرە و گیانم بۆ خۆت بقۆزەوە و دەسەر و چاوتی هەڵ بسوو؛ مەهێڵە لە دەستت دەرچێ! ئەمە یەکیان. دووهەمینیان هەرکە مردم گوز و گومبەت دەستت بەرەو سیرەتمی پێ دابپۆشە کەس نەیبینێ. چونکە هەر کەسێ بیبینێ سۆمایی چاوانی دادێ و کۆرە دەبێ.» وەسیەت خەلاس! تۆ بە خێر و من بە سڵامەت.

جا ئێستا باوکی بەڕێزم! هەقم پێ دەدەی یان نادەی؟ کە من لەو ڕێبازەت دەرچم و بەرەو شوێنێکی تر باز دەم؟ وە شوێن چارەنووسم کەوم و لە زانست و خوێندەواری و هونەرمەندی گەلانی دنیای ڕووناکی بەهرە بەرم؟

تۆ پێت خۆش بێ و پێت ناخۆش بێ لە جیاتی ئەو کتێبانەی تۆ ناوت ناون مەزهەبی، من کتێبە بەناوبانگەکانی دنیا کە پڕن لە ئامۆژگاری زۆر بەنرخ و پیاو بەرەو ڕووناکی دەبەن دەخوێنمەوە. بۆ متاڵا: گەمەی نێو ئەوین و مەرگ، شۆڕشی گەورەی فەڕانسە، با دارشکێن وەخەبەر بێ، سەربەخۆ بوونی ئەمریکا، پێشکەوتنی پیشەسازی ئینگلیسەکان، چین لە شەڕدا، شەوی ڕەشی کۆیلەداران، پێنجەمین ساڵی ڕاپەڕین لە جەزایر، چارەڕەشانی سەرزەوی، بۆ ئەفریقا، ئاژاوەی شەکر لە کووبا و شتی تریش هەڵدەبژێرم و مێشکی خۆمیان پێ دەسپێرم. تەمادارم بەم بۆنەوە دەگەڵ پیاوە گەورەکانی پایەبەرز و فەیلەسووفانی جیهانی کۆن و تازەی وەکوو: ڕۆمان ڕۆڵان، مالرۆ، ئارن، مۆریس تورێز، لوکاج، نەهرۆ، فەرحات عەبباس، فلانتز فانۆن و ئەبولکەلامی ئازاد و سارتر و کەسانی تردا ئاشنا بم. پەند و ئامۆژگاریەکانیان بکەمە ڕێبەری خۆم و لەسەر شوێنی ئەوان بڕۆم. تۆی بەسەزوان و ساویلکە، جگە لە باسی کەربەلا، ئەویش چۆن باسێک؟ ئەوەی کە خێوی کتێبی پڕجنێوی مەلای قومی کە دەربارەی باری ئابووری لە کاروانی کەربەلا نووسیویەتی ناخوێنییەوە، بە تەمای منیش وەکوو خۆت لە دنیا بێخەبەر بکەی! بێهەست و خوست چاوم لە فەرموودەی تۆ بێ. تۆیش هەر کتێب و نووسراوێک ئاخوند نەڵێ بیخوێنەوە، بە کفرنامەی بزانی و ڕێگەم نەدەی تماشای کەم؟ هەر زانایە لە دنیادا نووسراوەکەی بۆ گریاندنی سەر مینبەر بەکار نەیەت، بە گومڕاکەر ناوی بەری و فەرمان بدەی کە نەیناسم؟

پوختەی وتار: تۆ گەرەکتە من چاوم لە دەمی تۆ بێ، تۆش چاوت لە دەمی مەلا، مەلاش چاوی لە ڕووپەڕی کەربەلانامە هەڵنەگرێ. دەسا باوە! کەی ڕەوایە و خوا هەڵدەگرێ تۆ خۆت هیچ بی و نەشهێڵی من ببم بە هیچ؟

نا، باوە گیان با خەیاڵت ئاسوودە بێ! بە سەری تۆ بە قسەت ناکەم. زۆرم مێشکی خۆم هەڵگووشی کە لە پرسەی عاشوورایە و نووزەنووزی ڕەوزەخوێن و سینگ کوتانی ڕەمەکیان و دەنگی واوەیلا و گریانی شیوەنگێڕانی کەربەلا حاڵی ببم؛ بە داخەوە حاڵی نەبووم. ناچار دەستم لێ هەڵگرت و کەوتوومە شوێن زانستی وا کە تێی بگەم.

بابی بەڕێز!

تۆ لات وایە پەنا بردن بە خۆشەویستانی خودا -کە ناوت ناوە «تەوەسول»- کۆڵەکەی دین و ئیمانە و لە سەرووی هەموو کارانە.

لە بیرتە ڕۆژێکیان فەرمووت: وەرە بتبەمە جێگەیەک یەکێک لە پیاوانی دینی زۆر دانا و زانا و بلیمەت و لە زانستی کۆن و تازەدا شارەزا، ئەویش وەک تۆ و یارانی تۆ خۆی بە ڕۆشنبیر دەزانێ و قسەی تازەبابەت دەکا و دەزانم بە کەیفی تۆیە، لەو شوێنەدا وتار ئەدا.

لەگەڵتا هاتم چوینە کۆڕ. ئاخوندە زۆر پەسندەکەت لەو دەمەدا باسی بەهەشت چوونی دەکرد. فەرمووی: «کابرایەکی زۆر گوناهبار کە چەندین قەتڵی کردبوو گەرەکی بوو تۆبە بکا. ڕێگەی کەوتە لای ئاخوندێک و لێی پرسی من پیاوکوژم؛ زۆرم خراپە کردووە. ئاخۆ دەکرێ ڕێگەیەکی وام نیشان دەی خودا لە گوناهم خۆش ببێ؟ ئاخوند گوتی: نەخێر تۆ جەهەندەمیت و چارەت نایە. کابرا شیرەکەی هەڵکێشا و ئاخوندی کوشت. سەری لە زۆر ماڵە ئاخوندی دیکە دا، ئەو پرسیارەی لێکردن و هەمان وەرامیان دایەوە و ئەویش هەر بەو دەردەی بردن. تا کار گەیشتە ڕادەیەک نەوەد و نۆ سەلکە مەلای بە شیر پەڕاند. تا گەیشتە ئاخوندێکی کە سەتی پێ تەواو دەبوو. پرسیاری گۆڕینی لێکرد. ئاخوند ناوبانگی بیستبوو؛ سوور دەیزانی ئەگەر فێڵێک دەکار نەکا ناچار دەبێ گیانی دانێ. گوتی هەرچەند باری گوناهت گرانە و بە ڕواڵەتی ڕزگار بوونت زۆر چەتوونە بەڵام حیلە شەرعێک هەیە. ئەگەر بیکەی زۆر هاسان دەتبەنە بەهەشت: خەڵکی فڵانە ئاوایی زۆر پاک و خاوەن ئیمانن. هەر چۆنێک بێت بچۆ لەگەڵ ئەوان بژی. هەرکاتێ ئەوان بە کۆمەڵ لەبەر خودا پاڕانەوە و داوای لێبوردنیان لێکرد، تۆش وێڕای وان دەس هەڵێنە و بپاڕێوە. بەزەیی خوا بەلێشاوە و هەموانییە. بە پانەوە بەسەر نزاکارەکانیدا دەڕێژێ و کەس نابوێرێ و تاکتاکی لێ دەرناوێژێ. ئەوسا تۆش ڕەگەڵ دەکەوی و لە بەشە بەزەت دەنەوی و پاک دەبیەوە.

کابرای پیاوکوژ -کە بەجگە لە خەڵکی دیکە سەری نەودونۆ مەلای لە حیلە شەرع بە دووری قرتاندبوو- ئەم کڵاو لەسەرنانەی خوای زۆر لێ خۆش هات. ڕێگەی گوندی پیاوچاکانی گرتە بەرێ. بەڵام لە نیوەی ڕێگەدا سەکتەی تووش هات و سەکەت بوو.

دەبوو بە هەموو حیسابان بە ئاخر شەڕی مردبێ؛ کەچی ئاخریشی خێر بوو.

یەکێک ئەو کابرا پیاوکوژەی لە خەودا دیت. لە بەهشتا کەیف دەکا و کاری سازە. لێی پرسی ئەتۆ و ئێرە چی؟ ناکا خەونی بەراوەژووم پێوە دیبی؟

پیاوکوژی بەهەشتی فەرمووی: نەخێر ڕاستە و بەهەشتیم و ئەمەش بەسەرهاتەکەمە: کاتێ لە نیوەی ڕێ مردم، دوو دەستە فرشتەی خودام لێ پەیدا بوون. دەستەیەکیان پیلیان کێشام بۆ جەهەندمم ڕەکێش کەن. ئەوانی تر پڕیان دامێ و کێشایانم گوتیان بۆ بەهەشتی دەبەین. بوو بە هەرا و زەنا-زەنای مەلائیکەتان لەو دەشتە! چڕە و گوڕە و هەرایەک بوو هەر مەپرسە! دەتگوت کاسەی قەرەچی ئاو بردوویەتی. ئەم دەمکێشێ دەڵێ: ئاوردووی دۆزەقە؛ ئەویان لە پیلم دەنەوێ ئێژێ نەمامی بەهەشتە. منی بێچارەش لەو ناوە هەر وەختابوو جیقم دەربێ و لەبەر یەکچم. ئیتر سەرت نەئێشێنم لە پاش هەزار چەرمەسەرە و بێنەوبەرە و هەڕە و وەرە، ڕێگەی چارەیان دۆزیەوە. لە ناو خۆیاندا پێک هاتن نێوانی ئەو دو گوندانەی کە ئاخوندە حیلەبازەکەی لێ دەژیا دەگەڵ گوندی پیاوچاکەکان لە گەز بدەن بزانن شوێن لاشەکەی من لە کام لاوە نزیکترە. ئەگەر بە لای مەلادا بووم ئەوا بمبەنە جەهەندەم. ئەگەر لە مەلاش دوورتر بووم ئەوا گوێچی فرشتەکانی بەهەشتم.

گەز و هەنگاو و بست و گوێل چوونە ڕێوە؛ لە هەردوو لاوە پێوایان. بەختم هێنای بە ئەندازەی گەی ئەنگوستێک لە گوندی ئاخوند دوورتر بووم. جەهەندەمیەکان دۆڕاندیان بەهەشتی بردمیانەوە و بێئەوە هیچ کەس لێم پرسێ چکارەیی و چکارێکت ئەنجام داوە، هاوردوومیانە بەهەشت و خوێنی ئەوانەی کوشتوومن بە فیڕۆ چوو».

بەڵێ ئەمە زانا ڕۆشنبیرەکەت بوو کەوا بە سووک و هاسانی خوێنی حیلەنەزانانی بەفیڕۆ دا و فێڵی تەڵەکەبازانی سەرخست کە ڕێگەی هەق و ناهەقیان تێکەڵاو کرد.

جارێکی تر دایک و خوشکیشم هاتبوون گوێ لە ئاخوندی گەڕەکمان ڕابدێرن کە لە ماتەمی حوسێندا وتار ئەدات. ئاخوند وەسەر مینبەر کەوت؛ دەربارەی گریان بۆ حوسێن کە چۆن ئەبێتە تکاکار لە لای خودا و چۆن گوناهمان بەو گریانە هەڵدەوەرێ. زۆری فەرموو لە نێوان وتارەکەیدا ئەم چیرۆکەشی گێڕاوە:

«لە ڕۆژێکی عاشورادا خەڵکی شارێک لە حوسێنیەی شارەکەیان تۆپەڵ ببوون و دەگریان. لە ماڵی خێرەومەندێکیش هەریسە و شلەی عاشورا لێندرابوو کە بدرێ بە شیوەنگێڕان.

ژنێک لەو شارەدا هەبوو، تەواو داوێنپیس و بەدناو. لەشی خۆی بە خەڵک دەفرۆشت و بەو پارە گڵاوە دەژیا. ئەو خۆفرۆشە بێشەرمە هێندە بازاڕی گەرم بوو کە هەموو ڕۆژگاری ساڵێ -تەنانەت ڕۆژی عاشوراش- بێکار نەبوو. لەو ڕۆژە عاشورایەدا چەند پیاوێکی هەرزەکاری گوناهباری دەپاڵدابوو. ژنەی بەکەڵ دەبوایە بۆ کەڵەگاکان شێو لێ بنێ و دەفریای فراوینیان خا.

ئاگر نەبوو؛ دەبوو لە ماڵی جیرانان ئاگر بێنێ. ماڵی کابرای خێرەومەندی دەوڵەمەندیش زۆر نزیک بوو. ویستی لە موبەقی ئەوان سەرەبزووتێک وەدەس خات. ئاگری بن بەرۆشەکان دامرکابوو؛ بزووتەکان بە خۆڵەمێش داپۆشرابوون.

ویستی بە فوویەک دوو پۆلوو وەگەشێنێ، مشکی و دووکەڵ چوونە چاوی. چاو ئاوی کرد، یەک دوو دڵۆپی لێوەری.

لەو دەمەشدا ڕەوزەخوان لە باسی حوسێن گەیشتبووە ئەم مەبەستە کە ئیمام لە ناو قوڵکەدا قەتیس مابوو؛ کافر دەورەیان لێدابوو. خەنجەرێک بەرملی کەوت؛ خوێن فیچقەی کرد. ئیمام بانگی کرد تینوومە؛ چۆڕێک ئاوم دەفریا خەن. لە جیاتی ئاو لە گش لاوە نێزە و بەردی بۆ داباری. ئیماندارەکانی گوێگر دایاندایە قوڵپی گریان. دوو تنۆکە ئاوی چاوی ئەو ژنەتیوە بێشەرمەش لەو کاتەدا هاتبووە خوار؛ بە بێئەوە کە گریابێ و بە بێئەوە هەر بیری لە عاشوورا بێ.

لە پاش چەند ساڵێک ژنە مرد. خەڵک هەزار جوێن و نەحلەتیان بۆ نارد و کەس نەیدەگوت ئیمانی برد.

وا هەڵکەوت لە شەوێکا ئەو بەدکارە هاتە خەوی ئیماندارێک؛ چی ببینێ! ئەو سۆزمانی کۆنە جندە، ئەوەندە ساز و بەکەیفە خوا بزانێ. لە پلەی بەرزی بەهەشتا دەگەڵ ژنە بەهەشتیەکانی داوێنپاک تێکەڵاوە و بەوپەڕی خۆشیەوە دەژی. خەونبین هەر واقی وڕما. بە سەرسوڕمانەوە پرسی تۆ چۆن گەیشتوویتە ئێرە؟ چۆن لە بەهەشت ڕێ دراوی و ئەویش وا بە قەدر و حورمەت؟

ژنە لە وەراما گوتی: وەک دەزانی من ژنێکی بەدکارە بووم. پەڵەی پیسی ئەم شارە بووم. هەرکە مردم پەتپەتێنێکیان پێ کردم، هەر وەختابوو لە عەیبەتان شێت و هار بم. دیتم تەرازوویان هێنا؛ چ تەرازوو؟ جیا لەوەی کە سەنگی کردەوەکانمی دەخوێندەوە، خەیاڵاتی پڕوپووچی دڵیشمی لە قەپان دەدا. خوا بە تووڕەیی دەیفەرموو هەی واوا پێکراوی گڵاو! هەر ئەگەر بە قەد تۆزکاڵێک، بە قورسایی مێروولەی زەردی هەرەورد، چاکە یان خراپەت هەبێ، تەرازوو نیشانی دەدات.

خۆ دەشزانی کە من تا لەسەر دنیا بووم ژنێکی تاک و تەنیا بووم. کەسم نەبوو نان و ئاوێکم بداتێ. مایەی ژینم لە داوێنتەڕی دەردەچوو. هەرزەکارەکانی شارتان پیاوە گوناهبارەکانتان کەف و کوڵی ئارەزووی ناڕەوای خۆیان لە لای من دەنیشاندەوە. هەرگیز ناوی چاکەکاری و ئیمانداریم نەبیستبوو؛ نەمدەزانی چییە و چۆنە تای تەرازووی گوناهانم نیشتە زەوی. چەند فرشتە لێم نەوین و زنجیرێکی ئاگرینیان کردە ملم و ڕایانکێشام. بە جوێندانەوە دەیانگوت تۆ لە ماکی پیس گووراوی و هەر بۆ جەهەندەم خوڵقاوی و تا هەتا هەر دەوێدا بە.

خوایە! منی بابان وێران و سەربەهەش ئەبێ چی بکەم؟ ناهومێد و هیوا بڕاو، چارەڕەش و سەرلێشێواو، لێم ڕون بوو بە هیچ ئاوایەک لەم قەیرانە ڕزگار نابم. کەچی لەپڕونەکاوێک دیتم سیایی گوناهەکانم با بردی. قورعان و تەرازووی حەشر لەلام نەمان. تەنانەت خواوەندی گەورەش لە هەڕەشە گوڕەشەکەی کەم کردەوە. هەروگیفی پێشووی نەما. نەمدەزانی خەبەر چییە، هەر چاوی خۆم هەڵدەگڵۆفی. لام وابوو خەونە دەیبینم. لە پڕ دیتم وا تکاکاری هەژار و خاکەسەران تەشریفی هات.

بە پەلە لە پیلم نەوی و هێنامیە دەر لە دادگای پڕمەترسی و خستمیە سەر شەقامەڕێ بەرەو بەهەشت. گوتی: بڕۆ! ڕزگارت بوو.

- بۆ کوێ بڕۆم؟ نە پەتەی بەهەشتم لایە نە نامەی عەمەلیان داومێ کە لە دەستی ڕاستم دابێ و باش نووسرابێ و ببێتە بەڵگەی ڕزگاریم.

دەروازەوانی بەهەشتیش بە چوار چاو خەڵکیان دەپێوا؛ توندوتیژ و مڕومۆچ بوون. نەک هەر منی گوناهباری پیس و چەپەڵ، بگرە پیاوی زۆر دیندار و خواناسیشیان دەپشکنی. ئەوسا بە سەد جیڕەبابە. دەیتوانی بچتە ژوورەوە. ئیتر من ئەوەندە ترسام کە حەپەسام و هەر لە دوورەوە وێستام و نەوێرام خۆمیان نیشان دەم. دیتم دیسان ئاغا تەشریفی هاتەوە و کەوتە پێشم. فەرمووی: وەرە! شوێنی کەوتم. بردمیە لای باپەنایەک کە لە چاوی پاسەوانەکان نەدیو بوو. لەبەر دەرگایەکا وێستا کە داخرابوو. وا دیار بوو قاچاغەڕێیە و ئاغا نەبێ کەس نایزانێ. دەرگای بە کلیل کردەوە و حەواڵەی بەهەشتی کردم.

باوەڕ بکە ئێستاش وەختە باوەڕ نەکەم کە من هاتوومەتە بەهەشت؛ هەر دەمگوت خەونە دەیبینم. یان دەمگوت دیارە نامناسن ڕەنگە منیان لێ گۆڕابێ.

بەڵام نەخێر، بۆم دەرکەوت بەڕاست هاتوومە بەهەشت و هەتا-هەتا بەهەشتیشم؛ چونکە دیتم زۆربەی زۆری بەهەشتیەکانی هاوماڵم هیچیان لە من پاکتر نەبوون. لات و لوت و چەقۆکێش و گیرفان بڕ و کێشەکڕ و عەوام فەریب و دەسبڕ و حاجی سوتخۆر و هەتیوباز و درۆکەر و خان و ئاغای گەلچەوسێن و چەتە و دز و تاڵانبەر و کرێگرتەی ئیستعمار و سەرمایەداری بێبار و لۆتی و پۆتی دامێنتەڕ و ژنی سووک و خۆفرۆش و کۆڵانگەڕ و لەم جوونە بێفەڕانە بوون؛ کە دەیانگوت خودا ئەمانەی خۆش ناوێ.

گشت ئەمانە لە بەهشتا پلەی شەهیدیان پێ درابوو. واتا دەگەڵ ئەوانەدا کە لە خەزادا کوژراون و دەگەڵ عەلی و شەهیدانی کەربەلادا -کە گیانیان لە ڕاهی خودا لەدەس دابوو- بە یەک چاو تماشا دەکران.

سەیری خۆشتر: چەند ژنێکی کۆنەجندەی هاوکاری خۆم ناسینەوە کە دەپێش مندا مردوون و بەر لە من هاتوونە بەهەشت. لێم پرسین: مەسەلە چییە؟ ئاخر وەکوو بیستبوومان ئەگەر حەساو کیتاوێ لە ئارادا با، ئێمەمانان ئێستە دەبوو لە دوڕ جەهەندەم بووینایە؛ سەرم لەم کارە دەرناچێ؟ گوتیان: هەی سەڵا لە ئەقڵت! خۆ ئێمە عەداڵەتی خوا نەیبەخشیوین. تکاکاری ئیمام حوسێن ئێمەی هاوردۆتە ئێرە.

- ئیمام حوسێن بۆچی تکای بۆ ئێوە کرد؟

یەکێ گوتی: لە مەلا دۆعایەک فێر بووم. شەوانە لە ناو جێ دەمخوێند. مەلا فەرمووی: ئەگەر مردی پلەی شەهیدت ئەدەنێ.

یەکێتر وەرامی داوە: من زیارەتی کەربەلام بە نەسیب ببوو. خۆت ئەیزانی ڕێگەی کەربەلا بۆ بەهەشت ڕاکێشراوە.

سێهەم گوتی: من لاوێچێک خاکی کەربەلام لەلا بوو. وەسیەتم کرد بیکەنە ناو کفنەکەم ئەوسا بمنێژن.

چوارەم فەرمووی: پارەم زۆر بوو؛ جارێک شوباکێکی زێڕم بۆ سەر گۆڕی ئیمام کڕی.

پێنجەم وەرامی دامەوە: بە زیندی سەر، بە پووڵی زۆر، جێ گۆڕێکم لە لای ئیمامزادەیەک کڕیبوو. هەرکە داهێڵرامە ناوی، کونێکی لەولاوە تێبوو بەو کونەدا هەڵیانکێشام بۆ عاسمانان. ئەوسا کەژاوەی لە نووریان ڕازاندەوە؛ چوومە ناوی. هێنایانم و لە بەهەشت دایان بەزاندم.

وتم باشە. ئەوا ئێوە لە سایەی دۆعا و کەربەلا و گڵی کفن و شوباک و جێ قەبر کڕین بەختەوەرن. هێندێک لەو ژنانەیتریش -کە وەکوو خۆم خۆفرۆش بوون- دەمدیتن ڕۆژی عاشورا دەچوونە ڕەوزە بیستن و دەگریان و شلەزەردیان دەبەشیەوە. وا وتمان ئەوانیش لە سایەی ئەو شیوەن و شلە بەشینە بەهەشتین. بۆ منی نەگبەت ئێژن چە؟ خۆ من نە کەربەلام دیوە، نە هیچم بۆ کەس کڕیوە، نە دۆعای شەوم زانیوە، نە شلەی زەردم بەخشیوە، نە لە پرسەی ئیمام حوسێندا گریاوم. لەوەتا خۆمم ناسیوە لە هەموو وەرز و فەسڵێکا، لە هەموو شەو و ڕۆژێکا، تەنانەت ڕۆژی عاشوراش لە زینا و کاری خراپە نەوێستاوم. من لە پای چی بەخشراوم و گوناهم شۆراوەتەوە؟ هەرچەندی لێکمان دایەوە و سەروبنیمان پشکنی، نە خۆم نە کەس هەودایەکی لەم ماشەرە تێک ئاڵۆزاوە هەڵنەکرد. تا خوا و ڕاستان یەکێک لەو کۆنەجندانەی کە ئێستا ببووە هەواڵم و زۆریش زیت و کۆنەکار بوو، کەوتە پێوشوێنی باسەکە و زۆر بە وردی باسی ژین و ژینامەی هەموو ئەو دەور و حەیامەی تیا ژیاوم، چەند جاران پێ وەرد دامەوە؛ ئەوسا مەتەڵی هەڵێنا و بە یەکجاری حەسامەوە.

ئەو ڕۆژە عاشورایەکەی بۆ بزووت چووم، بە فووی مشکی بنی دیزەی شلەزەردی ئیماندارانم لاداوە، چڕە دووکەڵ چۆتە چاوم؛ ئاوی لە چاوم هێناوە. لەو دەمەشدا گوێم لە باسی سەربڕانی حەزرەتی ئیمام گرتووە. ئەو ئاوەی کە ئەشکیش نەبووە هەر چونکە لە چاو ڕژاوە، بۆم بە شیوەن بۆ ئیمام حەساو کراوە. هەرچی پەڵەی سەرداوێنە و هەرچی هەڵەی ناخاوێنە بەو دوو تنۆکە شۆریاوە و لە بەهەشتا ڕێم دراوە. ئیتر ئەوسا موسوڵمانان تێگەیشتن کە گریان لە عاشوورادا چەند گرینگە»!

باوە! دایە!

وەک ئەزانن ئەمە دەقی چیرۆکی ئەو ئاخوندە بوو کە وەک ئێوە شنەفتتان منیش بیستم. دەیسا وەرن با تۆزێک وردی کەینەوە و ئەنجامەکەی لێک دەینەوە. ئەگەر ئەم چیرۆکە ڕاست بێ و چرووک نەبێ، دەبێ بێژین هەرچی فەرمانی خودایە، هەرچی لە ناو قورعاندایە، هەرچی پێغەمبەر بۆی هاتوون، هەرچی ئیمام فەرموویانە، هەرچی دەربارەی جیهاد و شەهید بوون لە ڕاهی خوادا بیستوومانە، هەموو حیکمەت و دەستوور و ڕێ و شوێنەکانی عاسمانی، هەموو کردەوە و ئاکاری باش و ڕند و خواپەسند و ئەرک کێشان لە ڕێگەی دین، سەرانسەری بەرانبەرە بە دوو تنۆک ئاوی چاوی نەگریاوی بەدکارەیەکی خۆفرۆش!

دایکی بەڕێز و دیندارم!

کیژەکەی تۆ هەقیە بڵێت: هەر ئەو شەوە کە گوێم لەو باس و خواسە بوو، لەشم وەک مێوژۆکە لەرزی. هەموو هومێد و هیواکەم بە پاداشی کاری چاک و پارێزگاری لە خراپە، بوو بە هەڵم و هەوا بردی. تازە ئیتر باوەڕیم بە هیچ هەر نەما. لەو ڕێبازەت خۆم دەرباز کرد و ڕادەکەم. لە راکردن وچان نادەم. وا ناکەم تۆش و باوکیشم هەر بە تۆزیشم ڕابگەن. مەیەن! وە شوێنم مەکەون! پێتان وابێ دەمگێڕنەوە. خەیاڵی خاو لەسەر دەرکەن! من وا چووم و هەرچی پێم خۆش بێ وا دەکەم. جا ئێوە هەر لە دوورەوە بە قەڵسی و چاوی سوورەوە، جنێو بدەن؛ چەقە بکەن؛ خۆتان لە دار و بەرد بدەن. هەیهاتە تازە بێمەوە سەر ڕێگەتان.

رەنگە ئێستا قرمی خۆتان خۆش کردبێ دەقەمچی خۆتانم خەن و بە زەبری قامچی نەرمم کەن؛ بمخەنەوە بەر ئەو بارەی کە بە بێزاری فڕێمدا. ئەو سندم و پێوەندانەی پساندوومە، دووبارە جۆشیان دەنەوە و خڕمچوون بمبەستنەوە؟ هیچ دڵی خۆتان خۆش مەکەن. ببڕای ببڕای ئەوی دیتان نایبیننەوە. نە گەف و هەڕەشەکەتان، نە نووزە و پەندی ڕەوزەخوان، تۆزکاڵێ کارم لێ ناکەن؛ تازە ئازادی ئازادم. بە ئازادی بیر کردنەوەم پێ لەو مەزەبەی هەتانە زۆر باشترە کە ئەم هەموو بەند و قڵف و قەڕازەی پێوەیە و بە تەنیا تنۆکە ئاوێک، هەموو گەوی هەڵدەوەشێ.

دایکی بەڕێز!

مەزبەکەت لە ڕۆنیشتن، ڕێ ڕۆیشتن، لە نان خواردن، خۆ جوان کردن، تەنانەت سەرپێشاو چوونیش هەزار لەمپەر و بەرگری بۆ داناوم. هەر دەبزووم، ئێژن وا مەکە! نافەرمانی لە خوا مەکە! وا ڕێ مەڕۆ! وا نان بخۆ! دەستت هێندە هەڵمەهێنە! سەرت هێندە دابنوێنە کەس نەتبینێ! شەو کاتی خەو لەسەر تەنشتی ڕاست بنوو! ڕووت بکەوێتە ڕووگەوە. ئەمە بکە! ئەوە مەکە! هەزار مەکە و بکەی وەهاش کە خۆشتان نازانن بۆچی.

دایکی دڵسۆز!

زۆربەزەم پێتدا دێتەوە. هێشتان بە خۆت نەزانیوە کە دەردەکەت چەند گرانە و ژینەکەت چەندە بەژانە. هەر پێشت ناکرێ بزانی تۆچی و بۆچی دەژی و دەمری. شەو و ڕۆژ دەتبینم دەگری. هەموو گەشە و خۆشی ژینت، زەردەخەنە و پێکەنینت، بە قوربانی دین کردووە. لە خوات دەوێ، ڕۆژێ، شەوێ، ڕێگەت دەمەجلیسێک کەوێ، گوێ لە ڕەوزەخوانێ بگری بتگریەنێ. کاتێ بە ئاواتیش بگەی، ئەوسا دەبێ لە شوێنێکی وا ڕۆنیشی پیاو نەتبینن. گەرەک لە لای خوارووی کۆڕدا بچییە پشت پەردەی ڕەشەوە و تەنانەت نابێ ئاخوندی ملئەستووریشت لێ دیار بێ. لای سەرووت شوێنی پیاوانە. پیاو چی؟ چەند نەخوێندەی کوڵکن؛ چڵمن و قرخن و چڵکن! هەرچی هونەر و ئاوەزە شکی نابەن. تەنیا چونکە نێرەوەزن، لای سەرووت لێ دەبڕنەوە. هەر چونکە سمێڵیان ڕواوە، گەرەک لە ژن لە پێشتر و لە ڕووتر بن. پیاو دەتوانن لە مزگەوتیش بۆ هەموو لایەک بڕوانن. ژن نابێ لە ئاخاوتنا دەنگ بڵند کا؛ نەوەک نامەحرەم بیبیسێ. بەڵام کابرای نێری بێخێر بۆی ڕەوایە بە کەیفی خۆی دەنگ هەڵێنێ؛ بنەڕێنێ. سەری ئێوەش بە چەققە و هەرا کاس بکا. دەم دە دەمی مەلاش بنێ. با هیچیش لە هیچ نەزانێ. مەلاش لای وایە ئەو پیاوە چونکە نێرینە خوڵقاوە، بۆی هەیە بڵێ؛ بپرسێ؛ ڕووهەڵماڵاو بێ؛ نەترسێ. بەڵام تۆ! تۆی قەرەبەخت، هەر چونکە مێوینە گوورای، ئەگەر سەرت بگاتە پەرەی عاسمانێ، ئەگەر لە هۆش و زانستان سەد ئەوەندەی ئاخوندی گەڕەک سەنگت بێ، لە دینداری و چاکەکاری هیچ نێرێک بارتەقات نەکات، ناگەیە پلەی نێرینە. لە کەلەپوور بەش کردندا، لە کاتی شایەتیداندا، نیوە پیاوی. دەنگت، ڕەنگت، نابێ دەرچن. دەبێ نزم قسە بکەی. دەبێ لە ژێر چادرەی ڕەشدا خۆ وەشێری. دەبێ لە کۆڕی ئایینیش بچییە گۆشەی تاریکیەوە. بێهەست و خوست گوێ بە وتاری مەلا دەی. کە هەموو باسی بەهەشتە و لە بەهەشتا پیاوەکان چۆن جێژنەیانە و هەموو شت هەر بۆ ئەوانە و ژنیشی هەر لە بیر نییە کە لە بەهەشتا چۆن دەژی و چی ئەدەنێ. بەو حاڵەشڕا هەرگا گریان دەستی پێکرد، ژن لە بن پەچە و عەباوە، گەرەک زۆر بە کوڵتر بگری.

خۆ ئەگەر خودای نەخواستە ژنێک لەوانەی لەو کۆڕی دینە بەشدارن، نیسکێک تیسکی پرچەکانی لە بن پەچەوە دەرچووبێ و بێچارە لە بیری چووبێ کە دایپۆشێت، ئاشکرایە چی ڕوو ئەدا. نەک ئەو ژنە، بگرە هەموو ژنانیتر لەو کۆڕەدا بەرجوێن و پلار دەکەون و بە سووکی وەدەر دەنرێن و لە خێری چوونە مزگەوت بێبەش دەکرێن. کار بەمەش کۆتایی نایە. ئەو مەلایەش تەنانەت ئەو بارەگایەش کە ڕەوزەی لێ خوێندراوە، دەکەونە بەر تەوس و توانج کە بۆچ درەنگ زاندراوە، ئەو پرچە دانەپۆشراوە؟!

وەرە خۆت لێکی دەرەوە! ئەو مەزەبەی تۆی گیرۆدەی ئەم هەموو بەندە کردووە، چۆن بانێکە و دوو هەوایە؟ لە لایەک هێند توند و تیژ و بەدەمارە کە دیتنی پرچی ژنێک- با ئەو ژنەش زۆر دیندار بێ و هاتبێتە مزگەوتەوە کە گوێ لە ڕەوزە بدێرێ- بۆتە کفری دوازدە ئیمام؛ کەس نایبەخشێ. لە بارێکی تریشەوە هێندە دڵاوا و چاوپۆشە نەبێتەوە. لە «مفاتیح الجنانناوی تایبەت»دا- کە کتێبی هەرە بەڕێزی ئێمەیە- دەخوێنییەوە: «ئەگەر ئەم دۆعا نووسراوە بخوێنییەوە، با بەقەد کەفی دەریایە، با هێندەی ڕەڵمی بیابان، بارتەقای ئەستێرەی عاسمان، گوناهت بن، عافوو دەبن؛ لەناو دەچن! سەرباریش خێری چەند شەهید قازانج دەکەی. تکاکارت ڕۆژی مەحشەر هێند زۆرن دەژمارە نایەن.»

هەر لەو کتێبەدا دەڵێ: «پێغەمبەری خوا فەرموویە: سڵاوەت لە دیداری من، لە دیداری پێغەمبەرانی بەر لە من لە بیر نەکەی، ڕۆژی قیامەت من و ئەو پێغەمبەرانە گشتمان تکای بەخشینت بۆ دەکەین».

باوی بەرێز!

لە بیرتە جارێکیان فەرمووت: مرۆ دەبێ بڕوای بە ویلایەت هەبێ. من پرسیم: ویلایەت چییە؟ گوتت: عەلی و کوڕ و نەوەی عەلیمان دەبێ خۆش بوێت. ویلایەت مانای ئەمەسە.

لێتم پرسی: عەلی کێیە؟

تۆش ملت نا لە پێدا هەڵدانی کەسێک کە هەمووی هەر ئازایەتی و مۆجزات و کەشف و کەراماتی زۆر بوو. بە شیرێکی دووسەرەوە -کە دەبوایە بێژی دوو دەم- هەزار شتی ترت فەرموو کە هەرگیز لە دەس هیچ کەسێک نەهاتووە.

فەرمووت عەلی دەروازەی گەورەی خەیبەری -کە چەند هەزار مەن پۆڵا بوو- لەسەر دەستی خۆی دانابوو؛ وەک مەتاڵ شەڕی پێ دەکرد. ئەو شەڕەشی بۆ بەرگری لە ئیسلام و ئایین دەکرد. باوە گیان دەی ئێستە چی بکەین؟ نە عەلی هەس نە دەرگای پۆڵا لە خەیبەر. جوولەکە وان لە فەلەستین؛ بە ڕیشی تۆ پێدەکەنن!

وتت: عەلی هەر نانی جۆی دەخوارد؛ جلکی کۆنی دەبەر دەکرد. لە خواردنی نانی گەنم، لە بەرگی تازە خۆی دەبوارد. برسیایەتی و بێشمەکی لای ئەو مایەی شانازی بوو.

گوتت: خودا بەر لە ئادەم دروست کردن، لە نووری خۆی عەلی سازدا. پێغەمبەر کە دەچووە میعراج. خوا لەو بانە بە دەنگی عەلی بانگی کرد؛ تا پێغەمبەری دڵخۆش کات.

فەرمووت: جارێک پیاوێکی نەیار بە عەلی، دژمانێکی بە عەلی دا، هەر دەستەولەجێ بوو بە سەگ! هەلێکی تر عەلی لە پیاوێک تووڕە بوو، نزای لێ کرد؛ کابرا وەرگەڕا و بوو بە ژن؛ مێردێکی کرد؛ حەوت منداڵیشی دەرفرتاند! ڕۆژێک عەلی لە ڕێبازێکا تووشی هات، بەزەیی پێدا هاتەوە؛ بۆی پاڕاوە و هاتەوە سەر دەقی پێشوو. ئەو کابرا هەم نێر هەم مێیە، دەگەڵ ئەم حەو زگ کردنەش هەر لای وا بوو ئەم ئاڵوگۆڕ پێکردنەی لە مەودای هەناسەدانێک پتر نەبووە.

وتت: عەلی هێشتا مناڵێ ساوا بوو، دەناو پەڕۆوە پێچرابوو، هەژدیهایەک لە شاری مەکە پەیدا بوو. ورد و درشتی خڵکی شار لە ترسان زارەترەک بوون؛ ڕوویان نا لە دەشت و چۆڵان. هەژدیها بە کۆڵاندا هات، تا گەییشتە ناو ماڵەکەی ئەبووتالب. عەلی دەستی لە ژێر پەڕۆکە دەرهێنا زاری هەژدیهای دادڕی! وا لەوساوە عەلی نازناوی حەیدەری پێدراوە. حەییە بە عارەبی مارە و دەریش هەر ئەو دڕینەکەی خۆماڵیە!

بەڵێ باوە! ئەم بەند و باوە خۆشانە زاناکانتان نووسیویانە و کتێبی «بحارالانوار»، پەڕاوی «منتهی الامال» دەخوێنییەوە و ئەو قسانەی لێ فێر دەبی و لاشت وایە ئیمانەکەت بەوانەوە ڕاوەستاوە و گرینگتر لە نان و ئاوە.

بەڵام بە بیر و بڕوای من ئەوی تۆ ناوت نا عەلی، هەر ڕوستەمەکەی خۆمانە؛ عەگاڵێکت لەسەر ناوە و ڕەنگی ئیسلامت لێ داوە.

ئەو عەلی تۆ باسی دەکەی هەر بە کاری وەرزشکاری زۆرخانە دێ کە لە کاتی زۆرانبازی باسی بکرێ یان ئەشێ لە دیوەخانی خان و ئاغا یان لە تەکیەی دەروێشاندا ناوی ببرێ. من هەرچی بیرم کردەوە نەمکرا ئەم پاڵەوانەی ئەفسانەیی -کە تۆ ناوت ناوە عەلی- بە ڕێبەری هەڵبژێژم و شوێنی کەوم. من ڕێبەرێکم پێ ناوی کە لە هیچ کەسیتر نەکا. لە شوێن ڕێبەرێک هەڵوەدام بنیادەمە خۆمانە بێ؛ هیچ مۆجزاتی لانەبێ. تەنیا لە عەقڵ و شوعوور و مشوورخۆریدا باڵا بێ و دەرد و دەرمانم بزانێ و ڕێگەی ڕزگاریم نیشاندا.

من ئەو کەسەم ناگەرەکە بە سیلەی چاو درگای داخراو بکاتەوە. دوژمنی خۆی بە دۆعا و فوو، بکات بە سیسرک و گەنە.

جارێک ئێژی عەلی هەمیشە برسی بوو؛ لە کەم خۆریشدا تای نەبوو. جارێکیتر خۆت دەفەرمووی عەلی لە تاکە شەوێکدا لە یەک دەما، ببووە میوانی حەوماڵ و لە هەر حەوتانیش نانی خوارد. بە کامەیان باوەڕ بکەم؟ کەمخۆری یان زۆرخۆریەکە؟!

ئەگەر دەفەرمووی کەمخۆر بوو؛ پارچەیەک نانی جۆی دەخوارد؛ لە هیندوستان مورتاز هەیە دوو مانگ بە دەنکە بادامێک قنیات دەکا و بە خۆیشی ناڵێ ئیمامم.

فەرمووت: شەوێک کە پێغەمبەر لە شاری مەکە دەردەچوو -بۆ شوێنەونکە لە کافر- عەلی لە نوێنی ئەودا نووست. وا لەوساوە خودای مەزن هەموو ڕۆژێک ئازایی و گیانبازی عەلی لە ڕێگەی ئامۆزاکەیدا، بە مەلائیکەتان دەڵێ و بە شانازی باسی دەکا. ئێوە ئەو شەوخەوەی عەلی بە ئەوپەڕی ئازایی لە قەڵەم دەدەن؛ کەچی دەشڵێن عەلی هەرگیز چاوی لە مردن نەترسا و هەر بۆ مەرگ تێکۆشاوە. وا ئێستاش زۆری وا هەیە کە لەڕای بیر و بڕوادا، سەر و ماڵ دەپێناو دەنێ و مردن بە خەڵات دەزانێ. دەی چیترت لە جانتای خەیاڵدا ماوە دەربارەی عەلی بیفەرمووی؟ لێم ڕوونە هیچ. زانستەکەت وشکاوی هات. هەر ئەوەندەت لەلا ماوە بەر بارانی جوێنم دەی و پێم بێژی کافری بێدین! تا کەی باوەڕم پێ ناکەی؟ تا کەی دەگەڵ لامەزەبان تێکەڵ ئەبی و ئیمانەکەت پووچەڵ ئەکەیت؟

باوکی دڵسۆز!

من بە دڵسۆزی پێت ئێژم: نە ئەفسانە خوێندنەکەت بەهرەدارە نە جوێندانەکەت بەکارە. هەتا وابی بە هیچ نابی و ڕێگەی ڕاستت لێ گۆڕاوە و سەرمایەی ژینت دۆڕاوە. بەرلەوەی عەلی بناسی، باسی دەکەی. تۆ پێویستە فێرگەی عەلی، عەقڵ و عیلمی فرەی عەلی، ئامۆژگاریە باشەکانی، دڵسۆزی و فیداکاریەکەی، خواپەرستی و دینداریەکەی، چۆنی هەبووە، وای بزانی. عەلی بکەی بە ئاوێنە و لەوێدا لە خۆت بڕوانی تا بزانی ئاخۆ کردار و ئاکارت وەکوو ئەوە یان جیاوازە؟ وەدەم خۆت ئێژی من شیعەم؛ شیعەی عەلی. واتا عەلی هەرچی کردوویە وا دەکەم. هەر کەسێک باوەڕت پێ بکا لای وابێ عەلیش وەک تۆ بوو، لە عەلی و مەزەبەکەشت بێزاد دەبێ و ناچار دەبێ هیچ بایەختان بۆ دانەنێ.

باوە گیان!

تۆ ویستووتە کیژۆڵەکەت بۆ ئایینداری ڕابێنی، بۆ نموونەی ژنی زۆر چاک، باسی زێنەب و فاتمت بۆ کردووە؛ کە ئەم دووانە لە دنیادا تاکیان نەبووە.

با ئێستا بزانین داخۆ، تۆ هۆی پیرۆزی و گەورەیی ئەو دوو ژنەت لەچی زانی؟ فەرمووت: حەزرەتی فاتمە کیژی پێغەمبەری خودا و خێزانی ئیمام عەلی بوو. ئەبووبەکر و عومەر ناویش دوو عەرەب بوون، دوژمنی ئیمام عەلی بوون. عەلی دەبوو بە خەلیفەی موسوڵمانان، ئەو دووانە بوونە بەرهەڵست؛ نەیانکردێ. هەر بەوەندەشەوە نەوێستان. گوندی «فەدەکشوێن» موڵکی حەزرەتی فاتم بوو کە لە پێغەمبەری خواوە بە میرات بۆی بەجێ مابوو. عەلی مێردی، بۆی بەو گوندە ڕادەگەیشت. ئەبووبەکر ئەویشی لە دەست دەرێنا. هەرچی داد و هاواری کرد ئێستاش دەستی نەکەوتەوە. جارێکیشیان لە جەنگەی شەڕەدندووکە، لادەرگایەک بە سەر کەلەکەی حەزرەتی فاتمدا کەوت؛ لە تاو دەرد و ژانی برکی، هەتا ماوەیەک دەیناڵاند.

گوتت: خاتوو ئایشێ ناوێکیش -کە کیژی ئەبووبەکر بوو- ببووە ژنی پێغەمبەر و دەگەڵ حەزرەتی فاتمدا هەمیشە کێشە و هەرای بوو. بەمە باسەکەت کۆتا بوو.

ئەگەر حەزرەتی فاتمە هەر ئەوەبێ کە تۆ وتت وا دیارە ممبارەکیەکەی لەوەدایە کە لە شەڕدا لەسەر مێردی کردۆتەوە و دوژمنی باوەژنەکەی بوو! واتا: دوو ژن لە باتی خزمەت بە ئیسلام، لە باتی داوای هەق کردن بۆ موسوڵمانانی هەژار، یەک لە سەر باب، یەک لە سەر مێرد پێک وەربوون و بە کێرد و چەقۆ تێک بەربوون.

دەیسا ژنێک کار و باری هەر ئەوە بێ شەڕ بکا یان بناڵێنێ، پیرۆزیەکەی لە چیدایە؟ بۆ دەگەڵ ژنانی تردا فەرقی هەیە؟

سەبارەت بە زێنەب فەرمووت: سپێدەی ڕۆژی عاشوورا، لە جەنگەی شەڕ و کوشتارا، لە خێوەت دەهاتە دەرێ؛ بۆ شەهیدان شینی دەکرد و دەگەڕایەوە ناو خێوەت.

- ئیتر چیتر؟

- هیچی تر نا!

ئەوا تێگەیشتین زێنەب، بەیانی ڕۆژی عاشوورا، پیشەی هاوار و گریان و لەخۆدان بوو. پاش نیمەڕۆی ڕۆژی عاشوورا چی لێهات؟

نە من، نە تۆ، نە مێژووی ئاخوندەکانمان ئێستاش بۆیان دەرنەکەوت ئەو ژنە براکوژراوە لە پاش کوژرانی براکەی چی بەسەر هات؟ دوای ئەو کارەساتە چی کرد؟ بەرلەوە بێتە کەربەلا چ کارێکی ئەنجام دەدا؟ سەرەنجامی بە کوێ گەیشت؟ هەرگاش ئەو پرسانە دەکەم، دەڵێی: ڕەنگە لە ناو کتێبان نووسرابێ؛ بەڵام ئێمە نەماندیوە. واتا ئەو مەتەڵە سەختە، هێشتا هەڵنەهێنراوە و نازانم ئەگەر زانیشمان، چ دەردێکمان دەرمان دەکا؟

باوە! ئەوەیە دینی تۆ کە لامەزەبان پێی دەڵێن مێشکتەزێن. تۆ دەفەرمووی: پیاو تا لەسەر ڕووی زەمینە، با پیشە و کاری گرین بێ. هەر کەس لە دنیا هەژارە و دەردەدارە، لەو دنیا ساز و تەیارە؛ ژنی جوان و کۆشکی زێڕ و زێوی دەبێ.

مەلایەکی زۆر قسەخۆش، جارێک گوتی: ئەم دۆعانامەم کڕیوە؛ دەڵێ هەر کەس شەوانە جارێک بیخوێنێ، لە پاش مردن لە بەهەشتا حەفتا کۆشکی یاقووتی سووری دەدەنێ. خۆ من پیاوێکی نوێژکەرم. لە پاش نوێژان هەزار دۆعای وا دەخوێنم؛ وەرە با سەودایەک بکەین. من هەر حەفتا کۆشکی ئەولام دەدەم بە تۆ، تۆ وەتاغێکی سێبەچوار، لە خوارووی شار، بدە بە من؛ کەسمان لە کەس. ئەگەر لەولاش چوومە بەهەشت، سیپاڵەکەم لە بن دارێکدا ڕادەخەم؛ خانووم ناوێ!

باوە تۆ فەرمووت: ویلایەت واتا عەلی خۆش ویستن؛ بەڵام نەتفەرموو لەبەر چی؟

گوتت: هەر کەسێ کە عەلی خۆش گەرەک بێ -هەر چەندە گوناهیش بکا- خوا گوناهەکەی بە چاکە حەساو دەکا. هێندێک لە قورعانزانەکان لە تەفسیری ئەو ئایەتەی کە لە سوورەی «فورقانناوی تایبەت»دایە: (ئەوانە خراپەکانیان بۆ بە چاکە دەژمێردرێ)، دەڵێن: مەبەست لەوانەیە دۆستی عەلین.

هەر خۆت وتت: خوا فەرموویە: کەسێکی عەلی خۆش بوێ -با لە خوداش یاغی بووبێت- بەهەشتیە. کەسێک دوژمنی عەلی بێ -با زۆریش خوداپەرس بێ- جێی دۆزەقە. یاغی بوون لە خوا یانی چی؟ واتا: گوێ بە فەرمان نەدەی؛ زوڵم لە هەژاران بکەی. ئاخر کەی خودا بەردارە پیاوی زاڵم و بەدکارە، بە تەنیا یا عەلی گوتن ببەخشرێ؟ من ئەو ویلایەتەم ناوێ کە ئەگەر زۆرداریش بکەم، ببەخشرێم. من پاپای ویلایەتێکم کە نەهێڵێ زۆرداران زۆریم لێ بکەن. ڕێ نەدا مافی ڕەوای خۆم لێ زەوت کەن.