من چی ئەکەم؟

لە کتێبی:
چوار نامیلکەی عەلی شەریعەتی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 21 خولەک  937 بینین
من چی ئەکەم؟

ئەگەر هەستم بە ئازار کرد، دەچمە لای بژیشکی پسپۆڕ؛ دەرزی و دەرمان و هەتوانی لێ وەردەگرم و نەخۆشینەکەم بەردەگرم. گای لاواز و بناو بوێرم نیشانی بەیتاڵێک دەدەم. دەچمە بازار قفڵێکی زۆر قایم دەکڕم کە داخستن و کرنەوەی بە ژمارە بێ. نە فووی دەوێ نە دز نە باوکی دزانیش دەتوانن دەستی بۆ بەرن.

تۆ ئەتەوێ کارێ بکەی، لە جیات بیر و لێکدانەوە و پرس و ڕاوێژ بە چازانانن، پەلاماری قورعان دەدەی؛ کردووتە بە فاڵنامەی خۆت. دەیگریەوە و ناوت ناوە ئیستخارە. شەرمیش ناکەی قورعانی فەرموودەی خودات کردۆتە پەتەی یانسیب و سواپی چۆمان تەڕ و وشکی پێ هەڵدەخەی.

دەیسا منێک کە بە لای تۆوە بێدینم و باوەڕ ناکەم ئەم قورعانە هی عاسمانە و جوبراییل دەگەڵ خۆی هێنا، هێشتان بەلامەوە نەنگە ئەو سوکیەتەی بەسەر بێنم. قورعان لای من زۆر بەرز و پیرۆز و ڕندە و نەک هەر قورعان بگرە هەموو کتێبێکی دیکەش لای من زۆر شایانی ڕێز لێنانە و لەسەرمانە قەدری بگرین.

من فاڵی پێ ناگرمەوە؛ دەزانم فاڵنامە نییە. گاڵتە بە ئەقڵی خۆم ناکەم. بۆ ئەنجامدانی کاری خۆم، پرس بە زانایان دەکەم. لە پسپۆڕی و شارەزایی وریا و زیتان بەهرە دەبەم. سەروبنی کارەکەم لێک دەدەمەوە. نییەت دێنم، دایدەبەستم. ناڵێم قورعان باش نییە. بەڵام دەڵێم تێنەگەیوم باشە یان نا. تۆ لات وایە من نابێ دەمانای بگەم. خۆیشت لە مانای نازانی.

بەڵێ ئەگەر بمزانیبایە چی تیایە، لە باشیەکەی حاڵی دەبووم؛ بە شوێن پەند و ئامۆژگاریەکەدا دەچووم. تۆش لە زانستی قورعاندا زۆر لە خۆم کۆڵەوارتری. حەی ئەڵڵا چاو دەنووقێنی، خۆت و بەختت دەیکەیەوە. یەکەم ڕووپەڕ، یەکەم ڕستەی لای دەستی ڕاست، لە یەکەم دێڕی سەرپەڕێ تەواو وەک شەمۆلەی ژنان. چی تیابوو، بە خەیاڵی بەتاڵی خۆت مانایەکی بۆ ئەتاشی. لەو سارد و سەودایە کردن بەهرەت چەند وە دەست ئەکەوێ؟ کابرای هاوسات بۆتە دۆستت یان لە ژێرەوە دوژمنتە؟ فڵان بێوەژن بخوازی یان واز لەو دڵداریە بێنی؟ بە سەفەر بچی یا نەچی؟ باغ بکڕی یان تۆ بچێنی؟...

باوی بەڕێز!

ئەگەر جارێک تۆی ئیماندار کتێبەکانی دەرسی من -بە دەردی قورعانی پیرۆز- بەری و بیانکەی بە فاڵ گرەوەی خۆت، تووڕە دەبم. چۆن لات وایە ئەو خودایەی کە قورعانی بۆ پێغەمبەر بە خەڵات نارد، لێت ناڕەنجێ کە تۆ بیکەیتە فاڵنامە؟!

من لە فاڵنامە ناگەڕێم. بڕوام بە ڕاست و دروستی شەمۆلەی ژنانە نییە. کە تۆ کارێکی وا ناکەی لە مانای قورعان تێبگەم، پەنا بە کتێبی تر دەبەم کە پیاوانی خاوەن ناوی زانا و دانا دایانناون؛ پڕ کراون لە ئامۆژگاری و پەندی باش و واش نووسراون کە بە سانایی تێدەگەم.

تۆ هەر بۆیە لە من قەڵسی چونکە شتێک ناخوێنمەوە کە تێی ناگەم.

باوە!

ئەتبینم نوێژ ئەکەی؛ دایکیشم وەک تۆ نوێژ دەکا. ڕۆژێ پێنج جار وەرزش دەکەن. شتێکیشی بە نووزەنووز تێدا دەڵێن بێئەوەی مانای بزانن؛ بێئەوەی لێتان حاڵی بێ کە نوێژ کردن بۆچی ئەبێ و ئەبێ چۆن بێت.

وا من کە وەک تۆ نوێژ ناکەم، هەر لە خەو هەستام بەیانی، وەرزشی سوێدی دەکەم. وا تۆ چەند عەیام و ساڵە وەرزشی نوێژت کردووە؛ وا منیش هەژ-نۆ-دە ساڵە وەرزشی بێدینان دەکەم. دەسا وەرە با لە پەنایەک ڕاوەستین و خۆمان لەبەر چاوان ڕانێین: جەنابت یەکی زگ زلی قاچباریکی مل بە لۆچی کووڕەپشتی خوار و خێچی تەنبەڵ و بە هانکە-هانک پشووسواری. لەشی منیش بێنە بەرچاو. ناو قەد زراو، سنگ داچەقاو، ملئەستوور و باسک بەهێز، ئەندامێکی شل و بەپێز و پڕکێش و لنگ و لەتەر سفت و بێگرێ و ڕێکوپێک، ئێژی بە قەڵەم کێشراوە. تەوژمی خوێنم تەواوە. هەناسەدانم تەیارە.

لە کاتی وەرزش کردنا پێچی ڕادیۆ دەکەمەوە. دەنگی موزیکی گیانپەروەر، شێعر و ئاهەنگی دڵخۆشکەر. پەردەی گوێم دەلاوێننەوە؛ وەکوو گوڵ دەمگەشێننەوە. بەڵام پیاو لە هەق لانەدا تۆ لە سۆنگەی دەسنوێژەوە، دەست و پاش پانییەت قەڵشیوە و تا بشڵێن زۆر سوژدە دەبا، کەمرەیەک وا بە توێڵتەوە کە من لەم دوانە بێبەشم!

ئێستا وەرە با سەرمەیان و زیانی خۆم و خۆشت لێکدەینەوە:

تۆ دەفەرمووی نوێژ کردن خودا دواندنە و تۆوی ئاخرەت چاندنە. من قبووڵمە و ئێژم ڕاستە. بەڵام هەر لە خۆت دەپرسم، بۆرەپیاگێ لەگەڵ یەکی پایەبەرزتر لە خۆیا وتووێژ کا، ئەمما نەزانێ چی ئەڵێ -مینا تووتی چەند وشەیەک کە واتاکەشیان نازانێ- ئەویش بە سرکە و دڵخورتی و ترس و لەرز لە ڕووی کابرای پایەبەرز بدرکێنێ، بترسێ نەک ڕێ هەڵە کا، نەک «ض» و «ز»، یان «ص» و «س» جێ بگۆڕن و ئەو مانایەی کە نایزانێ لە جێ بچێ، چەند گاڵتە و گەپێکی خۆشە! تۆ نەزانی بە سەروەری خۆت چی ئەڵێی، چۆن ئەزانی ئەوی عەرزی ئەکەی باشە یان نا؟

با باسی نوێژ و خوا نەکەین؛ هەر خۆت ئەڵێم: نەک پەنجا ساڵ، هەر دوو مانگ، سێ مانگ کاورایەک گش ڕۆژێ پەنج جار بێتە لات، بە سەرکزی و لە بن لێوان قسە بکات. بەڵام نەزانێ چی ئەوێ و چی لە جەنابت گەرەکە. تۆ چی ئەکەی؟ چی ئەدەیتێ؟ جا نەخوازە ئەگەر بۆشت ڕوون بێتەوە کە ئەم کابرا ڕوو قایمە، بە بێئەوەی بزانێ چی لێت گەرەکە، لێی بۆتە خوو، ڕۆژێ پێنج جار یەخەت بگرێ و بە چەنە-چەنی خۆڕایی گێژت بکا، چیت بەسەر دێ؟ تووڕە نابی؟ لە پێستی خۆت ناچییە دەرێ؟ ئەگەر بە پاڵە پەستۆدان دەری نەکەی لانی کەم جوێنی پێ دەدەی. خودای مەزن، خودای بەرز و بە دەسەڵات کە هەر لە خۆشتم بیستووە ئێژێ لە ئەحمەق تووڕەیە، لەو نەزان و گێلۆکەیە کە نازانێ چی گەرەکە و هەموو دەم بەربینگی دەگرێ، دەبێ چی بکا؟ چۆن هەر لە یەکەم ڕکاتدا -پشت بە ڕووگە- بە شەقێک هەڵینادێرێ و نایهاوێتە ناو ئەم دنیای سێهەمەوە کە وەک چوارپێ لە بەردەستی ئیستعماری ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژاوادا بار بکێشێ و دڕک بخوا و سوپاس بۆ خوای لە دەمدا بێ و بە تەما بێ لە پاش مردن ئیشی باشە! ئەگەر ئێستا سەرزەمینی جەحەندەمە و لە سەریەتی بە دیلی و ژێردەستی و پەستی و دوورەهەستی گوزەران کا و خۆی ببێتە بوولەهەب و ژنی دارکێشی دۆژەە بێ، لە پاش مەرگی لە سایەی ئەو نوێژانەوە -کە ماناشی نە ئەزانین- دای دەکەنە ناو بەهەشت و لەوێش لەوەڕ سێوەرەیە!

باوە گیان!

تۆ هەر وەکوو گای کۆلووبیر، لەوەتا بیرت بردووە بە دەوری خۆتا سووڕ ئەخۆی، ناشزانی بۆ دێی و بۆ دەڕۆی. خۆت کز دەکەی قڕوقپ بێهەست و چرپە، لە قوژبنێک کروشمەتە. چاو دەگڵۆفی تا تەڕایی لێ پەیدا کەی؛ گوایە دەگری! لە خواردن و خواردنەوەی خۆش بەپارێزی. ئەم نەدوێنی و لە سووچ کروشمە کردنە و کەم خواردنە و نەخواردنەت، ناو ناوە سۆفیگەریەتی.

وا دەشبینی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژاوایی کافری خاوەن دەستەڵات، وەک گورگی هار دەمیان ناوەتە ئیسلام و ناویان ناوین دنیای سێهەم. کاڵ و کوڵیومان دەڕفێنن؛ پێشەمان دادەکرمێنن؛ خەریکن لە بنەمان دێنن. کەچی تۆی سۆفی ممبارەک هەر متەقیشت لێ نایە. لە سەر مەزڵووم نایەیتە جواو. چۆن لات وایە دەنگ نەکردن یاخۆ شوکرانە بژاردن لەسەر ئەو ئەحواڵە تاڵە، بەرانبەر بە ڕەزای خوایە؟ ئەوە کام خوایە فەرموویە: ئەگەر زۆریشتان لێ کریا وەدەنگ مەیەن؟!

باوە گیان! تۆ بتپەرستی

تۆ پیاوێکی دەست و دڵ و داوێن پاکی؛ زۆر نوێژ دەکەی. بە گفتی خۆت خوای خۆتی تێدا دەدوێنی. ئەو خوایەش کە دەیپەرستی -وەک لە جەنابتم بیستووە- لە عاسمانە. دەسا من لام وایە ئێوە (تۆش و دایکم) گێرەتان لە دەشتەبێڵە و هێشتا دەخۆتان نەگەیون. ئەگەر تۆزێک بە سەرنجدان لە خۆتان و دەوروبەرتان بکۆڵنەوە، تێدەگەن کە نوێژەکانتان بۆ بتانە. بتیش زۆرن: سەرمایەداری هەژارخۆر، پاشا و خونکاری خاوەنزۆر، مەلا و شێخی عابا لەبەر و شاڵ بەسەر و زۆری وای لە ڕادە بەدەر. تۆ لە سەرتە ملت بۆ هەموویان کز کەی. ناشێ هیچ کامیان عاجز کەی. هەرکامێکیان لێت بڕەنجێن، دنیا و قیامەتەکەت دەچێ.

بتی پێشوو لە بەردی ڕەق دەتاشران و بێزاد و تێشوو دەمان و دەم و ددانیشیان نەبوو. بەڵام بتەکانی ئێستا وەک خۆمانن؛ زوان زانن. بەرگ و پۆشاکیان گەرەکە. خانوویان دەوێ بۆ ستار. خواردنیان دەوێ بە تەغار. هەوەسیان هەس، ژنیان دەوێ. زێڕ و جەواهێریان دەوێ. هەرچی ئارەزووی نەوسنە، گەرەکە دەستیان بکەوێ.

- لە کێ؟ لە تۆی بەستەزمانی بە ئیمانی دڵ ساویلکە کە لات وایە ئەمانە گزیری خودان لە سەر زەوی. ئەگەر دەقورعان بگەیبای دەتزانی خوا نە گزیر و نە وەزیر و نە باجئەستێنێکی هەیە.

ڕۆژووەکانتان:

مانگێک ڕەبەق، تۆش و دایکم ڕۆژوو دەگرن. لە بوولێڵەی بەیانەوە هەتا تەنگی نوێژی شێوان هیچ ناخۆن و ناخۆنەوە. لە تینوان لێوتان دەمژن و لە برسان هەر وەختە بمرن. بەڵام هێشتا حاڵی نەبوون ئەو نەخواردنە بۆ چییە؟ هەر ئەوەندەی لێدەزانن دەمی ژەمی قاوەڵتی و شێوتان گۆڕاوە و هیچیتر نا. لە ماوەی ئەم ڕۆژووانەدا کام برسی و هەژارتان تێر کرد؟ زمانتان بە چاکە فێر کرد؟ تۆبەتان کرد کە ئیتر بێفەڕی نەکەن؟ بەرلە ڕەمەزان چوو دەکرد، بە ڕەمەزان تەرکوو نەکرد. بەهرەی زگ هەڵقرچاندتان هەر هێندە بوو مانگێک دەمە تێشووەکانتان لێ هەڵوەشا و مانگەکەی تر هاتنەوە سەردەقی پێشوو. بەڵام لە سای ئەو ژەم و دەم گۆڕێنەتان تووشی نەخۆشیش هاتوون و هێندێکیشتان توون بە توون چوون.

منی بێڕۆژوو چی ئەکەم؟ جار-جار سەر لە دوختۆر ئەدەم. ئەگەر گوتی چەورایی لە لەشتا زۆرە، تەوژمی خوێنت باڵایە -وەک خۆی ڕێگەم بۆ دادەنێ- ڕژێم دەگرم؛ خۆم لە نەخۆشی ئایندەم دەپارێزم.

حەجەکەتان

باوە! دایە! منیش لەگەڵتان هاتمە حەج. باوە حاجی! زۆر باش چاوم لێ بوو چیت کرد. بە فڕۆکەی بۆینگی حەوسەت و حەوت هاتیە مەکە. هەرکە لە فڕگە نیشتەوە، دەستت برد لە تەنیشتەوە حەجنامەیەکی پەرپووتت -کە نووسراوی چەند پیاوی گەورە و بەناو بوو- لە خورجێنەکەت دەرێنا و ملت لێ نا: «هەرگا گەیشتیتە مەکە و لە سواری وشتر دابەزیت، لاقی ڕاستت بەر لە چۆپەت بخە عەرزی»! وشتر لە کوێ و بۆینگ لە کوێ؟ لە حەجنامەکەتم ڕوانی؛ لەمپەڕ تا ئەوپەڕ پشکنیم؛ گشتی باسی چوونە حەجی چەندین سەدە لەمەوبەرە و تا ئێستا تاقە پیتێکی نەگۆڕاوە.

لەگەڵتا هاتمە مەدینە. تۆش چووی دەگەڵ هەزارە زیلەی حاجیاندا بەرامبەر بە ڕەوزەی پاکی پێغەمبەری خوا ڕاوێستای. زیارەتنامەی ئێرانیانەت لێک کردەوە و دەستت پێکرد. گشتی باسی پەرستنی کەسانێک بوو کە هەر نەشتزانیوە کێن؛ بۆچی شیاوی پەرستنن؟ ئەوی لەو زیارەتنامەدا زۆری سەرنج ڕادەکێشا، جوێن و نەفرینی بەبار بوو لەو کەسانەی کە حەجاجەکانی دیکە زۆریان لە لا ممبارەک بوون. ئەو حاجیانەش خۆیان بە ئیسلام دەزانی و دەگەڵ تۆدا هاتبوونە ئەم شوێنە پاکە.

وەختی نوێژ هات. دەنگی بانگی موحەمەدی لە مزگەوتی پێغەمبەر دەنگی دایەوە. کۆمای حەجاج لووزەوی بەست: کاسبکار، بێکار، کاربەدەست، دارا و نەدار و ڕووت و کۆک، ڕەش و سپی و زەرد و سوور و کەوە و بۆر و عەرب و تورک و تەتار و هیندی و پاکستانی و چینی و ئەندونیزی و فیلیپینی و سەنیگالی و زەنگباری و ئەفغانی و میسری و سوودانی و هەزاران خەڵکی شوێنیتر، ڕژانە ناو مزگەوتەوە و بە بانگی «اللە اکبر» ڕێزیان بەست و ئەتوت مزگەوت دەریایە و لە ئیماندار شەپۆل دەدات.

لەو کاتەدا من خەیاڵم دابووە سەر تۆ. دەمگوت ئێستا باوەحاجیم -کە لە ئێرانڕا هاتووە و لە ئیماندا خۆی بە سەرتۆپی ئیسلامی دنیا دەزانێ- بیلالی حەبەشی ڕەشی دەنگخوەش و دەورانی خۆش و نوورانی پێغەمبەری خوا و یارانی کەوتۆتە بیر و دڵی گەرم داهاتووە و حاڵی جەزبەی لێهاتووە و دڵی بەم حاڵاتە خۆشە. کەچی لە نەکاو دیتمی وەک جنۆکەی ناوی خودای بەرگوێ کەوێ خۆت و چەند هاومەزەبێکت بە پەلەپەل کەوش بە دەست وزاقتان بەست. گازی لە یەکتر دەکەن و بەسەر خەڵکیدا باز دەدەن. ڕیزی جەماعەت بڕ دەدەن و دەردەپەڕن.

لێت دەپرسم: باوە چ بووە؟ چی قەوماوە؟ بەرەو کوێ وا تەنگەتاوی؟ بۆ لە مزگەوت نامێنی وێڕای ئەم گشت موسوڵمانە ڕیز ببەستی و نوێژ دابەستی؟

ئێژی: لاچۆ! ئێمەی شیعە دەگەڵ ئەمانە نوێژ ناکەین. ئەبێ لەم مزگەوتە ڕاکەین. جەماعەت دەگەڵ ئەوانەی لەگەڵمانا هاومەزەب نین ناڕەوایە. ئێمەی شیعە پێشنوێژی خۆمان جیایە. ئەشێ بچینەوە ئوتێل بۆ نوێژ کردن.

گوێم لێیە موسوڵمانی تر کە ئەتانبینن وا دەکەن، کەوش بەدەست لە دەست جەماعەت ڕادەکەن، بزەیان دێتە سەر لێوان و لە نێوان خۆیاندا پێکەوە باس و خواسیانە: ئەمانە ئەگەر ئیسلامن، بۆ لە مزگەوتی پێغەمبەر دەسڵەمنەوە؟ نەخێر وا دیارە هەر بۆیە هاتوونە حەج تۆی دووبەرەکی بچێنن؛ بە ئاشکرا لە ڕووی موسوڵمانانی دیکەدا جنێوی پیس بە خێزانی پێغەمبەر و یارانی هاوکاری بدەن.

باوەحاجی! ئەو شیرینکاریە تۆ ئەیکەی هەر بە کاری ئیستعماری ڕۆژاوا دێت؛ کە هەل بۆ خۆی بڕەخسێنێ و خۆتان لێ بکا بە گوێرەکەی سامیری و تێکتان بەردا و قوڕی دنیاتان وەسەردا. پێتان بڵێ: سوننی مەزەب ناسبی و سەر بە عومەرن و دژ بە وەچەی پێغەمبەرن. با سوننی مەزەبیش بێژێ: ئەم ڕافزیە شیعانە عەلی بە خودا دەزانن. لایان وایە قورعان دەسکاری کراوە و باسی خۆشەویستی عەلی لێ دزراوە. لاشیان وایە کتێبی «مفاتیح الجنانناوی تایبەت» (کلیلەکانی بەهەشت)، بیلاتەژبی بە قەدەر قورعان پیرۆزە. ئەم حاجیانە بۆ تەوافی ماڵی کابە نەهاتگن؛ هاتوون لە دەوری مەرقەدی ئیمامەکان بوخلێنەوە.

باوە!

لە تەوافا چاوم لێ بوو هەردووک شانی دایەحاجیت توند گرتبوو بەرانبەر بە ماڵی کابە، هەر ڕاستە و پاستەت پێ دەکرد؛ نەوەکا خودای نەخواستە بە قەدەر موو شانی خوار بێ و تاعەتەکەی لێ خەسار بێ. دەڵێی بۆمبا تەقاندنە ئەگەر سەرەسیمێک لار بێ، یان ناتەقێ، یان تەقێنەرەکەی دەکوژێ! کەچی هەر خۆشت دەتفەرموو: پێغەمبەر بە سواری وشتر حەجی دەکرد.

باوی بەڕێز!

بەداخەوە هەموو ژینت بەم ڕواڵەتپەرستیە لە دەس خۆ دا. وەک کەرستەی ماشێن دەچی دەبەر دەستی وەستاکەیدا؛ هەر چوویت و پرسیت: چۆن بکەم؟ قەت نەتپرسی بۆ وا بکەم؟

تۆ لە لایەک هێندە موسوڵمانی چاکی کە ناتەوێ گۆشەی شانی خۆت و ژنت بە قەد موویەک لە بەرانبەر کابە لابێ؛ کەچی هەر تۆی موسوڵمانی وا بە ئیمان کە پێت ئەڵێن: وا جوولەکە لە فەلەستین موسوڵمان قەتڵوعام دەکەن، ماڵ بەسەر ژن و مناڵدا دەتەقێنن، هەر وەنازانی مێشوولەش بە بن گوێتا تێپەڕیوە. شانی بۆ هەڵدەتەکێنی و بە بۆڵەوە ئەدرکێنی: ئا بە من چی! جا کێ دەڵێ عەرەبەکانی فەلەستین -کە هەموویان مەزەب سوننین- لە جوولەکە خراپتر نین؟ هەی دەستی جوولەکە خۆش بێ؛ دەبا تۆڵەی ئیمام حوسێنی شەهیدیان لێ بستێنێ. گۆڕی گیانیان. ئەوانەش لەو عەرەبانەن کە فیلمی بێعەدەبانە دروست ئەکەن؛ ئابڕووی ئیسلامیان بردووە. با شیعە بان تا بۆیان بە تەنگەوە بام!

حاجیەک لەو حاجیانەی ئێران دەیگوت: بەتانییەکم گوم کردبوو. هەرچی گەڕام نەمدۆزیەوە. چووم لە بازاڕی عەرەفات بەتانییەکی ترم کڕی. چونکە دەڵێن ڕیوایەتە: بێ پەتوو بچییە عەرەفات خێری نییە. لە بازاڕ دەگەڕامەوە. پەتووەکەی خۆم بە حاجیەکی ئێرانی دیت؛ ناسیمەوە. دیار بوو لێی دزیبووم. بەڵام چونکە ناشێ لە حەج ماڵی تەقەڵ درووت پێ بێ، پەراوێزە چنراوەکەی لە پەتوو هەڵوەشاندبوو. واتا بەر شەرعی خستبوو تا دزینەکەی حەڵاڵ بێ! دەسا وەرەو بەو کارە سەیر و سەمەرە پێمەکەنە. لە حەج، لە ئیحرام بەستنا کە گۆیا خەزای گەورەیە و حەشر و نەشر و قیامەتمان بیر دەخاتەوە، تۆی مام حاجی پەتوو بدزی و بۆ ئەوەی بو ئیحرام بشێ، تەقەڵی لێ هەڵوەشێنی و بە خەیاڵ وەبەر شەرعی خەی!

ڕەنگە بێژن: جا ئەوە حاجیەکیش دز بوو، گوناهی حاجی تر چییە؟ دەی بۆ ئەمەیتر دەڵێن چی؟

لە نێوان سەفا و مەروادا بۆ خۆم دیتم جووتێک حاجی لە حاجیەکانی ئێرانی لەو جەنگەدا کەبە گورگەلۆقە کردن دەچوونە ڕێ و تەواو تەنگەنەفەس ببوون، یەکیان بانگی لەویتر کرد: ئاهای حاجیاغا! گوێ بگرە. ئەم ڕۆژانە شتێکم بۆ دەرکەوتووە زۆر گرینگە. حاجی گوێگر بە هەناسەسواری دەڵێ:

- ئادەی کامە؟

- ئەم سوننیانە کە دێنە حەج وەک خۆمان نین هیچیان تەوافی ژن ناکەن. خۆیشت دەزانی هەر کەسێک لەم تەوافە خۆ ببوێرێ، حەڵاڵی لێ حەرام دەبێ. جا بەو پێیە ئەم سونیانە کە باوک و دایکی هیچ کامیان لەم تەوافە بەشدار نەبوو، بۆ خۆت بزانە چی ئەڵێم...

- ئارێ ئارێ. هەر ئافەریم بۆ ئەو عەقڵ و کەماڵاتەت. واتا دەتەوێ بفەرمووی ئەمانە هەموویان: ئاوا... هاها!

هەر ئەو ڕۆژە لە نێوان سەفا و مەروادا، دەگەڵ بژیشکێکی چازان بوومە هاوڕێ. دوکتور دەیگوت من لەمەوبەر لام وا نەبوو ئایینداری، بە تایبەتی زیارەتی حەج، تا ئەوەندە دڵبزوێن و گیانپەروەرە. ژیانی بۆ دراو ماندوو بوون لەبەر چاوی پیاو دەبێزێ و لە تەماح و چاوچنۆکی و ئارەزووی جانەوەرانە ڕزگار دەبێ.

کاکی دوکتور زیارەتنامەیەکی پێ بوو، هەر تاوناتاو هێندێکی لێ دەخوێندەوە و بۆ هەموو ڕست و وشەیەک مانای ورد و جوانی تازەی دەدۆزیەوە و هەر لە پەستاش بە دڵگەرمی بەە بەە و ئافەرینی بوو. کەچی لەپڕ لە خوێندنەوەی زیارەتنامەدا گرێی کرد و بە سەرسامیەوە لێی پرسیم: شتێک لێرەدا نووسراوە من لە ماناکەی تێناگەم. تۆ پێم بڵێ!

کتێب دەڵێ: لەسەر پێپیلکەی چوارەمین وچان بدە و ئەم دۆعایە -کە لەم پەڕەدا نووسراوە- بخوێنە؛ پووڵت زۆر دەبێ! ئەمە چییە؟ سەرم گێژ بوو من لە جوابی ئەم پرسیارەدا بڵێم چی؟ بابایەکی وا ڕۆشنبیر و زانا و ژیر بۆ یەکەمجار ئایینداری بێتە بیر و دڵی بۆ حەج بکورکێنێ و لە ماڵی دنیا واز بێنێ و لای وابێ حەج، دڵی گەماری دنیادار بە جارێ مشتوماڵ دەکا و لە خشتوخاڵی زەمینی بەتاڵ دەکا. گیانفیدا بوونی سمایل، ڕۆڵەبەخشینی برایم لە ڕای خوادا، وەبیر مرۆ دێنێتەوە. نومایشتی حەشر و نەشر و زیندوو بوونەوەی شان دەدا. کەچی لەپڕ تووشی شتی ئەوەندە نامەردانە بێ کە کابرایەکی بێشەرمی پارەپەرستی ناڕەسەن خستوویەتە ناو کتێبی حەجنامەوە. ئای لەم نەنگ و ئابڕوو چوونە. بە ڕاستی زۆر شەرمەزار بووم؛ دەمم بوو بە تەڵەی تەقیو. ویستم پینەی پێدا بگرم، گوتم: دوکتور گوێ مەدەرێ. ئەو وشە توڕەهاتانە بۆ دەسبڕینی حەجاجان کتێبفرۆشانی مەکە دەیخەنە ناو کتێبانەوە. مامۆستا زاناکانی دین هەرگیز بەمانە ڕازی نین. دوکتور بە زەردەخەندەوە زیارەتنامەی پێکەوە ناو پشتی بەرگەکەی نیشاندام. ناوی پیاوێکی زۆر گەورە و بەناوبانگ و جێ تەقلیدی زۆربەی زۆری شیعەی ئێرانی پێوە بوو. گوتی ئەمجار چی ئەفەرمووی؟ سەرسام دامام. ئارەقەی ڕەش و شینم کرد. هەر هێندەم لە دەس هات ڕاکەم و بەجێی بێڵم.

من ناڵێم پارە خراپە. بەڵام هەی بەدەم خواخواز و بە دڵ شێت و هاری پارە! ئەوە کارە؟ تۆ لە جیاتی ئەوەی هۆشت لەم شوێنە ممبارەکەدا لەسەر خودا و پێغەمبەر و مەرگ و زیندوو بوونەوە بێ، بیرت لەسەر لیرە گیر بێ و ئەویش لە کوێ؟ لەسەر پێپیلکەی چوارەمی سەفا و مەروە؟ گوایە لەوێ پووڵ دەبارێ؟ دەک داوەشێی!

مام ئاخوندی موشتەهید و پێشەنگی گەل! بە شەرەفت -ئەگەر هەتە- سوێندت دەدەم ئەو پووڵ و ماڵەی خۆت هەتە لە کوێت هێنا؟ پەیڕەوانت نەیاندایەی؟ دەستت بۆ پان نەکردنەوە؟ سواڵت نەکرد؟ هەر ساڵە و ساڵ هاتیە حەج و چوویتە سەر پلەی چوارەمی سەفا و مەروا و دۆعات خوێند و لە عاسمانەوە بۆت باری و بە خورجێنی پڕ زێڕەوە بەرەو ئێران هاتیتەوە و تا ساڵی تر لە خزمەت دایەخانمدا گوزەراندت.

من دەزانم پووڵت زۆرە. تۆش دەزانی لە پلیکانی سەفا و مەروات نەهانیوە. لەو کێوە سکە لێ نادەن. من دەزانم؛ تۆش دەزانی. ئەو پووڵانەت لە داڵانی ئاوەدانی خانووی بەرزی لەسەر تەرزی ئیتالیایی و ئەمریکایی دەسکەوتووە.

مامۆستا گیان! تۆ دەچی بۆ بەستەزمانی هیچ نەزانی ساویلکۆکە بەرنامەی حەج لە ڕووی کتێبی هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە ئەنووسیت. هیچ بیرت بۆ ئەوەش ناچێ تۆزکاڵێک دەسکاری بکەی و دەگەڵ ڕۆژگار چەرخی بدەی.

ئێستە حاجی بە سواری فڕۆکەی بۆینگ دەچنە حەجێ. تۆ هەر باسی سواربوونی وشتر دەنووسیت. بەرەکەتی ڕاستەبازاڕی حەتاران ئاخۆ چییە؟ پلەی چوارەم لە نێوان سەفا و مەروایە بۆچی خەزێنەی تێدایە؟

تۆ ئەنووسی: ئەگەر لە ژێر لووسی کابە ئەم تووکەی کە من نووسیومە دژی دوژمنت بخوێنی، خودا دەیکاتە قالۆنچە! ئەگەر هەزار نەخۆشی و لەش بەباریت بێ، ئەم دۆعایەی من بخوێنە، هیچ خەش لە لەشتا نامێنێ!

کابرای ساویلکەی بڕواکار لای وایە ئەم نووسراوەی تۆ لە سەرچاوەی قورعانەوە هەڵگیراوە و بڕوای پێیە و دۆعاکانت دەکار دەکا. لە ئەنجامدا گەر کار نەکا و دوژمن نەکرا بە قالۆنچە و باری لەشی گرانتر بوو، ئەگەر لەسەر پلەی چواری سەفا و مەروا پووڵ و پارەی بۆ نەباری، چی بەسەر دێ؟

لێم ڕوونە کابرا هەرچەندی گێژ و هور و ساویلکەش بێ، بڕوای بە ویرد و قورعان و دووکانەکەی تۆش نامێنێ.

باوی بەڕێز!

قسەکانت لەمەڕ دینەوە یەک ناگرن. جارێک ئێژی: سامانی دنیا هیچ نییە؛ هەژاری نیعمەتی خوایە. ئێژی پێغەمبەر فەرموویە: شانازیم بە هەژاریمە.

کەچی جارێتر ئەفەرمووی: پیاو بچێتە زیارەتی فڵانە ئیمام، فیسارە ئیمامزادە، دەس دەشوباکیان وەرێنێ، ئەسرینان زۆر هەڵوەرێنێ، فڵانە دۆعاش بخوێنێ، خوا پارەی فرەی ئەداتێ. من دەزانم تۆش دەزانی پووڵ بە گریان و بە زیارەت پەیدا نابێ. بەڵام سەیرەکە لەمەدا زەق- زەق دیوتە هەموو دارایی وڵاتت، هەموو کانگای پڕ لە نەوت و زێڕ و زێوت، بەروبووی پێدەشت و کێوت، لادین دەیبەن و دەنگ ناکەی!

بە عەزرەت و ئاواتەوەی لەو سامانەی لێتی دەدزن هەزار یەکێکت بدەنێ؛ ناشت دەنێ. خۆت ڕووت و ڕەجاڵ و بەتاڵ و پەرێشانحاڵ، چاری ناچار بە ویرد و دۆعا و نوشتەوە و فوو لە دەورەی خۆکردن و نووکەنووک و گریانەوە خەریک دەکەی؛ تف قووت دەدەی؛ دڵخۆشی خۆت دەدەیەوە: ئاە چی لێ بکەم؟ با دنیا جەژنی کافر بێ. کافر وەک داڵ و قاڵاون. لە کەلاکی بۆگەنی دنیا هاڵاون. با بیخۆن خۆ لە دوای مردن لە بەهەشت و هۆری و شیر و هەنگوینی پاڵاوی بەشی موسوڵمان بێبەشن؛ بەخت ڕەشن. ئەوسا گزوفتیان ئەدەین.

من تێ ناگەم چۆن دوو دژ لێک کۆوە دەکەی. لە لایە پەسنی هەژاری و هەناسە ساردیم بۆ ئەدەی. لە لایەکیش بە گریان و پاڕانەوە داوای پووڵ لە خودا دەکەی. کامیان باشە؟ هەژاری یان پارەداری؟ ئەگەر دەڵێی پارە باشە، پارەی کانگای وڵاتەکەی خۆت باشترە وەری گری، یان ئەو پووڵەی لە سەفا و مەروا دەبارێ؟ بمبوورە ئەگەر پێت بێژم: گێژی و ئاگات لە خۆت نییە.

دەی من کە لات لامەزەبم چیم پێ باشە؟

بە بڕوای من ئێمەی موسوڵمانی هەژار کە نامۆی خودانەناسی داگیرکاری بێبەزەیی وڵاتی لێ داگیر کردوین، گشمان یەکتری بگرین و دەس لە دەس و قەوەت لە خوا، دەگژی ڕاچین و دایپاچین و لە وڵاتی خۆمانی دەرکەین و ئازاد بژین و بە ئازادی سامان و بژیو پەیدا کەین. بۆ داگیرکەر دەرکردنیش گەرەکە کەرستەمان بێ. بۆ پەیدا بوونی کەرستەش ئەبێ دەرسی زۆر بخوێنین. هونەرمەند و پیشەساز بین. ئەوی داگیرکەر دەیزانێ خۆمان فێر کەین تا بتوانین دەرۆستیان بێین.

هەتا ئێمە دەسمایەمان تەنیا پاڕانەوە و گریان لەبەر گۆڕی ئیمامان بێ، هەر ژێرچەپۆکە و یەخسیری ئەو زۆدارانە دەمێنین کە لە خۆمان زاناتر و وریاترن.