قسەی ئێستام

لە کتێبی:
چوار نامیلکەی عەلی شەریعەتی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 30 خولەک  746 بینین
قسەی ئێستام

وا من باری دنیای خۆمم بۆ ئێوە ڕۆشن کردەوە و تێمگەیاندن کە بەری کردەوەکانم خوێنتاڵی و بێحاڵ و ماڵی نەبێ، نەبووە. جا ئێستاکە نیازم وایە بتاندوێنم، بۆیەم نییە کە خۆم لەبەر چاو ڕابێنم و وا بنوێنم وتاربێژێکی لەزەبرم. بۆیەش نییە کە زۆرەکی -وەک زاناکانی بە ڕواڵەت- خۆ بەسەر گەلدا بسەپێنم. ئامۆژگاری دڵخۆشکەرەی ئاخوندانە وەلۆرێنم. وا بکەم کە ئێوە بە زانا و مامۆستای گەورەم بزانن. نەخێر، زۆر لە خوا سوپاسگوزارم کە هیچ کاتێ لە درێژایی تەمەنمدا، نە بە ناوی دینداریەوە نە بە ناوی ڕۆشنبیری، نانم لە مەردم نەدزیوە و ناشیدزم.

هاتووم لە جیاتی ئەوانەی ناویان چینی ڕووناکبیرە، ئەو گەنج و لاوە تازانەی خوێندەوارن و لە دینەکەمان بێزارن، بتاندوێنم و بە تاوانبارتان دەرێنم. واتا بێئەوەی کە لاوان بمکەن بە دەم ڕاستی خۆیان، خۆم بۆیان بوومە دەمڕاست و دەمەوێ ڕاستی و دروستی لە مەبەستا -هەرچۆنێک هەس- بێپێچ و ڕوودەروایستی بخرێتە ڕوو. خوا لە قورعاندا فەرموویە: «مزگێنی بێ لەو عەبدانەم کە بۆ وتاران گوێ دێرن و بە شوێن ڕاستەکەیدا دەچن. ئەو کەسانە لە لای خواوە شارەزاییان پێدراوە و خێوی دڵی تێگەیشتوون».

دەبا بزانین ئەو لاوانەی کە ئێوە لێیان نەبانن و بە بێئیمانیان دەزانن و ئەوانیش بە ئێوە ئێژن گێژ و بێمێشک و کەللەپووک، تامی دەم و پلیان چییە؟

هۆی بێزاری لە یەکتر و لێک نەبانی لە کام کانییەوە هەڵدەقوڵێ و شێلەگەکەی لە کامە دەراودا دراوە؟ وا من لە زمان کیژێکی خوێندەوارەوە ڕوو ئەکەمە دایک و دەڵێم: دایەگیان دایکی دڵسۆزم! من کچی تۆم. تۆش ژنێکی زۆر بەدینی.

بۆچی وا ناکەی بمبینی؟ بۆ نامدوێنی؟ بۆ ناپرسی چیم لە دڵدا؟ ئاخر تا کەی ڕۆڵە و دایک لێک دڕدۆنگ بن؟ قڕوقپ لێک مۆڕ بینەوە؟ تۆ بەرلەوە من بە کافر و بێئابڕوو ناوزراو کەی، وەرە بزانە ئەڵێم چی؟ وا پکە بزانم ئەڵێی چی؟

یا خۆ لە جیاتی کوڕێکی تازەلاوی پێگەیشتووی لەباری دنیا گەیشتوو، باب بدوێنم: مام سۆفی گیان! خاوەن ئیمانی مڕومۆچ! تۆ بۆچ بەرلەوە گوێ بگری کە ئەم کوڕەت لەبەرچی لە دین بێزارە، چۆن پەلاماری دار ئەدەی و دەتەوێ شاربەدەری کەی؟ نازانی ئەم توندکێشانە لەوانەیە نێوانەکە بە یەکجاری بپچڕێنی؟ ئەی ئەوانەی کە خۆ بە دیندار دەزانن و دەزانم چی لێ نازانن! ئەی ئەوانەی کە بە مێزەر و کەوای شۆڕ خۆتان لە مەردم گۆڕیوە و لەسەریان بوونەتە کوێخا و لاتان وایە نابێ هیچ کەس بە بێ ئێوە قامک لە ناو ئاو ڕابکا! ئەگەر وەک بۆ خۆتان ئێژن بۆ دینەکەتان دڵسۆزن، ئەگەر بەڕاست گەرەکتانە ئەو ئیمانەی کە لاتان وایە هەتانە لە ناو نەچێت، ئەگەر گوێ بە قورعان ئەدەن کە فەرموویە: «خۆتان و خێزانەکەتان لە ئاگرێ بپارێزن»، وەرن تۆزێک وەک پیاوی ژیر، بەڕاو تەگبیر، دوور لە هەرا و چڕە و گوڕە لە کۆڕێکدا کۆ ببنەوە و بیرێک لە خۆتان، لەوانەی خزمتانن بکەنەوە. سەروبەری لێک دووریتان لە بڕوادا، گلە و گازندەی دووراودوور لە یەکتری، بە زانایی لێکدەنەوە. دانیشن بە لەسەرخۆیی -نەک بە دڕدۆنگی و نامۆیی- گوێ لە گفتی یەکتر بگرن. هەرکەس بۆ لای خۆی نەکێشێ. لە سەر ئەو بیر و باوەڕەی کە لە باب و باپیرەوە فێر کراون، پێ دامەگرن. کوێر کوێرانە دەست بە کلکی خەڵکی گرتن، پیاو دەخاتە کەنداڵ و قۆرت و چاڵەوە.

بەڵێ وا من ئەمڕۆ هاتووم پێتان بڵێم: گڕی ئاگر لە هەموو لا دەوری داون. زوو فریای خۆتان نەکەون، تێدا دەچن؛ دینەکەشتان لەناو دەچێ.

ئێوە لە خەیاڵ پڵاوان وا بڵاون پێ ناحەسێن دوژمنانی زانای ئێمە خەریکی چین. بە چەند هەزار تەپکە و تەڵەکەی شەیتانی دەوریان داوین. ئەم دنیایەی ڕۆژبەڕۆژ، بگرە ساتبەسات بە هەنگاوی زل و بەلەز بەرەوپێش بەلەسە بووە و سەردەکەوێ و گەشە دەکات. بەڵام بە داخەوە ئێمە -بۆیشم هەیە بێژم ئێوە- پێنجسەد ساڵە تۆزکاڵێکیش نەجووڵاون. خۆ ئەگەر بزووتبێشتن، بەرەو پاش گەڕاونەتەوە. بەڵێ هەست دەکەن ژێردەستەن؛ پێتان زانیوە زەبوونن؛ بەڵام دەخۆڕا نابینن دەس هەڵێنن. دەگژ دوژمن ڕاچوونتان هیچ، مێشیش لە خۆتان دەرناکەن! هەموو هەوڵی پێشکەوتنتان، چەکی بەرامبەر دوژمنتان، هەر پاڕانەوە لە خوایە و دەتانەوێ خۆتان لە ماڵ پاڵ دەنەوە و خوا هەموو شتێکتان بۆ بکا. جا لە سایەی ئەو تەنبەڵیە کە ناوتان ناوە «تەوەکول» لە باتی بەرەو پێشچوونتان بەرەو پاش دەگەڕێنەوە. بوونتان لەسەر بایەک بەندە کە دوژمن بۆتان هەڵ بکا. مەسیح دەڵێ: «موو لە چاو خەڵکا دەبینی؛ کاریتە لە چاوی خۆتدا هەست پێ ناکەی!» ئەمە لە ئێمە ڕووی داوە.

ڕۆژانە بیست تا سی نامەم بۆ دەنووسن. زۆربەیان پڕیە لە جوێن و تیر و تانە و سەرکۆنە و تەوس و پلاری خوێندەواری تازە کوورە. دەڵێن بە باسی دین کردن کۆمەڵ بەرەو مردن دەبەی؛ زیان لە پێشکەوتن دەدەی؛ پیسی و بێویژدانی دەکەی! هێندێکیش لەو کاغەزانە هین سەرسۆفیلکەی ساویلکەی خەرافاتی و کۆلکەمەلای کەڵەکبازە. بەرتەشەر و توانجم ئەدەن، کە تۆ هیچ لە دین نازانی؛ کەچی دەمی تێوەردەدەی!

بۆ نموونە بۆم دەنووسن: تۆ چۆن ئەڵێی: «پێغەمبەری خوا کە دیتی موسوڵمانان بە بێئەویش یەکیەتی ڕائەگرن زۆر دڵخۆش بوو؟».

یەکێ ئێژێ بۆ لە وتارێکدا باسی موفەرکی بەردەمۆر ناکەی؟ بۆ نایەژی «مفتاح الجنانناوی تایبەت» کتێبێ زۆر پیرۆزە و هەر کەس نەیخوێنێ کافرە؟ جا من کەوا لێم قەوماوە و لە گش لاوە لە ڕوو ناخۆشی بەولاوە بەشم نییە، هیچ گوێ نادەمە ئەوانەی کە بە قسەی خۆیان دیندارن و لەسەر باسی بەردەمۆر و کتێبی میفتاح نەکردن لێم بێزارن. چونکە دەزانم نەزانن؛ ناشترسم کە نانم ببڕن. خوا شوکور نانی دین ناخۆم؛ لە سایەی مێزەر و جبەی فش و فۆڵەوە نەژیاوم؛ میحراب و مینبەرم نییە؛ مرید و مەنسووبی گێژ و پوڵدار و شیردەرم نییە. بەڵام پرتەوبۆڵە و گلەی ڕۆشنبیران لام گرینگە. هەر لەوان دڵ نیگەرانم چونکە دەزانم ئەوانن هەوساری دواڕۆژی گەل و سەرەپەتی چارەنووسی ئەم وڵاتەیان بە دەس بێ. نووسەر ئەون، بیربەر ئەون، وشیار ئەون، بژیشک و ئەندازیار ئەون، گورج و چالاک و پتەون. مێشک و دڵیان باش کار دەکا. پیاو بۆی دەکرێ بیاندوێنێ؛ تێیان بگا و تێبگەیەنێ.

هۆی ئەمەسە کە من هاتووم ئەمشەو لێرە وە زمان ئەو ڕۆشنبیرانە بتاندوێنم و پێتان بێژم:

ئەی لە دنیا بێئاگایانی ساویلکە! سەر هەڵبڕن! چاو داچڕن! کەمێ لە خۆتان بڕوانن! تا بزانن هیچ شتێکیان بۆ نەماوە. ڕۆژ لە ڕۆژیش پتر دەم لە پووش ئەکرێن و لە ناو دەبرێن. بە فەرموودەی ئیمام عەلی -دروودی خودای لەسەر بێ- «دوژمن بە فێڵ و تەڵەکە خەریکتانە؛ هەر تاوەی هێندێک لە ئێوەی بێئاگا تاق دەکاتەوە و دەتاندزێ. ئێوە نەک ڕقتان هەڵناسێ، بگرە هەر بە خۆش نازانن».

هاتووم لە زمان ئەوانەوە بتاندوێنم کە زیاتر لە مەلاکانمان بەرپلار و جوێنم دەدەن. ئەڵێن: تۆیەکی ڕۆشنبیر، خوێندەواری تازەبابەت، دەست و قەڵەمێ خاست هەس؛ کەس نازانێ خەریکی چی؟ ئەم باسی ئایین کردنەت خەیانەتە بە کۆمەڵگا و ئۆباڵی دێتە گەردنت. تۆ ئەبوایە ڕێنموونی بیر و بڕوای بەکەڵک بای؛ چیت لەم کۆنەپەرستیە؟

نووسەرێکی زانا و سەرناس -کە ڕۆژێک شاگردی خۆم بوو- لای دۆستێکی من فەرموو بووی: شەریعەتی ئەگەر هێندە لاگیری مەزەب نەبوایە، دەبوایە ڕۆشنبیرانمان وەکوو بتێک بیپەرستن.

من ئەگەر دڵخورتیم هەیە، بۆیە نییە کە نەمتوانی ببمە بت و بمپەرستن؛ خۆم بە توندی دژی بنیادەمپەرستیم. تەنیا لەمە نیگەرانم کە ئەم هەموو ڕۆشنبیرە زیت و ژیرە لە ئایین دوور کەوتوونەوە و هەر دوورتریش دەکەونەوە. ئەگەر ئێوەی بە خۆتان دەڵێن ئیماندار، وەک هەمیشە بە کەترەخەمی ڕابوێرن و خۆ لەو بەڵا ماڵوێرانکەرە ببوێرن و هەست نەکەن لە دەوروبەرتان چی ڕوو دەدا و دوژمنانی دژەدین و دژەژینتان بەو هەموو زرینگی و زۆڵی و زانستەوە، گوێقوڵاغ و لەسەر هەست بن کە کێسی خۆتان لێ بێنن، دەتانخۆن و ئێسکیشتان دەکرووسێننەوە. بە فەرموودەی ئیمام عەلی -دروودی خودای لەسەر بێ- «وا نەیاری گزیکارتان لێتان خەفتاوە بتانبا. یەکە - یەکە ڕاوتان دەکا بە بێئەوە ئاگا بکەن. سوێند بە خودا کۆمەڵ ئاوا لێک بڵاو بێ و هەرکەسە تاوانی شکان بخاتە سەر کەسێکی تر، ژێر دەکەوێ و لەناو دەچێ». بەڕاستی خەمی ئێوەمە؛ ئەگینا من گوێ نادەمێ. با مەلا جوێنم پێ بدەن؛ با ڕۆشنبیر لێم تووڕە بن. من ڕێگەی خۆم گرتۆتە بەر و ئەم ڕێگەیەش بە حەق دەزانم. هەقیش ڕەقە و تەقە و ڕەقەی لە دوو هەیە. بەڵام لێبڕاوم هەر چۆن بێ بیبەمە سەر؛ یان سەرم لە ڕێدا بچێ.

من بۆ نموونەی پیاوچاکی، بۆ وێنەی دەست و دڵپاکی، ئیمام عەلیم کردۆتە محەکی ئەزموون. لام وایە هەر موسوڵمانێک هەموو ئاکار و کردەوەی وەکوو ئیمام عەلی نەبێ و بە موو لە ڕێی عەلی لادا، لە ڕێگەی ڕاستی لاداوە. جا ئەم ئەزموونە دژوارەش هەروا سووک و هاسان نییە؛ هەویرەکە ئاو زۆر دەبا!

دەبا بزانین لە دنیای ئەمڕۆی ئێمەدا، کامە ئیمام، کامە ئاخوند و موجتەهید، کامە شێخ، کام مەلا و حاجیت دەس ئەکەوێ کە سەد یەکی ئیمام عەلی لە خوا ترس و پارێزگار و موسوڵمان بێ؟

دەیسا کاتێ کە من گوتم: هەرکەس هەموو ئاکاری وەک عەلی نەبێ، بە موسوڵمانی نازانم، چۆن ئەوانەی بە دەم ئەڵێن ئێمە لە شوێن عەلی دەڕۆین و بە کرداریش هەزار فرسەخ لە ئیمام عەلیەوە دوورن، وا هاسان لە من دەبوورن و لە قسەکانم تووڕە نابن؟

هەر من وا نیم. بەرلە منیش بە درێژایی مێژووی ئیسلام، هەرکەس وەک من بە بێ ڕووبینی و مەرایی لە سەر دینی ڕاستەقینەی هاتۆتە دەنگ، گزیساز و ڕیابازان تەنگەیان پێ هەڵچنیوە و بە کافریان ناو بردووە و زۆر زوو لە ناویان بردووە.

من دەڵێم: مێژووی ژیانی ئیمام عەلی بخوێننەوە؛ ئەو چۆن ژیا، ئاکار و ڕەفتاری چۆن بوو، ئێوەش وا بن. ئەوسا دەڵێم ئێوەش وەک ئیمام عەلی خواپەرستن. کەچی ئێوە بە بێئەمە تۆزکاڵێک وەک عەلی بچن، خوداشتان لە بیر چۆتەوە و هاتوون عەلی دەپەرستن. پەرستنی سەرزارەکی و لە ئاکار و ڕەفتاریشدا پەیڕەوی ئەمەویەکانن و لە نەهرەوانیان پیسترن. من دەڵێم عەلی پەرستن دەگەڵ بتپەرستیەکەی پێشوودا وەکوو یەکە.

جگە لە خوا کەس شیاوی پەرستن نییە. پەیڕەوی لە ئیمام عەلی واتا خواپەرستی بەڕاست و لە فەرمانی خوا و قورعانەکەی لانەبوون.

قسێکی خۆش: پارەکە چووبوومە مەکە تا لە کۆنگرەی ئیسلامی ببمە بەشدار. وتارێکم دەربارەی ئیسلام نووسیبوو، ویستم لەوێ بیخوێنمەوە. کاربەدەستانی کۆڕەکە وەریاننەگرت و ڕێ نەدرام قسە بکەم. گوتبوویان ئەم شەریعەتیە لە شیعەتیدا زۆر خەستە و قسەکانی لە مەڕ ئیمامی عەلیەوە گشتی درۆ و هەڵبەستەیە و لە جیاتی خوداپەرستی ئیمام عەلی دەپەرستێ. کەچی وەک خۆشتان دەزانن، لە ئێرانەکەی خۆشماندا بە تۆمەتی سوننیگەری بە گژمدا دێن. واتا بانێکە و دوو هەوا. لای سعوودی شیعەی گەڕ و لای ئێرانی سوننی بێفەڕ! من بەم جوێن و بوختانانە سڵ نابم و لە ڕێگەی خۆم کلا نابم. خوانەخواستە ئەگەر ئەم ڕێگەی گرتوومە ڕاستیش نەبێ، دیسان خۆم زۆر پێ لەو کەسانە باشترە کە هەم لە توور دەلەوەڕێن هەم لە ئاخوڕ.

سوور دەزانم کە تا لەسەر دنیا ماوم، نە دەبمە خاوەن مینبەری مێزەر بە سەری پیاوکەرکەر، نە دەشبمە مامۆستاکەی بتئاسایی ڕۆشنبیران بمپەرستن. بەڵام هێشتان دڵم خۆشە کە پێم وایە لە سەر هەقم و پیاو لە سەر هەق هەرچی بەسەر بێ قەیناکا.

مەبەستی گرینگ ئەمەیە: چینی تازەخوێندەوارمان، چینی کەون بە کۆنەپەرست ئەزانن و بە قێزەوە لێی دەڕوانن. ئەم قێز و بێزەش کەمکەمە گەشە دەکا تا وای لێ دێ دینەکەشیان لێ دەبێتە مڵۆزمێک و بە میراتی کۆنەپەرستی دەزانن و تەواو لێی دەسڵەمێنەوە. ئەوان دەڵێن: ئێمە چی لەو دینە بکەین کە پڕیەتی لە فەرق و جیاوازیەتی چینی چەوساوە و چەوسێنەر و هەر زاڵم تیا لەسەرە و هەر هەژار ڕەنجی بێوەرە.

لەم بارەوە ئێوە خۆتان زۆر لە من باشتر دەزانن کە کارەکە تا کوێ گەندە و هەروا بەرەو گەندیش دەچێت. کوڕ و کچتان کە ناردووتاننە مەدرەسە و تۆزێک لە دنیا گەیشتوون، چەند دەگەڵتاندا ناڕێکن. چۆن هیچ دەیەکتری ناگەن. لە هیچ سنووران پێک ناگەن. بەڵام هەرگیز بیرتان لێ نەکردۆتەوە ئەم دڕدۆنگی و لە یەکتری مۆڕ بوونەوە لە چی ڕایە و لەبەر چییە؟

بە بڕوای من هۆی ئەم دژایەتی و سڵیە چەند هەڵەیەکی ئێوەیە کە وەک تەڵە تێی کەوتوون و بەرتان نادا. بۆ نموونە:

١- لەخۆ ڕازین:

باوک و دایکی ئەم ڕۆژگارە گەزارەیان لە مناڵەکان کێشاوە: ئەی خوا هاوار! جا قەت بووە عەولاد لە قسەی باوک و دایکی دەرچێ؟ پەندی باوک دەگوێ نەگرێ و ڕێگەی پێچەوانە بگرێ؟ دیارە ئێوە لاتان وایە: هەر کەس ساڵێک، مانگێک، ڕۆژێک تەمەنی بەرەژوورتر بێ، لە کەمتەمەن زاناترە. جا چونکە دایک و باب لە کوڕ لە کچ زووتر هاتوونە دنیاوە، ئەشێ ئەم کوڕ و کچانە چاویان ببڕنە دەمیان و گوێ شل کەن و هەرچی ئەوان نەیانگوت نەیکەن. جا با مناڵ لە دانشگاشیان خوێندبێ و دای و باویش هەڕە لە بڕە نەکەنەوە و نەزانن خوێندن یانی چی.

٢- نێر لە سەر مێوینە زاڵە

لاتان وایە پیاو هەر چونکە نێر خوڵقاوە، ئەگەر ئاوەزیشی نەبێ، ئەگەر لە کەریش کەرتر بێ، گەرەک لە ژن لە پێشتر و لەسەرتر بێ! با ئەو ژنەش لە هونەر و زاناییدا نموونە بێت. ئەوی نێر بێ -با زۆریش خوێڕی و بێخێر بێ- فێر کراوە کە ژن بە گوناحی مێ بوونی ئەشێ بە زەبوونی بژی. قژی درێژ نیشانەی کۆتایی ئەقڵە. کار گەیشتۆتە ڕادەیەک ژن هەر چونکە مێوینەیە، ڕێگەی نادەن لە مزگەوتیش بۆ گوێ گرتن لە دام و دەستووری ئایین -کە مەلای تایین دەیخوێنێ- لە ڕێزی نێران ڕۆنیشێ. ئەبێ بچێتە پشت پەردە؛ پەردەکەش ئەستوور و ڕەش بێ. کابرایەکی چەقاڵ- بەقاڵی بێمێشکی هیچ نەزانی ڕەزاگران هەر چونکە بە نێر خوڵقاوە، ڕێگەی هەیە لە مزگەوت ڕێزی پێشەوە داگیر کا. کار بە پشت پەردە چوونی ژن نابڕێتەوە. ژنێک با لە خوێندەواریدا هەزار ئەوەندەی مێرد بێ، با دوکتور یان ئەندازیار بێ، ئەگەر دڵی بکورکێنێ بچێتە ناو ڕێزی ژنان بۆ گوێ گرتن لە باسی دین، گەرەک مێردە نێرینەکەی -جا با وەک گۆلکی گێژیش بێ- ڕێگەی بدا. بێئیجازە لە مێردەکەی گوێ گرتنی لە ئاخوندیش ناڕەوایە.

جا با جارێ لە سەر ئەم دوو باسە بڕۆین

باوک چونکە نێرە و پیرە، دیارە لە زاڕۆڵەکانی -کە زۆر لەو کەمتەمەنترن- لە ژنەکەیشی -کە نێر نییە- پتر ژیرە! دەیسا نە منداڵ و نە ژن ناشێ بە بێ پرس و ڕای ئەو تەنانەت ئاو بخۆنەوە. گەرەک قڕوقەپ دانیشن؛ گوێ بۆ فەرموودەی ئەو شل کەن و مافی وەرامدانەوەشیان لەو بخوازن.

بۆ نموونە: فڵان حاجیاغای نمەدماڵ، یان فیسار مەشەدی بەقاڵ، کوڕی کەربەلایی زەیناڵ، پیت و لەتی نەخوێندووە؛ خەبەری لە دنیا نییە؛ باتووی کەر و باینجان لێک ناکاتەوە؛ تەزبێحێکی سەت و یەکدانەی لە دەستا، بۆ ژمارەی سڵاوەتان. یەک- دوو ویرد و زیارەتنامەی -بێمانا زانین- لەبەرە. هەموو هونەر و جەوهەری لەسەر بنڕیش هەڵدانەوە و حیساب بە چۆرت لێکدانەوە دەبڕێتەوە و ئاوی بێنە و دەستان بشۆ. ئەوسا کوڕی، کچی، ژنی- باپلەی دکتۆراشیان بێ- مافیان نییە بیر و بڕوای دڵی خۆیان ئاشکرا کەن. لە سەریانە گوێ لە نێرە پیرە بگرن و هەرچی ئەو فەرمووی تەواوە. بۆچی؟ چونکە هەم تەمەنی زۆرە، هەم تمەنی زۆرتری دەباخەڵدایە.

٣- عەقڵی پووڵ

زۆربەی زۆرتان لاتان وایە عەقڵ نۆکەری دراوە و جێگەی لە ناو گیرفاندایە. زۆرم دیوە زۆر کەس لەو مێزەر زلانەی کە بە زانایان دەزانین، کاتێ دەگەڵ چینی نوێدا قسە دەکا، هەقیان دەدا و خۆی دەکاتە ڕۆشنبیرێک لەوان ژیرتر. بەڵام کە دەچتە ناو بازاڕ لە سەر دووکانی فڵان مەشەدی دەوڵەمەند دادەنیشێ، یان کە دەڕواتە سەر مینبەر و دەزانێ چەند کەربەلایی دەوڵەمەند لەو کۆڕەدا هەن، هێرش دەباتە سەر لاوان و تاوان دەخاتە سەر بیری تازە بابەتی زانایان و سەربەندی وتارەکەیشی بەستەیەکی گریاناوی دەخاتە سەر تا پارەداری گەڕەک و خاوەن ئیحتوباری بازاڕ، لێی ڕازی بن و گۆشەی چاوێکی بدەنێ.

من نازانم لە کام کتێبدا نووسراوە، لە کامە زانا بیسراوە، تا داری تەمەن کۆنتر بێ، بەری زانست پتر دەگرێ؟ یان کەی دراو وەکوو کتێب بۆ پیاو خوێندەواری دێنێ؟ فڵانە حاجیاغا هەیە، نەخوێندەیە؛ پارەی هەیە. هەموو ڕۆژێ تێڵا بەدەست چینێک و دوان دەمنداڵان دەسرەوێنێ. کوڕ و کیژی بەستەزمانیش کە ناچارن خەرجی ڕۆژانەکەی خۆیان لەو وەرگرن و بیانکرێ بچنە مەدرەسە، بە ملکەچی لە بەردەستی ڕادەوەستن؛ ئێش و ئازار قبوڵ دەکەن؛ هەر ناوێرن ئۆفیش بڵێن. ئەگەر بتوانی حاجیاغا و ڕۆڵەکان لەبەر یەک ڕاگری و سەرپۆش لەسەر هۆشیان داگری، دەزانی ئەو منداڵانە لە چاو ئەو باوکە چەند زانا و دانا و زرینگ و وشیارن. خۆ ئەگەر جارێک لە جاران یەکێک لەو بەچکە حاجیانە سەری زمانی بسووتێ و بە دڵسۆزی بڵێ باوە! فەرمایشتت نابەجێیە و چونکە خوێندەواریت نییە نازانی دنیا چ باسە، من لە دانشگا خوێندوومە و زۆرم کتێب خوێندۆتەوە؛ لە تۆ پتر شارەزای ژین و ژیارم و زۆرتر لە دنیا دەزانم، دەبێتە قیڕەی حاجیاغا: ئەی هاوار ئاخر زەمانە! نیشانەکەی هاتۆتە دی. مناڵێکی دەمڕووت و هەرزەکاری خۆم، کە دوێنێ دەپاڵ خۆی دەمیست و خۆم ناومەتە بەر خوێندن و ئێستاش بە نانی من دەژی، لە ڕووم وەردەگەڕێتەوە و لایشی وایە ئەو لە من ئاگادارترە. ئاخر هەی داد و هەی بێداد! کێ دیویەسی کەسێک نە ڕیشی هاتبێ و نەپووڵی لە باخەڵدا بێ، داوای عەقڵ و ژیری بکات؟

باوکی بەڕێز!

پێت خۆش بێ یان لات گران بێ، زۆر هەڵەی و لە تەڵەی هیچ نەزانیندا گیرۆدە بووی! بەڵێ کوڕت یان کیژەکەت لە سەرەتا مناڵی شلک و ساوا بوو؛ هەرچۆن خۆت دەفەرمووی وابوو. دەستت گرت بە دارە-دارە فێری بەڕێوە چوونت کرد؛ تێت گەیاند تارەت گرتن و دەسنوێژ هەڵگرتن چۆن ئەبێ؛ هەرچی دەربارەی زیارەتی ئیمامزادەوە دەتزانی بەویشت گوت. واتا بە قەد خۆت زانات کرد. بەڵام ئەم کیژەت، ئەو کوڕەت، لە فێرگەی سەرەتاییڕا تا ناوەندی و تا چۆتە پلەی دانشگا گەلێک شتی وا فێر بووە کە بۆنیشت نەکردووە.

مناڵە ساواکەی دوێنێت ژان پۆل سارترکەس، برشتکەس و ڕۆسۆکەسی ناسیوە. نووسراوەکانی دیکارتکەس و مارکسکەس و هێگڵکەس و ئینگڵزکەس و کێ و کێی خوێندۆتەوە؛ دەزانێ دنیا چ باسە. تۆ گەرەکتە بیخەیتە ناو کوولەکەوە و دەمی بگری و هەر خۆت فێری تارەت و مردووشۆردن و سەرقسنی ئیمام بردنی بکەی؟ ئەتەوێ تەنیا کتێبی «طوفان البکاناوی تایبەت» (گێژاوی گریان) و «محرق الفوادناوی تایبەت» (دڵسووتێن) تماشا کا و هیچیتر نەخوێنێتەوە؟ خۆت هیچ لە هیچ تێنەگەیوی و لاشت وایە تێگەیشتووی. دەتەوێ ڕۆڵە زاناکەت لە زانست بتەکێتەوە و بەرەو پاش بگەڕێتەوە و ببێتە تووتی بەستەزمان؛ هەرچی جەنابت پێت خۆشە فێری کەی، ئەویش بۆتی بڵێتەوە. دیارە لە گوێی گادا نووستووی!

ئێستا ئەگەر مناڵە خوێندەوارەکەت لە داری دەستت نەترسێ، یان لە ترسی مووچەی ڕۆژانە نەمانی خۆی کڕ نەکا و شەرمی لە ڕووتا نەمێنێ و بتوانێ وەک خۆی گەرەکیە بتدوێنێ، ڕاست پێت ئێژێ: باوە! ئەوەی تۆ ناوت ناوە دین و بە شتێ زۆر باشی ئەزانی و پێی دڵخۆشی، بە لای منەوە گەمەیە و ئەگەر دیانەت ئەمەیە کە تۆ هەتە، پڕوپووچێکی بێنرخ و زیانبارە. پێغەمبەری خوا فەرموویە: «دنیا مەزرایە بۆ قیامەت». خوا فەرموویە: «کەسێک لە ژینی دنیایە نابینایە، ڕۆژی بساتیش هەر کوێرە.». سا ئەگەر بەم حیسابانە بێ تۆ تا ئێستا نە هێڵێکت شێو بڕیوە، نە تڵپاتی تەڕت دیوە. واتا دنیات لە دەس داوە و بەشیشت لەولا بڕاوە.

تۆ کە ئێژی خاوەن دینم، من دەتبینم مەودای تەمەنی ژیانت هەر بۆ دەمی پاش نەمانە و ترس و لەرز و هەڵچۆقانت لە ترسی داغی دۆژەهە و هیچیتر نا. تۆ دەفەرمووی ئیمانم هەر بۆیە دەوێ لە گیانکێشان فریام کەوێ؛ لە گۆڕیچەی تەنگەبەردا، لەبن بەردا -کە پێمێردم دێنە سەرێ و وەبەر پرسیارانم دەدەن- بە سەر ڕاستی پەرسڤیان لێ وەگەڕێنم.

بەڵام منێک کەلە سایەی خوێندەواری و ئاگاداری چاوم ڕوونە و مێشکم لە کار نەکەوتووە و دڵ و هۆشم نەخەوتووە، گەرەکمە لە مەزرای دنیا تۆ بچێنم؛ دەس لەسەر دەس بە هیوای مەرگ و پاش مەرگ دانەمێنم.

تۆ لەو دۆژەهە دەترسی کە پاش مردن تووشی دەبی؛ بەڵام هیچ بیر ناکەیتەوە کە وا ئێمەی موسوڵمانی هاوئیمانت -کە خۆشت یەکێک لە ئێمەی- دەناو دۆزەقی بەتینی زوڵمی زاڵمدا سووتاوین و بووینە قەقنەس. جەنابی ئیمانداریشت بۆ ڕزگار بوون لە گۆڕەوشاری ناو قەبر دەناڵێنی و دەباڕێنی و زۆڕ-زۆڕ دەگری و فرمیسک دادەبارێنی.

دایە! باوە!

من گەرەکمە ئەو ئاگرە وەکوژێنم کە هەژارانی بێچارە دەسووتێنێ. من دەمەوێ لەم دۆژەهەی کە دوژمنانی دینەکەم بۆ من و ئێوەیان نێڵ داوە ڕزگار ببین. سا ئەوساکە بە ئازادی بیر لە سازوبەرگی مەرگ و وەرامی ئەنکەر و مەنکەر بکەینەوە. ئەو بەهەشتەی بە خەیاڵتان سازتان داوە، لە ڕێی ئازادی بەولاوە هیچ ڕێگایەکی بۆ ناچێ.

باوە! دایە!

زۆر جاران خۆم لێ مات داون کە خزاونەتە سووچێک و لەسەر بەرماڵ گریاون و کرووزاونەوە. خوا و پێغەمبەر و قورعان و ئیمامان و هەموو خۆشەویستانی خواتان هەڵپێچاوە و لەبەریان پاڕاونەتەوە: خوایە لە گوناهم ببوورە! خوایە! خۆشم و مناڵیشم نەخۆش مەکە! خوایە ڕسق و ڕۆزیم زۆر کەی! قەرزەکانیشم بۆ بدەوە! کوڕەکەمان چۆتە سەفەر بە خۆشی بگەڕێتەوە. لە شۆڕ بوونەوەم بەرەو گۆڕ فریام کەوە نەوەک شەیتان بمڕفێنێ. دەرگای ئاگرم لێ داخە! لە بەهەشت بەڕەم بۆ ڕاخە! کەیف بکەم. دەبڕوانن لەم هەموو پاڕانەوەدا، جیا لە خۆتان هیچ کەسێ ترتان لە بیرە؟ تەنانەت ناوی کوڕیشتان دەگەڵ ناوی خۆتان دێنن. هەر من، هەر من! خودایە! فریای من کەوە! ئاگات لە خزمانی من بێ! کوڕەکەی من کامڕەوا کە! کیژەکەی من بەختەوەر بێ. بەڵێ هەر خۆتان لە بیرە و کەسیتر نا.

واتا لە بات خواپەرستن، خۆپەرستن. هەر خوریلەی خۆتان خۆش بێ، کەیفو تەختە و بە ئێوە چی کە خەڵکی دی قەرەبەخت و ژیان سەختە؟

دەیسا من ئەم دینەم ناوێ کە هەر بە چاوی خۆبینی خۆ ببینم. کارم بە هیچکەس نەدابێ.

من لە دووی ئیمانێک وێڵم کە گش کۆیلە و دیلی ئەم سەرزەویە ڕزگار بکات؛ هاریکاری بێکەسانی هەژار بکات. لە ڕێگەی ئاوا ئیمانێک ئەگەر خۆم و کوڕ و کچ و هەست و نستم بەخت کەم، شانازی دەکەم.

من لەو ئیمانە دەگەڕێم کە پیاوێکی خوا فەرموویە: «ئەی خودایە! هەرگا ئیرادەت وەهایە بمخەیتە ناو ئاگرەوە، ئەندامم هێندە زەلام کە جەحەندەمێ پڕ کاتەوە تا جێگە بۆ کەس نەمێنێ بێتە ناوی.»

دایە! باوە!

ئەو خوای ئێوە بە ئارەزووی دڵی خۆتان سازتان داوە، ئەشێ بیر و کار و بار و ئەرکی سەرشانتان لە ژیندا لە سەر ئەوبێ و خۆتان تەمەڵ و تەوەزەل پاڵ دەنەوە و دەس بۆ ڕەش و سپی نەبەن. جا بۆ ئەوەیش خوداکەتان -وەک خۆتان ئارەزوو دەکەن- هەرچی ئێوە داوا دەکەن پێکی بێنێ، گەرەکتانە بە بەرتیل و دیاری و زمان لووسی و ڕیاکاری نەرمی بکەن و لاتان وایە خودای گەورەش -وەک کاربەدەستی ئەم دەورە- چاوچنۆکە و بەپارە هەڵدەخەڵەتێ و بەرتیل، بەردیش نەرم دەکا. ئەم ڕێوی و تەڵەکەبازیەی بۆ پێکهێنانی کار خۆتان دەگەڵ خەڵکی دنیای دەکەن، وا تێدەگەن دەکرێ دەگەڵ خواشی بکەن.

باج و پیتاکی دەوڵەتیو هاتۆتە سەر. دەتانەوێ بنلیچی دەن و خۆشتان لە سزا ڕزگار کەن. بەرتیل بە دەست و پێ دەدەن؛ تکاکاران پەیدا دەکەن؛ کلکەسووتە و ڕیابازی لە لای کاربەدەستان دەکەن. زمانی لووسیان لێ دەدەن تا خۆ لە ئەرکی سەرشانتان بدزنەوە. بەڵێ هەر تۆ باوکی ئیمانداری بەڕێز! دەستی مەردمت بڕیوە؛ ماڵی دزیەتیت کڕیوە؛ بەردی تەرازووت نوقسانە؛ هێشتا دەستی لێ دەنگێوی. کووتاڵە عەنبارە پۆکەت بە گەزی ناهەق دەپێوی؛ بە وامی بە سووت و سەلەم ماڵی هەزار موسوڵمانت بە سێ چەپی قوڕ گرتووە. سوور ئەزانی لە فەرمانی قورعانی پیرۆزی خودا خۆت بواردووە و گوناهباری؛ ئێستا گەرەکتە بە گریان، بە شلەی زەرد بە شینەوە، چەند تیکە نان بە پارسەکدان، خوا فریو دەی؟! ڕەشایی گوناهەکانت یەکجارەکی بشواتەوە و ئازا بە سەرت کاتەوە؛ لە دنیا ئاسوودە بژی و هەرکە مردی بتخاتە ناو بەهەشتەوە و گەلەحۆری دەورت بدەن! بە ڕاستی خەیاڵت خاوە و نیشانەکەت نەپێکاوە.

بەڵێ باوکی خۆشەویستم!

من لەو ئاکارە بێزارم کە تۆ ناوت نا شوێنی دین. نامگەرەکە فەندوفێڵ لە خوداش بکەم. خوا بە بەرتیل خۆر نازانم. دەشزانم خودای بانی سەر لە پیاوی تەنبەڵ و بێکار خۆشی نایە. بە تەماش نیم -وەکوو جەنابت گەرەکتە- تەنیا لە خودا بخوازم لە شەیتان دەربازم بکا و لە گۆڕدا جوابی پێمێردان بدەمەوە و لە سەر دنیا تەنبەڵ و بێکارە بژیم.

تۆ دەفەرمووی: دنیا بەهەشتی کافرانە و بۆ موسوڵمانان زیندانە و ئەبێ بە زیندان خوو بگرین. باوە! من زیندانم ناوێ. من ئەمەوێ دنیا بۆ هەژارانی گەل بەهەشتی کامرانی بێ. من نامەوێ ژێرچەپۆکەی داگیرکەر و خاکەسەر و دەردەدار بم؛ ئەمەوێ ئازا و ڕزگار بم. من ئەمەوێ بە هۆی باهۆی بەهێزی خۆم -کە خوا پێمی داوە- بژیم؛ نەک بپاڕیمەوە و بگریم. ئەمەیە بیر و بڕوای من. جا تۆ هەر جوێنم پێ بدە و بقێڕێنە و بنەڕێنە و لە داخم کەف هەڵخڕێنە و تا دەتوانی خۆت بە دار و بەردا بدە و شەکەت ببە!

باوە! دایە!

ئێوە سەیرن! چاوتان لە ناو زگتان دایە. هەر ناشزانن باوەڕتان بە چی هێناوە. هەر نازانن ڕێگەی خواناسین کامەیە!

بۆ نموونە: قەزا و قەدەرتان بیستووە و لاتان وایە مانای وایە: هەرچی لە دنیا ڕوو ئەدا، هەرکێ دەژی، هەرکێ دەمرێ، هەرچی ئەبێ و هەرچی ئەکرێ، هەر قامچییەک زاڵم لە مەزڵوومی دەدا، هەر بێگوناە و تاوانێک کە بە ناهەق ملی بە پەتەوە دەکرێ، هەر ماڵێک بە تاڵان ئەبرێ، هەمووی لە ڕۆژی بناوان داندراوە و خەت دراوە و لە چارەنووسمان نووسیاوە. هەر کەس لای وابێ دەتوانێ خۆی لە قەزا ڕزگار بکا، بێئیمانە و بەتاوانە. کەوابێ بە گفتی ئێوە پیاوی خراپ ناتوانێ خراپە نەکات. زۆرلێکراوی بەستەزمان ناشێ شکات لە دەس زۆرداری لاسار و بەدکار بەرێتە لای دادپەرستان. کورتەی وتار: ئەوی بە پیسی گووراوە، لە دەستی نایە پاک بژی. هەرکەسیش پاک پاڵێوراوە، هونەر هونەری خۆی نییە؛ هەرچی هەبووە و هەرچییەک دەبێ، لە دەستەڵاتمان بەدەرە و هەمووی هەر قەزا و قەدەرە بۆی داناوین. بەم پێیە بێ، نە پیاوخراو خەتابارە، نە مافخوراو هەقی هەیە گازندە لە مافخۆر بکا و نە هەژار دەبێ لای وابێ بە هەوڵدان و ماندوو بوون نان و پێخۆر پەیدا دەبێ، نە تاڵانکراو بۆی هەیە داوای ماڵەکەی خۆی بکا و نە دارلێدراو هاوار بکا. ئەگەر دەسەڵاتدارانی دڵڕەش و ملهوڕ و لاسار، گەلانی بێهێز و نزار ناڕەوا قەڵاچو دەکەن، خوێنی بێچاران دەڕژێنن، نان لە دەم برسی دەڕفێنن، تاوانکار نین؛ فەرمانی قەزا و قەدەرە پێکی دێنن.

داوای تۆڵەی خوێنی کوژراو، دادپرسینی تاڵانکراو، ڕزگار کردنی ئەسیران، لە بەند و کۆت و زنجیران، دەبنە گوناهی زۆر گەورە و پێچەوانەی قەزا و قەدەر.

بەڵێ فەرمووت ڕیوایەتە: هەرچی دەکرێ و هەرچێ دەبێ و چی لەم دنیایە ڕوو دەدا، هەر لە ڕۆژی سەرەتاوە لە ناو تەتەڵە نووسراوە و خڕوپڕی دێتە گۆڕێ و بە کەس تۆزقاڵێک ناگۆڕێ.

بەرامبەر بەم حیکایەتە -کە تۆ فەرمووت ڕیوایەتە- ئێمە، من، تۆ، خەڵکی دیکە، هیچ کارێکمان لە دەس نایە. ئەگەر ڕوحمە، ئەگەر پیسی و ناپاکیە، ئەگەر پیاوەتی و چاکیە، بەر لە هاتنە سەر دنیامان، لە ناو چاوانمان نووسراوە و مۆر کراوە. ئێمە چین؟ ئێمە ئێمە نین. هاتووین وەکوو لەیستۆکێک بە دەس مناڵۆکێکەوە ئەمدیو ئەودیومان پێ دەکرێ. وەک چووی پەلین؛ چەق و تەفمان لە دەس ئەودا و چۆنمان هەڵخاتەوە وا دێین. بە بڕوای تۆ قەزا و قەدەر وەک چەپەرێکی ئاسنە؛ مرۆی تێدا قەتیس ماوە و دەرەتانی لێ بڕاوە و ناتوانێ خۆی لێ ڕزگار کا. هەرکێش بڵێ من وا دەکەم، یان وا دەچم، کافر دەبێ و دژی ئەو چارەنووسەیە کە خوا قەڵەمی لێ داوە!

دەیسا باوە! من وا بڕیاری خۆم داوە خۆم نەخەمە ناو ئەو قەفەسە تەنگەوە و لە ناچاری و بێ ئیختیاری دەربچم. بیر و بڕوای من ئەوەیە کە دەبێ چارەنووسی خۆم بە دەس خۆم بێ. ڕێبوارێکم لە ڕووبارێک دەپەڕمەوە. گەرەکە بۆ بوار بپرسم. یان هیچ نەبێ قووڵایی تاقی کەمەوە و ئەوسا بڕۆم. ئەگەر بوارم بەدی کرد و چوومە ئەوبەر ئافەرین بۆ هۆشی خۆمە. خۆ ئەگەر ڕێبازم گۆمە و دەمخنکێنێ، دیسان تاوان لە بێهۆشی و نەزانیمە. من لام وایە لە سایەی کار و کۆشش و زانینەوە پیاو بۆی دەکرێ بەختەوەر بێ و لە سۆنگەی تەنبەڵیشەوە نەگبەتبار و قوڕوەسەر بێ. باشە، ئەگەر ئێستا بە فەرمایشتی تۆ هەرچی بەنیئادەم دەیکا، خوا پێی دەکا و ناتوانێ بە موو لێی لادا، کەوابوو تۆ هەقت چییە لە کافر بوونم تووڕە بی و بە سەرمدا ببۆڵێنی؟ ئەگەر خراپەئاکارم، بەدڕەفتار و چەوت و لارم، ئەگەر دزی و حیزی دەکەم، ئەگەر ماڵ بە فێڕۆ دەدەم، ئەگەر خەڵک لە دەستی من بە زاڵەیە، ئەگەر کاکڵەکەم تاڵەیە، تۆ ناشێ لە منی بزانی. خوایە بەملیدا سەپاندووم. دەستی قەزا ڕایتەکاندووم. هەرچی دەیکەم ئەو پێم دەکا.

چەند جار لە خۆتم بیستووە کە پێغەمبەر فەرموویەتی: «بێبەختان و بەختەوەران، هەر لە ناو سکی دایکاندا مۆر کراون و بۆ ئەو کارانە گووراون کە ئەبێ لە دنیا بیکەن!». دەیسا من نا، تۆ خۆت بیری لێ بکەرەوە و تۆزێ ورد لێکی بدەوە: ئەگەر ئەم فەرموودەت ڕاست بێ، مرۆڤایەتی، بەزەیی، زوڵم و دڵڕەقی، خەزا چوون لە ڕای خودادا، کافری و موسوڵمان کوشتن، هەمووی خودا لە ناو زکی دایکماندا بۆی دانابین و ناچار بین لە ژیاندا وابین، تۆ قسەی حەساویت چەیە؟

ئەگەر تۆ بڕوای تەواوت بەو زگنامەی دایکە هەیە، چیتە بە عەلی هەڵدەڵێی؟ کە زۆر ئازا و زانا بووە. بۆچی بۆ ئیمامی حوسێن دەگری؟ دەڵێی زوڵمی لێکراوە. بۆچی جوێن بە شمر ئەدەی؟ ئێژی بێفەڕ و گڵاوە.

وەحەساوی زگنامەی تۆ، حوسێن بۆ کوشتن خوڵقاوە و شمر هەر بۆیە گووراوە ببێتە بەندەی یەزید و حوسێن بوگژێ. نە حوسێن بۆ گریان ئەشێ و نە شمریش بۆ جوێندان دەبێ. ئەگەر ڕووداوی کەربەلا نالەبارە، ملی قەزا و قەدەر بگرە. شمر و حوسێن بێئیختیار هاتوون ئەم دەورە ببینن.

ئەگەر وردتری کەیتەوە، تێدەگەی کە تۆی بێخەوەر، خوایش بە خەتابار دەردێنی. ئەم بیر و بڕوا بنشڕەت بۆ پیاگی خراپ و زاڵم سەرمایەیەکی گەورەیە و تەنیا پیاوی وەک یەزید و شمری بێفەڕ بەهرە لەم دینە دەبینن.

باوکی بەڕێز!

وا من لە داخی ئەو مێشکەت -کە پڕیەتی لە پڕوپووچ و خەرافات- بەجێم هێشتی. ئەو خەتەشم کوژاندەوە کە لە ناو زگی دایکمدا لە ناو چەوانم نووسرابوو. چوومە سەر بڕوای هەرخۆیی (وجوودی) کە لای وایە چارەنووس بە دەستی خۆتە. چیت بەسەر دێ، سەرکەوی یان دەبەرکەوی، نەویایەتی، بەرزایەتی، خۆشی، تاڵی لە ژیاندا، بەستە بە کار و کۆشش و هۆش و زیتی و چاپکی و چالاکی خۆتە. بڕوام بە سارتر هێناوە کە گوتوویە: «بە بڕوای من ئەو مرۆیەی کە هەر زگماک شەپڵەدارە، ئەگەر نەبێتە پێشەنگی ملەکاران لە غارداندا، تاوانی لەستۆی خۆیەتی».

دە بڕوانە ئەم بڕوا لەبار و جوانە چۆن دنەی بنیادەم ئەدات کە کار بکا و ئازاد بژی و هیچ خەتاش ناخاتە سەر خوا. هەر چەند ئەگەر ئاگات لە قورعانیش هەبا، دەتزانی خودا فەرموویە: «مرۆ هەرچی بە کۆشش وەدەس خۆی نەخا، تووشی نابێ».

ئێستا تۆ بە بڕوای سارتر ئێژی کفر و بنبەستی پەستی و بێهەستی و لامەزەبی؛ بەڵام بەو تەنبەڵبازاڕیەی کە خۆت هەتە دەفەرمووی خوداپەرستی؟!

باوە گیان!

تۆ لە پەند و ئامۆژگاریت بۆ دینداری، هەر وشەی «نەکەی» دەزانی. من و خوشکم لەو ڕۆژەوە کە گوێ لە فەرموودەت دەگرین، سەروبنی فەرمانەکانت هەر «نەکەی»ە. نەکەی بچییە فڵانە شوێن! نەکەی دەم لە فیسار شت بدەی! نەکەی بێگانە بدوێنێ! نەکەی هەرامە بخوێنی! نەکەی تماشای نامۆ کەی! نەکەی! نەکەی! بەڵام هەرگیز تاقەجارێک پێت نەفەرمووم: بۆچی نەکەم؟ ئەگەر ئەو کارەی دەتەوێ نەکەم، بیکەم، چی ڕوو ئەدا؟

ئەم نەکەیە و تخوون مەبەت لێ بۆتە خوو؛ لاشت وایە دینداریە. وا من لە نکەنکی تۆ و لەو نەکە و مەکەی هەمیشەت خۆم دزیەوە. گوێم بۆ ئەوانە گرتووە کە پێم ئەڵێن: بیر بکەوە! زۆر بخوێنە! بخوێنەوە! هەوڵ بدە تێبگەی! کۆشش بکە ئایندەی خۆت دابین بکەی!

بە گفتی کاورای کتێبنووس: هەزار بەڵام لەو دینەدا کە «نە»ی لە «ئارێ» زۆرتر بێ.

کتێب بخوێنە و تێ مەگە!

تۆ بڕوات بە قورعان هەیە؛ ممبارەکە. دەوەرە جارێک پێم بێژە چی تێگەیوی؟ تۆ سەری خۆت هیچ ئەزانی چی تیایە؟ لێم ڕوونە، نا.

تۆ ڕەشخوێن قورعان دەخوێنی و بۆ ماناکەی دادەمێنی. منیش هەر بە فەرمانی تۆ نەموێراوە مانای ئایەتان بپرسم. کە وابوو: منی لادین و تۆی خاوەندین لە نەزانینی قورعاندا وەکوو یەکین. تەنیا لەوەدا لێک جیاین کە من هیچ کارم پێ نییە و شتێک کە نەزانم چییە و چی ها تێیا، خۆمی دەگەڵ ماندوو ناکەم. بەڵام تۆ کە تێشی ناگەی، فرە بۆی شەکەت و ماندووی. دەبەرگی پەشمینەی دەگری؛ ماچی دەکەی؛ لە بەرزتر شوێن دایدەنێی. ئەگەر گوێت لێی بێ دەیخوێنن -بە بێئەوە هیچ دەماناکەی بگەی- دڵت گەرم دادێ و دەگری. هەرگا تووشی ژان و برک و ئازار و ئێشی ورگت بووی، دەباوەشی خۆتی دەگری. ئەگەر باوەڕیت پێ نەکەن سوێند بەو دەخۆی. ساتێ لە ماڵ دەردەکەوی، کاتێ دوکان دەکەیەوە یان دایدەخەی، لە بن لێوان ورتە- ورتێکت لێوە دێ؛ پاشان قفڵەکە فوو ئەدەی. گوایە ئەمەش ئایەتێکە دژی دزە و بە بێزانینی ماناکەی وا ناکەی دز پێت بزانێ. نوشتەی مەلا بە سێ سووچی دەمێو دەگری؛ بە بەر یاخەتیەوە دەدرووی؛ کە تووشی نەخۆشی نەبی. تەنانەت ملی گاکەشت نوشتە و ئایەتی تێدایە؛ کە لە چاوی بەد بە دوور بێ و هەر بەهێز و ملئەستوور بێ.