قەتار
لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
1 خولەک
782 بینین
کێ بێ وەک یاری منی بۆ بلوێ
منی ڕاگرتووە تەنیا بە موێ
لەو هەموو دەردە چلۆن سەر دەر کەم
دەمکوژن، خەت بە جوێ، خاڵ بە جوێ
دڵ کە ڕزگار بێ لە تیری بڕژانگ
ئەو دێ شمشێری برۆی لێ دەسوێ
بەری خر کردەوە بۆ سەر بەروێ
گەرچی سەیرە، بەری وا بۆ سەروێ
گوارەکەت من لە حەسوودیان دەکوژێ
کە دەلەرزێ و وەبنان گوێت دەکەوێ
چاوی خۆم خۆش دەوێ هەر بۆیە کە تۆ
پێی بنێیە سەرێ، کاتێ دەتەوێ
قافڵێکی تری شیعر و فرمێسک
ئەوە ڕووی کردەوە تۆ سەر لەنوێ
با شیعر ئەوڕۆ ببێتە پێشەنگ
سەر قەتار بێ ئەو و ئەسرین لەدوێ
بۆ تەماشای تۆ کە دێی ڕادەبری
من دوو چاوم هەیە لێک دەبنە هەوێ
بەو هەموو نازە کە دەتبینم ئەڕۆی
چاوی خۆم ڕوون دەبێ، ڕۆندک شلوێ
کەس بە ڕازی دەمی تۆ نازانێ
مەگەر ئاوێنە وە ئەزمان بکەوێ
یادی تۆ شیرنە دەنا بەیت و باو
ئەوڕۆ کالایە، نییە کەس بیەوێ
هەر مەبەست دواندنی تۆیە بە خەیاڵ
هێدی گەر گۆشەیەکی دینجی دەوێ