شیعر بڵێ

لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
 2 خولەک  833 بینین
ئەگەر شیعر دەڵێی، بۆ گەل دەڵێی، شیعری نەمر بڵێ
شیعری بەسۆز بڵێ، شیعری لەبار بڵێ، دڵگر بڵێ
ئەگەر زانیت شیعرت وەک بەهارێ تەڕ و تازە نییە
دەس دە قەڵەم، بۆ کوردستانی من شیعرێکی تر بڵێ
تەتەری بێ سنووری شیعرە بۆیە شاعیر لەسەریەتی
شیعر بۆ شێت بڵێ، بۆ ژیر بڵێ، بۆ کافر و گاور بڵێ
سۆفی بە شتێ، دەروێش بە شتێ، لۆتی بە شتێ هەڵدەپەرێ
تۆ شیعری تەڕ بڵێ، ویشک بڵێ، شیعری کزر بڵێ
لە داخی کێش و قافیە سینگت مەکە گرتووخانە
واژە حەپس مەکە، شیعر هەتا پشووی ئاخر بڵێ
ئەگەر لاپرەسەنی لاسار دەستی بە زاریدا گرتی
تۆش هەستە لێی وەخۆ کەوە، توندتر بڵێ، پتر بڵێ
لەهەر جێیە هێزی نەیار هاتن بە گژ کوردا بچن
دامەنوێنە، لە منت کەوێ، نەک هەر شیعر، ئاگر بڵێ
شیعرێک بڵێ کۆڕی ساردی هەژاران گەرم دابێنێ
شیعرت ئەگەر گوت، دۆست بڵێ، هەڤال بڵێ، هۆگر بڵێ
شیعر دەڵێی، چاکی بڵێ و بە کزەی بڵێ و هەر بە شیعر
گۆرانی بۆ گەورە، سروود بۆ مناڵی نۆور بڵێ
من شیعرێکم دەوێ سایەی وەک باڵی هوما پیرۆز بێ
شاعیرێکم دەوێ شیعر بە بەرزایی هەور بڵێ
تۆ شیری سەر ئاگر مەبە، وەک من لە شیعرا هەڵمەچۆ
شیعر دەلێی شیعری نەرم بڵێ، شیعری هێور بڵێ
شیعر تانکە، شیعر تۆپە، شیعر خەنجەرە، جەوهەرە
کۆن بوو بڵێ، نوێ بوو بڵێ، سپی بوو وەک بەفر بڵێ
«هێدیناسناوی ئەدەبی»‏ بەڵێنی دا شیعر یان نەڵێ یان ئەگەر گوتی
شیرن بڵێ، ناسک بڵێ، گەرم بڵێ: شیعر بڵێ