خەمی من
لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
2 خولەک
914 بینین
قەت وەک ئەوڕۆ وشە لە من یاغی نەبوون
هێند بە پەلە بەجێم دێڵن، تێک هەڵدەنگون
وەک پەپوولەی بێ پەردە و پەروا دەبینم
خاڵ و لێو و کوڵمە لە کوێن، لەوێ نیشتوون
لە دەس خەمێ من دەخزێمە سووچێک بەڵام
تا من ماتتر دەبم، ئەوان پتر دەبزوون
ڕۆژێ شیرن، ڕۆژێ تفت دەبن و ئاواش
لای بێ دڵان هەر وەک حەریری ئاوەژوون
هێندێ جاران لە گوێی یاران گوارەی زێڕن
لە هێندێ جێ، ئابڕووی شەڕخوازیان بردوون
گوڵن، بەڵام بۆنیان بۆ بێ هونەر نییە
دڕکن، کەچی قەت بەپێی زانادا نەچوون
ڕازی منیان زۆر لەلایە و نایدرکێنن
تۆ مەزانە بە دایک و باب پەروەردە بوون
وەک ئەوانیش چیرۆکی قارەمانی بن
خۆیان لەپێی لاوک و حەیرانێ خستوون
لە ڕووی ئەدیبانا دەبنە ماستی مەییو
لەلای گێژی چەقەسرۆ کەشکی ئاوەسوون
من هەر منەتباری ئەوەم لەو وشانە
جوانی نەبێ وەدوای هیچی تر نەکەوتوون
ئەوان گوتیان، پرچی یارت زەرد و لوولە
ئەو واژانەم من لە کەسی تر نەبیستوون
ئەوان گوتیان: یار لێوی وەک خونچە دەچێ
بەڵام لەو خونچانەی جارێ نەپشکوتوون
لالە دەڕوێ، شنە دەشنێ، بەهاریش دێ
دنیا خۆشە بۆ ئەوانەی خەم نەیکوشتوون
دەمدی نووسەر خەریکن پێی لێ هەڵدێنن
باش بوو ئازادی گەیشتێ و دەستی بەستوون!!
کورد هەر هات و بۆ ڕزگاری خۆی بە کوژ دا
کە ڕزگار بوو زیندووشی هەر کۆپیەی مردوون
ئاژاوەچی چۆن لەژێر تاوان دەردەچێ؟
گەلی کوردم یەکجێ لێ بە شاهید گرتوون
دەردی من و کۆمەڵ یەکن بێ شک بۆیە
هێدی ئەوڕۆ پێکەوە پیڵۆزی کردوون