کۆنەبرین
لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
1 خولەک
926 بینین
حەز دەکەم گۆشەیە بگرم، بەتەنێ بم، بەتەنێ
من بم و یادی تۆ، دێو و پەری دەستم نەکەنێ
من ئەگەر جارێ بڵێم بەژنی تۆ شووش و بەرزە
وە زمان دێ قەڵەمیش، هێندی تری پێوەدەنێ
چاوی تۆ تیری نیگای چەند هەیە با بیهاوێ
من بەڵێنت ئەدەمێ دڵ لەبەری ڕانەچەنێ
مەمی تۆ ناوی بڵاو بۆتەوە، ئەمما خۆیان
تازە خڕ بوون و زەمانێکی دەوێ تا دەگەنێ
بۆنی خۆش هەرچی بێ دەمکێشێ لەدوی خۆی، ئیتر
چ لە بن پەرچەمی تۆ بێ و چ سەری یاسەمەنێ
دەبێ حاڵی چ بێ ئاوێنه کە وا ئەو شۆخه
چاوی تێدەبڕێ ئەوەندە و لەگەڵی پێدەکەنێ!
گەر برین تازە بێ، قەت شەرته نەناڵم لەبەری
جا مەگەر کۆنەبرین بمکوژێ، بێنێ تەشەنێ
شێعری «هێدیناسناوی ئەدەبی» وەنەبێ شیرن و ناسک بێ، کەچی
تا لە لێوی تۆ دوا، هەر ئافەرینی دەکەنێ