لەرزی شیرن

لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
 2 خولەک  994 بینین
دەس بە زوڵفی ڕۆژێ هەر دەگرم، بەڵام جارێ زووە
چونکە پەیوەندی هەیە ژینم بە هەودای ئەو مووە
با سەر و ماڵم لە ڕێگەی خۆشەویستیدا بچێ
خاڵی تۆم دی و لەو شتە وردانە دەستم شوشتووە
یادی تۆ فرمێسکێ دێنێ، سووچی چاوی من نییە
ئەو دەزانێ ئاوی ئەو سەرچاوە بۆچی لێڵ بووە
نەبوە حاشا من لە تۆ بۆنی گوڵاوم کردبێ
بەس پەیامی بسکی تۆم ڕۆژێ لە سروە بیستووە
ڕێی ڕوانینێ بە کەس نادا، تەنانەت تیشکی خۆر
بۆ من ئەمما باشە جارێ، ڕێی خەیاڵی هێشتووە
ناسرەوێ وێنەی لەبەر شۆخی لە نێو ئاوێنەدا
بۆیە وا ئاوێنە چاوێکی بە دوو چاو کردووە
لێی دەنۆڕم هێند بە ئەسپایی، مژۆڵم تێنەگا
چونکە بۆ پەردەی نیگای من پەنجەیان تێک خستووە
من بە دڕکیش ئەوڕۆ گەر ڕازیم، لەبەر ناچارییە
هەرچی گوڵ بوو، وێژەوانی پێش مە پاکیان بردووە
گەر مچوڕکی شیعری پێدادێ خەمی شاعیر مەخۆ
شیرنی ئەو تەزوە نازانێ ئەوی نەیچێشتووە
ئەو جیهانەی ڕۆژێ بەرپێی گەوجە پیاوان ماچ دەکا
هەر خەیاڵە بۆ من و هەر تاسەیە و ئارەزووە
گەرچی دەردت زۆر بە «هێدیناسناوی ئەدەبی»دا، دڵی لێت نایەشێ
چون شەپۆلی بادە قەت پەیمانەکەی نەشکاندووە