دێوانە

لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
 2 خولەک  946 بینین
ئەوڕۆ سەرمایەی ژیانم دەفتەرێکی چڵکنە
چەند وشەی سادە، تەواوی سەروەت و ماڵی منە
تۆ کە خاوەن زێڕ و زێوی، ئێرەیی چم پێ دەبەی!
تۆ لە کۆشکێ پاڵدەوە، لە منیش گەڕێ لەو قوژبنە
شیری ئەزمانم بڕشتی زۆر لە پۆلا چاترە
جا چبوو گەر مێشکێ ویشکە، یان دڵێ وەک ئاسنە!
شەرتی ناڵەی دەردەداری و دوورە یاری، نەی نییە
من دڵم پێ شک دێ بۆ ناڵە لە سەد جێوە کونە
زۆر نیشانەی وای هەیە نابیندرێ دێوانەیی
بۆچی تۆ پێت وایە شێتی هەر وە کێوی کەوتنە؟!
خۆڵەمێشێ تا دەبینم دێ بە دەم زریانەوە
بیری لانەی خۆم دەکەم من لەو هەوار چۆڵ کردنە
من کە فرمێسکم لە سەد دەرد و بەڵای دی گرتەوە
بۆیە بوو بیڕێژمە بەر پێی ئەو گوڵە خوێن شیرنە
هەرچی ئارامی نەما دەیخاتە داوی کەزیەکەی
یانی چارەی ئەو ئەڤیندارانە موو نەپساندنە
سووچی ئەبرۆی هەر ئەوەندە من گوتم نەختێ کەجە
هەر فڕە و ڕاستەوخۆ بۆم دێ، هەر پلار هاویشتنە
وەرزی پاییز و بەهارێ سەر لە ئێخەت هەڵدەدەن
جا چ دەخوازی تۆ بەو ئاواڵە کردن و بەستنە
یادی ڕووی تۆم کرد و دەفتەر ئاگری تێبەر نەبوو
یاخوا خێر بێ خاڵی تۆ ئەوڕۆ دژی سووتاندنە
لێی بچێژە لێوی ساقی گەر لە ڕەنگی بادە بوو
«گۆ»ش لەسەر سینگی ئەگەر وەک کاڵە بەی چوو بیڕنە
قەت پەکی بۆ پێت و واژەی ناسک و تەڕ ناکەوێ
ئەو کەسەی گۆچی بە بەستە و شیعری بەرزی هێمنە
تا پەچە ڕووی دەگرێ، دنیای ڕوون لە من تاریک دەبێ
«هێدیناسناوی ئەدەبی» هەر چەندی‏ بڵێی بێزارە لەو مانگ گرتنە