پەرێشانی
لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
1 خولەک
1646 بینین
چارەی خەمی من مەی نییە، مەیخانە بڵێ چی؟
بەو دەردەوە مەی نامگرێ، پەیمانە بڵێ چی؟
پێم وا نییە لەو غەدرە لە فریام بکەوێ کەس
ئەو دۆست بوو وەفای بۆم نەبوو، بێگانە بڵێ چی؟
بسکت بدە دەس شانە، بەڵام چین مەخە ئەبرۆ
زولفی تۆ شنە تێکی دەدا، شانە بڵێ چی؟
هەر عاشقە سووچیشی نەبێ، دەیخەنە ئەستۆی
شەم ئاگری کردۆتەوە، پەروانە بڵێ چی؟
تاوانی منە دەربەدەری و دەردیسەری من
مەل خۆی سەری خۆی هەڵگرێ، هێلانە بڵێ چی؟
شێتی قەدی تۆ شەرتی لەگەڵ چۆڵ و چیا بوو
زانا بێ بە زنجیرەوە، دێوانە بڵێ چی؟
خاڵی تۆ بە پەرژین و خەیاڵ ناسک و سادە
بێچارە لەناو ئەو هەموو پاوانە بڵێ چی؟
چیرۆکی جوانی تۆ لەناو لاپەڕ و دێڕا
ناگونجێ، ئیتر نووسەری ئەفسانە بڵێ چی؟
تاسەی تۆ کە دامدەگرێ، دەڵێن: ئاخری خێر بێ
«هێدیناسناوی ئەدەبی» لەگەڵ ئەو کۆنە برینانە بڵێ چی؟