تاسە

لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
 1 خولەک  956 بینین
تا بڵێی ئەو شۆخە نازی زۆرە، ئەمما بۆی هەیە
دوێنێ تاسەی کەی بوو، دەوری شیرنی ئەوڕۆی هەیە
پەیکەری وی مەڕمەڕە، کەحلانی وی ئەستۆ بلوور
بەژنی وی تووڵی تەڕە، نارنجی دەستەممۆی هەیە
هەر لە مەستی چاوی فیتنە ڕەنگە بەرپا بێ، دەنا
خاڵی بێ سووچە و لە سووچی لێوی جێگای خۆی هەیە
کۆسپی دڕکیش ڕێ لە هەست و سۆزی بولبول ناگرێ
بۆیە وەختی گوڵ لە دەوری هێندە هاتوچۆی هەیە
خاڵ لە سەر گۆنەی دەسووتێ و هەر وە ڕووی خۆی نایەنێ
بێ سەبەب کەس خۆی لە ئاگر ناوێ، دیارە هۆی هەیە
نەک بڵێێ هەر ڕۆژ لە هەوری کەزیەکانیدا ونە
مانگی ڕووشی تا لە ئێخەی دێتەدەر، ئاسۆی هەیە
ئەو دیار بێ لێم، ئەمن سەیری بەهارم هەر نەویست
سونبولی بسکی هەزار بەندەی وەکوو شەوبۆی هەیە
گەرچی ئێش و ژانی ئامانی نییە تیغی برۆی
تیری برژانگی بەقەد هەردووک برۆکە سۆی هەیە
پرچی جیرانی هەتاوە، ڕەنگی زێڕی گرتووە
ئێستە کۆی زێڕی لەسەر شان و لە سینە گۆی هەیە
سەیرە چۆن بێچارە شێت نابێ، وە کێوی ناکەوێ
«هێدیناسناوی ئەدەبی» هێندە ئارەزووی ماچێکی لێوی تۆی هەیە