گاڵتەی جێژن

غەزەلی عیشقی
لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
 2 خولەک  1217 بینین
جۆگەلەی خوێنە لەناو دیدەیی گریانمدا
زۆر لەمێژە نییە هیچ «عانە» لە گیرفانمدا
هەر دەڵێی جەرگی منە لەت لەت و سوور و کون کون
ئەو تەماتەی هەڵی خست «مێرێ» لە سەربانمدا
جگەرەی ڕۆزمەن ئەڵێن زۆرە بەڵام من نەمدی
غەیری ئەو ڕۆژە لەناو باخەڵی میوانمدا
تۆ کە جووجەی وەرە ناو کاولی مەعدەم چ دەکەی
لە سەرانگوێلک و تەویلە و لەبن هەیوانمدا
سەرم ئەسلەع بووە هەر چەشنی کدو و ئێستە نییە
دانەیەک ئەسپێ لەناو زولفی پەرێشانمدا
دوێنێ شەو هیچ نەبوو بیخۆم و لە داخان نووستم
لە خەوا دیم «تەڕە پیواز»ە لەنێو نانمدا
من کە دەمگوت نییە شۆخێک کە دڵم بڕفێنێ
گۆشت بزن هات و بە جارێک سەر و سامانم دا
دۆستەکەم هات و گوتی ئێستە وڵات چۆلە وەرە
کە دەچم ماکەری «موختار»ە لە جێژوانمدا
من لەلام وابوو کە هەر گیپەیە ڕێی چارە کەچی
ساوەریش چەشنی مەسیحایە لە دەرمانمدا
هێندە بێ گۆشتم و تامەزرۆ هەزار جارم کرد
فکری ئەو تۆزە چەقاڵتەی کە لە نێو ڕانمدا
چا بوو زووم زانی زگی هەڵنەدڕیم کاک ....
دەنکە مێوژێکی ڕەشی دیبوو لە «جزدان» مدا
ڕانک و چۆغە شڕەکەی من کە بە سووری هاوین
لەرز و تام لێیە ئەبێ چۆن بێ لە زستانمدا؟
هەموو کەس دەردی هەیە کاکە بەڵام دەردی من
هەر گرانتر دەبێ وەک گوێلکێ لە پزدانمدا
دەنگی ڕیخۆڵەمە شمشاڵ لە زگمدا چ دەکا؟
ئەوە سازێکە لەناو بەزمی فەقیرانمدا
شیعرەکانم مەبە کاکە نەکوو ڕۆژێک لەنەکاو
تۆش بدەی کەوڵی خەزوو و تورمە بەسەر شانمدا
جێژنەیە و بۆنی کەباب دێ لە هەموو لایە منیش
هەر کوڵۆی خوێیە کە قرچەی دێ لە قەلیانمدا
مام عەلی خۆش بی ئەتۆ و دەرد و بەڵات هەر چی هەیە
با لە نانی ڕەق و چای شیرنی بەیانانم دا