مەلا
لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
1 خولەک
1090 بینین
بەهارە و سوورەگوڵ دایان گەمارۆ
هەڵاڵە و نەستەرەن شین بوون لە ئاسۆ
وەکوو دەشتی خوتەن خەمڵێوە سەحرا
لەبەر نازی شەقایق، عەتری شەوبۆ
سەفای ئەو کاتە گەرچی ئاشکرایە
بەڵام تامی نییە بۆ من بەبێ تۆ
شەوی دیکە مەلایەک هاتە ئێرە
کە قوبان حەز دەکەم من بێمە لای تۆ
لە جێگای خۆم بەراتم سەد تەغارە
فەقێشم هەر بووە تا هەشت و تا نۆ
هەموو ساڵێش لە گوندی داویانمێ
مەڕ و مانگا و بزن بۆ ماست و بۆ دۆ
بە ئاغای گوت مەبەستی خۆی کەم و زۆر
ئەویش گوێی دایە ئارام و لەسەرخۆ
لە پاشان پێی گوت ئاغا وا دیارە
کە ڕۆیین بۆ مەلایان بۆتە ئاهۆ
کە نیتە ناتەواوی و ناگوزیری
ئەدی بۆچی دەڕۆی ئاخر مەلا بۆ
تەواوی ژینی تۆ هەر هاتوچۆیە
لە هەردووک لاوە بوویە ڕایەڵ و پۆ
نەما جێیەک کە تۆ سەدجار نەچووبی
گەورک و مەنگوڕ و پیران و ئاکۆ
هەقی نوێژێ لە ڕووتی وا ئەسێنی
کە ئاگری پێوەنێی لێی نایە بۆسۆ
بەراتی چاک و قەدر و حورمەتی زۆر
بڕۆ شوکرێ بکە دانیشە بیخۆ
مەلا ڕۆیشت و بریا هەر نەبایەن
مەلای واو شاعیری وەک من چەقەسرۆ