فەوزیە

لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
 4 خولەک  1529 بینین
وەرە سەر دەر کە وەکوو مانگ لە سوێ
گوڵەکەم تاوێ لەگەڵ من بدوێ
وا لە ڕێتا سەری سەرگەردانم
چاو بە گریانەوە لێت دەڕوانم
گیان پەپولێکە لە دەور و بەری تۆ
وا گڕی گرتوە لە سایەی سەری تۆ
دڵ بە ئاواتەوە هەر دێتەوە لات
سەری داناوە لە ڕێی هات و نەهات
وەره سەیری من و ڕەنگی زەردم
دەردی دووریت و هەناسەی سەردم
لێک دەکەن ڕۆژی من و پرچی ڕەشت 
ڕەنگی فرمێسکی من و کوڵمی گەشت
زەردە زۆر کەوت و بەیان زۆر ئەنگوت
بە هەناسەی شنە گوڵ زۆر پشکوت
چاوی من هەرچی دە ڕووی تۆ ڕاما
لێوەکەت پێ نەکەنی و هەر وا ما
جووتێ لیمۆ کە لەسەر سینگی تۆن
ویست و دڵخوازی منی تامەزرۆن
چ بڵێم چەندە سرووشت ئارەقی ڕشت
تا وەها جووتێ مەمی تۆی داڕشت
تەمەنت گەیوەتە چاردە بە خەیاڵ
تازە زەرد هەڵ دەگەڕێ لیمۆی کاڵ
شەم لەناو پەردەوە کز دەنوێنێ
مەم لەبن ئێخەوە دڵ دەڕفێنێ
جووتێ گۆی زێڕە بە چەند مانگ و ساڵ
خڕی هەڵداوە لەسەر زێوی قاڵ
سینگ و مەم تۆ بڵێ نەک زێڕ و زێو
زێڕ و زێو کەی بووە وا نیشە بزێو
بە دەم ئەو گۆیەوە دەنکێ یاقوت
بەسەری لالەوە ما ئاگری ڕووت
بە کزەی باوە کە لیمۆ دەوەرێ
مەمی تۆ هەر بە هەناسێک دەلەرێ
ئەی مەهاباد ئەتۆ جێی شانازی
پێی گەیاند باوەشی گەرمت قازی
کۆرپەکانی تۆ لە خان و سەردار
بە سەری بەرزەوە چوونە سەر دار
نییە ژین نرخی لە پێناوی تۆ
سەر بچێ و بەرزەوە بێ ناوی تۆ
بەرزە جێت تۆ سەری کوردستانی
لانی کار مامزی، جێی شێرانی
دیمەنت چەشنێ دەبزوێنێ ئەوین
گاڵتە بۆ کیژ و کوڕی تۆن مەم و زین
کوڕ و کاڵی تۆ هەموو شۆخ و شەنگ
کیژی چاومەست و خڕ و نێوقەد تەنگ
گەڕەکێکت هەیە، مزگەوتی سوور
ڕوح لەسەر وێ دەگەڕێ دووراودوور
دەرک و بەر پەنجەرە، ژوور و هەیوان
حەوش و کۆڵان و قولینچک و سەربان
سەر شەقام و چەم و پرد و ڕێ باز
پڕ لە پشتین شلی نەشمیل و بەناز
گوڵی لێ شین بووە هەرچی دەتەوێ
غەڵفی هێناوە تەڕ و شلک و نوێ
ڕۆژ درەنگانێ دەمەو ئێواوە
کیژ و کاڵ دێنە سەر ئەو ڕووبارە
گۆزە ئاو هەڵدەگرن بازنە لە قۆڵ
چەتری سەر کوڵمەیە بڕژانگ و مژۆڵ
هەر گوڵینگی شەدە زۆر پڕکارە
دەلەرێ و دەستڕێ ژەنگی گوارە
نایەڵێ خشڵی سەری هەڵگرێ ژەنگ
زەردە دەرکەوت و تروسکەی دێ پەرەنگ
دڵنیا نین لە زمانی بە درۆ
پێکەوە دێنه زمان چاو و برۆ
مانگەشەو هات و لە دەرک و بانان
کۆڕی دڵداری دەبەستن جوانان
بسکەکانیان بە پشووی با دەشەتێ
بۆنی خۆشی بە هەوادا دەڕەتێ
دڵ دەلەرزێنێ شەوانی شەوەزەنگ
دەنگی بەرمووری کچی شۆخ و شەنگ
نییە جێیەک وەکوو ئەو شارە لەلام
هەر چی تێیدایە لەلام جوانە بەڵام
گوڵی وەک تۆی نییە پاک و ڕووسوور
لالەی و کەوتییە ناو ماڵی بلوور
فەوزیە تاقە گوڵی ناو شاری
پەیکەری جوانی ئەتۆ و گیانداری
نوێژگە گەرچی لە پەنای ماڵەکەتە
حەج بەڵام دەور و بەری خاڵەکەتە
دەی شەماڵ تۆش وەرە خەمخۆری کۆن
زۆری وەک من بە تەمای هاتنی تۆن
بگە فریای دڵی پڕ لە خوێنم
دەگرێم ڕێم نییە بیشیدوێنم
بچۆ لای و بڵێ بەو دەم قەندە
ئاگرت کردەوە لەو مەڵبەندە
هەر لە ڕۆژی هەوەڵی دەربەدەریم
عیشقی تۆش هۆیەکە بۆ کوێرەوەریم
بە هەوای تۆوەیە دێ خورپە لە دڵ
دڵ هەر ئی تۆیە هەتا دەیخەنە گڵ
ئەو دەمەم خۆشە کە تۆش لەولاوە
کەزیەکانت بدەیە دەم باوە
با پەرێشانی بکا وەک دڵەکەم
هەڵمژم لێرەوە بۆنی گوڵەکەم
ئەی مەهاباد بە خوام ئەسپاردی
لێرە دڵ سارد بوو منیش بۆم ناردی
هاتەوە باوەشی گەرموگوڕی تۆ
هەڵوەدای ئاو و گلی تۆن کوڕی تۆ
هەر چی هەی تۆ گوڵی یان گوڵدانی
ئاوەدان بی، وەتەنی کوردانی