پیتی «ل»
لە کتێبی:
چەپکێ لە گوڵاڵەسوورەی شارەزوور
بەرهەمی:
عەلی شارەزووری (1930-1982)
4 خولەک
1096 بینین
لا کە بەم لاوە بینم جەبینت
لەسەر کام دینی، بێمە سەر دینت!
***
لا کە بەم لاوە بینم زڵفانت
با گیانی شیرین کەمە قوربانت
***
لا کە بەم لاوە، وە لالووتەوە
ڕەشمارێ بدا وە خەسووتەوە
***
لایەک بکەرۆ خوای خۆت بناسە
بڕوانە دڵەکەم چەنێ کەساسە
***
لایەلایەکەت پیر مناڵ ئەکا
شێخ لە شەریعەت دین بەتاڵ ئەکا
***
لایێ بکەرۆ، وە ڕووی قینەوە
ڕەسمێکەت بگرم وە جلی شینەوە!
***
لایێ بکەرۆ، وە لای ڕاسەدا
لاشە وەک بلوور لە کراسەدا
***
لایەلایەکەت وە یاسینم وێ
سینەکەت میحراج ڕێگەی دینم وێ
***
لە ئێوارەوە ترش و زاخمە
کەڵکەڵەی وە گەرم پای لەیلاخمە
***
لە ئێوارەوە گریان مەیلمە
یەکجار ئارەزووی دووریی لەیلمە
***
لەبنی کەپر و سەبایە
دەنگی کێ لام خەمبایە
***
لەبیرت نایێ شەوەکەی سەرجۆ
تکا و لاڵەی من، مەکە و لاوەی تۆ؟!
***
لەبیرت نایێ شەوەکە هاتمە لات
لامدا لێفەکەت پام کێشا وە پات؟!
***
لەپڕا پیریم لێوە دەرکەوت
بەختی ڕەشیش هات وە لایوە خەوت
فتیلەی عومرم داویەتە کزی
ئاها نابینی ئەویش لێی خەوت؟!
***
لەتاو بێوەژن ئەچم بۆ شاران
ئەنیشتە شوێنم وەک ئاگرباران!
***
لەتاو بێوەژن ئەچمە سەر دارێ
وە بەردەفڕکێ ئەمهێننە خوارێ
***
لەتاو بێوەژن ئەچمە کونەوە
چرا هەڵئەگرن ئەمدۆزنەوە!
***
لە چۆڵی ئاسیاو، ئاسیاو پەیانپەی
ئاسیاو خاڵییەن، نۆرەتەن سادەی
***
لە خوام گەرەکە بەندت زنجیر بێ
لە جوان بەش بڕاو، ئاوتووشەت پیر بێ!
***
لە خوام گەرەکە وە گوڵە ژاڵە بی
دایمە لە سنعی چواردە ساڵە بی
***
لە دوورۆ هاتی وامزانی ژنی
نەمزانی «...» دەم «...» بزنی!
***
لە دوورۆ هاتی وامزانی قۆزی
مل وەک مەسینە، لووت وەک ترۆزی!
***
لە دووریی باڵات دڵپەرێشانم
دەست لە ملم کە، دەردت لە گیانم!
***
لە دووریی باڵات ماڵم وێرانە
ماچی دەمەکەت بۆ من دەرمانە!
***
لە دووریی باڵات من دڵ غەمبارم
بۆ ڕەحمێ ناکەی وە دڵەی زامارم؟!
***
لەرزانەکانت لەرزم لێ تێرێ
ئاخۆ خواکەی من چیت بەسەر بێرێ؟!
***
لەرزانەکانت هەر لایێ نۆیە
ئەم قوڕپێوانەم گشتی بۆ تۆیە
***
لەرەلەرێ تێ، لەرەی کێتانە
لەرەی پەلک شۆڕ کراس کەتانە!
***
لەسەر ئەو پردە مەڕۆ، دارەکانی ڕزیوە
کراسی جەلسەت بۆ ئەکەم، لەسەر سمتت خزیوە!
***
لەسەر سینەت نووسراوە! ئەلف و لام و میم و جیم
سینەت مەدرەسەی بەغدا! لێی دەردەچێ موعەلیم!
***
لەسەر قەولەکەت، بۆ دڵ غەمباری
خۆت قەولت دا پێم، بۆ لێم بێزاری؟
***
لەسەر قەولەکەت، دوێشەو نەخەوتم
هاتمە دەر ماڵتان، دزەودز کەوتم
***
لەگەڵ تۆمە کراس کەوێ
قەت شوو نەکەی سەربەهەوێ!
***
لە ملەکەی لای ماڵ سەرم بردە دیار
ئۆخەی نەمردم چاوم کەو بە یار
***
لە من ماڵی زۆر لە تۆ جوانی
پێکەوە بڕۆین بۆ سلێمانی!
***
لەنجەم بۆ بکە بەوێنەی سۆنە
من بێوەفا نیم مەیلەکەت کۆنە!
***
لووتەوانەکەت، لووت لەرانەوە
زامی کۆنە و نوێت، گشت کولانەوە!
***
لووتەوانەکەت، ساقی خڕنووکە
هێجووکەرەکەت، خەڵکی کەرکووکە!
***
لووتەوانەکەت هەڵمژم وە دەم
هەر کەس ئەمکوژێ، جار وە جەهەننەم!
***
لەیرە مەمکوژە، چۆڵ و پەژمەتە
بمبە لای خۆتان مەرگم عەزرەتە!
***
لە هەناسەی من بەرد ئەتاوێتۆ
گاوری سەر کێوان بۆی ئەلاوێتۆ
***
لێت موبارەک بێ ئەو کراسە سوورە
دڵەکەم بۆ دڵەکەت کڵپەی تەنوورە!