پیتی «م»

لە کتێبی:
چەپکێ لە گوڵاڵەسوورەی شارەزوور
بەرهەمی:
عەلی شارەزووری (1930-1982)
 4 خولەک  1159 بینین
ماچێ کەرەم کە لە لێوی سوورت
با سامم بشکێ بێمە حوزورت!
***
ماچێکم کردووە لە کچەکەی «گوڵناز»
ترش بوو وەک هەنار مزر وەک ڕێواس!
***
مارێ پێتۆ دا ژێرچەنەی سوور بێ
قەورت لە قەوری بێوەژن دوور بێ!
***
ماسی لە دەریا خوراکی ئاوە
ماچی کۆرپەکچ پەنێری خاوە
***
ماڵت کاول بێ وەک ماڵەکەی من
بۆ ڕەحمێ ناکەی بە حاڵەکەی من؟!
***
ماڵمان ئەمبەرەوبەرە
کێ منی کوشت، ئەو دڵبەرە
بە دەم جوێنم پێ ئەدا
بە چاویش ئەڵێ: وەرە!
***
ماڵمان باری کرد لە «دەرەڕا»وە
چاوی فرمێسکین، دڵ وە دواوە
***
ماڵمان بەرامبەر ماڵی دایەتە
شەو گوێم لە دەنگی لایەلایەتە
***
ماڵمان ماڵاوسێ چیخێکمان بەینە
بۆچ من نەمزانی لەم کەینوبەینە؟!
***
ماڵم بۆچییە، با بیبا تاڵان
زوڵفی تۆ خۆش بێ، ئامێتەی خاڵان
***
ماڵی باوکەکەت بووڕم وە هەڕە
قەوڵت وە کێ دا و کێت کرد دەسخەڕە؟!
***
ماڵی باوکەکەت ڕووەو تریفە
ماچێکمان بەرێ، کچەکەی خەلیفە!
***
ماڵی باوکەکەت، کەوتنە گفتوگۆ
تاکوو تێکیدەن بەینی من و تۆ
***
ماڵی باوکەکەت وە چەپکێ سنگ بێ
هەر لە هەوارێ، یەکێکیان گوم بێ
***
ماڵی باوکەکەت وە قوڕ بگیرێ
بووە بە «...» بۆ من ناگیرێ!
***
ماڵەکەی دنیام گەنجی نیانی
هەمووی بە قوربان مەستیی چاوانی
***
ماڵیان باری کرد کەس نەیگێڕانۆ
خۆم چوومە ڕێیان دڵخۆشیم دانۆ
***
مانگەشەو خۆشە، شەو لەسەر ماڵان
دۆستی خاست بێ، دەم لەسەر خاڵان
***
مانگەشەو خۆشە، گا وە بارەوە
یەقەی کچ وە دەس هەرزەکارەوە!
***
مانوو نەبی ئەی ڕێبوار
خوا خۆشت کا ئەی جووتیار!
بارەکەت چییە؟ هەنار
چۆنی ئەدەی؟ یەک و چوار
سەربەسەر ئەیدەم بە تۆ
ئەویش لەبەر خاتری یار!
***
ماوەی حەو ڕۆژە نەمدیوی بە چەم
دنیام لێ بووە بە تاریکی و تەم
***
مایین وە ڕەشۆ، کچ وە لەرزانە
کوڕ وە فیشەک لەق، کامیان زۆر جوانە؟
***
مشتووی داسەکەت بگرم وە قەران
مەڵۆی پێ بکەی لە دەشت «وشتەپان»
***
ملوێنکی ملت دەنکە زەڕاتە
دەزگیرانەکەت کچە خەڕاتە!
***
ملوێنکی ملت شۆڕ بووەتە خوارێ
کەوتۆتە بەینی دوو گوڵ هەنارێ
***
من و باوەقوش هەر قووقوومانە
من بۆ یاری جوان، ئەو بۆ هێلانە
***
من و قەلەڕەش کردمانە گرەو
بەختی من ڕەشتر لەسەر باڵی ئەو
***
مەڕوانە ڕەنگم، ڕەنگم هەر واسە
بڕوانە دڵەکەم، یەژی پەڵاسە
***
مەشکەی گەرمەکێز کەوتە نیوەڕۆ
دەستی هەڵتەکان: سەڵتە ڕەش مەڕۆ!
***
مەغمەڵێ هاتووە، سەرتۆپی سوورە
بۆ کێی بسێنم، چاوگەلم کوورە!
***
مەلا مەیبڕە، مارەی نابەدڵ
دەس و قەڵەمت بچێتە ژێر گڵ
***
مەلا نەماوە بگرم بەرەکی
ئاخۆ چارەنووس بۆ کێی گەرەکی؟
***
مەلای مارەبڕ ئیمانی نییە
ناپرسێ: ڕۆڵە، دڵخوازت کێیە؟!
***
مەمکە دۆدانە، دۆی تیا ترشاوە
سینەت ساجەکەل، جۆی تیا برژاوە!
***
مەمکە خڕەکەی لە دەست ڕائەکا
پیریش وەکوو جوان بۆی سەما ئەکا!
***
مەمکت سوورەسێو پێی «بالیکەدەر»
حەقمان بسێنێ خوای بانی سەر
***
مەگری مەگری بەو چاوانە
بۆت ئەسێنم لووتەوانە
***
مەواچە دوورەن، دووری بێ مەیلەن
وە دووریت قەسەم دەروونم کەیلەن!
***
مەیتم ببەستن وە تووڵی لەولاو
شینم بۆ بکەن ئامین و حەلاو!
***
میوانی ڕۆژم مەمخەرە شەوێ
بمخەیتە شەوێ باخەڵمت ئەوێ!
***
مێزەر شلومل شل پێچاتەوە
ڕیشەی دڵەکەم تۆ کێشاتەوە!
***
مێکوتی داربەڕوو، تێڵای دارەوەن
لەیلا باری کرد بۆ «دۆڵاشەکۆن»!
***
مێ وە قاڕەقاڕ، بەرخ وە باوەڵی
کچ وە خەمزەوناز کوڕ وە جایەڵی
***
مێ ڕەشم ڕەشتووە، وە گڵە وەرانە
خۆی ئەتەکێنێ لەو دواخێڵانە