پیتی «گ»
لە کتێبی:
چەپکێ لە گوڵاڵەسوورەی شارەزوور
بەرهەمی:
عەلی شارەزووری (1930-1982)
2 خولەک
853 بینین
گاور گیرۆدەی دەردی دڵ نەبێ
هەزار ماجەرای لێ حاسڵ نەبێ
***
گردی «شێخ فەتاح» بەردبژار ئەکەم
لەبەر خاتری تاقە یارەکەم!
***
گوڵان دەر نەچێ بە وێنەی ساڵان
تیپ نەدەن جە دەور خەیمەی گوڵاڵان
زەمین سەربەست بی، دەرنەکەی گیا
وینەی دڵەکەی من سفت بی سیا
چونکە دڵەکەی من نیشت وە سای خەمناک
یاخوا هیچ گوڵێ دەر نەیەت جە خاک!
***
گوڵاڵەسوورەی کەژی «پاشاڕێ»
بۆ جوان ئەگەڕیام، پیرم هاتە ڕێ
***
گوڵەکەم حاجی «مریەم» بۆ حەجێ کردت
تەرکی دڵداری تۆ بە من کردت!
***
گوڵ گوڵی مەغمەڵ بانی شانەکەی
تاریکیی حەمام، سپیی ڕانەکەی!
***
گوڵۆپم دانا، فانۆزم دوو دوو
عەشقی کچێکم ها لە «کانی توو»!
***
گۆزەی هەڵگرت بۆ ئاوێ
بۆ سەر کانی و زەلکاوێ
ئەو دایکەی شیری داوە
بە قەد منی خۆش ناوێ!
***
گۆرانیی ئەڵێم وە دڵی خەمین
پشکەشی ئەکەم بە باڵای ئامین!
***
گەردن زەرد و لامل زەرد
گەردنی زەردت هەر واسە
ئەو ملوێنکە لە ملتا
بەین بەینی مورگی خاسە!
***
گەردن کەلەی قەن، لێوت گوڵباخی
چاوت «قەدەم خەیر» لە ئێران یاخی
***
گەرمیی گەرمیان ساردیی پای کەلان
لە چریکەی گیاکەن، شەو باکەی «زەلان»
***
گەرمیی گەرمیان، ساردیی دەشتی وڕ
هات هاتی جەیران، نشینگەی کەڵوڕ
***
گەنم گوڵی کرد، جۆ ڕنایەوە
بەینی من و تۆ نەبڕایەوە