پیتی «ک»

لە کتێبی:
چەپکێ لە گوڵاڵەسوورەی شارەزوور
بەرهەمی:
عەلی شارەزووری (1930-1982)
 6 خولەک  1196 بینین
کاشکی ڕۆی ئەزەڵ نەبوای بە دۆستم
نەبوایتە شەیتان نەچوایتە پۆستم!
***
کانییەکەی بەر ماڵ، ئاوەکەی لێڵە
عەیبێکی هەیە: چاوێکی خێلە!
***
کانییەکەی بەر ماڵ، چۆڕەچۆڕیەسی
مەمکی ئەو کچە ڕاوە پۆڕیەسی!
***
کانییەکەی بەر ماڵ، زیخ دانە دانە
یارم دانیشتووە، زڵف ئەکا شانە
***
کانییەکەی بەر ماڵ، قەوزە گرتوویە
جوانییەکەی عالەم یارم بردوویە!
***
کانییەکەی بەر ماڵ، کانیی ژنانە
جێگە سەیرانگای هەرزەکارانە
***
کانییەکەی بەر ماڵ، گەرمە وەک مەڵهەم
بشۆ دەموچاو، دایبێرە پەرچەم
***
کاغەز ئەنووسم بە قەڵەمی ڕەش
لێت موبارەک بێ شووەکەی «تەپەڕەش» !
***
کاغەز ئەنووسم لە توێکڵە پیازێ
ئەینێرم بۆ یار لە «گردەنازێ»!
***
کافر هەی کافر، زاڵم هەی زاڵم
دەردەداری تۆم، تا کەی بناڵم؟!
***
کراسەکەت تەنک مەیدە لە دیوار
دڵ هەر یەکێکە، مەیدە بە هەزار
***
کراسەکەت چیتی دووبەر
مێردت کرد خاکت بە سەر؟!
***
کراسەکەت دڕیا، بۆ کراسێ ناکەی؟
مێردەکەت گولە، بۆ حاشا ناکەی؟!
***
کراسەکەت دڕیا، مەمکت کەوتە دەر
وە ڕۆژە ڕۆژە ساڵت بردە سەر
***
کراسەکەت «نازناز» گشت گیانت دیارە
ئێستە مەمکوژە، بمخە ئێوارە!
***
کراسەکەی بەرت، تەختەکەی ڕەشە
ژندار و بێ ژن بۆ تۆ نەخۆشە!
***
کراسەکەی بەرت چیتی «قەنەوز»
شەوێ تێم بۆ لات، نەمانکەی وە دز!
***
کراسەکەی بەری دەرزیشکێنە
ئەگەر نایناسی، چاو هەڵتەکێنە!
***
کراسەکەی بەری گوڵ دانە دانە
منی کوشتووە، لە دێی خۆمانە!
***
کراسەکەی بەری نەرم و تەنکە
مەمکی خڕ کردووە، تۆ دەستی لێ کە!
***
کراسەکەی بەری «هانی هانی»یە
دایمەودەرهەم لە ڕێی کانییە!
***
کراسەکەی تەنک ژێرکراس دیارە
سەدی کوشتووە، دووسەد زامارە!
***
کراسەکەی ڕەشە، سوخمەکەی کەوە
شەوقی بڕیوە لەو مانگەشەوە!
***
کراسێکت بۆ بکەم کەس نەکەردە بۆ
تەنک و بێ گیان، شەماڵ بەردە بۆ
***
کراسێکت بۆ بکەم، گەزی دینارێ!
تۆیان بە کێ دا، بەردی لێ بارێ؟!
***
کراسێکی لەبەردایە، کەس نازانێ چ ڕەنگە
ئەمن لە دایکیم پرسی، ئەیوت: کاری فەرەنگە!
***
کردمە بەرزی، بسۆی دیارە
کردم تەماشای عێلی «غەوارە»
***
کردووتە بەر «شیرداخ»ی شڕ
وا لە ژێریا دوو لیمۆی خڕ
خوا دایناون بۆ دەستی کوڕ!
***
کردوویە بەری کراسێکی تازە
منی کوشتووە، ئەو بێمەجازە!
***
کردووتە عادەت لە هەیوان نیشتن
چاوت کرد بە تیر؛ بۆ ڕێبوار کوشتن!
***
کزەکز مەکە؛ ئەکزێمەوە
وەک مارانگەستە ئەڕزێمەوە!
***
کزەکز مەکە، کزەت لە گیانم
کزەکەت مەڵهەم لە ڕووی زامانم!
***
کزەی من نییە، کزەی کەبابە
بۆ لە ڕاستی من بوویتە ئەسحابە؟!
***
کزەم لە نووزەی هەتیو بەترە
دڵەکەم لە دڵی لەیل سیاترە
ماچی دەمەکەت کەلەی شەککەرە
***
کڵاشی پەڕۆیین وە سێتە چنیاو
زڵفی کەمێڵین هەرگیز نەشۆریاو!
***
کڵاو زەڕەکەت بخە وە بەرا
هەتاکوو پاییز عێل تێ لە سەرا
***
کلکەی «شێخ لەنگەر» تۆی «بەکربایەوە»
دوختەرێ هاتووە، شەخسێ عەجایەو!...
***
کوڵە پۆیلەکەت تانەی سەر چاوم
مننەتیش نەبەی شەو لە لات ناوم!
***
کوڵە پۆیلەکەت کرد وە چەپەروەن
وەی کەڵ ئەڕوانی لە پایینی دەروەن
***
کۆرپە! پرسیارێ عەیبوعار نییە
ئەمساڵ مەیلەکەت وەکوو پار نییە
***
کەپرێکت بۆ بکەم لە «گیاکڵانە»
ساقی «وەلکەمر» ڕەشەڕەیحانە
***
کەپرێکت بۆ بکەم لە نۆ کۆڵەکە
بەری ئاوێنە پشتی مەفرەقە!
***
کەڵکوژ! کەڵ مەکوژ، کەڵ وا لە زاخە
کەڵ و ساحێب کەڵ بەرزەدەماخی
***
کەلگەل گیراوە، ڕێگام نییە بێم
بخوڕە بەلەمچی ئاگر چووە لێم!
***
کەم بێ و کەم بچۆ بە گوێی پاسارت
کوانێ ئیشارەت سەر گوێی حەسارت؟!
***
کەم بێ و کەم بچۆ، کەم بکە لارە
خۆتت دا لە پەت، من لە قەنارە
***
کەم بی و کەم بچۆ، کەم خۆت بنوێنە
کەم تانەی عالەم بە سەرم بێنە!
***
کەم بێ و کەم بچۆ کەم بدە عەزێتم
هەم دینم سووتا، هەم قەیامەتم!
***
کەم بکە بانەوبان، کەم بکە تەماشا
دایکی حەو کوڕ بم، بۆت ئەکەم حاشا!
***
«کەمەرە» و «لوولە» و «هەیاسە»
گشتی بۆ عاسە خاسە!
***
کەنیشکە! چیت ئەوێ بچکۆلەی دوێنێ شەوێ
قۆڵت بکە بە سەرین بە جووت خەومان لێ کەوێ!
***
کەنیشکە! کاڵەکەم هەناری سەر تاڵەکەم
گێسکێ نەزری ئەڵڵا بێ ئیمشەو بێیتە ماڵەکەم
***
کەنیشکە کوردەی ماڵ لە نۆهەوار
ماچێکم بدەرێ، گاکەت بۆ بکەم بار
قۆڕەم دا لە گا دوور لە ساحێو بار
پشتی حەو برات بۆ ناکەمە خوار
***
کەنیشکە مەڕۆ، وا من لە دواتم
ناوت نازانم، عەشقی باڵاتم
***
کەوا شیرداخ، پەنجە پەنجە
هەر ماچێکت بە سەد گەنجە!
***
کەو بووم کەو بووم لە کەوباڕێ
چینەم ئەکرد لە گوێ جاڕێ
***
کەوتۆتە بەینمان حەو کێوی شین شین
لە یەکیان کردین کافر و بێ دین
***
کەوی کاسە سم زەویی وەسم دڕ
لە شمقاڕ تیژتر ئاهوو لە گەل بڕ