پیتی «س»
لە کتێبی:
چەپکێ لە گوڵاڵەسوورەی شارەزوور
بەرهەمی:
عەلی شارەزووری (1930-1982)
4 خولەک
1390 بینین
ساڵەکەی ئەمساڵ وە ژەهری مار بێ
هەمووی بە قوربان ساڵەکەی پار بێ
***
سڵاوت لێ بێ، عەلێکم بەرۆ
بەم نیوەشەوە، خەبەر ببەرۆ
***
سکەم سپیی کرد قامەتم چەمی
ئەویش لە داخی هاوچەشمان کەمی
***
سووتام و برژام بووم بە کۆی نوورە
بووم بە ئاسنگەر دەرچووم لە کوورە
***
سۆفیی ساحێب ڕادوێنم
جوولەکەی تەوراتخۆینم
نانی شەوێکم نەبێ
ئاهدم کردووە ئەتهێنم!
***
سەدای لایەلایەکەت نایێ لە گۆشم
یان تۆ کەممەیلی یان من خامۆشم!
***
سەد تووڵم لێدەن وە تووڵی ژاڵە
دەست هەڵناگرم لەو خەتوخاڵە
***
سەد سڵاو لە خۆت دووسەد لە زەینت
سێسەد لە باوکت بۆ بەقا و بەینت!
***
سەد سۆفیی بەرماڵ وە شان
هاتن و ڕیشیان ڕاوەشان
بە قوربانی باڵات بێ
سەد سۆفیی بەرماڵ لە شان!
***
سەرم چەرموو بوو، ڕیشم تانوپۆ
تاکەی دانیشم لەسای قەوڵی تۆ؟
***
سەر بۆ سەربڕین ماڵ بۆ جەریمە
ئەگەر تۆیش نەبی، خودا کەریمە
***
سەر کەلان تەمین پای کەلان زەبوون
سەر تەڵی ڕەیحان بڕیا وە مەیموون
***
سەری کوڵمت! ئەلفوبێیە
نەمخوێندووە دەرزم پێیە!
***
سەرێ بەرزۆ کە ڕوو لە گەردوون کە
تەماشای قرچەی پیرەدەروون کە
***
سەروێن کەچ کردی وە لای شەماڵدا
ماڵدار و بێماڵ گشت تەرک ماڵدا
***
سەعات بۆ دەستت عەینەک بۆ چاوت
سەد شووشەی گوڵاو بۆ گودیلەی خاوت!
***
سەعاتی دەستت قایشەکەی ڕەشە
ژندار و بێژن بۆ تۆ نەخۆشە!
***
سەعاتی دەستت بە زریزە بەنە
خەڵکی پێت یەژن: سەعات لە چەنە؟!
***
سەعاتی دەستت نۆ گوڵ نۆ زریزە
قەولت بەهار بوو، ئەوا پاییزە!
***
سەعاتی دەستی لە هەشت ئەگەڕێ!
خەڵکی ئاوایی لە دەوری گەڕێ!
***
سەلە هۆ سەلە! تۆ چەن سەلاری
یەژی ئاسکەکەی دەشتی کەلاری
***
سەلە هۆ سەلە، چاوەکەم سەلە
یەژی ئاسکەکەی دەشتی «شاکەل»ە
***
سەوزە هۆ سەوزە، سەوزەکەی ماڵم
نەخۆش نەکەوی نەشکێنی باڵم!
***
سەیارەیەک هات وە شووشە بەنە
کچێکی تیایە وەک داری خەنە
***
سەیید نیم ساداتم بێ
شێخ نیم کەراماتم بێ
مەلا نیم زەکاتم بێ
کوێخا نیم بەراتم بێ
جووتیار نیم داهاتم بێ
ئاغا نیم دێهاتم بێ
وەختێ پێم بڵێن ئاغا
دەزگیرانم «فاتم» بێ!
***
«سیروان» بردگەم «ئەڵوەن» شۆردگەم
مەردم وەمننەت کفن کردگەم!
***
سیروان هاتووە کەڵەک وە کەڵەک
سوێندم خواردووە: نەچمە ڕەشبەڵەک
***
سیی جزمەی قورحان ئەنێرم وە لات
ڕێگەی ڕۆشناییم نەکەی وە «زوڵمات»
***
سی و دوو دانەکەت ئاقیقی کۆیە
لە هەر کوێ بمرم مەراقی تۆیە
***
سی و دوو دانەکەت سەدەفی پاکە
گەردنە زەردەکەت لە عالەم تاکە
***
سی و دوو دانەکەم بۆ تۆ دەیەشێ
نە گلی ئەمرێ، نە گاز ئەیکێشێ!
***
سینەت ساجە کەل جۆی تیا برژاوە
مەمکت دۆدانە دۆی تیا ترشاوە!
***
سێپا سەنەڵ چۆ گورێس خەیاتە
کەرێکەت نوقوڵ، دۆکەت نەواتە!
***
سێپا سەنەڵ چۆ، دۆترشی «موان»
قرخەی پیاوی پیر، لەنجەی ژنی جوان
***
سێ جار بەو مانگە ها وە حەواوە
هەوە لووتەکەی «گەورە قەڵا»وە!
***
سێ مانگەی زستان شەڵڵا شەو بوایە
دەم لە ناوی دەم چاو لە خەو بوایە!
***
سێ ماڵەی سێ سێ، ملەی «نۆکەجاڕ»
قووقووی کەڵەشێر شنەی بۆرەسوار