پیتی «ش»

لە کتێبی:
چەپکێ لە گوڵاڵەسوورەی شارەزوور
بەرهەمی:
عەلی شارەزووری (1930-1982)
 3 خولەک  1289 بینین
شارەزوور گەڕام کانومەکانی
جوانم نەدیوە وەک کچە گەرمیانی!
***
شاکەلم خواردووە «شیروانە» پێوە
کلکەی «شێخ لەنگەر» بۆم قاتە و لێوە
***
شل شل بمکوتن هەروەکوو قاوە
بۆ دەرمان بشێم بۆ گلیی ئەو چاوە
***
شوان وە هۆهۆ مەڕ وە کۆڕەوە
ژن وە «شەقیلە»ی دوو گوڵەنگ شۆڕەوە
***
شووت نەکرد وە خۆم دارت بۆ بێرم
شووت کرد وە بۆزە دەستت وە کێرم!
***
شووت نەکرد وە خۆم وەک پەڕی تاوس
شووت کرد وە بۆزە وەک مانگای ئاوس!
***
شووت نەکرد وە خۆم وەک داری خەنە
شووت کرد بەو بۆزەی گول و بۆگەنە!
***
شووگول شوومردوو شوومایەسیری
ئەمە جوانیتە قوڕ بەسەر پیری
***
شووگول شوومەردە شوومردارۆبوو
وەک کەری چەرچی پشتەوخوارۆ بوو!
***
شۆڕی باڵابەرز مەگرە بەهانە
لیمۆم لە کوێ بوو بەم چلەی زستانە؟
***
شۆڕی باڵابەرز وێت و ویژدانت
چەن پەنجەی جاهێڵ کەوتووە لە گیانت؟
***
شەرت بێ لە داخی بچمە داڵانی
دەمی من وە بان وردە خاڵانی
***
شەرت بێ لە داخت بچمە زەماوەن
هەڵگرم کلیل بشکێنم پاوەن
***
شەرت بێ لەداخت بچمە نیزامی
بۆ کوڵە دەم چەرموو شێوە هەورامی
***
شەرت بێ لە داخت تەرکی دنیا کەم
کەشکۆڵ هەڵگرم عەسا پەیدا کەم
***
شەرت بێ لە داخت دووهەم لە قینت
کەپرێ ببەستم بۆ مەڕدۆشینت
***
شەرتە بسێنم جێبێ بە پارە
بۆ ئەمسەرەوسەر ڕێگەی «بیارە»
***
شەرتە بسێنم جێبێ سەر بەتاڵ
بۆ هاتوچۆکەی جادەی «زەردەهاڵ»!
***
شەرتە بسێنم خنجەر شینە تێخ
بۆ گویچکەبڕین دایکی کچە «...»!
***
شەرتە بسێنم قەمەرەی توێتە
بۆ هاتۆچۆکەی ماڵ باوکی شێتە!
***
شەرت و بێشەرتیت مەعلوومی داوە
ئاخۆ لە کوێی تر بنیاتت ناوە!
***
شەرت و بێشەرتت مەعلوومی کەردەن
پاشگەزیم نییە تا وە ڕۆی مەردەن
***
شەرتی دڵداری کەی وەها ئەبێ؟
تۆ من داپۆشی، خۆت سەرمات ئەبێ!
***
شەماڵ بیشانێ یەقەی کەتانت
گەرمای گەرمیان دەرچێ لە گیانت!
***
شەوان شەوناڵە ڕۆژان ڕۆڕۆمە
یەکجار پەژارەی دوورییەکەی تۆمە!
***
شەوقی مانگەشەو لە ڕۆژ بەتەرە
ماچی دەمەکەت کەلەی شەککەرە
***
شەوگاری ئەمشەو لە لام ستەم بوو
چەن لە یار بڕیام لە عومرم کەم بوو
***
شەوگاری پاییز دڵ ناڕازییە
بۆ لای کێ بچم؟ کێ لێم ڕازییە؟
***
شەو لە نیوەی شەو دای لە دەروازە
دای لە زڕەی میل بڕنەوی تازە!
***
شەوگاری پاییز نەبڕایەوە
ئاگرەکەی دەم کوڵ نەکوژایەوە!
***
شەوێ لە شەوان تێمە دزیتان
دەست ئەخەمە بان مەمکەی گورجیتان
***
شیرین هۆ شیرین، شیرین شەمامە
دڵەکەی تۆ چۆنە، منیش هەر وامە
***
شێتان شێت ئەبن، ئەچن بۆ «کابە»
خۆ من شێتی تۆم، بەچکە ئەسحابە
***
شێخت شەهید کرد، مەلا سەرگەردان
خۆ من شێتی تۆم، هەی باوان وێران!