پیتی «ب»
لە کتێبی:
چەپکێ لە گوڵاڵەسوورەی شارەزوور
بەرهەمی:
عەلی شارەزووری (1930-1982)
13 خولەک
2017 بینین
با بچین و نەچین چارەکە چین چین
«مەریوانشوێن» خۆشە بێرۆ با بچین
***
با بچینە سەر «وەیس»؛ بۆ تۆبەکاری
تۆبە لە گشتی نەک لە دڵداری
***
با بکەم وەسەرما لەو قوڕەسوورە
بۆ ئەو دوو کچە لەو «میری سوور»ە
***
با بمرێ شووەکەت بێ شوو دانیشی
وە «لەچەک»ی شین سەرت داپۆشی
***
با بۆ خۆم بمرم لەم بەندی ژینە
بەو دوو چاوانە مەرگم ببینە
***
باخەکەی حاجی حەو توولە ڕێیە
حەلاو پێم بڵێ پەخشان لە کوێیە؟!
***
باخی بێ پەرژین زینەتی نییە
کچ وەبێ برا قیمەتی چییە؟!
***
باخێکم ناوە باخە مارانە
سێوی گرتووە هەرزەکارانە
***
باخێکم ناوە لە «بەردەڕەشە»
سێوی گرتووە، وەک مەمکی «خۆرشە»!
***
با دووربین هەڵخەین وە «مەریوانشوێن»دا
وە سیاماڵی «جاف» و «گۆڕان»دا
***
باران ئەبارێ وە دانەدانە
یارم دانیشتووە زڵف ئەکا شانە
***
باران ئەبارێ وە ڕێزە ڕێزە
دایمە چاوێکم لە ڕێی کارێزە
***
باران ئەبارێ سەیل لەبانی سەیل
نم نم تەڕ ئەکا خاڵ و گۆنای لەیل
***
باران ئەبارێ نم نم تەڕ ئەکا
ئەگریجەی لەبان گۆنای شەڕ ئەکا
***
باران باری وە تەق و هوڕ
کۆڵانگەلی گشت کرد وە قوڕ
کەنیشک ئەگری: بمدەن وە کوڕ!
***
باریکێ شەدەلار، خاڵ وردی وردی
ڕەحمەت لەو دایکەی پەروەردەی کردی
***
باز لە ئاسمان پۆڕ لە چەمی
بگرە مەمکی، ماچ کە دەمی!
***
باز و تەیر و شەهێنێ
مەل لە ئاسمان ئەخوێنێ
یاری خۆم کچە کرمانجە
هەزار بەگزادە دێنێ
***
بازێ بێوەژن شاڵ کرمانییە
دووسەد گەورەکچ بەقوربانیە
***
بازێ بێوەژن قاچوقول تووکن
ماڵان ئەگەڕێن بۆ چنگێ تووتن!
***
با «سیروان» بمبا وە ڕووی «قەرەچەم»
بۆ لای ماڵ باوکی سەوزەی کوڵەدەم
***
با شەماڵ بێنێ، ڕەشەبا تۆیش دەی
بدا لە سەوزەی باخەڵ پڕ لە بەی
***
با شەماڵ بێنێ لە لای گلەوە
لە لای دوێتەکەی خاڵ وە ملەوە
***
باڵابەرزەکان هێلانەی داڵن
باڵاکوڵەکان فریشتەی ماڵن
***
باڵابەرزەی گەزۆدەمە
ئەم لەرزانە بۆ تۆ کەمە
***
باڵا بە وێنەی ئەو شۆڕەبییە
هەرچەند ئەڕوانم لە وێنەت نییە
***
باڵا بە وێنەی داری «قەرەقاج»!
ڕوومەت بە وێنەی بەروپشتی ساج!
***
باڵات بە وێنەی سەوڵی خەرامان
سەیری کوێت بکەم هەی باوان وێران؟!
***
باڵا کوڵەکەت بۆ نەوگە وە عەیب
جوانیت بۆ هاتووە، لە کارخانەی غەیب
***
باڵاکەت بەرزە، کەم خۆت بنوێنە
کەم بە لەنجەولار جەرگم دەربێنە
***
باڵا وە بەزی شان وە عاباوە
لەنجە ها وە لای کورتەباڵاوە
***
باڵا وە بەرزی نەیجولی بێبەر!
شەوقت سەندگە لەڕووی مانگ و خۆر
***
باڵای تۆ دارگوێز ڕیشەی لە دێوەر
خۆیشم ئازاردار عاشق وە سێوەر
***
باڵ وە بازیوەن مل وە موورەوە
سەر وە گێل گێلەی زەرد و سوورەوە
***
باڵ وە بازیوەن مل وە موورەوە
شەق شەقم نەکەن دێمە ژوورەوە
***
باڵێ سڕ نەبێ لە ژوور سەرەوە
ئەو باڵە بشکێ لە خەتەرەوە
***
بامێ و زڵق و تەماتە!
ئەم عەرزە قۆنتەراتە!
ناوێرم ئەو کچە ماچ کەم
لەبەر ئەو ئینزیباتە!
***
باوانت شێوێ بۆ مەستیی چاوت
بە «کۆسەی هەجیج» نەمبردوە ناوت!
***
باوانت شێوێ بۆ مەستیی چاوت
خۆ من کافر نیم کەوتوومە داوت!
***
باوانت شێوێ، کەست نەمێنێ
«بایەقووش» لە جێی ماڵ باوکت خوێنێ!
***
باوانت شێوێ، نەمێنێ کەست
کوانێ لیمۆکە خۆم دامە دەست؟
***
باوانت شێوێ، کەست نەمێنێ
کوانێ لێمۆکە خۆم دام پێت دوێنێ؟
لیمۆی خۆم نییە، ئەمانەتییە
بۆ لای «لەیل» ئەچین، دەستمان پەتییە!
***
باوکە پیرەکەت گیرۆدەی حەق بێ
لەبان تاتەشۆر وەک شووتی شەق بێ
***
باوکە پیرەکەت ڕیشی سپییە
لە زەرەر زیاتر قازانجی نییە!
***
با هەرمێ و هەنار بێ
یارم شەدەی لار بێ
چاوی پڕ لە خومار بێ
لە دەروازە دیار بێ
خنجەر بێنن بمکوژن
با گیانم ڕزگار بێ
***
ببم بە قوربان لارەولەنجەکەت
بمکە وە نۆکەر دوو ئەگریجەکەت
***
ببیتە سۆنە بچیتە ناو مەل
ئەبم بە شمقاڕ داتئەبڕم لە گەل
***
بخوڕە کۆچەکەت، لە «دەرەڕا»وە
چاوی فرمێسکین دڵ وە دواوە
***
بخوڕە لە گاکۆچ با بکاتە هۆڵە
عێلگەل باری کرد، شارەزوور چۆڵە
***
برا براتە، من کەی براتم؟
من کاروانسەرای شەو منزڵگاتم!
***
بڕنەو هەڵئەگرم، بۆ عەدالەتی
ماچ حەرام نییە، مەلا خۆی وتی!
***
بریقەی دووقرانی بان سینەی سافت
تۆ کەی بوویتە شەخس، بێمە تەوافت؟
***
بڵێ بە باوکت: بۆچی نوێژ ئەکا؟
تۆ بدا بە من، خوا عافووی ئەکا!
***
بمشێلە و بملەقێنە
بچکۆلەی دەم تەقێنە!
ماڵی باوکت لە کوێنە؟
لە دەراوەکەی «هەڕگێنە»
بیکە خەو و جێی بێنە!
بمشێلە و بێرە پاڵم
قەزات لە سەروماڵم
***
بمکە وەلۆکز، بمکە وەدارا
با شۆڵەم بڕوا وەسەر «حەسار»
***
بمکە وە لۆکز بمکە وە دارا
با شۆڵەم بڕوا وە سەر «کەلار»
***
بۆ دەنگت نییە، نایەی بۆ شایی
لە دەورت گەڕێ خەڵکی ئاوایی!
***
بۆ نێچیری ڕاو ئەچمە ئەو هەردە
نێچیر ئەهێنم بۆو گەردن زەردە
***
بۆی گوڵ، بۆی مێخەک، بۆنی هەڵاڵە
بۆنی عەتر تێ لەو بڕە ماڵە
***
بۆی گوڵ، بۆی مێخەک، بۆی لووتەوانە
بۆنی عەتر تێ لەم سەر دووکانە
***
بۆیە پێمخۆشە ئەو دیوەخانە
تیا دائەنیشێ ئەو کچە جوانە
***
بۆیە پێمخۆشە سەر بانی مزگەوت
جار جار باڵاکەت لێمۆ دەرئەکەوت
***
بۆیە پێمخۆشە سێبەر داری توو
تیایا دانیشین بکەین باسی شوو!
***
بۆیە بەرامبەر ماڵتان ئەنیشم
کە تۆ دەرکەوی ئاخێ هەڵکێشم
***
بۆیە حەز ئەکەم لە دوای تۆ بمرم
دارەمەیتەکەت بە شان هەڵگرم
***
بە ئەستێرەکەی پشت ماڵی قازی
کەوتۆتە سەرم هەوای مێبازی!
***
بە ئەستێرەکەی پشتی جەبباری
ئێستەش نازانم چۆنە دڵداری
***
بە ئەستێرەکەی پشتی «خاکوخۆڵ»
کوشتەی یەکێکم ها لە «ماین دۆڵ»
***
بە بەرزی باڵات ڕۆمەڵ غەزایە
ساتێ نەتبینم سەد سات سزایە
***
بە پاسکیل مەیە، بێ پاسکیل جوانی
لە توێی کراسی بێ مرادخانی
***
بە بەرزی باڵات تووڵێ ببڕم
ناوە خۆشەکەت لە کێ بکڕم؟!
***
بێ بەختی بەختم، سیاچارە کەفتم
لە «کەن» هەڵدێریام لە «قەڵوەز» کەفتم
***
بەدبەختیی بەختم کارێ پێم کەردەن
بێزارم لە گیان ڕازیم وە مەردەن
***
بە تفەنگی بڕنەو «بانە» چۆڵەکەم
ئەم شەڕە لەسەر کێش لە کۆڵ ئەکەم
***
بەردەمی ماڵیان ئەکەم وە پەموو
بەڵکوو بیچنێ «فاتە» قول چەرموو!
***
بەرزیی «بانی شار» نزمیی «عاموورە»
شێت و شەیدای تۆم وەو «میری سوور»ە
***
بەرزی، بڵندی، وەک داری گوڵی
شێوەت شیرینە سەدکەن کامڵی
***
بەرزەن باریکەن شۆخەن پەی گوڵەن
منی دەیریی کرد، سەدکەن کامڵەن
***
بەری ماڵتان تۆڵەکە
پشتی ماڵتان تۆڵەکە
کچە نەرمونۆڵەکە
کەس لێی نەمرێ ڕۆڵەکە
هات و خانووەکەت ڕمیا
خۆم ئەبم بە کۆڵەکە!
***
بە سەرگەردت بم هەڵۆی سەر «لانە»
چەرخ و چاوشیرین، دەم بچکۆلانە
***
بە قوربانت بم تووڵی ئاو لەبن
فەرزەندی خەڵکی، ڕیشەی دڵەکەی من
***
بە سەرگەردی شەماڵ بم، هەوری کرد پەڵە پەڵە
بە تفەنگی بڕنەو لێم دەن دەسم فێرە باخەڵە
***
بە فوای باڵات بم باڵا عەرعەری
بە خۆت ئەگەڕێی لە شوێن مشتەری
***
بە فوای دەمت بم بە ددانەوە
یەژی سەدەفە، بە دووکانەوە
***
بە فوای دەمت بم، دەم نایە کانی
ئاوت هەرزان کرد، بۆ ئاوەدانی
***
بە قوربانت بم باڵا بڕنەوی
سەلام لەو جێگە تۆ تیا ئەخەوی!
***
بە قوربانت بم بەرخەکەی دایە
بۆ لە حەنای من چاوت هەڵنایە؟
***
بە قوربانت بم بە قوربانەوە
دینت لێ سەندم وە ئیمانەوە!
***
بە قوربانت بم بەرخە گەرمیانی
کاری خوایە، تۆ ئەوەن جوانی
***
بە قوربانت بم چاوەکەی «حەمە»
دایکت نایەڵێ، یان مەیلت کەمە؟!
***
بە قوربانت بم خوشکی دوو برا
بەبۆنەی تۆوە دامناوە چرا!
***
بە قوربانت بم دەم نوقڵە کوردی
ڕەحمەت لەو دایکەی پەروەردەی کردی
***
بە قوربانت بم دەم وە «جێرە»وە
دووکەڵ سەری کرد لە پەنجەرەوە!
***
بە قوربانت بم ساحێو کەرامات
دۆعاکەی تۆیە دەرچووم لە وڵات!
***
بە قوربانت بم شان وە عاباوە
لەنجە ها وە لای کورتەباڵاوە
***
بە قوربانت بم کەوشی سوور لە پێ
بۆ بژار ئەچی، بۆ زەوییەکەی کێ؟!
***
بە قوربانت بم کراس قاوایی
منی کوشتووە لە خوار ئاوایی!
***
بە قوربانت بم کەڵە کوێستانی
ئاوی شارەزوور ڕەنگی گۆڕانی!
***
بە قوربانت بم گوڵەکەی عەشایەر
سەعاتی «ڕێکۆ» تۆ کردت زایەر
***
بە قوربانت بم یارەکەی گیانی
من بێوەفا نیم، تۆ لێی نازانی!
***
بە قوربانت بم کوڕ وە کۆڵەوە
ڕەفیقیت خۆشە وە ڕێی چۆڵەوە!
***
بە ماچ و دوو ماچ لێت نابم ڕازی
هەتا نەتبەمە مەحکەمەی قازی!
***
بە ماچ و دوو ماچ لێت نابم ڕازی
تا لەسەر سینەکەت نەکەم دەسبازی!
***
بەم شان و بەو شان، سەری بە دەسماڵ
باڵ وە بازیوەن، لەرەی لیمۆی کاڵ
***
بەو ئەستێرانەی هەڵدێن لە «تەورێز»
دڵداریی خۆشە، بەڵام وە پارێز!
***
بەم هەوروهەڵا و بەم خۆرە گەرمە
لادە چارشێوەت، چ وادەی شەرمە؟!
***
بەو «حەوتەوانە» هەر حەو زەریفە
هەر حەو پاسەوان قیبلەی شەریفە
***
بەو خوایە زۆر وەسەورە، ئیمڕۆ لە بەختم هەورە
دوێنێ یارم ماچ کردووە ئیمڕۆ ژێر سمێڵم چەورە!
***
بەو خوایە بێ مەکانە دڵم بەحری غەمانە
پەریی خاڵ دانە دانە دژمن ماڵی وێرانە
ئەو دەردە منی کوشتووە: ژنی گولەی مێردانە!
***
بەو «سەی سایەق»ە، بەو «تەپەڕەش»ە
بارکردنی «حەلاو» خەتای «ئایش»ە!
***
بەو سەی سایەقە، بەو «نەگرەپێچە»
لە هاڕەی مێخەک وامزانی کۆچە!
***
بەو کۆسەی هەجیج بە شاخانەوە
داخت ها وەبان گشت داخانەوە
***
بەو هەسێرەکەی وە بەرقاتەوە
دڵ وە ناڕازی لەلات هاتەوە
***
بەهار بۆ یەکێ خۆیشی بەهار بێ
نەک بە وێنەی من دایمە غەمبار بێ
***
بەینی من و تۆ کەژ و پاڵێکە
هەر ساتێ لەلام ڕۆژ و ساڵێکە
***
بیدە وە سەرتا کێش وە دوولانە
هەولێر چۆڵ دەکەی دەچی بۆ «بانە»
***
بیدە بە شووەکەت دەرمانی کەسکوون
هەرچی دەینی هەس وە گەردەنی من!
***
بیکە وە خاتر ئەم قورحانە پێم
هیچ شەڕمان نەبووە، بۆ تۆراوی لێم!
***
بیکە وە خاتر ئەو چوار بەیاخە
جێگەکەی منیش لای هیی خۆت ڕاخە!
***
بیکە وە خاتر ئەو دوو قورحانە
بەس لەمە زیاتر بمکە دێوانە
***
بیکە وە خاتر باوکە پیرەکەت
بیکە گەردنی لۆی زنجیرەکەت!
***
بیکە وە خاتر برا دوورەکەت
تاوێ تێمە ژێر لێفە سوورەکەت!
***
بیکە وە خاتر پرچەکەی دەروێش
تەشییەکەت دانێ چۆپییەکەت بکێش
***
بیکە وە خاتر تاقە براکەت
ئەم لام ماچ کردی بێنە ئەو لاکەت!
***
بیکە وە خاتر دوو برای مناڵت
تاوێ سەر ئەنێم وەبانی باڵت!
***
بیکە وە خاتر دوو برای مناڵت
ماچێ کەرەم کە لە گۆنای ئاڵت!
***
بیکە وە خاتر سیی جزمەی قورحان
لەمە زیاتر نەمکە سەرگەردان
***
بیکە وە خاتر کاکۆڵی کاکت
ماچێ کەرەم کە لە گۆنای پاکت!
***
بیکە وە خاتر ماڵەکەی کابە
من دەمم تێرم تۆ زڵف لابە!
***
بیکە وە خاتر مانگی ڕەمەزان
ئامەشۆی وە گەرم وە شتێکی مەزان!
***
بیکە وە خاتر مانگی ڕەمەزان
دوگمەودۆڵابت بۆ کێ ترازان؟
***
بیکە وە خاتر هەر چییەکت پیرە
زەڕڕەکەت قولاپ لە جەرگم گیرە
***
بیکە وە سەرتا لە قوڕەکەی «عەربەت»
مەمکت کەوتە دەر وەک جامی شەربەت!
***
بیلا بتکێ زویخ لە زامانم
با ڕەنگ وەسێ کایەخە و دامانم
***
بیلا بشەلم زام وە پامەوە
خۆت بووە وە حەکیم بنیش لامەوە
***
بیمارم ... بیماری شەدەلارم
لازم وە حەکیم ناکا، ئەو کچە بانگ کەنە دیارم!
***
بیمارم ... بیمار نیم و نەخۆشم
ئەگەر حەز ناکەن بمرم، ئەو کچە بانگ کەنە کۆشم!
***
بیمارم ... بیمار و دەردەدارم
ئەگەر حەز ناکەن بمرم، ئەو کچە بانگ کەنە دیارم
***
بێ بەرد و چەخماخ، بێ پیوەی داران
ئارت بۆ بکەمۆ لە «سێ بواران»
***
بێرۆ با بڕۆین بەو کەژوکۆدا
چنوور بشکێنین وەبان لیمۆدا
***
بێرۆ با بڕۆین بۆ پەموو چنین
دەسێ دابێڵین وە دڵێکی خەمین
***
بێرۆ با بیکەین شەرتی دووبەدوو
نە من ژن بێنم، نە تۆ بکەی شوو!
***
بێرۆ با بیکەین گەمەی مناڵی
ژن پیاوی پیر بێ، خوا بیوڕێ حاڵی!
***
بێرە سەرینم تێر بکە شینم
بۆ سەفەر ئەچم نەوا نەتبینم
***
بێرە ماڵەکەم قەت مەڕۆرەوە
پێڵای غەریبی لام بکەرەوە
***
بێرە یانەکەم ساحێو یانە نیم
خزمی خۆتانم، خۆ بێگانە نیم!
***
بێژن وە یارم دڵ نەدا لە دڵ
فەسڵێ تێم بۆ لای، هەنار بکا گوڵ
***
بێژن وە یارم دڵەکەی هیچ نەکا
فەسڵێ تێم بۆ لای هەنار گوڵ بکا
***
بێژن وە یارم دەس لە دڵم نێ
یان خاسم کاتۆ یان لە گڵم نێ
***
بێشەرت بێبەقا تف لە ئیتوارت
کوانێ شەرتەکەی پار و پێرارت؟
***
بێفەڕ پیاوی پیر هەر ئەقرخێنێ
بەراز لە لانە دەرئەپەڕێنێ!
***
بێفەڕ شارەزوور هەر خشک و مارە!
ناسکەم لای خۆمان جێی شەدەلارە
***
بێفەڕ شارەزوور هەر وەردی ڕەشە
ژنیان ورگنە و پیاویان سەرخۆشە!
***
بە ئەستێرەکەی قۆیی قەرەداخ
شەوقی داوەتۆ لەم شاخ بۆ ئەو شاخ