سنوورەکەم
لە کتێبی:
پاشمەرگەی قانع
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
1 خولەک
813 بینین
کوردستان بەهەشت ڕووی سەرزەمینە
بێشەی شێرانی خاوەن نگینە
دار و بەردەکەی چەشنی گەوهەرە
ئاو و سەرچاوەی، عەینی کەوسەرە
وەسفی کوردستان قەت تەواو نابێ
توولی نادەمێ، ئیتر کۆتا بێ
بەڵام سنووری، بەبێ زیاد و کەم
بۆت بەیان ئەکەم، بەبێ دەرد و خەم
بە پێی نووسینی جوگرافییاکان
تەڕەفی غەربی، بۆت ئەکەم بەیان
لە کێوی تورووس تا ئەسکەندەروون
هەتا بەحری ڕەش، بەبێ چەند و چوون
تەڕەفی شیمال، هەر لە بەحری ڕەش
هەتا ئاردەهان بەبێ غەل و غەش
لە ئاردەهانۆ بۆ ئاوی ئاراس
ئەمە شیمالە، بە عیلمی قیاس
تەڕەفی شەرقی، لە کێوی ئەڵوەند
تا گۆلی ورمێ، بەبێ چوون و چەند
بچێتۆ ئاراس، گشت ڕۆژهەڵاتە
ئەمە مەشریقی کوردستاناتە
لە کێوی ئەڵوەند تا جەبەل حەمرین
ئەهواز و ژەنگار، پارچەی نەسیبین
ئەمە جنووبە، چاکی بزانە
ناو ئەم سنوورە خاکی کوردانە