پەیمانی سەعداباد
لە کتێبی:
پاشمەرگەی قانع
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
2 خولەک
1007 بینین
دوژمنان لەم ڕۆژەدا فیکری چەپەڵیان خستە کار
کەوتە خۆ کۆنەپەرستی، بۆ قەڵاچۆی کوردەوار
ڕێ بڕانە، کوردقڕانە، کێو و کەژ خوێناوییە
فیتنە وەک ئاگر ئەبارێ، بۆ گلانی شۆڕەسوار
چەک لە شان بوو میللەتی کورد، بۆیە دوژمن کەوتە خۆ
کەوتە جرت و فرت و پەیمان بەستنێکی نالەبار
شاری سەعدابادی بەدفەڕ بوو بە مۆڵگەی دوژمنان
کوندەبوو، شمقاڕەکوێر و کەمتیاری لانزار
سێ بە سێ کۆ بوونەوە، وا ئەنجومەن ڕازایەوە
بۆ قڕانی میللەتی کورد مۆر کرا عەهد و قەرار
پاڵەپەستۆی مەینەتە ئەمڕۆ بە سەر کوردا گلا
نیشتمانی کوردی کردە جێگەڕاو و کارزار
عەهدی سەعدابادی شووم و حوکمی پۆلیسی ڕزیو
مەزبەحەی خوێن ڕشتنی بۆ کوردستان هێنایە کار
میللەتی کورد چەندەها پیلانی وای نا گۆڕەوە
چاوی ناترسێ لە نێزە و های و هووتی بێ شومار
ئەنقەرە و تاران و بەغدا مەنبەعی زوڵم و ستەم
قوڕ بە سەرتان، میللەتی کوردە ئەتانکا یەختەسار
هێزی میللەت شۆڕشێکی حەق ڕەوا دێنێتە ڕوو
تۆڵە وەرئەگرێ لە سەعدابادی لانەی گورگەهار
قوڕ بپێوێ دوژمنی سێ قۆڵی بۆ دواڕۆژی خۆی
تەخت و تاراجی دەرێنێ، لاوی کوردی هۆشیار