تێکی دەن

لە کتێبی:
پاشمەرگەی قانع
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 2 خولەک  873 بینین
کاکی کوردی هەژار و دڵگەرمم
گوێ گرە سا لە بانگی بێ شەرمم
بۆ لە ناو نیشتمانی پیرۆزت
دیل و مەحزوونە لاوی دڵسۆزت؟
بۆ زمانی فەسیحی باپیرت
یا برای خۆشەویستی هاوشیرت
مەنعی کەن لێت بە زەبری تێهەڵدان
بتخەنە کونج و قوژبنی زیندان!؟
بەرگی قەومی کە فەخرە بۆ کوردان
مەنعە بیکەیتە بەر وەکوو یاران
بۆچی کوفرە بە کوردی نووسینت
باسی باپیر و حوکمی دێرینت!؟
بۆ نەخوێنن لە وەسفی ڕابوردوو
باسی ساسان و میدیای زیندوو!؟
بۆ نەوێری حقووقت داوا کەی!؟
ئاشکرا بانگی کوردی بۆ هەڵدەی!؟
بۆ نەوێری بڵێی کە من کوردم!؟
میللەتێکی بەغیرەت و گوردم!؟
یا ئەبێ بۆچی نەوتی دزراوت
مایەکەی بەش کەن لە بەرچاوت!؟
بۆچی ئاڵتوون و زیوی ئەم خاکە
وا لە گیرفان و نۆشی «کۆلاک»ە!؟
یا فەلای بەشخوراوی ماندووی پیر
نانەجۆیەکی بۆ نەبێ دەسگیر!؟
یا کرێکاری ڕووت بەبێ فرمان
زیاد لەمانیشە، کوشتن و لێدان!؟
چەک بە دەس بەدفەساڵ و دێوانە
نۆکەری خاسی کۆشکی شاهانە
ڕەزمئارا و نوورەدین سەگسار
بوون بە جەللادی قەوم کوردی هەژار
قەت لە بیرت نەچێ هەتا ماوی
«قەسری قاجار» و بەرگی خوێناوی
شاپەرستیی بنێرە ژێر پێڵاو
دەک بە لەحنەت بێ شاهـ و تەختی گڵاو
چەندە خۆش هاتە سەر نیگاری کەلام
شاعیرێکی هەژاری بێ ئارام:
«تێکی دەن، لێکی دەن، لە یەک ئانا
سووک و سەنگین نەبێ لە میزانا»
«بولشویکی است خضر راه نجاتفارسی
بر محمد و آله صلواتفارسی»