بەرهەمی ناوخۆ
لە کتێبی:
پاشمەرگەی قانع
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
2 خولەک
851 بینین
مەنعی بکەن کەلوپەلی بێگانە بۆ وڵات
تا پیشەسازیی وڵاتت بەهێز بێت و دەرکەوێ
بۆ بەرهەمی وڵات و لەبۆ دەفعی لازمات
هیوام بە عێلی هەجیجە، خەریک بێت و نەسرەوێ
شاربەدەری وڵاتی بکەن دەسکردی ئەجنەبی
تاکوو تەوژمی بەرهەمی ئەم خاکە سەرکەوێ
بۆ بەرگەکەت لە قوماشی گەبەردین و پەشم ئەکەی!؟
چەن خۆشە سەربەسەر کە هەموو شاڵی بەرکەوێ
شانازییە کە جلوبەرگەکەت لە شاڵ و جاو
چون بەرهەمی وڵاتەکەتە و باوی بەرکەوێ
تەشجیعی پیشەسازی نەکەن ماڵوێران ئەبن
بۆ زێڕی ئەم وڵاتە بە دەستی تەتەر کەوێ!؟
گۆزە و گڵێنە دروست کەن لە جیاتی بلووری خەڵک
بە زەبری سنعەتی ناوخۆ شتی خەڵکی لە دەر کەوێ
با ئەو نیزامە لە گۆڕ نێین لەبۆ غەیرە ملکەچە
تا هێزی دەستی ڕەنجبەر و سنعەت بە سەر کەوێ
جێی ئیفتیخارە لەبەر کەی فەڕەنجی لە بەرگی مەڕ
پارەی وڵاتەکەت لە وڵاتا بە گەڕ کەوێ
بۆچی لە ئەورووپاوە شتومەک بگاتە لات؟
دەستڕەنجی پوختی خاکەکەشت پشت چەپەر کەوێ!
کۆشکی وڵاتی ئەجنەبی لە دزراوی ڕەنجتان
ڕازاوەیە، مناڵی ئەتۆش با لە دەر کەوێ
سەرچاوە نەوتەکەت، کە ئەگەر بەرهەمی نەکەی
زۆر زەحمەتە کە چاوت بە خێر و بە فەڕ کەوێ
نەوتت هەیە و وڵاتت بە تاریکی مایەوە
کورد چاوەڕوانە کە ڕۆژی لە سەر کەل بەدەر کەوێ