شینی ڕەزاشا
لە کتێبی:
سروەی بەربەیان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
1 خولەک
743 بینین
لە ناو چاخانە و بازاڕدا بوو بە قاوەقاو
کە ڕادیۆ حوکمی ڕەزا پەهلەوی ناو برد بە ڕووخاو
حوکمێکی هێندە بێ ڕەزا و پیس بوو، حەتتا تەنانەت
ئاغای ئیستیعمار نەیگرتە خۆی و کردی ئاوە ئاو
ئەو حوکمە شوومەی هەر لە مادەوە تاوەکوو ئەمڕۆ
خەریکی فەوت و سەرکوتی کوردە بە سەد چاووڕاو
لە جێی ئەو خووگە، وا حەمەڕەزای کوڕی دانرا
بێ شکم ئەمیش وەکوو ئەو گۆڕ ئەکرێ و ئەکەوێتە داو
خۆزگە بەمیشدا بگەیشتمایە، کە کوردی نەبەرد
تۆڵەی بەرودوای کوردی ئێرانی لێ ئەسەند بە تاو
جارێ بۆ ئەویان با تەئریخ دانێم گەر منیش نەمام
ڕوڵەمان زۆرمان تەئریخی ئەمیش بگرنە بەرچاو
بۆ تەئریخی ئەو چوومە سەر تەل و بانگم کرد هەلاو
«سەگێک تۆپیوە، ڕایئەکێشنە، ناوەندی گەناو»