شێخی من

لە کتێبی:
سروەی بەربەیان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 1 خولەک  1011 بینین
شێخی من نوقڵ و نەباتە، پیری من نان و کەباب
مەیلی من ئەسپ و تفەنگە، نەک لە سەر چەنگ و ڕوباب
مێشکی من مێشکی بەهێزە، غیرەتم وەک ڕۆستەمە
ئیشی من خزمەت بە خاکە و فکری من قەهرە و عیتاب
پووری من خەنجێرە، جەرگی دوژمنی خاکی وەتەن
دۆستی من کوردی غەیوورە و دوژمنم زومرەی غوراب
کاکی من ناوی کوتەک، مەغزی عەدوو دێتنێتە دەر
بابی من ڕۆحی وەتەن، عالم بە هەر چاک و خەراب
ماسیخۆری (...دەقی نائاشکرا) و بەنگفرۆشی (...دەقی نائاشکرا)
کەی لە خاکی کوردسانا دێنە سەر ڕێگەی سەواب!؟
هێندە پیشم خواردەوە، وەختە بە جارێ شەق بەرم
ئاهی دڵ وەک ئاگرە، تا کەی نەسووتێنێ حیجاب!؟
با هەموومان پێکەوە دەستمان بە دەست یەکتر گرین
شۆر بخەینە مێشکی کوردان هەر وەکوو نەشئەی شەراب