قەر و گوڵەزەر ١

از کتاب:
شێوەزاری کوردیی موکری
اثر:
اسکار مان (1867-1917)
 14 دقیقه  1538 مشاهده

وەختێکی شا عەباس لە ئیسفەهانێڕا هات بۆ دمدمی، هاتە سندووسی؛ میوانی فەرەجوڵڵا خانی، ئاغای سندووسی بوو. فەرەجوڵلا خان زۆر حورمەتی گرت. شا عەباس لەوسەرێ کە گەڕاوە، فەرەجوڵلاخانی دەگەڵ خۆی بردە ئیسفەهانێ. فەرەجوڵلاخان دوازدە کوڕی بوو. کوڕی لە هەمووان گەورەتری قەر بوو. قەری کردە حاکمی سندووسی. خەبەریان بۆ قەری هێنا گوتیان: «حەمەدی پاشاغان کچێکی هەیە نێوی خاتوون گوڵەزەرە؛ قەت جوانی وا نییە». قەر قاسیدێکی نارد بۆ کن خاتوون گوڵەزەرێ. قاسید چوو سووڕەتی خاتوون گوڵەزەرێی بۆ هێنا. بەقەری نیشان دا. قەر لە سوێیانی شێت و شەیدا بوو. قەر ناردییە کن بابی گوتی: «بۆم عەرزی شای بکا بەنۆکەری خۆی قەبووڵم بکا؛ ئاشق بەکچی حەمەدی پاشاغان بووم؛ جا کەیفی خۆیەتی». هەڵی گرت لێی نووسی: «ئەو عێلی گەرمێنییە؛ ڕێی ناکەوێ ئەمن بنێرمە کنی کچێکم بداتێ. بۆ خۆی بنێرێ خوازبێنی بکا». قەر قاقەزێکی بۆ حەمەدی پاشاغانی نووسی:

«حەزێ دەکەم بە وڵاتی سندووسێش ڕابگا، خاتوونێکی هەیە بەمنی کەرەم بکا». حەمەدی پاشاغان بۆی نووسییەوە: «چلۆن ڕێک دەکەوین؟ ئەو خەڵقی کوێستانێ و ئەمن خەڵقی گەرمێنێ. کچی من لە کوێستانی بەڕێ ناچێ و ئەویش نایەتە گەرمێنێ».

قەر گوتی: «هەڵدەستم بۆخۆم دەچم. ئەگەر کەیفم گرتی، دێمەوە لەشکری دەبەم بەزۆر لێی دەستێنم. ئەگەر کەیفم نەیگرت دێمەوە ماڵە خۆم». جا هەڵستا بەرگێکی نۆکەرانەی دەبەر کرد، ڕۆیی بۆ نێو عێلی حەمەدی پاشاغان. خاتوون گوڵەزەر بەسەر ماڵە ڕادەگەیشت. گوتیان: «بابم لە چی دەگەڕێی» گوتی: «لە شوانیێکی، لە بەرخەوانیێکی دەگەڕێم». چوون بەخاتوون گوڵەزەریان گوت: «کوڕێکی جوان لە شوانیێی دەگەڕێ ئەتۆش چ شوانت نییە». ئەگەر خاتوون گوڵەزەر تەماشای کرد کوڕە جحێڵەیەکی زۆر جوان بوو. گوتی: «کوڕە! شوانیت پێ دەکرێ؟» گوتی: «بەڵێ

قوربان؛ باب و باپیرم هەر شوان بوو». گوتی: «نێوت چییە؟» گوتی: «دایک و بابم نەبووە هەر بەهەتیوی گەورە بووم، پێیان گوتووم قەر». گوتی: «لە کوێ هاتووی؟» گوتی: «قوربان هێند گەڕاوم ئیسفەهانیشم دیوە». گوتی: «بەرخانم لێ نادزی؟» گوتی: «قوربان دزی بەمن ناکرێ. کەپەنک و گۆچانیان دایێ». تەسلیم شوانانیان کرد. ڕۆژێکی لە مەڕی هاتەوە. خاتوون گوڵەزەر بۆخۆی لە بن پانکێی دانا. سەربەخۆ پێی گوت: «شازادە قەرە! نانی بخۆ». قەر نانی خوارد و هەڵستا بەرخی وەرگێڕا چووە دەشتێ. بە بەند بە ئاواڵ شوانانی گوت:

«بابم حاکم بوو لە ئیسفەهانێ، بۆخۆم میریەتیم دەکردەوە دەگەڵ بەگلەرە

چەندم لە دیوانێ ڕۆدەنیشتن میرزای زێدەنووس و سینەدەفتەرە

چەندم لەبەر دەستی ڕادەوەستان کوڕە کوڕەی بەکێرد و خەنجەرە

چەندم لە دیوانێ هەبوو پیاوی قابیلی مواجب بەسەرە

ڕۆژێ سەد تەورزین بەدەستی پادشای سجدەی بەخێرێیان دێنامە بەرە

دەربەند بە ماڵی دنیایە نەبووم؛ عەزیزم! دەمناردەوە دەربەدەرە

دەچوونە مواجب وەرگرتنێ، هەموو نۆکەر سەربەسەرە

حوکماتی سندووسی هەموو بەچەنگ ئەمن بوو سەرانسەرە

ناوەڵلا کەس نەبوو دەنگێ بکا لەبەر پادشای قەجەرە

وێستا بەسەری ڕووت و پێی پێخاوس بەرخی حەمەدی پاشاغان لە خڕەخڕەی باڵێنێ دەچەلێنم ئەوبەرە

چارەم نییە، وێستا دەبێ هەتا ئێوارێ گۆچانێ بچەقێنم، لە پێش بەرخۆڵان ڕابوەستم دەستەونەزەرە

کەپەنکی شوانانم دەستۆیدایە، کڵاوی چوارگۆشەم لەسەرە

هێشتا ئەوەم لە دەوری حوکماتی بابم پێ خۆشترە، ئەگەر هەموو ئێوارە و سبحەینان خاتوون گوڵەزەر بەلەفزێکی شیرین دەڵێ: ماندوو نەبی، شازادە قەرە!

بابم حاکم بوو لە ئیسفەهانێ بۆخۆم میریەتیم دەکرد لە سندووسی

چەندم لە دیوانێ شل دەبوو میرزای قابیل و ئێشک ئاغاسی

ڕۆژێ هەزار عەرزچیم دەهاتە پای دیوانێ، دادی هێندێکیانم دەگوت، عەرزی هێندێکیانم نەدەپرسی

وێستا بەرخی حەمەدی پاشاغان لە خڕەخڕەی بالێنێ دەچەلێنم لەبەر ڕووی تۆ بە پێی پێخاوەسی

بە زگێکی تێر و بە دووان برسی

وێستا ئەو خۆشییەم گەلێک لە دەوری حوکماتی بابم پێ خۆشترە، ئەگەر هەموو ئێوارە و سبحەینان خاتوون گوڵەزەرێ باریکەڵە بە لەفزێکی شیرین لە قەری بێ کەس و باب دەپرسی

بابم حاکم بوو لە ئیسفەهانێ ئەمنیشیان تەڵەب دەکرد حوکمم دەهاتەوە سەرە

تەدارەکم دەگرت، بارگەوبنە، چەندم ڕەنگین دەکردنەوە نۆکەرە

ئاڵام هەڵدەکرد، شەیپووریان دەکێشا ئەوبەرە ئەوبەرە

هەموو نۆکەران چغەیان دروس دەکرد پەڕیان دەدا لە سەرە

هێندێکیان بەرگیان عەجەم بوو، هێندێکیان کوردەواریان دەکردەوە بەرە

ئەگەر تەدارەکم بۆ دەگرتن، لە سانم دەدان، لێم دەکردەوە نەزەرە

چ بکەم، وێستا غەریبی شارانم، لەوانی دەربەدەرە

کەڕکی کوردیم دە بەردایە کوڵاوی چوارگۆشەم لەسەرە

دە وەرە عەزیزم ئێستا گۆچانی کوردیم بە مستەوەیە، بە کەڵاشی دۆمان دەکەم ئەوبەر ئەوبەرە

ئەگەر سوار دەبووم، ئاڵایان لە دوو ڕادەکێشام، لووزەوی سوارانم دەکەوتەوە سەرە

هێندیک دەیانگوت: ئەوە کوڕی پادشای ئێرانێیە؛

هێندێکیانیش دەیانگوت: ئەوە شازادە قەجەرە

ئەگەر سوار دەبووم لە سندووسی بۆ ئیسفەهانێ بچمەوە خزمەت پادشای بکەمەوە نەزەرە

ئەگەر داخیل بە ئیسفەهانێ دەبووم، دوو مەنزڵم مابوو فەرەجوڵلاخانی بابی خۆم دەیناردەوە خەبەرە

پۆست و پاکەتی بابم بۆ دەهات، دەیگوت: لەسەری بابت کەوێ، زێڕ و ئەشەرەفی ببەشێتەوە ئەوبەر ئەوبەرە

ئەگەر داخیل بەئیسفەهانێ دەبووم، تۆپ و تۆپخانە و سەرباز بەپیرمەوە دەهاتن دەیانکردەوە ئەوبەر، ئەوبەرە

هێندێک دەیانگوت: ئەوە کوڕی پادشای سێ تۆقە. هێندێکیش دەیانگوت:

ئەوە کوڕی فەرەجوڵلا خانی قەجەرە

ئێستا چ بکەم بەرخۆڵەی حەمەدی پاشاغان دەچەلێنم ئەوبەر ئەوبەرە

وێستا دەستم بەگۆچانی کوردی شل بوو، پێم لە کەڵاشی دۆمان هاتۆتەدەرە،

ئێستا بە سەری ڕووت و بە پێی پێخاوس بەرخی حەمەدی پاشاغان دەکەم

ئەوبەر ئەوبەرە

چەندم، بەرهەڵدا کردوون، نازر و نۆکەر و نیزام و ئەسکەرە

چەند بێ خودانن میرزا و پیاوی دە موحتەبەرە

کوانێن ئەو پیاوانەی ڕادەوەستان دەستەونەزەرە؟

وێستا بەرخی حەمەدی پاشاغان لە خڕەخڕی بالینێ دەچەلێنم ئەوبەر، ئەوبەرە

ئەو خۆشییەم پێ گەلێک لەوان خۆشتر ڕادەبرێ، ئەگەر هەموو ئێوارە و سبحەینان خاتوون گوڵەزەر بە لەفزی شیرین دەڵێ:

ماندوو نەبی شازادە قەرە

ئەگەر لە سندووسی وەدەرکەوتم بۆ ئیسفەهانێ، دەهاتنە پێشم، وەکیل و وەزیر و موختاری دە دیوانێ

تەگبیریان بۆ دەکردم دەیانگوت: لە شای بستێنە ئینشاڵڵا ڕێی گوزەرانێ

پیاوێکی زۆر نەجیب و ئاقڵ، هەتا دێیەوە لەسەر مەملەکەتی سندووسی دانێ

ئەگەر ئەو قسانەم دەبیست تەواوە

بە ئاقڵی خۆم پیاوێکی زۆر ساحب کەماڵم لەسەر مەملەکەتی سندووسی دادەناوە

وێستا زۆر خراپم دەگەڵ خاتوون گوڵەزەرێ لێ قەوماوە

ئەو خۆشییەم هێشتا لەو خۆشیانە پێ خۆشترە ئەگەر هەموو سبحەینان

خاتوون گوڵەزەر دەڵێ: قەری غەریب، ئەو بەرخانە بێنەوە واوە

لە خۆم غەریب و خانە وێرانێ

سەد عەرزچیم بوو سبحەینێ هەڵدەستام، دەهاتمەوە دیوانێ

حدوودی گەرمێنیم بوون لە ئێختەخانێ

دەمگوت زینیان لە پشتی کەن تاجی و توڵانم بێننە دەرکی دیوانێ

دەمگوت نۆکەران بانگ کەن، سواران بدەن لە سانێ

ئەمن وێستا ئەو خۆشییەم پێ خۆشترە لەو خۆشییانە ئەگەر خاتوون گوڵەزەر

دەڵێ ماندوو نەبی هەموو ئێوارە و سبحەینانێ

خوڵایە ئەو پیاوە چاکە کە تو لێ بی ڕازی

ئەگەر ڕۆژ دەبۆوە لەلایەکم دەبوو تۆپ و تۆپخانە و لە ئی دیکەم دەنگی مووزیک و سەربازی

لەلای دیکەم دڵ بریندار بووە، خاتوون گوڵەزەر گرتوویەتی بەگازی

ئەگەر خودا نەخواستە بچمەوە حوکماتی سندووسی دیسان لە دڵم، دەبێتەوە بەشین و تازی

دەترسێم ئەمن ئێرە بەجێ بێڵم ناموسڵمانێک بێ خاتوون گوڵەزەرێ لە حەمەدی پاشاغانی بخوازی

ڕۆژم لێ هەڵات گەیشتە محەلی چێشەنگاوێ

زەینێ خۆم دەدا تاوڵی حەمەدی پاشاغان یەکی بەژن باریکی کێل گەردن لەبەر خۆی دابوو چارشێوێکی دارای دە پێی خۆی کردبوو جووتە کەوشێکی سەغری

دەستی دەدا دەستێک ئافتاوە و مەسینەی ئەرزەڕۆمی سەبر سەبر. نەرم نەرم دەهاتەوە بۆ ڕازی سەراوێ».

ئەوا دێ لە قەری بێ دایک و باب دەکا سەلام و سەڵاوێ

قەر دەڵێ: «عەلێک ئەسلام و ڕەحمەتوڵلاهی خاتوونێ کێل گەردنێ بەڵەک چاوێ!

تاوی لەرز و نۆبەتێ گرتوومی، وەرە بەدەستی موبارەکت بمدەیە چۆڕێک ئاوێ».

خاتوون کە خۆی نەگرت بەعینوان و تەکەببور دەستی دا جامی دەچۆوە سەرچاوەی کانی بازنە و کرمەک و گوارە و ئەنگوستێلەی لە دەستی خۆی دەرهێنا، لە جامی ئاوێی دەنا دێنێ لە پێش قەری بێ دایک و بابی دادەگری قەر لەبەری پێیانی هەتا تۆقی سەری دەوێ خاتوونێ دەفکری

هەرچەند دەکا و دەکرێنێ چ عەیبانی لێ ناگری

دەڵێ: «قەر بابت ماقووڵە یا بە باپیرم لێ گەورەتری؟

ئەمن دەترسێم شکایەتی خوڵات لێ بکەم، دەترسێم لێم بێ بە کوفری

ئەگەر هێندە ساحب حیلەی، بۆ کەپەنکی شوانانە وەستۆی خۆت دەگری؟

ئەگەر خۆت بەپیاو دەزانی بۆ نانێری لەدووی سەرباز و لەشکری؟

ئەگەر هێندە بەعیلمی بۆ دەس لە حوکماتی سندووسی هەڵدەگری؟

وا ناکەی جارێکی یەکت پێ هەڵخەڵەتێ وەئەستۆی خۆت بگری

دەستم شل بوو بۆچی جامی ئاوێم لێ وەرناگری؟»

قەر دەڵێ: «خاتوونێ! خوڵاوەندی عالەمیان دەستت دە عەمری گری

لە نەمامەکانی بەهەشتێ ئەتۆم پێ چاتری

ئەوی ئەتوو فەرمووت بە قەری غوربەتی پێ دەگری

تاوی لەرز و نۆبەتێ گرتوومی، ددانم ددانی ناگری

لە خۆشیان چاوی کەم بینا بووە جامی توو دەستم ناگری

کەس ڕێی ناکەوێ عەیب و عاران لە توو بگری

ئەگەر بڵێم بابم ماقووڵترە بۆم دەبێتە کوفری

ئەگەر بڵێم باپیرم گەورەیە خوڵا لێم هەڵناگری

خاتوونێ حەمەدی پاشاغان ئەمن میوانم دەبێ قەدرم بگری

ئەتوو خانەخوێی دەبێ دە غەریبان بفکری؛

ئەتوو نەجیب زادەی کەس نابێ مەقسوود لە دەرکی توو بمری

نابێ خەیاڵێکی بکەیەوە لە تیپ و قۆشەن و لەشکری

ناڵێی ئەگەر پیاو دڵ هیلاکی نەکا نایە کەپەنکی شوانان وەخۆی گری

پیاو چلۆن چۆڵ پەرستیێ دەکا، دەست لە مەنسەبی هەڵدەگری

کارێکی وا بکە، ئەگەر خوڵاوەندی عالەمێ لێت هەڵگری

وەرە چۆڕێکم ئاوی بە دمەوە بکە، هەوەڵ سندووقی سەری خۆت، دومینت ئی براکانت، دەشقەمێ جامی دەستی توو لێم ببێ بە شیفا قەری بێ دایک و باب لە وڵاتی غوربەت بەبێ کەس نەمری».

خاتوون گوڵەزەر ئەگەر بۆ قەری دێنا ئاوە

دووبارە لە قەری غەریبی دەکرد سەڵاوە

دەیگوت: «چونکە پێڵاوی غەریبیێت وەکن ئەمن هێناوە

هانێ بەدەستی خۆم بتدەمێ ئاوە

نازانم کوڕی کێی وات لێ قەوماوە

وەرە بۆ خاتری خوڵای نێوی خۆت بەمن بڵێ تەواوە

لەبەر نەناسینێ ئەمن هیچ ئولفەتم بەتوو نەداوە».

قەر دەڵێ: «خاتوونێ! عەمر و چاوم! بابم ڕاهبەری ئیسفەهانێیە لەپێش پادشای ڕاوەستاوە

بۆخۆم حاکمی سندووسی بووم ولایەتم لە خۆم تێک داوە

چەندم کۆشک و تالاری عەزیز و شیرین لێ بەجێ ماوە

چەندم حدوودی بێ نیشانە لە ئێختەخانان هەمووی مەحتەلن، کەس نییە پێیان بکاتەوە ڕەشەڕاوە

ئێستا نۆکەر و تابیعەی من هەموو تازیەدارن؛ دەڵێن قەری کوڕی فەرجوڵلا خانی نەماوە

خاتوون ئاوری تۆم تێ بەربووە هەموو جگەرم سووتاوە

خاتوون ئەمن بۆیەکی مردووم وێستا بەمنەتم دەدیێی چۆڕێک ئاوە»

شکایەتیان لە حەمەدی پاشاغان کرد، گوتیان: «خاتووم گوڵەزەر ئاشقی قەری

بووە». حەمەدی پاشاغان، پێی زانی کە قەر ئاشقی خاتوون گوڵەزەرێ بووە گوتی: «مەسڵەحەتە خێڵی ئاوا بکەم بۆ گەرمێنێ، کەس نەزانێ»

جا هێنای تەدارەکی گرت خێڵێ بەرێتەوە ئەودیوی. سبحەینێ زوو خێڵی بردەوە بۆ گەرمێنێ. قەر چووە سەر ئاوێ دەستی بە گریانێ کرد.

حەمەدی پاشاغان زانی. لە دووی نارد گوتی: «ڕۆڵە! وەرە ئەمن دەست لە توو هەڵناگرم، هەرچەند دراوت دەوێ دەتدەمێ؛ مەبە نۆکەری کەس، هەتا ساڵێکی دی خێڵ دێتەوە، دیسان وەرەوە کنە خۆم ببە شەریکی ماڵی من».

قەر دەڵێ:

«لە خۆم بێ کەس و بێ سەڵایە!

جا من ئاورێکم گرتووە هیچ چارەم نایە. لە توو چلۆن بستێنمەوە ماڵی دنیایە

ئەگەر ئیزنم بدەی ئەمن دێمەوە گەرمێنی گەرمەسێر دەکێشمەوە جەفایە».

حەمەدی پاشاغان دەڵێ: «ڕۆڵە! ئەوە نابێ ناکرێ

ئەتوو خەڵقی کوێستانێنی بۆ گەرمێنێت بەرم لێم قبووڵ ناکرێ

چەندت زێر و زەمبەر دەدەمێ، بەدڵ و بەجان بگەڕەوە بەدواوە

خۆ من دەربەند نیم دەگەڵ خۆم دەبردی ئەما مۆر و قاقەزم بە دەوڵەتان داوە».

ئەوێ ڕۆژێیان چادر گوێستەوە بۆ موبارەکی لە جێیەکی دیکەیان هەڵداوە.

قەر دەگەیە خاتوون گوڵەزەرێ دەیگوت: «خاتوونێ گیانە!

تیرێکت لێ دام زۆر بێ دەرمانە

هیج خەبەرت زانیوە بابی من لە ئیسفەهانێ سەتی وەک بابی تۆی لەبەردەستانە

دەستم لە پادشایەتی هەڵگرتووە هاتووم لەبەر توو بووم بەشوانە

وێستا وا بابت دەڵێ لێرە مەمێنە ئەمن دەڕۆم ئەتوو بەجێ بمێنە لێرەکانە

ئەگەر ئەمن لەبەر خاتری توو نەبێ دەنێرم لە سندووسی بێتەوە سەرباز و تۆپخانە

بەخوڵای ئەمن ئابڕووی بەهەزار ساڵم چووە لەنێو عێلانە

یانە پاکی بەقڕ دەدەم، یانە تاڵان دەکەم حەمەدی پاشاغانە

نایەڵم ئەتوو بەرنەوە گەرمێن ئەمن ببم بێ خودانە»

خاتوون دەڵێ: «قەری ماڵوێران! ئەگەر خۆت بێ خودان کرد ئەمنیشت! کردووە بێ سەڵایێ

نەبوو دە ڕۆژان دە پێش ئەو قسەدا خۆت ئاشکرا بکردایە، وێستا چ بکەین چم لەدەس نایە»

قەر دەڵێ: «ئاخر ئەمنیش بووم بێ سەڵایە

وێستا چ بکەین چم لەدەس نایە

ڕێی وڵاتی سندووسیم لێ بەسترا دەگەڵ ئی بەغدایە».

خاتوون گوڵەزەر دەڕوا لە بۆ کوێستانی دە عەزیم، قەری بێ دایک و باب بەجێ دەمێنێ لە بۆ خەموخەفەتی دەوێ دنیایە

قەر دەڵێ: نایە چەندی گازی گوڵەزەری باریکەڵە دەکەم نایە

خۆی لە من کردە کەوێکی گەردن ڕەش، خۆی هەڵدەکێشا کێلی دە کوێستانێ

قەری بێ دایک و باب بەجێ ما لە بۆ خەم و خەفەتی دەوێ دنیایە

هەرچەند کل لە چاوی ئەوی کافربابەی دێ، لە چاوی قەت کەسی نایە»

قەر دەڵێ: «خاتوونێ گوڵەزەر گیانە!

ئەتوو دەچییەوە گەرمێنی گەرمەسێر، ئەمن بەجێ دەمێنم لێرەکانە

ئەمن خەمگینم ئەتۆش نات بێتەوە گوزەرانە

خاتوون گوڵەزەر! دەترسم لەبیرم بکەی ئەمنیش لێرە ببم سەرەوێرانە

خاتوون گوڵەزەر! وەرە. سوێندێکت بۆ بخۆم بە حەدیس و یەکێکت بۆ بخۆم بە کەلامووڵلایە

ئەوە دەڕۆیەوە گەرمێنی گەرمەسێر، ئەمن بۆ کن هیچ بەنی ئادەمیان لە ڕووم هەڵنایە

خاتوون عەزیزم! دەزانم دەگەڵ بەغدایەم لێ دەقەومێ شەڕ و دەعوایە

خاتوون بۆ خاتری خوڵا و پێغەمبەران پێم مەکە دەعوایە

دەزانم گێچەڵم لێ دەقەومێ دەگەڵ شاری بەغدایە».

خاتوون دەڵێ: «قەرە ئەتوو ئەگەر هاتیە ئەو وڵاتەی خۆت کردە غەریبێکی قەلەندەرە

عەزیزم وێستا لەبەر ئەمن لە ماڵ و حاڵی خۆت بووی دەربەدەرە

جا ئەگەر ئەمن بڕۆم، ئەتوو کەس نییە لێی بکەی نەزەرە

ئەمنیش سوێندت بۆ دەخۆم بەزاتی خوڵای و بەکەلامووڵلای ئەکبەرە

«ئەمن حەڵاڵی دنیایە لە خۆم حەرام دەکەم، هەتاوەکو قەر لە گەرمێنێ گەرمەسێرم دێنێتەوە دەرە»

قەر دەڵێ: «نایە! ئەمڕۆ دوو ڕۆژە دەنگی خاتوون گوڵەزەرێم لە بنی گوێیان نایە!

خۆی لێ کردووم بە کەوێکی گەردن ڕەش، خۆی هەڵکێشا کێلی کوێستانێ

قەری بێ دایک و بابی بەجێ هێشت لە بۆ کوێرەوەری و خەفەتی دە وێ دنیایە

هەرچەند کل لە چاوی ئەو کافربابەی دێ، قەت لە چاوی کەس نایە»

ئەگەر ڕاز و گلەیییان لێک دەبوو تەواوە،

خاتوون بۆ گەرمێنی گەرمەسێر دەڕۆیی، قەر لە وڵاتی کوێستانێ بەجێ ماوە

حەمەدی پاشاغان دەڵێ: «دەنا ڕۆڵە قەرە! دەوڵەت زیاد و ماڵئاوا»