مەحمەڵ و برایمی دەشتیان ١

از کتاب:
شێوەزاری کوردیی موکری
اثر:
اسکار مان (1867-1917)
 13 دقیقه  986 مشاهده

مەحمەڵی دەشتیان لە ئەشکەوتی بێشوەی بوو؛ جێ هەواری باب و باپیری خۆی بوو مەڕێکی زۆری بوو. هەموو ڕۆژێ ڕسقی دەهێنا بازاڕی دەیفرۆت. برادەری زۆر بوو لە شاری چەلیان. بەبرادەرێکی گوت: «بزانە نۆکەرێکم بۆ ببینەوە؛ یەکتەنم چم پێ ناکرێ». ڕۆژێکی پیاوێک بەبازاڕیدا هات؛ چۆ بەر ئەو دووکانی کە مەحمەڵ ڕای ئەسپاردبوو. گوتی: «بابم، نۆکەرییە ناکەی؟» گوتی: «بەڵە وەڵڵا». گوتی: «دەبێ بچیە کن مەحمەڵی دەشتیان؛ ئەو پیاوی پێ دەوێ». گوتی: «نازانم لە کوێیە». شاگردێکی ڕەگەڵ خست. لە شاری بردە دەرێ، ڕێی پێشان دا. ڕۆیی بۆ ماڵە مەحمەڵی. مەحمەڵ بۆ بازاڕی دەهات. لە ڕێیە تووشی یەک بوون. گوتی: «ئەتوو کێی؟». گوتی: «مەحمەڵی دەشتیانم». گوتی: «کاکە مەحمەڵ! خوڵا چاکی دا. ئەمن دەهاتمە ماڵە توو، ئەوا لێرە تووشت هاتم. ئەگەر ڕێک کەوتین، دەچمە ماڵێ؛ ئەگەر ڕێک نەکەوتین دەگەڕێمەوە». گوتی: «بابم نێوت چییە؟» گوتی: «نێوم برایمی نۆکەرت». گوتی: «قەراری حەقم دەگەڵ بکە؛ دەبێ ببینە برای دایک و بابی». گوتی: «هەتا نۆکەری تۆم، براین. ئەگەر لە نۆکەریت چوومە دەرێ، هەر کەسە کوڕی بابی خۆمانین». گوتی: «کێ دەناسی؟» گوتی: «کەس ناناسم». گوتی: «بابت نێوی چییە؟» گوتی: «بابم زوو مردووە؛ لە کەسم نەزانیوە نێوی بابم چییە». گوتی: «ئەمن چۆن بەقایە بەتوو بەم؟» گوتی: «ئەوەتی هێندە بووم سەد تومەنم پەیداکردووە. ئەو سەد تومەنی لەکن ئەتوو دادەنێم بەوادەی؛ هەتا شەرتم هەڵدێ؛ حەقی لەتوو وەردەگرم. ئەکەر ئەتوو بەمن چا بووی ئەمنیش بۆ توو چاک بووم، دراوەکەت لەکن دادەنێمەوە سەرلەنوێ دەبمەوە نۆکەر».

لە پاشێ مەحمەڵ برایمی کردە برا گەورە. ڕەپێش خۆی خست بۆ ماڵێ. هاتنە کن دایکیان. سەلامیان لە دایکیان کرد. گوتی: «دایە! ئەوە برا گەورەی منە». گوتی: «ڕۆڵە! ئەگەر برای تۆیە، کوڕی منە». مەمکی ئاویتە سەر زاری ئەوی بەدایکی خۆی قبووڵ کرد. هەموو ماڵی خۆی تەسلیم بەبرایمی کرد. برایم لەسەر ماڵە خۆی ڕاگەیی هەتا سێ ساڵان. هیچ مەحمەڵی نەدەدواند ئەو سێ ساڵانە؛ برایم گوتی: «بران! قەت برای لەوەی چاتر دەبێ. مەسڵەحەت ئەوەیە؛ جا ژنێکی بۆ مەحمەڵی بێنم؛ دایکیشمان ئازابی کەم دەبێ کارمان یەکجار زۆرە». بانگی کرد: «مەحمەڵ! سبحەینێ زوو وەرە نێو مەڕی؛ کارم پێت هەیە». مەحمەڵ بەیانی دەستی دا گۆچانی، چووە کن برایمی. برایم شێست، حەفتا سەری بەران و بەختەی تەسلیم بەمەحمەڵی کرد؛ گوتی برا! ئەوەی بفرۆشە. بزانم ژنێکت بۆ بێنم. دایکیشمان ئازابی زۆرە بحەسێتەوە». مەحمەڵ جەڵەبی ڕاکێشا بۆ بازاڕی چەلیان. گەیییە قەراخ شاری فکری کردەوە گوتی: «برا بەمنی نەگوتووە قیمەتی. دەشقەم هەرزانی بدەم، پێی ناخۆش بێ؛ بڵێ گەورەییی ڕانەگرتم». لەوێ تەسلیم بەپیاوێکی کرد جەڵەبەکە، بۆخۆی بەلینگدان چووە کن برایمی. بەبرایمی گوت: «ئەتوو قیمەتی ماڵەکەت نەگوتووە. بفەرموو قیمەتی، بڵا ئەگەر کردی دەیدەم. ئەگەر نەیکرد ماڵی خۆت بۆ دێنمەوە». برایم گوتی: «هەروا دەبێ لە دنیایە؛ ئافەرین برا!» گوتی: «براڵە! بڕۆ یەکی تێکڕا بەچوار ڕیاڵانی بدە». مەحمەڵ گەڕاوە بەلینگدان، گەیییە جەڵەبی خۆی. ڕای کێشا بۆ بازاڕی.

خاتوون پەریخان کچی میر زۆرابخانی بوو؛ حاکمی شاری چەلیان بوو. بۆخۆی زۆر پیر ببوو، حوکمەتی دە مست خاتوون پەریخانێ نابوو. حەسەن بەگ کوڕی میر زۆرابخانی بوو، چکۆڵە بوو؛ خاتوون پەریخان زۆری کەیف لە پیاوان بوو. هەر کەسێک بەکووچەیدا ڕابردبا خاتوون پەریخان کەیفی دەیگرت. خاتوون پەریخان دەیگوت: «وەرە حەزیم لێ بکە». ئەویش قبووڵی نەدەکرد. خاتوون پەریخان دەیگوت: «بڵا بیسووتێنن؛ نەکوو لەکن خەڵقی بڵێ، ئابڕووم دەچێ». پیاوی دەگرت؛ دەنێو چیغی دەنا؛ نەفتی پێدا دەکرد، دەیسووتاند. قەرەواشێکی بوو؛ هەموو سبحەینان دەبوو بچێ، ئاوی نوێ بێنێ، خاتوون پەریخانێ چاوی پێ بشوا. ئەگەر قەرەواش چوو بەکاروانسەرایدا تەماشای کرد چێودارێک ئەوە جەڵەبی دەفرۆشێ. قەرەواش ئاشقی ئەو چێودارەی بوو، ناتوانێ بچێتە سەراوێ، ناتوانی بگەڕێتەوە؛ هەتا وەخت و سەعاتی بەسەرچوو. بەپەلەپەل چوو گۆزەی پڕکرد، هاتەوە. خاتوون پەریخان لە خەوێ هەڵستا. گوتی: «ئەو قەرەواشە لە کوێیە؟» قەرەواشی دی گوتیان: «نازانین؛ ئەو قابە چۆتە جندەبازییە». زۆر نەچوو قەرەواش هاتەوە. خاتوون پەریخان گوتی: «جەللابیش بێنن تەنافیش بێنن. تەنافی دەکەم، دەیخنکێنم».

گوتی: «قوربان! بانگم کە سەرێ عەرزت بکەم. کەیفی خۆتە ئەگەر دەمخنکێنی».

گوتی: «وەرە سەرێ». گوتی: «قوربان! گۆزەم هەڵگرت چوومە سەراوێ، ئەهلی بازاڕ هەموو دەزانێ؛ ئەگەر دەمکوژی ئەگەر دەمبڕی. ڕووڕەشیی خۆم دەڵێم. چێودارێک لە بازاڕییە، هێندە جوانە دەڵێی یوسفی میسرێیە. ئەگەر چاوم پێ کەوت لە سوێیانی شێت بووم. نە توانیم بێمەوە، نە توانیم بچمە سەراوێ. پێم دە بەند چوو هەتا سەحاتێکی. لە پاش سەحاتێکی بەپەلەپەل چووم گۆزەم پڕکرد. هاتمەوە. حاڵ و کەیفییەتی من ئەوەیە جا ساحب ئیختیاری». گوتی: «ئەوەی بەرن ئەمباری بکەن. بانگی فەڕاشان بکەن». فەڕاش هاتن. خاتوون پەریخان گوتی: «بڕۆن ئەو چێودارە هاتۆتە بازاڕی ئەوەی بۆ منی هێناوە بیکڕم، بیکەمە خێر و خێرات. ئەوە لە بازاڕی شایییەکیان زیاتر داوەتێ لە قیمەتی، بۆیە دەیفرۆشێ. بڕۆن هەرچی لێی کڕیوە، دراوی بدەنەوە؛ ئەو شەک و بەختەی لێ بستێننەوە. ئەو چێودارەی بەجەڵەبەوە بۆ منی بێننە ئێرە».

فەڕاشان هەڕایان کرد، حوکمیان لە چێوداری کرد؛ گوتیان: «هەرچی فرۆتووتە دەبێ دراوی بدەیەوە، شەک و بەختەی خۆت بستێنیەوە». گوتی: «ئاخر چ بکەم خەڵق نامداتەوە». گوتی: «کوڕە! حوکمی خاتوون پەریخانێیە. هەرچی نەیداتەوە بابی دەردێنین». هەموویان ئەستاندەوە، جەڵەبیان ڕاکێشا هێنایان. خاتوون پەریخان چاوی شووشت. کوڵمەی خۆی جوان کرد. چاوی ڕشت. سینگی خۆی ترازاند. خۆی ئاویتە سەر پەنجەران. مەحمەڵ زۆر ترسا، گوتی: «ئەوڕۆ دەمسووتێنن». مەحمەڵ لەولاڕا هات. خاتوون پەریخان چاوی پێ کەوت، ئاشقی بوو. لە سوێیان وەخت بوو شێت بێ. مەحمەڵ ئیکلامی لێ کێشا. بانگی کرد گوتی: «چێودار دەیفرۆشی؟» گوتی: «بەڵێ، قوربان!». گوتی: «تێکڕا بەچەندی سەرجەم؟» گوتی: «تێکڕا بەچوار ڕیاڵان»- ئەگەر بیگوتایە دە ڕیاڵ هەر لێی دەکڕی-. جەڵەبەکەیان ئەژمارد، حیسابیان دا. تەسلیم بەپیاوێکیان کرد. گوتی: «ئەوەی بلەوەڕێنە.، هەتا چل شەوی؛ حەقی مانگێ دە قڕان بێ. موخاریجت لەسەر خاتوون پەریخانێ بێ. ئەوەی دەکاتە خێروخێرات ئینشاڵڵا». گوتی: «بێنن شتێکی بۆ ڕاخەن». تەکلیفیان کرد دایاننا. خاتوون پەریخان لێی پرسی: «نێوت چییە؟» گوتی: «مەحمەڵی دەشتیان نۆکەرت». گوتی: «قوربان حەقی جەڵەبەکەم بدەیە؛ مەرەخەس دەبم». کوێخا دەرکی بانگ کرد گوتی: «مەحمەڵی بێنە ژوورێ حەقی بدەمێ». گوتی: «کوێخادەرک خەڵوەتە کەس لێرە نەمێنێ» مەحمەڵ کە لە پلیکانان وەسەرکەوت، کە خاتوون پەریخان چاوی پێ کەوت وای ئاشق بوو نێوکی کەوت. گوتی: «وەرە ژوورێ». هاتە ژوورێ. ئیکلامی کێشا. لەکنە خۆی داینا گوتی: «مەحمەڵی دەشتیان ئەمن میرغەزەب نیم. هەموو ڕۆژێ پیاوێکی دە چیغی وەردەگرم، دەیسووتێنم. قسەی دڵی خۆم دەکەم لێم قبووڵ ناکەن؛ ئەمنیش بۆیە ئەو عالەمەی وا لێ دەکەم. بەقسەم دەکەی یان نا؟» گوتی: «قوربان! بفەرموو بزانم چ دەڵێی». گوتی: «مەحمەڵ! ئەمن زۆرم حەزم لە توو کردووە، ئەتوو دەڵێی چی؟» گوتی: «قوربان! ئەمن لە سوێی توو جەرگم خرابووە؛ ئەمما ناوێرم بڵێم». دەستی دەستۆی مەحمەڵی کرد. دەمی بەدەمیەوە نا. سوحبەتێکی زۆریان کرد. یەکێکی خۆشی لێ دا، هەتتا سبحەینێ لەکن ئەوی بوو. برایم هەر چاوەڕێ بوو؛ دەیگوت: «مەحمەڵ نەهات». هەتا ڕۆژ برایم خەوێ لێ نەکەوت، لە سوێی مەحمەڵی. سبحەینێ خاتوون پەریخان تەدارەکی پادشایانەی بۆ مەحمەڵی گرت، بەوادەی دوو ڕۆژان مەرەخەستی کرد. مەحمەڵ هاتەوە بۆ ماڵێ. برایم گوتی: «برالە! بۆ وا درەنگ هاتی؟» ئەو تەدارەکی لەکن خاتوون پەریخانی هێناوە پاکی لە پێش برایمی دەشتیان داناوە. لە ڕووی هەڵنەهات بەبرایمی بڵێ؛ هەمووی بۆ دایکی گێڕاوە. ئەویش هات بۆ برایمی گوت. برایم گوتی: «براڵە سبحەینێ دەبێ بچیەوە؛ ئەوە ژنە بێ دینە، نەک پەشیمان بێتەوە. شەیتان شەیتانێ دەکا؛ نەکوو بەمانسووتێنێ ئەو بێ دینە. ئەوی ئەمن پێت دەڵێم، ئەتوو بچوو وای پێ بڵێ؛ ترست نەبێ». برایم تەدارەکی ئاغایانەی بۆ خاتوون پەریخانێ گرت، هەڵستا مەحمەڵی بەڕێ کرد.

مەحمەڵ ئەگەر هات و گەڕاوە،

دیاری و سەوقاتی برایمی لە پێش خاتوون پەریخانێ داناوە.

خاتوون پەریخان پێ کەنی گوتی:

«بەخێرێی سەر چاوی من؛ ئەوە دیاری و پێشکێشی مەڕییە بۆ منت هێناوە».

کاکە مەحمەڵ گوتی:

«خاتوون پەریخانی چاو هەڵۆ!

ئەوە پێشکێشی برایمی دەشتیانە، ناردوویە بۆ تۆ».

خاتوون پەریخان کەیفی دەماغێی هێناوە

دەڵێ: «بەخێرێی، سەر چاوی من شۆڕەلاوە!

ئەتوو چلۆن لە ڕووت هەڵات بۆ برایمی دەشتیانت گێڕاوە؟»

مەحمەڵ دەڵێ:

خاتوون پەریخانێ چاوبەنگییە!

ئەگەر قسەی توو نەگێڕمەوە بۆ کاکە برایمییە

لەکن ئەتوو خەجاڵەت دەبم، لەکن ئەویش دەبێتە ڕووڕەشییە.

برایم وای عەرزی توو کردییە

ئەمن ئێڵچیم، چ تەکلیفم لەسەر نییە.

کاک برایم بەمنی فەرمووە: ئەمن ناتوانم بچمە کن میری، بکەین خوازبێنییە

دەبێ لێرە بڕۆین، بچینە مەملەکەتێکی دییە.

خاتوون پەریخان د ەبێ قاقەزێکی بۆ بنێرێ، بەدزی میری شارییە

ئەشکەوتی بێشوەی ئەوە کردمە پێشکێشی وییە

مەڕ و ماڵی من دە تاعلقەی ویدایە، بۆخۆم دەبمە شوانکارەی یەکجارییە

ئەگەر دەڵێ: بەقای پێ ناکەم، لە منی وەرگرێتەوە بیدا بەیەکی دییە.

ئەمە چارەمان نییە، دەبێ لەو شارەی بڕۆین بۆ شارێکی دییە».

خاتوون پەریخان گوتی:

برایم ساحب کەماڵە، لە هیچ دەوڵەتان پیاوی وا نییە

بابم هێند بەحوکمە مەگەر بچین بۆ نێو عرووسییە.

ئەو شەو دەبێ لێرە میوان بی تەدارەکی دەگرم بەحەوتووێکی دییە.

ئەوێ شەوێ مەحمەڵ لەوێ نەگەڕاوە

هەتا سبحەینێ کەیف و نەهەنگی خۆیان کرد تەواوە

سبحەینێ بەڕێی کرد بۆ ماڵێ گەڕاوە

هاتە خزمەت برایمی ئەو قسانەی هەموو بۆ گێڕاوە

برایم دەڵێ:

بەخێرێی، سەر چاوی من شۆڕەلاوە!

بڵا سەری من ببڕن، مەخسوود و مرادی توو ببێ تەواوە.

سبحەینێ دەبوو بەچێشتانە

لە خەوێ هەڵدەستا خاتوون پەریخانە

بانگ دەکا مەیتەر و میرئاخوڕانە:

کێهە وڵاغت جسنە، حدوودە، ئەگەر پیاو پێی بکا متمانە؟

میرئاخوڕ دەڵێ:

«قوربان، ئەوا هەنم حدوودی بێ نیشانە

دایکیان لە ئەنێزەی گەرمێنیانە».

گوتی: «بچۆ. بیانیێنە؛ بیانبینم. بیانکەم. نیشانە».

میرئاخوڕ هەڕای کرد بەهەشتاوە

جووتێک حدوودی ئەسڵی هێناوە

لە پێش خاتوون پەریخانی ڕاگرت هەرتکی کەوتن بەچاوە

لە بۆ ئێختەخانەی ڕاکێشاوە

ناردی زێرینگەری هێناوە

ڕەخت و ڕەشمەم بۆ بکە تەواوە

ئەوی دانا بەدڵ و جانە

بۆی دروس بکا ڕەختی ڕۆمیانە

بێنن نەجاڕی نازدارە

بۆم دروس بکا قەڵتاغی جەوهەردارە

تا تەدارەکی بگرم بۆ حدوودی دە بەکارە

دە بڕۆن و ڕامەمێنن

وەستای سەڕاجم لە بۆ بێنن

تەکڵتووی ئاوریشم دۆزم بۆ پێک بێنن

دەبڕۆن، ڕامەوەستن چی دییە

ئاسنگەرم بۆ بێنن بە موشتەرییە

بۆم دروس بکا ڕکێفی ئاڵدووز دانەلغاوی هەوێزە مروارییە

دە بڕۆن چی دی ڕامەمێنن

بچن شیرگەرانم بۆ بێنن

شیری میسریم بۆ بغەمڵێنن

زەرگی نەزەریم بۆ بێنن

لە تەنگانی بشەتێنن

بیشەتێنن یەکجارییە

بۆم بچنە کووچەی شارییە

بکڕن زرێی داودییە

مەتاڵی حەوت قۆبەیییە».

کە ئەو تەدارەکەی گرتییە

ناردی لە دوو میرئاخوڕییە.

میرئاخوڕ هاتووە لەولاوە

حدوودی هێنا پێش چاوە

کە لەکنە خۆی زین کراوە

لەسەر پشتەی ڕۆنراوە

زۆر چاک تەنگەی کێشراوە

کە ڕەختیان هێنا لەولاوە

کە حدوودی پێ غەمڵاوە

ئەو ئەسپانەیان گێڕاوە

تەدارەکی چاک گیراوە

زرێی داودییان هێناوە

تەسلیم بە میرئاخوڕی کراوە

قۆڵی خۆی تێ هەڵکێشاوە

لەسەر ملی ڕاوەستاوە

مەتاڵی حەوت قوببەیییان هێناوە

کە ڕیشتەی دەستۆی کراوە

لەنێو شانێ ڕاوەستاوە.

گوتی: «چەندو بەو زرێیە داوە؟»

گوتیان: «قیمەتی لەسەر دانەنراوە

چی بدەیەی، قبووڵ کراوە».

ماشەڵڵا لەو تەدارەکەی گیراوە

لە مەحمەڵی دەشتیان دەگێڕاوە

مەحمەڵ چووە خزمەت برایمییە:

«کاکە! خاتوون پەریخان لەدووی ناردووم؛ نازانم کاری چییە».

برایم وای بەمەحمەڵ گوتییە:

بچۆ خزمەت خاتوون پەریخانێ، بزانە کاری چییە.

مەحمەڵ تەدارەکی خۆی گرت بەیەکجارەکییە.

ئەگەر مەحمەڵ تەدارەکی گرت تەواوە،

دەهات و لە خاتوون پەریخانێی دەکرد سەلام و سەڵاوە،

دەیگوت: «نازانم، مەگەر بۆ نێو عورووس بڕۆین، دەنا لە هیچ کوێیان چارە نەکراوە».

بانگی کردە میرئاخوڕانە:

ئەو ئەسپانە زین کەن، بیانیەننە ئێرانە.

ئەوڕۆیان پێ بچنە ڕاوێ؛ بۆ شاهیدیێ ڕەگەڵو دەخەم ئەو شوانە.

بچن بزانن کێهەیان جسنە لەو ئەسپانە؛

کەڵکیان هەیە، پیاو سواریان بێ ڕۆژی تەنگانە».

سواریان دەبوون بەڕەوانی

ڕوویان دەکردە چۆڵ و بیابانی

تاژی و توڵەیان دەبردن، دەگەڕان بەتەرخانی

کەروێشکێکی گەرمەلانیان دەگرت، دەیانهێناوە بۆ خاتوون پەریخانی

لە پێشیان دادەنا. دەیانگوت: «ئەتوو چرای هەرتک چاوانی»

بڕۆ ماڵە خۆت بار بکە بۆ شاروێرانی».

مەحمەڵ ئەگەر ئەو قسەی بیست لە خاتوون پەریخانێ

گوتی: «بەخوڵای سەرمان دەبڕن لە گۆشەی مەیدانێ»

هاتەوە کن برایمی دەڵێ: «براڵە! کەوتووینە ڕۆژی تەنگانێ

ناچێتەوە پاشێ حوکمی خاتوون پەریخانێ

حوکمی سەختە و گرانە

هەر دەبێ بار بکەین لێرەکانە

بچینە نێو عورووسی، دەنا لەنێو کوردی نانبێ گوزەرانە».

دەگەڵ برایمی قسەیان بوو تەواوە

دایکی مەحمەڵی گەلێک گریاوە

دەڵێ: «ڕۆڵە! خراپم لێ قەوماوە

«ڕۆڵە! مەحمەڵ، خوڵاگیر بی، ئەتوو چت لە کچی میر زۆرابخانی داوە؟»

گوتی: «دایە چ بکەم ئیختیار لە چەنگی خۆن بڕاوە».

ماڵە خۆیان بارکرد، ئەشکەوتی بێشوەی بەجێ ماوە.

شەو و ڕۆژێکیان لێ خوڕی، لە پاشێ مەحمەڵ گەڕاوە بەدواوە.

لەو مەحمەڵی ڕەوانە،

گوتی: «ناچم، کاک برایم گیانە!

سەرمان تێدا دەچێ، زۆر فەساتە ئەو خاتوون پەریخانە».