ناسر و ماڵ ماڵ ٣

از کتاب:
شێوەزاری کوردیی موکری
اثر:
اسکار مان (1867-1917)
 12 دقیقه  1202 مشاهده

شێخی عەرەبان دەڵێ:

«وەزیرەلئەعزەم خوڵا بتکا ڕاوەستاوە!

سەرێکە هێناومە نایبەمەوە دواوە».

وەزیر دەڵێ:

«وا پێک نایە،

شێخی عەرەبان دەگەڵ ئەمن برایە؛

ئەوە شاری بەغدایەم بەگەردن ئازایی دایە،

بزانم ئەمن ناخزمەتیم چ بوو؟ شێخی عەرەبان بەمنی نیشان دا ئەو جەفایە».

شێخی عەرەبان دەڵێ:

«بەخوڵا! خەجاڵەت بووم لە دنیایە،

هەتا بۆ خۆم زیندووم، وڵاتی عەرەبستانم پێشکێش کرد، هەر ممبارەک بەتوو بێ شاری بەغدایە

مەسڵەحەت ئەوەیە ئەو نۆکەرانە بکەی ئازایە».

وەزیر دەڵێ:

«چ بکەم کوڕی منن، مامیان کیایە،

بڕۆن بچنەوە سەر وڵاتی کوێستانێ؛ هیچ کەس نەناسن لە دنیایە،

هەتا حەوت پشتیان دەبڕێ هیچ کەسیان نەیەتەوە شاری بەغدایە،

ئەگەر بەغدا دەعوای لێ بقەومێ، ناسر و ماڵماڵ نایەنن تیپ و سوپایە،

بڕۆن مەرخەستیان بکە کیا گەردنیان ببێ خۆش و ئازایە»

جێبەجێ ئیکلامیان کێشا، گەڕانەوە بەیەکجارەکییە،

کاکە ماڵ ماڵ دەڵێتەوە کاک ناسرییە:

«ئەمن قەت شتاقە شەوی دی لێرە گیر نابم، هەتا نەچمەوە کوێستانی مەزن

باوۆمەران خزمەت خاتوون تەورێزییە».

ناسر گوتی: بڵا ئەوشەو لێرە گیر نەبین کارێکی واش بکەم خەتام نەبێ».

کاکە ناسر دەڵێتەوە کاکە ماڵ ماڵییە:

برالە ئەگەر بۆ گەورەیی دەڵێی لە وەزیری زیاتر دەبەغدایەدا کەس لە توو گەورەتر نییە،

ئەگەر بۆ زێڕ و زەمبەری دەڵێی، لە دەبووتخانەی تۆم هەڵدراوەتەوە هەزار بار زێڕ و ئەشرەفییە

ئەگەر بۆ ماینی دە چاک دەڵێی لە ئێختەخانەی بەستراوەتەوە دووسەد ماینی

لەمەڕ وەزیرەلئەعزەمییە،

خوڵا ئەو جاوجەلالە بەتوو بدا ژن لە بۆ توو قات نییە.

وەبزانە گراوی مەزن باوۆمەری لە دایکی خۆی نەبووە بەکیژییە».

ماڵ ماڵ دەڵێتەوە کاکە ناسرییە:

«ئەگەر بۆ گەورەیی دەڵێی، لەکنم بەگەورەیی گاوانێکی نییە،

ئەگەر بۆ زێڕ و زەمبەری دەڵێی، بەهەمووی لەکنم بەقەد شایییەکی ئەو زەمانەی نییە،

ئەگەر بۆ ماینی دە چاک دەڵێی، بەهەمانم لەکنم بە گۆڵەبارگینێکی کورتانی سەوداگەران نییە،

قەت شتاقە شەوی دی لێرە گیر نابم، تا نەچمەوە کوێستانی مەزن باوۆمەری

خزمەت خاتوون تەورێزییە

ناسر دەڵێ:

«دڵم بریندارە، جەرگم سووتاوە،

ئەتوو براگەورەی منی ئیختیارم پێ نەماوە،

کەنگێ دەفەرمووی ماین زین بکەین، بڕۆین بەولاوە؟»

ماڵ ماڵ دەڵێ:

«ئەمە دەرفکرین،

ئەگەر دەڵێی تا تەدارەکی بگرین،

ئەوشەو بڕۆین بەسەر خەندەقی بەغدایەدا ڕابرین».

کێ بوو لە ناسری بەئەرجووە،

تەدارەکێکی زۆر چاکی لە بازاڕی گرتووە،

هات ماینی خۆی و کاک ماڵ ماڵی زینکردووە،

چوونە دەرکی کیا، دەوڵەت زیادیان خواستووە.

کیا دەڵێ:

«بەخێرێن، سەرچاوی من، جووتە مەردەکەی مەیدانێ؛

وەزیر زۆرو منەت لێ هەڵدەگرێ، بەغداو دەرهێناوە لە تەنگانێ.

بڕۆن ترسو نەبێ بۆخۆم ڕاوەستام لە دیوانێ،

وەزیری بەغدایە لەنگۆ زیاتر هیچ کەس بەبرای خۆی نازانێ،

هەڕۆن بڕۆن، بەخوڵام بەزامندان، بەئەمانەت بەپێغەمبەری ئاخرزەمانێ».

کێ بوو لە جووتە سوارێکی نەولاوە،

سەری جڵەوی خۆیان بادا،

گەڕانەوە بەدواوە.

سەبرسەبر، نەرم نەرم، لە بەغدایان ئاژوا، لە بۆ کوێستانێ گەڕانەوە بەدواوە.

هەتا نوێژی شێوان ئەو جووتە سوارە دایان ئاژواوە؛

نوێژی شێوانیان بەسەردا هات لەوێ ڕاوەستان تەواوە،

جڵەوی خۆیان گرت لەوێ بوون پیاوە.

بۆ شەوێ لەوێ نووستن ماڵ ماڵ خەونی دی دەخەوێیدا، خاتوون تەورێزییان دابوو بەکوردێکی کەڵاش درێژی شارەزوورییە. ماڵ ماڵ هەڵدەستێ لەجێی خۆی دەگریا، ناسر گوتی: «برالە ئەتوو بۆچی دەگری؟ پیاو دەچێتە سەفەرێ، ئەسپ و زینی نایەنێتەوە؛ پیاو دەچێتە سەفەرێ دەمرێ. پیاو قەرزدار دەبێ. ئەمە ئەلحەملای سوباتمان کردووە، دەوڵەتمان هەیە، بەئیختیار دەچینەوە کوێستانێ، بۆچی وا دەگریێی؟»

کاکە ماڵ ماڵ دەڵێتەوە کاک ناسرییە؛

«ئەمن ئەوشەو خەونێکی گەلێک عەجیبم دەدییە،

گراوی منیان داوە بەکوردێکی کەڵاش درێژی شارەزوورییە،

بابی بەخەنجەرێ لێی ڕادەسا برالەی بەشیری ڕووتییە،

لە ترسی شیر و خەنجەران سوێندیان لەبیر خاتوون تەورێزی بردییە،

ئێستا داویانە بەکوردی کەڵاش درێژ، لای لایە دەکا بۆ کوڕی کوردییە،

وا دەزانێ ناسر و ماڵ ماڵ لەسەر دنیا نییە،

بەدەستی پێ دەکەن هاوێر هاوێری مەڕییە،

بەزوڵفان پێ دەڕێسن تەشییە،

بەلاقان پێ ڕادەژێنن لانکی کوڕی کوردییە.

ڕۆژی هەتا ئێوارێ دەگری لە بۆ ناسر و ماڵ ماڵان، لەبن زمانیەوە دەڵێ:

ئاخ بمرم لە بۆ جووتە سوارەکەی ڕۆمییە»

ناسر دەڵێتەوە ماڵ ماڵییە:

«برالە خەونت ڕاستە، درۆی لە بۆ نییە،

وانییە وەکی دییە

ئەوە گراوی منە ئی توو نییە».

ماڵ ماڵ دەڵێتەوە ناسرەدینی:

«برالە ئەوە شاری بەغدایە نییە لێم بشێوێنی،

هەر کەسێکی ئەوڕۆ بچێتە کوێستانێ مزگێنێکم بۆ بێنێ

خوشکۆڵێکم هەیە، دیدەمێ، ساڵی دەرئەق ڕۆژگارێ خەمی خۆی پێ بڕەوێنی؛

پیرەدایکێکم هەیە ئەویشی دەدەمێ با لانکەژێنێ؛

ئەگەر بەوەشم لێ قایل نەبی پیرەبابێکم هەیە دەیدەمێ ساڵێ بەسەری بەزمانی

گەرمێن و کوێستانێی بۆ پێک بێنی،

ئەگەر بەوەشم لێ قایل نی برایەکم هەیە، ساڵێ جووتە کەڵێکی دە مس نێ

حەوت زەویانی لە بوورە و بەیاری پێ دەرێنی».

کاکە ناسر دەڵێتە کاک ماڵ ماڵییە:

«برالە لەسەر کێت هەیە، ئەو ناز و گلەیییە،

خۆ ئەوهە دەعوای هەموو دەوڵەتان نییە،

ئەمن بۆت دەچم بەدەستان نەکو بەسەرییە،

ڕێگای بیست و چوار ڕۆژان بەماینێ شێ خز لە مابەینی برایەتیدا چ نییە

ئەمن بچمەوە کوێستانێ بەچی ناس بکەم، گراوی ماڵ ماڵی خاتوون

تەورێزییە؟»

ماڵ ماڵ دەڵێ:

«ناسر دڵم لە کاوە،

چەندی لە کاوەکاوە

تیرێکی لە ڕاستەی لێ دام لەلای چەپمی ناسۆر هێناوە.

ئەگەر بۆ خاتری من دەبی بەئێڵچی بەولاوە».

ماڵە مەزن باوۆمەری لە خڕی بالینێ، پێشاوپێشی قوچێ قەزەنێ، قەرەچادرێکی

گەورەی هەڵداوە، دەودەمیدا ڕشێنێ بارانێ پەڵەی هێناوە،

لەسەر قەرەچادرێ دەباری لە هەموو خڕان هەڵستا سێڵاوە.

خاتوون تەورێزی دەستی دا کوتکی دارخڕنوک سێ جاری دەورەی قەرەچادری گەورەی داوە

دەڵێ: دایە! چاوم کەم بینا بووە، خەمی ناسر و ماڵ ماڵانم هاتۆتە بەرێ؛ نازانم

کامە سیگە هەڵکشاوە.

ماڵ ماڵ دەڵێ:

«برالە! ئەگەر وای ناناسی، وای نابینی،

سبحەینان خۆی دەغەمڵێنێ بەسووری، نیوەڕۆیان بەزەردی،

ئێواران تازیەی ناسر و ماڵ ماڵانە بەشینی،

ئەگەر حەزێ دەکەی، نەبێ خەم و نسرینی،

ئەگەر حەزێ دەکەی، زوو خاتوون تەورێزی ببێنی،

ئەوە لە خڕێ بالینێ دەکێشێ ماینێ شێ خز لەبەرایی خێڵی، لە دووی دەڕۆنەوە دوو جوانۆڵەی قوڵەبژە، یەکساڵ و دوو ساڵن، وەختێ بۆ خاتری ناسر و ماڵ ماڵان بێنەوە بەر عەقەی دە زینی».

ماڵ ماڵ دەڵێ: «کاک ناسر! دەبێ ئەوڕۆ بچی خەبەرم بۆ بێنیەوە».

ناسر دەڵێ: «ماڵ خرانەبوو؛ ئەمن ڕێی بیست و چوار ڕۆژان چلۆن بچم بێمەوە؟» گوتی: «دەنا سبحەینێ بۆ تاوهەڵاتێ قەرارمان بێ بێیەوە. ئەگەر نەهاتیەوە، یان ئاغایەتی خۆت دیوە ئەمنت لە فکر چووە، یان دەتکوژن، خەبەرێ نایەنیەوە لە ڕێیە، یان خاتوون ئەسمەرت چاو پێ دەکەوێ، ئەمنت لە فکر دەچێ».

ناسر ڕقی هەڵستا ئەوجارە:

«دەبم بەئێڵچییەکی موختارە.

ئەگەر هیچ کەس لە کوێستانێ نەمێنێ لە خاتوون ئەسمەرێ ناکەم پرسیارە.

تیرێکی داوم لە جگەرێ؛

بەحەقی ئەم خوڵایێ، ئەگەر هیچ کەس نەمێنێ، ئەمن لە خاتوون ئەسمەرێ

ناکەم نەزەرێ».

کاکە ناسر بەحەرەمە ماینی شێ خزی هێناوە،

زینیان دەپشتێ کوتا و تەنگەیان کێشاوە.

ناسر دەڵێ:

«ماڵ ماڵ ڕێگاکەم دوورە قەرار و مەدارم بۆ بکە تەواوە».

ماڵ ماڵ دەڵێتەوە ناسری:

«دەبڵا ڕۆژ بێتەدەر، بێ لێرە خەندەقی غەلیفەی بەغدایە بگری،

ئەگەر بەخێرهاتیەوە، لە کاکی خۆت دەفکری.

ئەگەر درەنگ بێیەوە ماڵ ماڵ بەدەشتی بەغدایەدا ڕادەبری،

چاوت پێ ناکەوێتەوە هەتا ئەوێ ڕۆژێ دەمری».

ناسر دەڵێ:

«ماڵ ماڵ دەوڵەت زیاد و ماڵی ئاوا!

گەلێکم زەحمەت دەگەڵ ئەتوو کێشاوە.

ئەگەر دنیایە درەنگ گەیمە جێ، ڕۆژێکم لەسەر ببە ڕاوەستاوە»

ماڵ ماڵ دەڵێ:

«ناسر! هەڕۆ بڕۆ، لەمنت کەوێ کەڵی مەیدانێ

لەتوو زیاتر هیچ کەس شک نابەم ڕۆژی تەنگانێ

بەخوڵام بەزامن دای، بەئەمانەت بەپێغەمبەری ئاخری زەمانێ.

ناسر جڵەوی بادە، ڕکێفی لێ دە، بڕۆوە کوێستانێ».

ناسر و ماڵ ماڵ ئەگەر لە کوێستانێ بۆ بەغدایە هاتن واوە، حەوت ساڵان کانی وان ئاوی لێ نەماوە.

ناسر ئەگەر بۆ کوێستانێ ئاژواوە،

ئەوێ شەوێ ڕۆیی هەتا بەیانی بەرداوە،

ئەگەر وەسەر کوێستانێ دەکەوێ، تەماشا دەکا دوو مێگەل لە حەوشێکی بوون بڵاوە.

ئەوە مەڕی مەزن و میرزاغایانە، ئی بابی ناسر و ماڵ ماڵان، هەمووی دەڵێی

نەخۆشە و هێزی نەماوە،

ئەوی دی مەڕی مەزن باوۆمەرییە، لە سەرینچاوەی کانیێی ئاو خواردووە، لە

بژوێنی لەوەڕاوە،

هێند قەڵەوە هەمووی دەڵێی ڕۆنیاساوی پێدا کراوە؛

شوانیش ئەو کوردەیە، ئەگەر خاتوون تەورێزی لێ مارە کراوە.

ئەگەر ناسر تەماشا دەکا ئەو شوانە لەسەر گوێنێکی ڕۆنیشتووە دووکەڵی

قەنەی لەسەر دەبێ بڵاوە؛

بەقوونەوە پڕی دەدا گوێنییە لە ڕەگوڕیشەی دەرهێناوە،

ئەگەر ئەو شوانە چاوی بەناسری کەوت، گوتی: «ئەوەیان ماڵ ماڵە، ناسر نەماوە،

یان ناسرە ماڵ ماڵ نەماوە».

کوردە بانگ دێڵێ:

«سوار ئەی سوارەکەی چەلەبییە!

دوو کوڕی ئامۆزا لە کوێستانێڕا هاتنە کن وەزیری بەنۆکەرییە،

تو خوڵاکەی پێم بڵێ بزانم، کامەیان ماوە کێهەیان مردییە».

ناسر دەڵێ:

«پەزەوان شێتن، ئاقڵیان نییە.

دەنێو ویلایەتی بەغدایەدا نێوی ناسر و ماڵ ماڵی نییە،

ڕێگای کوێستانێ بۆ ماڵە مەزنی بۆ هۆبەی بەکوێدا دەچییە؟»

کوردە دەڵێ:

«سوارە سوارەکەی چەلەبییە!

ئەتوو بەمن ناڵێی قسەی ڕاستییە؛

کاری ئەنگۆ لەکن ئاغای خۆتان هەموو غەیانەتییە.

ئەتوو نازانی، ئەمن کوردە شوانی مەزن باوۆمەرییە!

گراوێی ماڵ ماڵم مارە کردووە، بەکوێرایی چاوی ناسرییە؛

ئی ناسریش مارە دەکەم. بەکوێرایی چاوی ماڵ ماڵییە.

ڕێگای کوێستانێ ئەوەی لەسەری دەڕۆی دەچێتە نێو خێڵییە».

ناسر گوتی:

«خوڵایە! ماڵ ماڵ شێخە قەت شێخی وا نییە،

ئەتوو تەماشای گووخواردنی کوردییە،

دەڵێ گراوی ماڵ ماڵم مارە کردووە، بەکوێرایی چاوی ناسرییە،

ئەگەر لێرە ئەو حیزبابەی دەکوژم، مەعرەکە پەیدا دەبێ، زووی ناگەمە کنێ، دەڕوا، بەڕەڵمی بەغدایەدا نایبینمەوە، لە ئامۆژن و مامم دەبێ خەجاڵەتییە؛

بڵا، ئەوە ببێتەوە گوێلک بچێتەوە زگم لە نەبەدییە».

ئەوێ ڕۆژێ سێشەموو بوو، خاتوون تەورێزی و خاتوون ئەسمەر و خاتوون

پەروەر هەرسێکیان هاتنە شیو و کوڵێ. ئەگەر ناسر لەژێرڵا هات خاتوون پەروەر

چاوی پێ کەوت، گوتی:

«خوشکیلێ! ئەمنو ببم بەقوربانی سەرییە!

ئەمن حەوت ساڵان بووم، ئەگەر ناسر و ماڵ ماڵ، ڕۆیییە،

ئەوە سوارێک دێ، یان ناسرە، یان ماڵ ماڵی جندییە.

خوڵاکەی، خوشکێ، تەماشاکە، بزانە، ئەو سوارە کێیە.

سەر و بەرگی ڕۆمیانیە بۆخۆشی ڕەنگی شارستانی گرتییە.

ئەمن نایناسم؛ بزانە ئەوە هەوە یان هەو نییە».

خاتوون ئەسمەر سەری هەڵێناوە،

دەڵێ: «چاوم کوێربێ نایناسم؛ ڕەنگی شارستانی لێ نراوە».

گوتی: «خوشکێ، وەرە، سەرو بەندی بانگ کەین؛ ئەگەر ناسر بێ، یا ماڵ ماڵ

بێ، لەسەرمان ڕادەوەستێ؛ ئەگەر ئەویش نەبێ ئەوە نازانێ، ئەمە کچی مەزنین.

دەڵێ: کیژی دەکوێستانییان بوون بەندوباویان دەگوت».

خاتوون ئەسمەر بانگ دێڵێ:

«لاوە، هەرێ لاوە!

بریا ئەمن سێوێک بام لە سێوی دە دوکانێ

کەوتبام لەسەر ڕێیان، لە نواڵەی دە کوێستانێ،

«ناسر و ماڵ ماڵ لە خزمەت وەزیری بەئیختیار بهاتنایەوە، ئەمنیان

هەڵگرتایەوە بەبێنیان کردبام، بیاننابام دە گیرفانێ».

خاتوون پەروەر دەڵێ:

«لاوە! بریا ئەمن کل و کلتوورێک بام، لە گیرفانی کوڕە لاوان

«ناسر و ماڵ ماڵ دەخزمەت وەزیری بهاتنایەوە یەکی جارێکیان بدابامە قمبلەی

دەچاوان».

خاتوون تەورێزی دەڵێ:

«ئەمن جوانوولێک بام لە حودوودان، لەوی دە حەداڵان،

لەوەڕابام لەسەر ڕێیان لە لانواڵان،

ناسر و ماڵ ماڵ لە خزمەت وەزیری هاتبانەوە بیاندابامە بەر شەقەی ڕکێفان،

بیانبردمایە هۆبەی مەزنە ماڵان.

یەکی جارێکیان دەست ئاویتبامە سەر بژ و یاڵان،

ئەمنیان لە بابم بستاندایە لەباتی خەرج و دراو و هەستەی حەوت ساڵان».

ناسر ئەگەر ئەو قسەی بیست تەواوە،

جڵەوی هەڵکێشا و ڕاست ڕاوەستاوە،

ناسر جڵەوی بۆکن ئەوان باداوە،

ناسر دەڵێ: «بزانم خاتوون تەورێزی مێردی کردووە، یان درۆیە».

کاکە ناسر بانگ دێڵێ:

«خوشکێ خاتوونێ، وای خاتوون تەورێزییە،

ئەمە دوو براڵە هەبووین، لەوانی دەکوێستانییە؛

ئەوساڵ حەوت ساڵە لەسەر ئەنگۆ بووینەوە گەرمیانییە؛

ئێستا دەڵێن مێردیت کردووە، بەکوردێکی کەڵاش درێژی شارەزوورییە،

ئێستا کوردە بووە بەشوان ئەتوو بووی بەناسکەبێرییە.

ئەتوو سوێندخۆری قورعانێی ڕۆژی قیامەتێ جوابت چییە؟

لای لایێ بۆ کوڕی کوردی دەکەی وا دەزانی ناسر و ماڵ ماڵ لە دنیایە نەبوون

بەیەکجارەکییە».

خاتوون تەورێزێ دەگریا، دەڵێ:

«بزانە سووچ و تاوانی من، مل بەکوێنێ، چییە؟

ئەمن بابم بەخەنجەرێ لێ ڕادەسا، برالەم بەشیری ڕووتییە،

«ئەمن کوشتن و مردنم لە خۆم قبووڵ دەکرد، نەمدەدا وەکیلییە؛

بۆیەکم خۆم لە کوردی مارە کرد، ئەنگۆ ببینم، نەبێتەوە، دیداری ئاخرەتییە.

ناسرە وای ناسرەی جندییە!

بەخوڵات سوێند دەدەم و بەزاتی ڕەببییە

ئەگەر حەزێ ناکەی بمرم، پێم بڵێ بەیەکجارەکییە،

توخوڵا، ماڵ ماڵ ماوە یان مردییە؟»