ناسر و ماڵ ماڵ ١

از کتاب:
شێوەزاری کوردیی موکری
اثر:
اسکار مان (1867-1917)
 10 دقیقه  1708 مشاهده

مەزن و میرزاغا، ئاغای وڵاتی کوێستانێ بوون. کوێستانەکەش گاگەش باوۆمەر بوو. لە بەغدایە دەگەڵ کیای، برادەر بوون. سی و دوو ساڵان مەزنایەتیی کوێستانیان کرد. جا مەزن باوۆمەر لەوان پەیدابوو؛ مەزنایەتیی لێ بڕینەوە، حەوت ساڵان مەزن بوو. ناسر و ماڵ ماڵ کوڕی مەزن و میرزاغا بوون. گەورە بوون. مەزن باوۆمەر سێ کچی بوون، یەکێکیان نێوی خاتوون تەورێزی بوو، ئەویدی خاتوون ئەسمەر، سێیەمین خاتوون پەروەر. حەزیان لە ناسر و ماڵ ماڵان کرد. خاتوون تەورێزی بۆ ماڵ ماڵی، خاتوون ئەسمەر بۆ ناسری. ناردیانە کن مەزن باوۆمەری، کچێمان بداتێ بۆ ناسر و ماڵ ماڵان؛ مەزن باوۆمەر نەیدانێ. کچەکان سبحەینێ چوونە سەر کانییە، شیو و کوڵێ بکەن. ناسر و ماڵ ماڵ هاتنە کن کچەکان؛ گوتیان: «ئەوە بابو ناودا؛ وەرن دەگەڵمان، هەڵوگرین». خاتوون تەورێزی گوتی: «ئەنگۆ پیاو نین، دە وەرن سوێندی بۆ یەک بخۆین نە ئەمە مێردی دەکەین، نە ئەنگۆ ژنێ بێنن. هەستن؛ بڕۆنە بەغدایە کن ئاغای خۆتان؛ یان بمرن، یان مەنسەبی بستێنن». ماڵ ماڵ گوتی: «کاکە ناسر! بەخوڵای، چاک دەڵێن. ئەوان

لەمە بەغیرەتترن».

بازیبەندیان لە قۆڵی خۆیان دەرهێنا؛ هەر چوار سوێندیان خوارد. بازن و مۆرییان پێکەوە گۆڕینەوە، دەوڵەت زیادیان خواست؛ سواربوون.

کاکە ناسر دەڵێتەوە کاکە ماڵ ماڵییە:

«خوڵاکەی چییە ئەو دنیا فانییە،

دەبڵا بڕۆینە خزمەت وەزیری بەغدایە بە نۆکەرییە».

کاکە ماڵ ماڵ دەڵێتەوە کاکە ناسرییە:

«ئەمە لە خاتوون تەورێزی و خاتوون ئەسمەرێ وە چەنگن کەوت خاترجەمییە؛

جا دنیای ڕوون چ فایدەی هەیە، چی دی قبوول ناکەم ئەو حیزییە،

دەچمە کن وەزیری بەغدایە بۆ نۆکەرییە،

یان سەرم دەچێ بە یەکجارەکییە،

یان دێمەوە بەئیزنی خوڵای بەئاغایەتییە».

ناسر دەڵێ: «ماڵ ماڵ دڵم لە کاوە،

تیرێکیان لە بەدەنێ دام، جگەرم سووتاوە،

دایک و بابمان لە وڵاتی غوربەت بەجێ ماوە،

دەنا ئەو سەفەرە هەر بۆ من چاکە، سەفەرێکی تەواوە.

خاتوون تەورێزی؛ خوشکێ دەوڵەت زیاد و ماڵی ئاوا»

خاتوون تەورێزی دەڵێ:

«چ بکەم، برالە، لێم مەدە تانێ

هەڕۆ، بڕۆ، بەخوڵات بەزامن دەدەم، بەئەمانەت بەپێغەمبەری ئاخر زەمانێ.

ئەگەر بەبێ مەنسەب بێیەوە، برالە، لەو وڵاتەی ناکەی گوزەرانێ».

خاتوون ئەسمەر دەڵێ:

«ماڵ ماڵ! ئەگەر دەڕۆی، کوێرم دەبێ چاوە.

دەبێ بچنە کن دایک و بابانو، بڵێن دەوڵەت زیاد و ماڵی ئاوا

ئەگەر ئەو گەردنو ئازا بکەن، مەخسوود و حاسڵ دەبێ، لە خزمەت میری

بەغدایە کارو دەبێ تەواوە».

دەڵێ: «خوشکێ! دەترسم، بابم نەیەڵێ بچم، بڵێ: بگەڕێیەوە دواوە».

جا جووتە سوارە، سوار بوون و لەوێ گەڕانەوە بەدواوە،

هەتا دەهاتنە دەرکی دایک و بابی خۆیان لەوێ دەبوونەوە پیاوە،

ناسر و ماڵ ماڵ دەڵێن:

«دایک و بابی مە سەفەری بەغدایەمان وەبەرکەوتووە گەلێک سەفەرێکی تەواوە.

چ حەیشێک لێرە بەکوێستانێ بۆ مە ماوە؟

ئینشاڵڵا دەچینە بەغدایە، نایەینەوە هەتا کارن دەبێ تەواوە».

ناسر و ماڵ ماڵ گەلێک دەرفکری،

ئەوێ شەوێ لەکن دایک و بابانی دەگری.

دایکی ناسر و ماڵ ماڵان دەڵێن:

«ڕۆڵە! بڕۆن بەخوڵاو بەزامن دەدەم و دوومین بەحەزرەتی خدری،

ڕۆڵە! گەردنو ئازابێ، دەشقەمێ خوڵا دەستو بگری»

ئەگەر سوار بوون ئەو جووتە لاوە،

بانگێکی خۆشیان لێ داوە،

دەڵێن: «وڵاتی کوێستانمان بەدەستەوە نەماوە.

خەڵقی خێڵاتی، دەوڵەت زیاد و ماڵی ئاوا»

ڕێی بەغدایان پێ نیشان دەدەن سەبرسەبریان داژواوە.

چەند مەنزڵیان لێ خوڕی تا بیست و چواریان دەکرد تەواوە.

وەسبحەینێڕا داخیل بەبەغدایە دەبوون ئەو جووتە لاوە؛

بەکووچە و کۆڵانی بەغدایەدا دەیانئاژواوە،

هەتا دەچنە دەرکی کیای دەبوون پیاوە.

وڵاغیان لێ وەرگرتن بردیاننە یەختەخانێ، وەتاغیان بەوان نیشان داوە،

هەتا سێ ڕۆژان ڕۆنیشتن پرسیاریان لێ نەکراوە.

ڕۆژێکی کیای گوتی:

«ئەو میوانە کوێندەرین، لە خزمەت میری بێژراوە».

نۆکەر گوتی:

«نازانم؛ ئەوە کوێندەرین. نایانناسم، ئەمن چم لە میوانی توو داوە

لێی پرسم بڵێم خەڵقی کوێی هاتووی لەولاوە؟»

کیای فەرمووی:

«نۆکەرەکەی بێ قەیدییە؛

بچۆ بزانە ئەو میوانانە کوێندەرین، حاجەتیان چییە.

ئەوە سێ شەوە لێرەن، بۆ هیچ سوال و جەوابیان دەگەڵ ئەمن نییە؟»

کێ بوو، لە نۆکەرەی جندییە،

دەچووە کن ناسر و ماڵ ماڵی بەیەکجارەکییە،

دەڵێ: «میوانینە! میر ئەمنی ناردۆتە کن ئەنگۆ بەئێڵچیگەرییە،

بزانم، ئەوە کوێندەرین و کاریان بەمن چییە».

ماڵ ماڵ دەڵێتەوە بەناسرییە:

«قاقەزێکی بۆ بنووسە بەدزییە؛

«بڵێ: ئەمە کوڕی مەزن و میرزاغای هاتووین، دەبینە نۆکەری وی

بەیەکجارەکییە،

وڵاتێ کوێستانیان لێ بڕیوین، جا لە خوڵای بەرەژێر، ئەگەر چارە نەکا، هیچ

هومێدی دی نییە».

دەزبەجێ ناسر قاقەزی دەنووسییە.

مۆری لە ماڵ ماڵی وەرگرت، مۆری کرد بەیەکجارەکییە.

گوتی: عەرزی بکە، خەتم ڕەوان نەبوو، ئەگەر عەیبێکی ببێ لێم نەکا بەگلەیییە.

قاقەزەکەی دا بەنۆکەری، گەڕاوە بەیەکجارەکییە،

چووە خزمەت کیای، قاقەزی لە پێش دانا گوتی: «ئەوهە چییە؟

نۆکەر گوتی:

«ئاغا، خوڵا بتکا ڕاوەستاوە

ئەمن چووزانم، قاقەزە بۆ توو نووسراوە».

میر قاقەزەکەی مولاعەزە کرد، داینا لەسەر چاوە،

گوتی: «ئەوە برازای منن لێیان قەوماوە».

جا کە سبحەینێ بەیانی داوە،

تەدارەکی ناسر و ماڵ ماڵان لە ماڵی کیای گیراوە.

کیای فەرمووی:

«ئەوە مەحرەمی ماڵە منن؛ بۆچی ئەو وەتاغە و بەوان داوە؟»

کیا وای گوت بەو نۆکەرانە:

«خەڵاتی بۆ ناسر و ماڵ ماڵی بەرن، بیانئێننە ئێرەکانە».

خەڵاتیان بۆ بردن، ئاویتیانە سەرشانانە،

ڕێی خەڵاتی کردن بەزێڕەوشانە،

لە پلیکانان دەهاتنە خوارێ ئەو نەوجوانانە،

دەچوونە خزمەت کیای بەئیکلام کێشانە،

کیا ماچی کردن، دەستی ئاویتنە ئەستۆیانە،

دەڵێ: «ڕۆڵە! بەخێرێن. ئەگەر تەنگانەو بوو، بۆچی وا درەنگ هاتنە ئێرەکانە؟

تا مەعموورم بناردایە کوێستانێ گاگەش باوۆمەری ماڵی مەزنم بکردایە تاڵانە؛

ئێخسیری مەزن باوۆمەرم، دەهێنا بەغدای گەورە و گرانە.

ئێستا ئەوا بۆخۆم لێرە ڕاوەستاوم؛ هەرچی ئەنگۆ دەڵێن بەسەر ئەو چاوانە.

دەبێ سبحەینێ هەڵگرن زێڕ و ماڵی من، بچنە بەغدایە، سەودایە بکەن دەگەڵ

ئەو تاجرانە،

هەتا عەرزی وەزیرەلئەعزەمی دەکەم، چلۆن دەبێ ئەو کارانە.

دەڵێم: وەزیر بتبم بەقوربانە.

جووتە برازاکەی من ئاغای کوێستانێ بوون بەعەمباڵ لەو شارانە؛

خوڵا لێت هەڵناگرێ لە پیاوی نەجیم تێک بدەی تەخت و مەکانە».

ناسر و ماڵ ماڵ دەڵێن:

«یا ڕەبی، زۆر شوکر لە دنیایە!

وڵاتی کوێستانێمان لێ بەجێ ما لە بۆ سەفایە؛

ئێستا هومێدی وەک کیامان هەیە لە بەغدایە.

جا سبحەینێ دەچینە بازاڕی، دەس دەکەین بەساد و سەودایە؛»

کە سبحەینێ بەیانی بەردا ڕۆژ سەری دەرهێناوە،

کەوڵی خۆیان بەسەر شانی خۆیاندا دەداوە،

دە هەموو شاری بەغدایە گەڕان، قێمەت و نرخی شتیان ڕۆناوە هاتنەوە ماڵی

کیای، مەنزڵیان بۆ گیراوە

کیاش لە دیوانێ خەبەری بەوەزیری بەغدایە داوە.

ئەوێ شەوێ قەناعەتیان کرد؛ قاقەزی خاتوون تەورێزی و خاتوون ئەسمەرێ

هاتووە لەولاوە:

«چ بکەین؛ ئەمە سوێندخۆری قورعانێین، خراپمان لێ قەوماوە!

کوردێکی کەڵاش درێژی شارەزووری بەسەر خاتوون تەورێزییێ هەڵوەستاوە».

ئەو قاقەزەیان برد لە پێش کیایان داناوە.

کیا دەڵێ:

«ڕۆڵە ماڵ ماڵ! ئەو ناحەقییە لە من کراوە.

سەبرو ببێ هەتا لەکن وەزیری هەموو کارێکی دەکەم تەواوە»

هەڵستان، بۆ مەنزڵی خۆیان گەڕانەوە بەدواوە.

جا کە سبحەینێ ڕۆژ سەری دەرهێناوە،

ناسر و ماڵ ماڵ چوون لە بۆ بازارێ تەواوە،

سەودایان دەکرد، بازاڕیان وەسەر خۆیان دەگێڕاوە.

ئەوێ ڕۆژێ خێرێکی زۆریان کرد؛ پێنسەد تومانیان هێناوە.

کێ بوو، لە کیای موختاری،

دەچوو لە ناسر و ماڵ ماڵانی دەکرد پرسیارە،

دەڵێ: «ڕۆڵە! ئەوڕۆ چلۆنو ڕابوارد ڕۆژگارە؟»

دەڵێن: قوربان بەسایەی ئیلتیفاتی توو هاتین بەکارە.

سەودامان دەکرد هەزار بەهەزارە،

پاش موخاریجی خۆن هێناومانەتەوە ئەوجارە».

کیا دەڵێ:

«ئەمن قەت شوکرانە نابژێرم بەو کارە».

کێ بوو، لە ناسر و ماڵ ماڵی گوڵباوە،

سبحەینێ ئەگەر بەیانی دەدا، ڕۆژ سەری دەرهێناوە،

دیسان چوون لە بازاڕی بەغدایە، ساد و سەودایان بنیادناوە.

ئەگەر ڕۆژیان لێ بوو ئاوا، دووکانی هەموو کەس داخراوە،

نەیانزانی شێخی عەرەبان بۆ سەر بەغدایە هەڵستاوە،

شێخی عەرەبان دەورەی بەغدایەی گرت، چادری لێ هەڵداوە.

سبحەینێ ڕۆژ بۆوە خەبەر بۆ وەزیرەلئەعزەمی دراوە.

دەڵێن: «لەشکرێکی گەورە هاتووە، دەورەی بەغدازەمینێ گیراوە».

وەزیری بەغدایە گوتی بەئێڵچییە:

«دەبڕۆ بەچەپەرییە،

بچۆ، بزانە سەرکردەی ئەو لەشکرەی کێیە، لە چی شەقییە.

ئەگەر میوانە، بۆچی نەهاتۆتە ئێرە، بەئەستۆی داهێناوم خەجاڵەتییە»

ئێڵچی هەرڕای دەکرد بەهەنگاوە،

هەتا دەگەیییە چادری شێخی عەرەبان، ئیکلامی دەکێشاوە،

عەرزی دەکرد: «وەزیرەلئەعزەم ئەمنی ناردۆتە کن ئەتوو تەواوە،

بۆچ هاتووە لەوێی خستووە تەواوە، ئەو خەجاڵەتییەی بەمن داوە.

ئاخر ئێرە ماڵی وییە بۆ شام و نەهارم پێ نەدەبوو تەواوە؟»

شێخی عەرەبان دەڵێ:

«بەخێرێی سەرچاوانم،

عەرزی وەزیری بکە، ئەمن شێخی عەرەبانم،

ئەمن دۆست نیم، وەزیرەلئەعزەمی بەدژمن دەزانم،

ئەمن چلۆن ئەو ئێڵچییە بدوێنم،

خەبەری بە وەزیرەئەعزەمی ڕادەگەیەنم؟

یا دەبێ بەغدایە بەجێ بێڵێ، یانە هەستەی حەوت ساڵانی لێ دەستێنم».

ئەگەر ئێڵچی ئەو قسەی دەبیست تەواوە،

دەمودەست لەکن شێخی عەرەبان گەڕاوە،

گەیییە خزمەت وەزیری، ئەو خەبەرە خۆشەی بەوی داوە.

وەزیر گوتی:

«کیا بێنن، بزانین ئەو تەگبیرە چلۆن دەکرێ تەواوە».

ئەگەر خەبەر بە کیای دراوە،

ناردی لە ناسر و ماڵ ماڵی گێڕاوە؛

دەهاتە دیوانی وەزیرلئەعزەمی، ئیکلامی کێشاوە.

کیا ڕۆدەنیشت بەعزێکیان قسە دەکرد تەواوە.

کە وەزیر سەری هەڵێنا، جووتێک غەریبە لێرە ڕاوەستاوە،

وەزیر دەڵێ:

«کیا ئەو نۆکەرانەت کەنگێ گیراوە؟»

دەڵێ: «ئەوە نۆکەری من نین، ئی توون، لێیان قەوماوە.

«مەزن باوۆمەر لە کوێستانێ دەری کردوون، هەمووی کردوون بڵاوە.

«ئێستا قەت نانی شەوێکیان بەمستەوە نەماوە».

وەزیرەلئەعزەم دەڵێ:

«جارێ چ بکەین، دەگەڵ شێخی عەرەبانمان لێ قەوماوە».

کیا دەڵێ:

«بنێرە خزمەت شێخی عەرەبان: مۆڵەتم لێ بگرێ، هیشتا کاروبارم نەبووە

تەواوە».

ئەگەر کیا وای گوتییە،

وەزیرەلئەعزەم دەیناردە کن شێخی عەرەبان قاقەز و ئێڵچییە،

شێخی عەرەبان فەرمووی:

«ئەمن لە هەستەی حەوت ساڵان زیاتر چی دیم تەڵەب نییە».

ئەگەر شێخی عەرەبان وای جواب داوە،

قاسیدی وەزیرەلئەعزەم بەپەلەپەل گەڕاوە،

موژدەی بۆ وەزیرەلئەعزەم هێنا دەڵێ:

«قوربان! خەرجی حەوت ساڵانم دەوێ تەواوە».

وەزیرەلئەعزەم بەوەی زۆر مەشغووڵ ماوە:

«خوڵایە! ئەمن هەر خەرجم لە خەڵقی نەستاندووە چم بەکەس نەداوە.

دەنگی لەشکری بەغدایە بدەن، ئینشاڵلا سبحەینێ دەیکەم بڵاوە»