لاس و خەزاڵ ١

از کتاب:
شێوەزاری کوردیی موکری
اثر:
اسکار مان (1867-1917)
 12 دقیقه  2646 مشاهده

ئەحمەد ئاغای باڵەکی چ کوڕی نەبوو. مەحموود ئاغای برای وی بوو؛ ئەویش چی نەبوو. هەردووک ژنیان عامیلەدار بوو. خوڵا لاسی دا بە ئەحمەد ئاغای، خانزادیشی دا بە مەحموود ئاغای. لێکیان مارەکردن؛ لاس و خانزاد. دایکی لاسی نێوی شەمێ بوو. دە ساڵان ئەحمەدئاغا وێی کەوت، مێردی پێ نەکرد. شێرێک یاغی بوو. پیاوی دەشکاند، دەیخوارد؛ ئەحمەدئاغا کوتی: «یان دەبێ ئەمنیش بخوا، یان ئەو شێرەی دەکوژم». چوار ساڵ بوو شەمێی هێنابوو، ئیلاقەی نەدەکرد. کوتی: «بۆچی ئیلاقەی من ناکەی؟» کوتی: «هەتا بە دەستی خۆت دۆخینم نەکەیەوە، ئەمن ئەتوو ناگێم».

ئەحمەد ئاغا سەر و بەرگی پۆشی، چووە زگ شێری. شێر دەستی بە دەعوایە کرد دەگەڵی. خوڵا فرسەتی ئەحمەد ئاغای دا، شێری خست. هەڵاتە سەری، سەری بڕی. ماندووبوو، لەسەر پشتی شێرەکەی نووست، خەوی لێ کەوت. لە خەڵقی بوو بە شین و گریان؛ کوتیان: «شێر ئەحمەدئاغای کوشت». ژنەکەی کوتی:

«ئەمن دەچم. یان دەبێ ئەمنیش بکوژێ، یان تۆڵەی ئەحمەدئاغای دەکەمەوە». ژن دەستی دا خەنجەرێ. چووە زگ شێری. ئەگەر چوو تەماشای کرد شێر کەوتبوو؛ ئەحمەدئاغا لەسەری درێژ ببوو. کوتی: «وەڵڵاهی! ئەوە شێر شکاندوویەتی، لەسەر پشتی خۆی داناوە». تەماشای کرد سەری شێری بڕیوە؛ ئەحمەد ئاغا خەوی لێ کەوتبوو. کوتی: «خوڵاکەی، ئیلاقەی من نەکا؛ بزانم پیاوە یان پیاو نییە». دۆخینی کردەوە. ئەحمەدئاغا چاوی هەڵێنا؛ تەماشای کرد، ژنەکەی دۆخینی دەکردەوە. ئینجا هەڵاتە سەری لەسەر پشتی شێری گای، ئینجا لاس لەسەر پشتی شێری گووراوە. هەڵستان هاتنەوە ماڵێ.

خانزاد خان و لاس لێک مارە کرابوون؛ هەتا دوازدە ساڵان. دە پاشان ئەحمەد ئاغا مرد. مەحموود ئاغاش مرد. شەش ساڵان تازیەی ئەحمەد ئاغا و مەحموود ئاغای بوو. پاشی شەش ساڵان پیاوێک چووبوو بۆ جەڵەبی؛ چوو بۆ نێو عێلی ماموودینان. لەوێ چاوی بە خەزاڵی مەلا نەبییان کەوتبوو. هاتەوە، کوتی:

«لاسەشۆڕ عەمرت بە هیچێ چووە». کوتی: «بۆچی وا دەڵێی؟» کوتی: «ماڵ خرانەبوو! ئەوڕۆ خەزاڵێ مەلا نەبییانم دیوە؛ دەگەڵ ڕۆژێ دەعوایە دەکا؛ ئیدی هەر بۆ توو چاکە». لاس هەڵستا وڵاتی باڵەکیانی بەجێ یێشت. چۆ نێو عێلی ماموودینان، چاوی بە خەزاڵێ بکەوێ. ئەگەر چوو لەوێ دابەزی، جڵەویان گرت و وڵاغەکەیان بەستەوە. بۆخۆی چووە خزمەت مەلا نەبی؛ کوتی: «ها بابم کوێندەری؟» کوتی: «قوربان! هاتوومە نۆکەریێ». کوتی: «خەڵقی کوێی، کوڕی کێی؟» کوتی «قوربان! لە گەرمێنێ هاتووم». مەلا نەبی کوتی: «ئەحمەد ئاغا و مەحموود ئاغای باڵەکی دەناسی؟» کوتی: «قوربان خێر؛ خەڵکی عێلی وان نیم». کوتی: «قەننەداری دەتوانی بکەی؟» کوتی: «بەڵێ قوربان، دەتوانم». کیسە و قەننەیان دایێ. لاس بۆ قەننەداری مەلا نەبی دە شەوانی قەننە تێ کرد. ڕۆژێکی خەزاڵ هات بەپێش چاوی دا. لاس کوتی: «ئەوهە کێیە؟» کوتیان: «ئەوهە خەزاڵێ مەلا نەبییانە». لاس دەڵێ:

«یای خەزاڵ، نە قەولت قەولە، نە شەرتت شەرتە، نە دینت دینە

هەزار باری دە نەحلەتانت ببێ لە پیرە دایکێ، لە برا گچکەلە، دۆمین لە بابی ڕدێن شینە

ئەمن بۆ توو دەچوومە کوێستانی عەزیم و بوزرگینە

دەسکێکی سۆسن و هەڵاڵەم دەچنینە

دەسک بەدەسکم کردن بە ئاوریشمی دوکانێکم بەستینە

کاروانێک دەهاتەوە لە دەغڵ کڕینە

ئەمن بەو کاروانەی دا ئەو گوڵەم بۆ توو ناردینە

نازانم ئەو گوڵەت پێ گەییون یا نەگەیینە»

خەزاڵ دەڵێ: «لاس، ئەمن ئەوانەم لە توو قبووڵ نینە.

نە سەری سەهەندی، نە قووچی قەزەنی، نە ڕندۆڵی زەرزان، نە سەری

تەشوێلەی، نە مۆڵی بەرانی، نە کانیە خوڵای شتاقیان دەگەڵ نینە».

لاس دەڵێ: «یای خەزاڵ، چۆمم لێ هاتن، پردم لێ هەڵوەشینە.

ئەمن مەلەوانێک نەبووم لە گۆمی دە شینە،

کیژ و کوڕی هەمزاغایان، لە من و توو دڵ بەدنیاتر بوون، دە پێشی من و توودا

سەری ئەو گوڵانەیان هەموو دەچنینە.

خوڵا ماڵێ خێڵاتی خرا کا! دەگەڵ بەرگەل و مێگەلان ئەو گوڵانەیان هەموو پچڕینە،

دەستی لاسی باڵەکی قوڵە بوو، بۆ هەموو کوێستانان نەگەیینە».

خەزاڵ دەڵێ: «لاس، دڵت کردووم هیلاکە

لەو گوڵانە هێندێکیان دەبەری خۆت ڕاکە

وەرە لەبەر ماڵێ مەدا هەڕاکە

هێندێک دەڵێن: یا خوڵا پیرۆزت بێ! هێندێک دەڵێن:

موبارەکی بێ لاسی باڵەکی جوانێکی چاکە».

لاسی دەڵێ: «لە ماڵە مەلایان هەتا ماڵی سۆفییان

لە ماڵی سۆفییان هەتا ماڵی مەلا نەبییان

ئەمن دەڵێم: ببمە سەیاح؛ ڕۆمێ بگەڕێم دەگەڵ هیندییان

بریا دارێک بوومایە لە داری دە قەیسییان

بیاندامایە چەنگ وەستایان، شەقیان کێشابامایە بە مشاریان، بیاندامایە

بەردەمی ڕەندە و کوشتەرییان

هەڵیان هێنابامایە بە پەڕێکی تێلتاوسی، خاسەڕەنگیان کردبام بە پوشتەباڵی سپی سییان

بیاندابمایە بەر ماڵی کەوانێکی هیندییان

هەڵیان داشتبام بەرەو قووچی قەزەنی قەندیلی مامە کۆیییان

لەوێیان پێ کوشتبامایە، بابی دە کاران، دایکی دە نێرییان

گۆپەڕکم کەوتبا لە بڵندان، شاباڵم کەوتبا لە نەوییان،

لە سەری ڕێی شوان و گاوان و ناسکە بێرییان

هەڵیان گرتبام بیانبردمایە سەر ڕازی کانییان

لە خۆشییا منیان مەڕ سەرچڵ کردبایە، هاتبانایە سەر بەردی دە کانییان.

سەرێکیان نابام دە بنی تووری؛ نێوەڕاستم کەوتبا سەر زاری شیرمەشکێ لە ملی خۆیان قایم کردبام.

لای دیکەم کەوتبایە نێوانی هەرتک شانان؛ بەسەرمدا هاتبایە هیزار دەگەڵ قمبەڵێکی کەزییان.

جا حەوتووێکم لەسەر بوایە مەڕەکە دەگەڵ خەڵق و خوڵای خێڵەکییان.

بێرێکی زۆر موسڵمان ئەمنی لەو عێلاتەی دزیبا؛ بەدیاری و سەوقاتی بردبامی بۆ یای خەزاڵێ مەلا نەبییان.

یای خەزاڵ بە دەستی مبارەکی وەری گرتبام، بیناردمایە کن زێڕینگەری،

زێڕێنگەر سەرێکی زێڕکفت کردبام، نێوەڕاستم ئەشەرەفیبەند، لای دیکەم دە دوڕ و ئەشرەفییان.

زێڕینگەر لەسەر هۆردک دەستانی ڕۆنابام، بەدیاری و ئەنعام هێنابامەوە بۆ یای خەزاڵی مەلا نەبییان.

یای خەزاڵ سەرێکی بە قوڵکی گەردنیەوە نابام، سەری دیکەم لە نێوان سینگ و مەمییان.

ئارەقە شێت و شەیدای کردبام، باوەشێنی کردبام بە پەرچەمان، فەرامۆش بوومایە بە کەزییان.

وەختێ لەویم لێ وەڕەز دەبوو، بینابام لەنێو سندووقێکی خاسەڕەنگ، ڕۆژێ بە نوغل و نەباتی پەروەردە کردبام. شەوێ قاسید بام لە مابەینی سینگ و مەمییان.

وەختێک لەویم لێ وەڕەز دەبوو، بیناردمایە سەر وەستایەکی گەوێڵ، دروستیان کردبام بۆ نێرتکی تەشییان.

حەوت ساڵان پێی ڕستبامایە ڕانک و چۆغەڵەی مێردووتییان.

وەختێ لەویم لێ وەڕەز دەبوو، قەرەواش و کەنیزان، ئەمنیان لە خەزاڵێ بخواستایە،

دەیگوت: ناسکە تیرێکی عەجیبە، بە کەسی ڕەوا نابینم، نەکوو زەحمەت و کوێرەوەریی بدەنێ، ڕۆژی قیامەتێ خەلاس نابم لە خەجاڵەتییان.

وەختێکی لەویم لێ وەڕەز دەبوو، بیدابامە بەر ناڵچەی کەوشی زێوان کەرت و

پاری کردبام، فڕێی دابامە دەم کەوی و کانییان.

لەوێ بۆ خۆم شین بووبام بە گۆڕانگێکی شەنگەبییان. بە بنم داهاتبا گێلان و گێدان، خێڵی سوورچی و زرارییان،

هەموو هەوەڵی پایزان، ئاخری بوهاران لە بن سێبەرم ڕۆنیشتبا یای خەزالی مەلانەبییان».

خەزاڵ دەڵێ:

«دڵم ڕاناوەستێ لەبەر ئەوێ غەمێ، لەبەر ئەوێ ژانێ.

ئاورێکم بەربوو دەروونێ، ئێ دیکەم بەربوو دەروونخانێ،

نە بەبای دەکوژاوە نە بە بارانێ.

هاوارێکم وەبەر خوڵای، ئێ دیکەم وەبەر پێغەمبەری ئاخری زەمانێ.

لاسە! ئەو پەرچەمانەم بۆ توو پەروەردە کردوون هەر وەک ئاوریشمی دووکانێ

ئەمن ئەو هەنیەم بۆ توو نیگاداشتی کردووە، هەزار و حەوسەد مەلایکەتی

جڵەوکێشە، وەک مانگی مونەوەر وایە، شەوقی داوەتە عەرز و ئاسمانێ.

ئەو برۆیانەم بۆ توو پەروەردە کردوون، دەبێ شاری هیندی بۆ بدەی بە دەرمان؛

دەستی بکەی بە وەسمە کێشانێ.

ئەو چاوانەم بۆ توو پەروەردە کردوون، دەڵێی ئەستێرەی گەلاوێژە، لە هەوشار و عەجەمان هەڵدێ، هەر ئاشقێکی بیبینێ گوناهی نامێنێ ڕۆژی ئاخرزەمانێ.

ئەو کوڵمانەم بۆ توو پەروەردە کردوون، دەڵێی فانۆسە لە دیوانی سوڵتانی ئەستەمبووڵێ؛ میرزای قابیل لەبەر شەبەقی وی قەڵەمی باوێتە سەر قاقەزی بۆ هەر چوار دەوڵەتان بنێرێ پۆستە و فەرمانێ.

ئەو کەپۆیەم بۆ توو پەروەردە کردووە. مەگەر هەیاسی دانا مەعنای بزانێ.

ئەو لێوانەم بۆ توو پەروەردە کردوون، پیاوی تاجر مەگەر کلووری ببێ دەنا قیمەتی نازانێ.

ئەو ددانانەم بۆ توو پەروەردە کردوون. هەر ددانێکم گەوهەرێکە،

هەر گەوهەرێکم قیمەتی تەواو نابێ بە شاری کشمیرد و ئێرانی.

ئەو چەنەی ڕەنگ شاخی زێڕینی بۆ تۆم پەروەردە کرد. دڵم نایە دە مست

وەستای ناشیی نێم، وەستایەکی باش وەستا ببێ، سەبرسەبر، نەرم نەرم،

زەحمەتی نەدا لە مسقاڵ کێشانێ.

ئەو گەردنەم بۆ توو پەروەردە کردووە، دەڵێی شووشەی گوڵاوێیە چەند خۆشە

لاس و خەزاڵ لێکدی بپڕژێنن، لاس بڵێ: یای خەزاڵ، ئەو شووشە گوڵاوێم بۆ لەسەر دەلاقە دانێ.

ئەو کەشەفەم بۆ توو پەروەردە کردووە، جووتێک لیمۆی کاڵی لەسەرن خاوڕیسی

دارای لێ بووە بە پەردە کلیلی بۆتە دەرزیی هەشتەرخانێ.

هێندێک خاڵ لە نێوان سینگ و مەمکانم ئەو خاڵانە بەبێ مامۆستا و موستەعید دەخوێنمەوە: ئەلفن، میمن، خەتی قورعانێ.

ئەو بەژنەم بۆ توو پەروەردە کردووە. دەڵێی ڕێحانەی یەکساڵەیە، بنی ئادەمیان

شەواویان لێ ناوە خوناوەکی پەڕیوەتە سەر پەلکان دەگەڵ زەردەی ڕۆژێ هەوەڵی سبحەیانێ.

ئەو شلکەی ڕانانم بۆ توو پەرەوەردە کردووە، خۆی بۆ شۆڕ بکەوە، سەری خۆتی

لەسەر ڕۆنێ لە ماچکردن و گەوزلێدانێ.

لاسەشۆڕ! عەمرم! وەرە. سێ ماچانت دەمێ هیچ کەس نەزانێ.

گوێزینگی پێیانم سێوی سەر لکانە، بەئەمانەتی بەباغەوانی داون لە ئێوارەوە

کێشکی لێ بکێشێ هەتاوەکوو هەوەڵی سبحەیانێ.

لە سبحەینێوە کێشکی لێ بکێشێ تا عەسرێکی درەنگ مەلا دەڵێ: «ئەڵڵاهو ئەکبەر»؛ سۆفی دێننەوە شادەت و ئیمانێ.

لاس وەرە دوو ماچانت بدەمێ، یەک لەباتی زەکاتێ، ئێ دیکە لەباتی کەلیمەی شادەت و ئیمانێ».

لاس دەڵێ:

یای خەزاڵ چ بکەم ئەتوو لە متبەقێ ئەمن لەلای مێردانە.

دڵم بەخەمە دەروونم سەرەوێرانە.

ئەتوو خانەخوێی ئەمن بێگانە؛

ئەگەر ڕاستە و دەمدەیەی ئەو ماچانە

شیشی لە چیغی ڕاکێشە تەشریفی موبارەکت بێتە ئێرەکانە.

خەزاڵ هات دەستی دە ستۆی لاسی کرد. نووستن پێکەوە خەویان لێ کەوت.

میربداغ و میرحەمەدخانی سوورچی و زراران هاتن تاڵان و ماڵی عێلی ماموودینیان؛ هەموویان برد. پیرێژنێک مانگای بەگوانەوە چووبوو، گەیشتە لاسی و خەزاڵێ. جنێوی دایە کوتی: «سەگباب ئەتوو دێی دەگەڵ خەزاڵێ وردەگانان دەکەی، ماڵی من بەتاڵان بەرن». لاسی خەوی لێ کەوتبوو، خەزاڵ بەخەبەر بوو. خەزاڵ بەپیر پیرێژنێوە چوو؛ کوتی: «دایەپیرە مەگری، لەجیاتی مانگایەکی بیستت دەدەمێ، لەجیاتی گوێلکێکی بیستت دەدەمێ. لاس خەوی لێ کەوتووە بڵا وەخەبەر نەیێ». پیرێژن گەڕاوە دیسان لەولاوە هاتەوە زگ لاسی کوتی: «حیزباب! لە وڵاتی باڵەکیان ئەتوو قونت دەدا؟ ئەتوو هاتووی ماڵی من بەتاڵان دەدەی». یای خەزاڵ بەپیریەوە چوو کوتی: «پیرێژن! دەنگێ مەکە، بڵا لاس وەخەبەر نەیێ». پیرێژن کوتی: «وەڵڵاهی دەگۆڕی بابی لاسی دەڕیم، بۆچ مانگای من بەتاڵان بچێ» دوو قەرەواشان باوەشێنی لاسیان دەکرد، مێشی لێ نەنیشێ. ئەو قەرەواشانە دەگریان بۆ ماڵی بابیان. هەر یەکی حەزیان لە کوڕێکی دەکرد.

دەیگوت: «ماڵەکەیان چوو، ئەمەیان پێ ناخوازرێ». لاس سەری هەڵێنا کوتی: «ئەوە چییە بۆچی دەگریێن؟» کوتیان: «قوربان! میربداغ و میرحەمەدخان هاتن تاڵان و ماڵی ئێرە هەموویان برد». کوتی: «دەنا خەزاڵ دەگەڵ من غەیان بووە».

لاس هەڵستا بەپەلە پەل دەیکردە لینگدانە

لاس دەڵێ: «ماڵی وێرانم وڵاتی باڵەکیانم بەجێ یێشت هاتمە ئێرەکانە.

ئێستا هەزار و چوارسەد ماڵی خۆم و مامم سەرەوێرانە

خانزادخانی حەریرێ بێ ساحێبە و بێ خودانە

داخوڵا، قاسیدی کێیە؟ هاتۆتە خەزاڵی چاو جوانە

نەمزانی ژن دەغەڵن پێشکاریان شەیتانە

هەڵبەت بەدزی من ناردوویانە، میربداغ و میرحەمەدخان هاتوونە ئێرەکانە.

تاڵانی عێلی مەلانەبییان دەبەن، دەڵێن: لاس منداڵ و نادانە.

دەنجا قەرەواش بڕۆن و دامەمێنن،

ماینێ شێ خزم بۆ لە بەهاربەندێ دەرێنن.

زرێی داودی، ڕمبی نەزەریم بۆ بێنن.

خەبەرێکی بە میربداغ و میرحەمەدخانی سوورچی و زراران ڕابگەیێنن،

ئەگەر هاتوون ماڵ و تاڵانی مەلا نەبی دەبەن، وریا بن، مەڕی خەزاڵێ لە سەرینچاوەی کانیە ئاو بدەن لە بژوێنی بلەوەڕێنن.

هەڕاکەن ماینێ شێ خەزم لە بەهار بەندێ بۆ دەرێنن؛

زینێکی مورسەتی لێ بشەتێنن

جووتێک زەرگانم لە بۆ باڵاتەنگێ بۆ بێنن».

ئەگەر ماینێ شێ خزیان لە بەهاربەندێ دەهێنادەرە،

پێی دە ڕکێفێ دەنا، دەکەوتە سەرە

عێلی مەلانەبییان ڕادەوەستان ئەوبەر ئەوبەرە،

لە ژنانیان گریان و چەمبەرە.

لاس دەڵێ: «یای خەزاڵ! خوڵاکەی چەند ماچی منت لەسەرە؟»

خەزاڵ دەڵێ:

«ئاورێکم گرتووە، نییە قەرارم.

هەرچەندی دەفەرمووی، ئەمن قەرزدارم.

تاڵانی عێلم چوو خەجاڵەت بارم

تەخسیری من دەگرن وا گوناهکارم».