مەم و زین ٧

از کتاب:
شێوەزاری کوردیی موکری
اثر:
اسکار مان (1867-1917)
 14 دقیقه  1135 مشاهده
میر دەڵێ:
«کاکەمەم نەکەین گوفتارێ،
بڵا تەختە نەردینێ بێنین ڕۆبنیشین لە قومارێ».
ڕۆدەنیشتن دوو بە دوو میرمەمی نەوجوانە
بۆ وەعدەی پێنج سەعاتی لێکیان دەدا شان بەشانە
کاکەمەم زۆری لە میری بردەوە، کردی سەری وێرانە.
کوتی: «بڵا جێیان بگۆڕینەوە». گوتی: «بەڵێ، قوربان». بەکر تەگبیری کردبوو جێیان بگۆڕنەوە؛ کاکەمەمیان لەوێ هەڵستان، چووە جێی میری. میریان هێنا جێی کاکەمەمی. دیسان قوماریان کرد. میر باشاری کاکەمەمی نەکرد. میر گوتی: «بڵا قاوێکی بخۆینەوە». بەکر بەدزی بە میری گوت: «بڵا یایەزین بێ، قاوەی بگێڕێ». یایەزین قاوەی هێنا، گوتی: «هانێ بەنگینە بیاندەیە». میر گوتی: «یایەزین! بۆخۆت قاوەی بدە». بەکر بە میری بەدزی کوتی: «بەندێکی بانگی کاکەمەمی کە». میر دەڵێ:
«کاکەمەم، بەو خوڵایەی کەم بێ نسرینە،
پادشایەکی بێ شەریکە، هیچ شەریکی لە بۆ نینە
لەکن ئەمن وایە ئەوەتی لە دایک و بابی خۆت بووی هیچ دۆستی بەدڵت نینە».
میرمەم دەڵێ:
«میر دەغیلت بم، ئەمن دەبژێرم شوکرانێ
دۆستی من یەکێکە وەک عۆریەکانی لە ئاسمانێ»
میر دەڵێ:
«یاری تۆم گوێ قوتن وەک گوێ دە مشکان؛
«ئای دۆستی توو سەری هەڵنایە لەبەر ئەسپێ و ڕشکان».
میرمەم دەڵێ:
«میران! بە قوربانت بم، لێم مەگرە بەهانێ
دۆستی من یەکێکە وەک عۆرییەکانی لە ئاسمانێ
دۆستی من ئەوەیە، بووە بە ساقی قاوەی دەگێڕێ لە دیوانێ».
میر دەڵێ:
«میرمەم بەقام بە قسەی توو هیچ نییە
ئەوەتی لە بابت بووی، هیچ دۆستت نییە».
میر مەم دەڵێ:
«لە خۆم غەریب و بێکەس و خانەوێرانێ
چونکە میوانم، پێم دەکەن بوختانێ
ئەمن دەڵێم: دۆستم هەیە؛ چونکە غەریبم کەس پێم ناکا متمانێ
ئەوا قەرەتاژدین و عرفۆ و چەکۆ دەزانن، دۆستی من ئەوەیە، قاوەی دەگێڕێ لە دیوانێ».
قەرەتاژدین بە میری گوت: «ئەتوو ئەو قەحبە هێناوتە کردووتەتە ساقی لە
دیوانی؟» پیلی کاکەمەمی گرت، بردیەوە بۆ ماڵێ.
یایەزین قاقەزێکی بۆ کاکەمەمی نووسی:
وەرە، تەمەنایە بکەین لە خوڵای، لە ساحبی عەرز و ئاسمانێ، «کاکی من ئاشقەڕاوە، هەڵکاتە شەماڵی، لێی دا لە گۆپاڵ بارانێ.
سبحەینێ کاکم دەچێتە ڕاوی ئاهوویێ لە دەشتی گەرمیانێ.
کاکەمەم نەخۆشێک بێ هیچ کەس بە دەردی نەزانێ.
سبحەینێ چێشتانی، سوڵتانی ژوان و پەیمانمان بکەوێتە لای دیوانێ.
ئینجا تەمەنایان دەکرد لە خوڵای. حەدی ماڵ نووستنان هەڵی دەکردە شەماڵی،
لێی دەدا لە گۆپاڵ بارانێ. میر دەنێرێتە کن کاکەمەمی، دەڵێ: «هیچ پادشادیان ڕاوی ئاهوویان نییە سبحەینێ».
کاکەمەم دەڵێ: «عەرزی میری بکەن بەبێ فکری،
«نەخۆشێکی هێن گرانم، بەخوڵای، زین وەخۆم ناگری».
ئەگەر خەبەریان بۆ میری دەبردەوە تەواوە
دەیانگوت: «میر، قوربان! کاکەمەم نەخۆشە؛ نەخۆشێکی ناتەواوە».
بەنگینە دەڵێ:
«خانەم خەرابوو، بزانە ئاغای من بەبێ کەسی چیی لێ قەوماوە»
میر دەڵێ:
«بەنگین، مەگریە، بەبێ کاکەمەمی لێم حەرام بێ ئەو ڕاوە
بەنگین، هەڵستە، بڕۆ، ڕامەمێنە
دەغیلت بم، ڕاوی سبحەینێ خۆشە، خەبەرێکی میرمەمم لە بۆ بێنە
ئەگەر دەچییە ئەوێ، خەبەرێکی لەوێ وەردەگری
دەبێ بە خاتوون ئەستی خوشکم، بڵێی، تەدارەکێکی لە بۆ میرمەمی بگری
ئینشاڵڵا ئەرەسوو و لوقمان دێنمە سەرێ، نایێڵم میرمەم بە چ دەردان بمری».
کێ بوو لە بەنگینی گوڵباوە
دەهات بە گریان و بە هەشتاوە
هەتا دەگەیییە میرمەمی، دەیگوت: «بە قوربانت بم کوێت ئێشاوە؟»
دەیگوت: «بەنگینە! مەترسە؛ ژوانم دەگەڵ یایەزینێ ڕۆناوە».
دڵم دەڵێی کوورەی وەستایانە، گەلێک لە جۆشە.
ئەگەر دەچییە کن میرزێندینی بڵێ: میرمەم دەردی گرانە، گەلێک نەخۆشە.»
ئەگەر بەنگین وەدەردەکەوت، ئەو خەبەرەی بۆ ئاغای خۆی بردەوە لە دیوانێ
دەڵێ: «میرمەم نەخۆشە، کەس بە دەوا و دەردی نازانێ».
میرزێندین دەڵێ:
«چ بکەم، لێم تێک چوو، بەبێ میرمەمی ناچمە ئەو ڕاوەی سبحەینێ».
میر دەڵێ:
«بەنگینە ئازیزم، بەنگینێکی شیرینێ!
«ئەسپان بێنەدەرێ، سواربن، بچینە کن کاکەمەمی ماڵە قەرەتاژدینێ».
بەکرئاغا دەڵێ:
«ئەتوو بۆ وا میرێکی بەستەزمانی؟
جارێ بەو شەوەی لە ماڵە قەرەتاژدینی هەڵمەستێنە ماڵ و خێزانی
دەمێکی دی سوار دەبین، سەعاتێکی ماوە لە بۆ بەری بەیانی».
میر دەڵێ:
«هۆی بەنگینە؛
دە بڵا تەدارەکی بگرن، ئەسپی من بکەنەوە زینە
ئینشاڵڵا بە سەلامەتی کاکەمەمی بۆ ماڵە قەرەتاژدینی بچینە».
کێ بوو لە بەنگینی موحتەبەرە،
ئەسپی میرزێندینی زینی لێ دەکرد، دەیکێشا تەنگ و بەرە،
تاجی و تووڵەیان بانگ دەکرد ئەوبەر ئەوبەرە،
میر دەهات؛ پێی دە ڕکێفێ دەنا. لە زینی مورەسەعی دەکەوتە سەرە؛
دەیگوت: «بەنگینە! بە سەری من، دەپێشدا بڕۆ خەبەرێکی من بۆ کاکەمەمی بەرە».
کێ بوو لە میری گوڵباوە،
دەی ئاژوا بە پەلە و بە هەنگاوە،
دەهات، لە ماڵە قەرەتاژدینی دەبوو پیاوە،
دەیگوت: «کاکە! هیچ خۆت نەخۆش مەکە، وەگیر هیچ پادشایان ناکەوێ ئەو ڕەشەڕاوە»
میران ئەتوو گەلێک بێ فکری.
هەرچەن دەکەم، میرمەم خۆی لەسەر ئەسپی ڕاناگری.
میر! پەکی خۆت مەخە؛ خراپم لێ قەوماوە.
ئەمن گەلێکم پێ لە توو خۆشترە ئەو ڕاوە،
ئەمما نەخۆشێکی بێ ئیختیارم، جگەرم بڕاوە».
میر دەڵێ:
«کاکەمەم، لە خۆم نابینم مراد و کاوێ
حوکمە دەبێ دەگەڵ خۆم بتبەمە ڕاوێ؟»
کێ بوو لە میری موحتەبەرە،
دەیگوت: «بەنگینە بڕۆ ئەسپی کاکەمەمی بێنەدەرە؛
عرفۆ و چەکۆیانم بۆ بکە خەبەرە».
بەنگین دەچوو، ئەسپی کاکەمەمی دەهێنا دەرە
خاتوون ئەستی دەڵێ:
«بەنگینە! تەنگانی شل بکێشە ئەوبەر ئەوبەرە»
ئەگەر بەنگین ئەسپی میرمەمی دەهێنا، پێی دەڕکێفێ دەنا، بکەوێتە سەرە
هەرچی کردی، هێزی نەبوو قەلەندەرە
خاتوون ئەستی دەڵێ:
«برالە! بە کاکەمەمی ناکرێ ئەو سەفەرە».
میرزێندین دەڵێ:
«خوشکێ لێم مەگۆڕە، لێی نابینم کاوێ؛
ئەگەر بە کۆڵێم بردبێ، کاکەمەمی دەبەمە ڕاوێ».
کاکەمەم دەلەرزی، ئەگەر لە باڵەخانەی وەدەرکەوت،
پێی دەڕکێفێ نا نەچووە سەرێ، زینی ئەسپەکەی دەبەر زگی کەوت.
میر کوتی:
«تەنگەی ئەو ئەسپەی بۆ وا شلە؟ تەنگەیان توند کێشا کاکەمەمیان سوارکرد.
چەند کردی؛ خۆی ڕانەگرت.
میر کوتی: «دایبەزێننەوە؛ زۆر نەخۆشە. ڕاوی ئەوڕۆ حەیفە کاکەمەم دەگەڵ نەبوو؛ بچۆ، بەکرئاغا پێی بڵێن سواربێ».
بەکر کوتی: «ئەسپەکەم شەلە؛ میر تەشریفی بڕوا؛ وڵاخێکی پەیدا دەکەم و دەیگەمێ». بەکر نەچوو بۆ ڕاوێ، قاسیدێکی ناردە سەر کاکەمەمی. کاکەمەم هەتا چێشتانێ دانیشت لە پاشان سەبر سەبر ڕۆی بۆ دیوانی میری. گەیییە دیوانێ، دانیشت. یایەزین هەڵستا، هاتە خزمەت کاکەمەمی.
کێ بوو لە مەم و زینی بەڵەک چاوە
یایەزین دەهات، لە کاکە مەمی دەکرد سەلام و سەڵاوە
دەیگوت: «عەلەیکوم ئەسەلام و ڕەحمەتوڵڵاهی، سەرچاوی من، خاتوونێ، کێل گەردنێی بەڵەک چاوە»
دەستیان دەستۆی یەک دەکرد، دەمیان بە دمی یەکەوە ناوە.
بەکر ئاگای لێ بوو کاکەمەم هاتە دیوانێ
قاسیدی لەسەر دادەنا لە بۆ کێشک کێشانێ
کێشکی چاکیان لێ کێشاوە
هەردووک خەویان لێ دەکەوت، ئەو جووتە لاوە
میر ڕاوی دەکرد هەتا ڕۆژ وەرگەڕاوە
بانگی دەکرد: «حەیفە، چەکۆ، کاکەمەم دەگەڵ نەبوو، پێم خۆش نەبوو ئەو ڕاوە».
ڕوویان دە ماڵێ کردەوە. قەرەتاژدین گوتی: «ئەمن دەزانم کاکەمەم دەگەڵ یایەزینێ دە دیوانێ خەوی لێ کەوتووە؛ ئەگەر هەڵی نەستێنێ، وەخەبەر نایە». بانگی کرد: «بەنگینە! وەرە تا پێت بڵێم. وەرە، ئەتوو هەڵێ؛ ئەمن ڕێت دەکەوم؛ دوور دارێکت پێدا دەدەم، مەگەڕێوە سەر دارەکەی، هەر بڕۆ هەتا ماڵێ. دابەزە، مەم و زینیان لە خەوێ هەڵستێنە». ئەگەر میر کوتی: «ئەوە لە داری ترسا، وا نەگەڕاوە بۆ دوایە». قەرەتاژدین دەڵێ: «ئەمن دەڵێم، میر، ئەوە نەترسا؛ ئەوە دەچێ، دادەبەزێ، دێ لە دەرکی دیوانێ بۆخۆی جڵەوی ئاغای خۆی دەگرێ». میر کوتی: «ئەوە شوێنێکی چاکە». ئەگەر بەنگینە هاتەوە، تەماشای کرد مەم و زین خەویان لێ کەوتبوو، هیچ ئاگایان لە دنیایە نەبوو. کوتی: «ئەگەر هەڵیان دەستێنم، گوناهم دەگاتێ؛ ئەگەر هەڵیان ناستێنم ئێستا میر دەگاتە جێ، پێ دەزانێ، سەرمان دەبڕن». بەنگین ڕوانی: ئەوا میر هات. بەنگین دەڵێ:
«های میرمەم! لە خۆم غەریب و هەژاری
ئاورێکم دە بەدەنێ بەربوو دایگرتم بەیەکجاری
کاکەمەم، لەو خەوەی هەڵستە، کەڵێکی وەکوو میری هات و گەیییە قەراخ شاری
وای، لە خۆم غەریبێ و یەخسیرێ
میرمەم، لەو خەوەی هەڵستە غەریبی خۆت وەبیرێ؛
کەڵێکی وەکوو میرزێندینی هات و گەیییە دەروازەی جزیرێ».
کاکەمەم لە خەوێ هەڵستا کوتی: «بەنگینە ئەوە چییە؟»
کوتی ماڵ خەرانەبوو! ئەوە میر گەیییە جێ؛ ئەتوو بۆ هەڵناستی، لە دیوانێ بڕۆیەوە؟» کوتی: «بەنگینە! تەماشاکە، بزانە دوورە یا نیزیکە». بەنگینە چووە سەربانی، تەماشای دەکرد، کەمی مابوو، بگاتە قەراخی شاری. ئەگەر هات تەماشای کرد، مەم و زین دیسان خەویان لێ کەوتبۆوە.
بەنگین دەڵێ:
«لە خۆم غەریبێ، جگەرسووتاوێ
ئەی ئاغاکەی من لە خۆی نابینێ چ مراد و کاوێ
های لاوە، میرمەم! لەو شیرن خەوەی؛ هەڵستە کەڵێکی وەکوو میری هاتەوە لە ڕاوێ
کوێنی سیاماڵانم دەبەرکەن بەیەکجاری
میرمەم لەو خەوەی هەڵستە؛ کەڵێکی وەکوو میری هات و گەیییە دەروازەی شاری
میرمەم لە خۆم غەریب و ماڵ وێرانێ
کەڵێکی وەکوو میری هات و گەیییە دەرکی دیوانێ».
میر جڵەوی هەڵەنگاوت. ڕاوەستا؛ گوتی: «بەنگینە. داخوڵا کاکەمەم چلۆنە؟»
کوتی: «نازانم هاتوومەوە، لێرە ڕاوەستام». دەو دەمیدا بەکرئاغا هات و گەیییە خزمەت میری.
بەکرئاغای کوتی: «ئاغا! بەخێرێیەوە؛ ڕاوت موبارەک بێ». میر کوتی: «بڵا، بچین سەرێکی کاکەمەمی بدەین». بەکر دەیزانێ دەگەڵ یایەزینێ دە وەتاغێ دان. بەکر کوتی: «قوربان! دابەزە. پیاوی دەنێرم، بزانێ کاکەمەم چلۆنە». میر دابەزی. ئەسپیان لێ وەرگرت، چووە ماڵێ. بەنگینە هاتەوە، بانگی کاکەمەمی دەکا دەڵێ:
«دووان ئاشق هەبوون لەمێژە
هەردووک لەبەر خەوێ ببوون هۆڕ و گێژە
هەی ئاغا! بە قوربانت بم. لەو شیرین خەوەی هەڵستە، دۆڕاندووتن هەموو نوێژە».
میر ئەگەر هاتەوە، چووە دیوانێ. کاکەمەم چاری نەبوو، یایەزینی دەبن کەوڵێ نا. پاڵی وە کوڵینچکی وەتاغێدا. عرفۆ، چەکۆ، قەرەتاژدین، بەکرئاغا هەموو هات دانیشت. میر کوتی: «ها کاکەمەم چلۆنی؟» کوتی: «قوربان! خوڵا بکا، ڕاوی توو موبارەک بێ! ئەمن چاکم». کوتی: «کاکەمەم! ڕاوی ئەوڕۆ چ پادشایان نەیانبوو؛ حەیفە ئەتوو دەگەڵ نەبووی». یایەزین دە گوێ کەوڵیدا کەزی خۆی بە قەرەتاژدینی نیشان دا. قەرەتاژدین ئەگەر وایزانی، نۆکەری بانگ کرد، کوتی: «بڕۆ، حەوت دەرکم هەیە؛ پووشی تێنێ، ئاوەری بدە؛ بڵا ماڵە من بسووتێ».
ئاورێک هەڵستا لە سەری دنێ
یەکی دی هەڵستا لەو سەری دنێ
های ماڵە قەرەتاژدینی هەمووی سووتا بە سووتنێ
بەنگین دەڵێ:
«میر، ئاورێک دە ماڵە قەرەتاژدینی بەربوو. چ ئاورێکی بێ ئامانە!
ئەگەر هەڵنەستی، ئێستا شاری جزیرێ دەسووتێ
دەبێ وێرانە
ئەتوو میرێکی بێ فکری
ئەوە شەماڵ هات، ئاوری دێنێ بە سەر خانووبەرەی تودا، ڕادەبری
ئەگەر هەڵنەستی، ئێستا کۆشک و تالاری تۆش ئاوری دەگری».
میرزێندین دەڵێ:
«مەخلووقی جزیرێ، وەکیل و وەزیر، بڕۆن، دامەمێنن
هەڕاکەن، ئەو ئاورەی لە ماڵە قەرەتاژدینی وەکوژێنن»
بەنگینە دەڵێ:
«وای لە خۆم بێ سەڵایێ!
میر! ئەگەر بۆخۆت هەڵنەستی، ئەو ئاورە هێن بە حوکمە، چارەی نایێ».
ئەگەر میر وا دەزانێ
شەقژن کەوتە دیوانێ
میر وەدەرکەوت بە یەقینێ
ڕووی کردە ماڵە قەرەتاژدینێ
ئەگەر میر ڕۆی بە هەنگاوە
دەرک و پەنجەرەی بۆ کراوە
بەکرئاغا خۆی دەگێڕاوە
کاکەمەم لەوێ هەڵستاوە
دەگەڵ یایەزینێی بەڵەک چاوە
کوتی: «یایەزین! لەبەر بەکرشەیتانی لێکمان نەدی مراد و کاوە»
مەم و زین هاتنە پێشخانێ
دەستیان کرد بە گریانێ
کاری بەکریە، خوڵا دەزانێ!
میرمەم دەڵێ:
«یایەزین! چلۆن چاوان بە قەرەتاژدینی هەڵێنم،
مەگەر ئێڵچییان بنێرم،
گەنج و خەزێنەی یەمەنێی بۆ بێنم».
ئەگەر لەوێ ئەو قسە بوو تەواوە.
یایەزین دەڵێ:
«کاکەمەم کارێکی زۆر گەورە لەمە قەوماوە».
دەیگوت: «یایەزین! دەستت دەستۆی کەم، دوو ماچان لە کوڵمان بکەم تەواوە».
ئەگەر دەمی ڕە کوڵمەی یایەزینێ کەوت،
دەستڕەی دەستانی بەربۆوە؛ ئەوی لەوێ کەوت.
بەکر هەڕا دەکا، ڕانامێنێ،
دەستڕەی یایەزینێ پڕ دەداتێ دەیڕفێنێ.
کاکەمەم دەڵێ:
«چ بکەم لەبەر جەباری
بڵا، بەکرە مەرگەوەڕی بکوژم بەیەکجاری؟»
یایەزین دەڵێ:
«لە خۆم بێ سەڵایێ
«چ بکەم، ئەوڕۆ کارەکە بەدە، کوشتنی بەکری بۆم پێک نایێ».
میرمەم بۆ ماڵە قەرەتاژدینی چوو؛ یایەزینیش بۆ ماڵێ گەڕاوە.
کاکەمەم دەچوو لە میری و قەرەتاژدینی دەکرد سەڵاوە.
ماڵە قەرەتاژدینی ئاوری گرت، مەخلووقی جزیرێی هەموو بەسەردا ڕژاوە.
قەرەتاژدینی لوڕی بە زمانی ئارەبان دە ژنێی خوڕی:
دور، گوێتر! لانکی کوڕی.
خاتوون ئەستی دەڵێ:
«نە ئەو ماڵەم دەوێ نە ئەو حاڵە
نە ئەو منداڵەم دەوێ نە ئەو تفاڵە
بەو شەرتی لە دنیایێ سەلامەت بن گەردنی زەرد و ڕووی پڕ لە خاڵە».
ئینجا میر دانیشت؛ ئاورەکە کوژاوە؛ ماڵە قەرەتاژدینی هەموو سووتا. میر کوتی: «وەرن، بەربووی ماڵە قەرەتاژدینی بکەین».
میر کوتی: «وەتاغێکم بە هەموو شتێکەوە دایە بە قەرەتاژدینی. بەکر ئاغا؛ ئەتوو چی دەدەیێ؟» بەکر ئاغا کوتی: «قوربان! ئەمن چ نادەم». کوتی: «بەکر ئاغا! بۆچی؟» کوتی: «قوربان کەسێک ماڵە خۆی بە دەستی خۆی بسووتێنێ، ئەمن ماڵە خۆم بۆچی بدەمێ؟» میر کوتی: «ئەمن تێ ناگەم؛ ئەو قسە چییە؟» دەستی دا دەستڕەی، کوتی: «قوربان! ئەوە لە دیوانێ بوون، ئەگەر ئەتوو لە ڕاوێ هاتیەوە، کاکەمەم یایەزینی وە بن کەوڵی دابوو، قەرەتاژدین پێی زانی، ناردی ماڵە خۆی ئاور تێ بەردا؛ سووتاندی هەتا یایەزین و کاکەمەم خەلاس بن. ئەگەر بەقام پێ ناکەی، ئەوە دەستڕەی یایەزین و کاکەمەمییە، لە دیوانێ لێم ئەستاندن، نەکوو بڵێی: «بەکر شەیتانە، ئابڕووی خوشکی من دەبا»، جا ئەمن بۆ ماڵە خۆم دەدەم بە پیاوی وا؛ قەت بووە، نۆکەر بە ئاغای خۆی غەیان ببێ. میر کوتی: «بەکر ئاغا! ئەتوو ڕاست دەکەی، مەسڵەحەت چییە؟ کاکەمەمی چلۆن ببەتڵێنین، قەرەتاژدین، عرفۆ، چەکۆ پێ نەزانن؟» کوتی: «قوربان کارێکی وا بکەین، بەنگین نەزانێ». هەڵستان چوونەوە ماڵێ. بەکر کوتی: «قوربان وڵاتێکمان هەیە قەد خەرجمان ناداتێ؛ بڵا زیندانێکی هەڵکەنین بۆ کاکەمەمی، هیچ کەس نەزانێ». بە مانگێکی زیندانیان تەمام کرد. بەکر کوتی: «بنێرە، عرفۆ و چەکۆ و قەرەتاژدین و بەنگینە و میرمەم بێنە ئێرە؛ مەسڵەحەتێ بکەین». ناردیان، هەموو هاتن. میر کوتی: «کوڕینە! ئەمە چ بکەین؛ وڵاتێکم هەیە ئیتاعەتێم ناکەن، خەرجم نادەنێ». کوتیان: «قوربان! چ دەفەرمووی وا دەکەین». میر کوتی: «مەسڵەحەتە ئەنگۆ بچن، کاکەمەمی بۆ من بەجێ بێڵن. بەتەنێ ئەمن عاجز دەبم». کوتیان: «بەڵێ؛ تەدارەکمان بۆ بگرە؛ لەشکرمان بۆ وەدەرخە. یان سەری خۆمان دادەنێین یان بەجارێکی ماڵ و تاڵانت بۆ دێنین».