مەم و زین ٥

از کتاب:
شێوەزاری کوردیی موکری
اثر:
اسکار مان (1867-1917)
 13 دقیقه  1276 مشاهده
یایەزین دەڵێ:
هاوارم وەبەر ئەو خوڵایە!
ئەگەر بێ شەریکە تاق و تەنهایە
بۆخۆی لایەزانە
ئەو جووتە سوارەکەی بە قسەی من مل بەکوێنێ، هاتوونە ئێرەکانە،
ڕەبی لە ماڵە میری، کاکی من نەبن میوانە
ئەی خوڵایە! ئەتوو بێ شەریکی چەند بێ نسرینی
ئەو جووتە سوارەکەی هاتوون بە قسەی من مل بە کوێنی
پادشایەتی شاری یەمەنێ لێیان بەجێ دەمێنی
یاخوڵا! نەچنە ماڵە کابەکری؛ بچنە ماڵە خوشکی خۆم. قەرەتاژدین پیاوێکی
ڕەشیدە، سەخییە، نان بدەیە. ئەو زۆر چاکیان بەخێردێنی
کێ بوو لە کاکەمەم و بەنگینی موحتەبەرە
خەڵقی جزیرێیان لێ ڕاوەستابوو ئەوبەر ئەوبەرە
کێ بوو لە کاکەمەم و بەنگینی گوڵباوە
بەهەرتک دەستانیان لە عالەمێ دەکرد سەڵاوە
جزیری ئەوبەر ئەوبەر جوابیان دەداوە
ئینجا مەلیک ڕێحان خێڵەکی بە سەر خۆی کێشاوە
لە دوای مەم و بەنگینان دەهات بە هەڵەداوە
مەم و بەنگین ئەسپی خۆیان ئاژواوە
کێ بوو لە مەم و بەنگینی نادری
لە هیچ کوێ ڕانەوەستان هەتا گەینە دەرکی کابەکری
خەڵقی جزیرێ ئەوبەر ئەوبەر دەوان دەفکری
هیچ کەسێک نییە لە دەرکی کابەکری
ئەگەر بێ جڵەوی ئەو جووتە سوارێ بگری
کێ بوو لە کاکەمەمی گوڵباوە
بانگی دەکرد: بەنگینەی بەڵەک چاوە!
تەخسیری من نییە، تەگبیری هەردووکیانی لێ کراوە
پیاوی غەریب وەک بازی چاو بەستراوە
گەلێک کەس بە قسەی ژنان تێ شکاوە
لەکنم ماڵە بەکرئاغای چ میوانی ڕانەگرتووە نانیان بە هیچ کەس نەداوە
کاکەمەم دەڵێ:
بەنگینە بەنگینێکی شیرینی!
مەسڵەحەت ئەوەیە بچینە ماڵە قارەتاژدینی
ئەو پیاوێکی لۆتییە، لەسەر نانی دانامێنی.
کێ بوو لە میرمەمی نازدارە،
دەیگوت: ئەهلی جزیری، کەیخودا، ڕدێندارە
کووچەی ماڵە قەرەتاژدینی کیهەیە، بۆ ماڵە وی بچینە خوارە؟
کێ بوو لە پیاوی تەواوە
هەموو پاشەوپاش دەکشاوە بە دواوە
ماڵە قەرەتاژدینی بە مەم و بەنگینیان نیشان داوە
کێ بوو لە خەڵقی ساحبی ئیمانە
موژدەیان دەبرد بۆ خاتوون ئەستی نەوجوانە:
جووتێک سواری غەریب و نەوجوان ئەوە هاتن بۆ ئێرەکانە.
خاتوون ئەستی ئەگەر وا دەزانێ
بۆخۆی هەڵدەستا لە دیوانێ:
بڵان، بەخێریان بێنم ئەو میوانانە.
خاتوون ئەستی دەکا هەرایە:
«دەبڵا بێن جحێڵ و مەلا و سەید و کەیخودایە
یەک بەیەک هەمووی دەناردنە ڕێگایە
کێ بوو لە خاتوون ئەستی چاو شەهێنە
دەینارد قەرەواش و سەرسپی دەهێنا
شووشەی گوڵاویان دەگرت، وەتاغ و باڵەخانەیان پێ دەکرد ئاوپڕژێنە.
کێ بوو لە خاتوون ئەستیی گەرم کۆڵاوە،
دەینارد قۆچی قوربانیی دەهێناوە،
گاوگەردوونی لەپێش مەم و بەنگینان کراوە.
کە مەم و بەنگین گەینە کۆڵانێ
جحێڵ بەپیریانەوە چوون؛ دەستیان کرد بە خەڵات بەخشانێ
لەوێ ڕەد بوون بە سەفایە
لە سەر ڕێیە هەبوون ڕیش سپی و کەیخودایە
کە لەوێ ڕەد بوون لێ ڕاوەستا بوون سەید و مەلایە
کێ بوو لە میرمەمی بەڵەک چاوە
سەلامی لەوان دەکرد لە نێویان بوو پیاوە
ئینجا بەنگینە گەلێک نادری
چەک و ئەسپابان لە میرمەمی وەردەگری.
کاکەمەم لەوێ ڕاوەستا؛ بەنگینە لە بۆ مەحرەمێ ڕادەبری
خاتوون ئەستی ئەگەر دەیزانی ئەو گوفتارە،
لە پەنجەرانڕا دێتە خوارە.
خاتوون ئەستی دەڵێ:
«برالە، گیانە!
بۆ تەشریفت وا درەنگ هاتە ئێرەکانە؟
وەرە، ڕۆنیشە؛ پێکەوە بکەین دوو قسانە».
بەنگینە دەڵێ:
خاتوونێ، بەڵەک چاوە!
ئەمن ناتوانم ڕۆنیشم؛ ئاغام لە دەرێ ڕاوەستاوە.
ئینجا خاتوون ئەستی ناردییە کن سەید و مەلای موختاری:
کاکەمەمم بۆ مەرەخەس بکەن بەیەکجاری.
کە قاسید هاتووە لەولاوە،
عەرزی سەید و مەلایان کراوە،
کاکەمەمیان مەرەخەس کرد، دەیگوت: دەوڵەت زیاد و ماڵی ئاوا.
کاکەمەم کە مەرەخەس کرا هەموو کەس دەزانێ
ڕووی دە حەرەمی قەرەتاژدینی کرد، خاتوون ئەستی پێ دەزانێ.
خاتوون ئەستی بەپیریەوە هات، دەستی دەستۆی کرد دەڵێ:
برالە بۆچ وا درەنگ هاتیە جزیرێ وێرانێ؟
دنیای ڕوونم لێ تاریک بوو، لە سوێ توو لێم بڕا ڕێی گوزەرانێ،
برالە! هەڵستە بچینە وەتاغێ باڵەخانێ.
کێ بوو لە میرمەمی موحتەبەرە
لە پلیکانان دەکەوتە سەرە
پەنجەرەیان بۆ دەکردنەوە ئەوبەر ئەوبەرە،
دەگەڵ خاتوون ئەستی ڕۆدەنیشتن، خوشک و برای دە موحتەبەرە
بەنگینە دە پێش ئەوان ڕاوەستا بوو دەستەونەزەرە
کێ بوو لە خاتوون ئەستیی بەڵەک چاوە
دەگەڵ میرمەمی گوفتاریان بۆ یەکدری گێڕاوە
بەنگینە بۆ ڕۆنیشتنێ مەرەخەست کراوە
مەم و بەنگین و خاتوون ئەستی ڕۆنیشتن شان بەشانێ
خاتوون ئەستی دەڵێ:
میوانی منە کوڕی پادشای ئێرانێ.
خاتوون ئەستی دەڵێ:
لە خۆم مل بەکوێن و بێ وەتەنێ
چ بکەم میوانی منە تاقە کوڕەی براهیم پادشای یەمەنێ.
خاتوون ئەستی دەڵێ:
چ بکەم! لە من بابان وێرانێ،
قەرەتاژدین لە دیوانی میرزێندینییە بە هاتنی ئەو میوانانە نازانێ.
خاتوون ئەستی دەڵێ:
کوێخا دەرک! وەرە بەر پەنجەرە و باڵەخانێ؛
بە ئەمینی بچۆ خەبەرێکی بە قەرەتاژدینی بدە، بڵا کاکم نەزانێ.
کێ بوو لە کوێخا دەرکی بەڵەک چاوە،
دەگەیییە دەرکی دیوانی میری، پەردەی هەڵداوە،
کەوشی هەڵگرت و بەقەرەتاژدینی نیشان داوە.
میرزێندین ئاوڕی دەداوە.
میرزێندین دەڵێ:
«کوێخا دەرک بۆچی لە دووی قەرەتاژدینی هاتووی، بۆ نەهارێ چ دروس کراوە؟»
کوێخا دەرک دەڵێ:
«میر بتبم بە قوربانە!
هەرچی ئەتوو بخۆی هەیە، ئەما تازە هاتوون دوو میوانە».
کە قەرەتاژدین لە دیوانێ هەڵستاوە،
لە پلەکانان دەهاتە خوارێ ئاوڕێکی وە کوێخا دەرکی دەداوە،
دەیگوت: «چ خەبەرە، چی قەوماوە؟»
دەیگوت: «ئەلحەمدوللا هیچ نییە؛
«دوو میوانمان هاتوون لە نێوەڕاستی شارییە،
زۆر میوانی دە نەجیمن، خاتوون ئەستی لە دووی تووی ناردووە بە تەعجیلییە».
قەرەتاژدین دەڵێ:
«ئەمن بۆخۆم غەواسم،
ئەو میوانانە بەخێرێن، زۆر چاکیان دەناسم».
کێ بوو لە قەرەتاژدینی گەرم کۆڵاوە
ئەگەر گەیییە دەرکی خۆی لە هیچ کوێ ڕانەوەستاوە
هەتا لە پلیکانان دەکەوتە سەر، پەردەی هەڵدەگرت، لە هیچ کوێ ڕانەوەستاوە
هەتا دەچوو، لە میر مەمی دەکرد سەلام و سەڵاوە.
دەیگوت: «عەلەیکومئەسەلام و ڕەحمەتوڵڵاهی سەر چاوی من شۆڕە لاوە».
کێ بوو لە مەلیک ڕێحانی بەڵەک چاوە
چارشێوی بە سەر خۆی هەڵکێشاوە
بە کووچەیدا دەهات بەهەنگاوە
ئەگەر گەیییە دەرکی ماڵە کابەکری، ئەگەر تەماشای کرد ئەو میوانەکەی هاتبوو، کەس لە دەرکی ماڵە بابی نەماوە.
مەلیک ڕێحان دەڵێ:
«لە خۆم سەر بەتاڵ و بابان وێڕانێ!
دیت چلۆن لە دەرکی ماڵە بابم بڕا ڕێی گوزەرانێ؟»
مەلیک ڕێحان دەڵێ:
«بابە ئەتوو گەلێک کافری!
ڕۆژێ هەشتا کەس جیرە و مواجبی لە ماڵە توو وەردەگری
خەبەر لە هەر چوار دەوڵەتان دەگەڕێ، دەڵێن: بەکرئاغا میوانان ڕاناگری».
بەکرئاغا! چ بکەم؟ ئەتوو بەکرئاغایەکی نادری؛
بەکرئاغا، ئەتوو بۆ من پەرژینی.
قەت بووە، میوان لە ماڵە توو جێی نەبێ، بچێتە ماڵە قەرەتاژدینی؟»
بەکرئاغا دەڵێ:
«بە حەقی ئەوەی ساحب سەفایە!
ئەوی ئەوانە بۆی هاتوون لە ڕووی دنیایە،
نایێڵم هیچ مەخسوود و مرادیان حاسڵ ببێ؛ بە حەقی ئەو خوڵایە!».
مەلیک ڕێحان دەڵێ:
هەیڕۆ، سەد جاران ڕۆ!
دیت چلۆن ماڵە بابەکەم لێ بوو نوغرۆ!
دژمن دەڵێن:
ماڵە بەکرئاغای لە بۆ میوانان نەیبوو کا و جۆ.
میرزێندین ناردییە کن قەرەتاژدینی: «کێ مواجبی لێ بڕیوە؟
کێ قسەی پێ گوتووە؟ بۆچی نایەتە دیوانێ؟» قەرەتاژدین دەڵێ:
«لە سایەی نێوچاوانی ویوە کەس ناتوانێ چ بەمن بڵێ؛ ئەما چەند ساڵان بوو برایەکم بوو ڕۆیی بوو بە سایەی نێوچاوانی وی هاتۆتەوە؛ نێوی وی کاکەمەمە، جا لەبەر ئەوەی بە خزمەت ناگەم».
میر حوکمی لەوی کرد: «هەڵستێ؛ کاکەمەمی بێنێ و بێتە ئێرە».
کوتی: «قوربان! ئەوڕۆ مەرەخەس بفەرموو؛ سبحەینێ بە خزمەت میری دەگەم دەگەڵ کاکەمەمی».
کوڕی پادشایەکی دی بوو، نێوی «عرفۆ» بوو. ئەویش هاتبوو بۆ ماڵە قەرەتاژدینی؛ ئەویش بۆ یایەزینێ. کوڕی پادشایەکی دی بوو نێوی «چەکۆ» بوو. ئەویش هاتبوو بۆ ماڵە قەرەتاژدینی؛ ئەویش بۆ یایەزینێ. کاکە مەمیش کوڕی براهیم پادشای یەمەنێ بوو، ئەویش هاتبوو ماڵە قەرەتاژدینی؛ ئەویش بۆ یایەزینێ. قەرەتاژدین نێوی بابی عرفۆ و چەکۆی نەدەزانی؛ ئەمما دەیزانی کاکەمەم کوڕی براهیم پادشای شاری یەمەنێیە. شاری جزیرێش هەر دەبەر حوکمی یەمەنێدایە. ئینجا ئەگەر سبحەینێ ڕۆژ بۆوە، قەرەتاژدین، عرفۆ، چەکۆ، کاکەمەم و بەنگین، هەر پێنجیان هەڵستان بۆ دیوانی میری چوون. بەکر قاسیدی لەسەر ڕێی ئەوان دانابوو. ئەگەر ئەوان چوون بۆ دیوانێ، بەکریش لە ماڵە خۆی هەڵستا هات؛ ئەویش گەیییە دیوانی میری.
ئینجا دەڵێ لەو کوڕی پادشای تەواوە
گەیییە دیوانی میری لێیان دەکرد سەلام و سەڵاوە
میرزێندین دەیگوت: «عەلێکومئەسسەلام و ڕەحمەتوڵڵاهی، سەر هەردووک چاوە!»
جێیان بە کاکەمەمی نیشان داوە.
عرفۆ دەپێشدا هاتبوو؛ برای گەورە بوو. چەکۆ لە دوای وی هات؛ برای نێونجی بوو. کاکەمەم لە دوای وان هاتبوو؛ برای چکۆڵە بوو. ئەگەر چوونە دیوانی میر زێندینی، میر حوکمی کرد ڕەسەر هەمووانی خست؛ بەرامبەر خۆی دانا. قەرەتاژدین لەپاش موخاریجی هەموو شەوی جومعان یەکی پەنجا تومەنی لە پشت سەری وان دادەنا؛ دەیگوت: «نەکوو خەرجییان پێ نەبێ ئابڕووم دەچێ. نان منەتی نییە بۆ من، نانی حیز عەیبە ئەمن باسی نانی بکەم». شەو و ڕۆژێکی لەوێ دانیشتن، میر مەرەخەستی نەکردن. خاتوون ئەستی هەڵی گرت، پیاوێکی نارد: «بە کاکم بڵێن، کاکەمەمی بۆ ئیزن نادا بێتەوە؟» میر فەرمووی: «مەرەخەستی دەکەم؛ بڵا بۆ شامێ بێتەوە کن ئەمن. خوشکم بۆچی شتی بە قەرەتاژدینی دەدا، بە من نادا هیچ؟ ئەوە کاکەمەم مەرەخستم کرد، هاتەوە؛ بۆ شامێ دەبێ بێتەوە کن ئەمن». کاکە مەم هەڵستا ڕۆی؛ عرفۆ، چەکۆ و قەرەتاژدین، هەموویان چوونەوە. میر ما دەگەڵ بەکرئاغای. کوتی: «بەکرئاغا، وەرە تەگبیرێ بکەین؛ کاکەمەم هێند نەجیمە هەرچەن دەکەم، شاری جزیرێ قابیلی نییە بیدەمێ». بەکر کوتی: «ئەوە کێیە شاری جزیرێ قابیلی نییە، ئەگەر ئەتوو بیدەییێ». میر فەرمووی: «بەخوڵا، نازانم کوڕی کێیە؛ ئەما زۆر نەجیمە». بەکرئاغا کوتی: «قوربان! بەخۆت دەزانی؛ کەیفی خۆتە». میر فەرمووی: «هیچی دی شک نابم، مەگەر یایەزینێی بە کۆشک و تالارەوە بدەمێ». بەکرئاغا گوتی: «زۆر موبارەکە». نۆکەران مزگێنییان برد بۆ یایەزینێ: «ئەوشەو کاکت ئەتوو پێشکێشی کاکەمەمی دەکا». یایەزین بەقەستی دەڵێ: «ئەو کاکەمەمە کوێندەرییە؟» یایەزین مزگێنیی پێ درا. ئەوێ شەوێ خۆشی وە دڵی یایەزینێ کەوت. ئەویش مزگێنیی نارد بۆ خاتوون ئەستی: «ئەوا قسێکی وا پەیدابوو لە مەنزڵی کاکم». خاتوون ئەستی دەڵێ:
«ڕەبی خوڵایە، زۆر شوکرانە!
بە مەخسوود بگەن ئەو نەوجوانە».
ئینجا بەکرئاغا و میر دەکەن تەگبیرانە:
میر دەڵێ: «بەکرئاغا! بڵا بیدەینێ ئەوشەو». دەڵێ: «قوربان! ئاغای من! ئەوشەوی مەدە. بچۆ ماڵێ، پرسێکی بکە، بە یایەزینێش بڵێ: خوشکێ، ئەمن ئەتۆم بەخشی بە کاکەمەمی؛ مەڵێ پێی نەگوتم؛ ئەگەر ڕەزا نەبی ناتدەم». کوتی: «برالە! حەزێ دەکەی بمسووتێنە؛ ئەمن لە قسەی توو دەرناچم». بەکر کوتی: «قوربان ئەوشەو پەکی کەوت، بمێنێ بۆ سبحەی شەوێ ئینشاڵڵا». بەکر هەڵستا، چۆوە ماڵە خۆی. چوو لەو کووچەی لە ماڵە قەرەتاژدینیڕا دەهات بۆ ماڵە میر زێندینی. بەکر زێڕی دە باغەڵی خۆی نا؛ بە کووچەیدا هاتە خوارێ. هەر ژنێکی حیزبوو، قەحبە بوو دراوی دایە. هێندێکیان کولێجەی بۆ کردن، هێندێکیان قەندی دانێ. ئەو کووچەی سەرانسەر پڕ کرد. بەوانی گوت: «ئەگەر سبحەینێ خەبەرم دانێ:
«هەر کەس لە ماڵە خۆی بێتەدەرێ،
قوڕێ بەسەری خۆی کا، یەخەی خۆی بپچڕێ
بگیرێی بڵێ: هەیڕۆ! یایەزین گول بوو، دەریان کرد لە شاری جزیرێ.
کاکە مەم پێ بزانێ ئەوا یایەزین گول بوو لە شاری جزیرێ دەریان کرد».
سبحەینێ ژنەکان هاتنە سەری کووچەی، دەستیان بە گریانێ کرد. کاکەمەم لەولای هات، گوتی: «ئەوە چییە؟». ژنەکان دەڵێن:
«لە خۆمان مل بەکوێن و هەژاری،
ڕێی گوزەرانمان بڕا بەیەکجاری.
ئەوڕۆ سێ ڕۆژە یایەزین گول بووە؛ کەر و تێڕیان داوەتێ. دەریان کردووە لە شاری».
کاکەمەم دەڵێ: «جا چ بکەم، ئەمن کەلاموڵڵام خواردووە دەگەڵ ئەوی ڕێی دوازدە مانگ و بیست و چوار ڕۆژان هاتوومە ئێرە؛ ئینجا ئەمن چ بکەم دەگەڵ گولی»
دەڵێ: «لە خۆم خەمگین و خانەوێرانێ!»
بە دڵشکستی هەڵستا چووە دیوانێ؛
جێیان بە کاکەمەمی نیشان دا؛ ئەوەی بە ئیلتفات دەزانێ.
میر ڕووی دەبەکری کرد، کوتی: «بڵا یایەزینێ بدەین بە کاکەمەمی. کوتی: «قوربان! بڵا شامێ بکەین، ئینجا قسانی لێ دەکەین». شامیان هێنا، نانیان خوارد، خەلاس بوون. میر گوتی: «قەرەتاژدین! بۆچ قسان ناکەی؟» کوتی: «قوربان! فەرمایشی تۆیە؛ هەرچی ئەتوو دەفەرمووی ئیتاعەتی دەکەم». کوتی: «قەرەتاژدین! یایەزین بەجێ و مەکانەوە ئەوا پێشکێشی کاکەمەمم کرد». کاکە مەم گوتی: «خوڵایە! ئەگەر قبووڵی دەکەم دەڵێن: ناچیزەیە؛ گولی قبووڵ کرد؛ ئەگەر نامەوێ، ئەمن سوێندخۆرم دەگەڵ ئەوی». میر فەرمووی: «قەرەتاژدین! ئەوە یایەزینم بەجێ و مەکان و تالارەوە پێشکێشی کاکەمەمی کرد». کاکەمەم کوتی: «میر، ئەوە قبووڵم کرد؛ دامەوە بە توو». میر کوتی: «قەرەتاژدین! هەر ئەوجار بە کاکەمەمی دەڵێم: «کاکەمەم! ئەوا یایەزین بەجێی و تالارەوە پێشکێش بە تۆم کرد». کاکەمەم دەڵێ: «ئەوە قبووڵم کرد؛ دامەوە بە توو» میر کوتی: «ئەوە سەررا وی لێم قبوول کردی». عرفۆ، چەکۆ کەیفیان خۆش بوو؛ چونکە کاکە مەم یایەزینی نەویست. قەرەتاژدین خەمناک ما. هەڵستا بڕوا لە ڕقی کاکەمەمی چونکە یایەزینی نەویستووە. میر فەرمووی: قەرەتاژدین، دانیشەوە؛ ئەوە کاکەمەم یایەزینی قبووڵ نەکرد لە من، ئەمن شتێکی لەوی دەخوازم، کاکەمەم بەمنی بدا». کاکە مەم کوتی: بەڵێ قوربان چ دەفەرمووی بەچاوان». کوتی «ئەتوو ئەو نۆکەرەی خۆت بە من بدە، ئەگە بەنگینەیە». گوتی: «قوربان! پێشکێشت بێ».