مەم و زین ١

از کتاب:
شێوەزاری کوردیی موکری
اثر:
اسکار مان (1867-1917)
 14 دقیقه  1256 مشاهده
براهیم پادشای یەمەن، هیچ کوڕی نەبوو. دەگەڵ وەزیری خۆی هەڵستان، ڕۆین بۆ ماڵە خوڵا؛ دوازدە مەنزڵان ڕۆین. خوڵا ڕەحمی بەوان کرد؛ وەیسەلقەرەنی ماهی دەشتێی ناردیە کن ئەوان، دوو سێوی بەهەشتێی پێدا نارد. نووستبوون؛ لە پشت سەری وانی دانا. ئەوانە بگەڕێنەوە؛ نێنە (نەیەنە) بێتوڵڵاهی. ئەوانە بۆ کوڕی هاتوون؛ بچنەوە ماڵە خۆیان. شەوی جومعەی دەسنوێژێ هەڵگرن. ئەو سێوەی لەتی بکەن؛ لەتێکی بۆخۆی بخوا، لەتێکی ژنی. جیماع دەگەڵ ژنی خۆیان بکەن. ژنی وان زگیان پڕ دەبێ ئینشاڵڵا: یەکی کوڕێکیان دەبێ. کوڕی براهیم پادشای دەبێ نێوی کاکە مەم بێ، کوڕی وەزیری نێوی بەنگینە بێ. دەبەر خوێندنیان نێن بخوێنن. نێویان لێ نان، ئاغا و نۆکەر، کاکەمەم و بەنگینە. بە دایانیان دان؛ دوو ساڵ لە کن دایانێ بوون. لە پاشان بە لەلەیان دان؛ سێ ساڵ لە کن لەلەی بوون. لە پاشان سواریان کردن؛ دوو ساڵان سواربوون. ئەوجار هێنایانن بردیاننە مەدرەسەی لە خزمەت مامۆستا دانیشتن. حەو ساڵان دە ژێرخانێدا بوون. ڕۆژ و شەویان لێ قەدەغەکردن؛ شەو و ڕۆژیان نەدەزانی چییە. ڕۆژێکی سەروپێیان لێ نابوو. نەهاریان بۆ وان هێنا. مەم و بەنگینە نانیان خوارد ئێسکی سەروپێیان گەپیان پێ دەدا؛ ئاویتیان وە پەنجەرەی کەوت. شووشەی شکان؛ چووە دەرێ. تیشکی ڕۆژێ هاتە ژوورێ؛ ئەستەغفیروڵڵا! کوتیان: «ئەوە خوڵایە». مامۆستای وان لەوێ نەبوو هەر ئامێزیان لە تیشکەی وەردەهێنا؛ بۆیان نەدەگیرا. مامۆستا هاتەوە، کاکە مەم و بەنگینە کوتیان: «مامۆستا خوڵا هاتۆتە نێو ئەمە». مامۆستا کوتی: «ڕۆڵە، ئەوە خوڵا نییە؛ ئەوە شەمس و قەمبەرن. خوڵا ساحبی ئەوانەیە. ئەوە یەکیان شەوە، یەکیان ڕۆژە. ئەگەر ڕۆژ دەبێ، ڕووناک دەبێ؛ ئەگەر مانگ هەڵدێ، تاریک دەبێ؛ ئەوە دەبێتە شەو». دەڵێ: «مامۆستا! ئەگەر دنیا وا خۆشە بۆ لەمەت قەدەغە کردووە؟» دەڵێ: «ڕۆڵەینە! خەتای من نییە. حوکمی براهیم پادشایە. براهیم پادشا ساحبی یەمەنێیە؛ گەورەی هەر چوار پادشایانە». کاکەمەم کوتی: «دەچمە دەرێ؛ مامۆستا! مامۆستا کوتی: «ڕۆڵە، میرمەم! سەبرێکی بگرە؛ زەحمەتی من بەخۆڕایی مەدە. لەمێژە زەحمەتی دەگەڵ ئەتوو دەکێشم؛ بەڵا بچم عەرزی براهیم پادشای بکەم، بزانم چ دەفەرمووێ؟» دەڵێ: «مامۆستا هەڵستە بچۆ خەبەرم بۆ بێنەوە». مامۆستا هەڵستا؛ چووە خزمەتی براهیم پادشای. سەلامی کرد لە براهیم پادشای: براهیم پادشا، عەرزم هەیە. ئەوڕۆ دایکی کاکەمەمی سەروپێی بۆ کاکەمەمی ناردبوو. ئێسکی گۆشتی بە شووشەبەندیدا دابوو، شووشەی شکاندبوو. چووبووە دەرێ؛ تیشکی ڕۆژێ هاتبووە نێو ئەوان. دنیای ڕوونیان چاو پێ کەوت؛ گلەیییان دەکرد لە من، دەیانگوت: «ئەو دنیا خۆشەت بۆچ لەمە قەدەغە کردووە؟ ئەگەر شەو و ڕۆژ هەیە ئەمە بۆ دەو ژێرخانەیداین. حوکمە دێینە دەرێ. مۆڵەتم لێ خواستوون هاتوومە خزمەت توو. ئەتۆش کوڕی خۆتە؛ کەیفی خۆتە، بەڵا زەحمەتی من بەهیچێ نەچێ». پادشا هەڵی گرت، قاقەزێکی بۆ میرمەمی نووسی: «ڕۆڵە فرزەند سەبرێکم لێ بگرە هەتاوەکوو کۆشک و تالارت بۆ دروس دەکەم». هەڵی گرت، قاقەزی بردەوە مامۆستا. کاکەمەم بەپیر قاقەزی بابیەوە هات. وەری گرت؛ ماچی کرد؛ لەسەر سەری خۆی دانا. زۆری کەیف خۆش بوو؛ کوتی: «مامۆستا، بە وادەی چەندی ئەمن لێرە ڕادەگری؟». کوتی: «ڕۆڵە بابت قاقەزی نووسیوە، ئەمن نازانم؛ بۆخۆت بیخوێنەوە، بزانە چیی نووسیوە». قاقەزەکەی بابی خوێندەوە پێی قایل نەبوو. کوتی: «مامۆستا! هەڵستە بچۆوە خزمەت پادشای؛ پێی بڵێ ڕاناوەستم هەتا خانووبەرە تەواو دەبێ، بەڵان بۆ خاتری وی حەوت ڕۆژی دی سەبرێ دەکەم». هەڵستا مامۆستا چۆوە خزمەت پادشای عەرزی کرد: «میرمەم عەرز و سەلامی لە توو دەکرد بۆ خاتری وی ئەوە حەوتووێکی دیکە ڕاوەستاوم. بە سەری جەنابی موبارەکی وی چی دی گیرنابم دێرەدا؛ مەرەخەس بفەرمووی دێم دەبمە مەیتەر». هەڵی گرت. قاقەزێکی بۆی نووسی: «ها فرزەن! ئەلحەمدولیلا ئەتوو هاتیە وجوود. ئەمن دنیای ڕوونم بۆ توو دەوێ؛ ئەمما سەبرێکم لێ بگرە هەتا حەوت مانگی دی؛ هەتاوەکوو کۆشک و تەلارت بۆ دروس دەکەم» .هەڵی گرت مامۆستای ناردەوە. قاقەزەکەی وەرگرت لە مامۆستای. ماچی کرد، لەسەر سەری خۆی دانا. هەڵی گرت قاقەزەکەی نارد بۆ دایکی: «دایە! حەوت ساڵە لە ژێرخانێدام. وێستاش دنیای ڕوونم لێ قەدەغە کراوە». دایکی کوتی: «ڕۆڵە! دەبێ بە قسەی بکەی. حەوت مانگی قەرار بۆ داناوی؛ سێ مانگان بۆ خاتری من، چوار مانگان بۆ خاتری بابت دانیشە». کاکە مەم دانیشت هەتا حەوت مانگان. براهیم پادشا ناردی میعماری هێنا. وەستای هێنا؛ فەعلەی گرت؛ خانووبەرەی بۆ دروس کرد. خشتێکی ئاوەزیڕ، خشتێکی زێو؛ بە حەوت مانگان خەلاسی کرد. جا ناردیە کن کوڕی خۆی: «ڕۆڵە! تەدارەکم بۆ گرتووی. ڕۆڵە! ڕۆژی جومعەی دەبێ وارید ببی بە کۆشک و باڵەخانەی خۆت». ڕۆژی جومعەی وەدەرکەوت. چوە خانووبەرەکەی. هەڵی گرت، ناردیە کن بابی: «بابە نێوی کۆشکی من چییە؟» پادشا فەرمووی: «بورجی بەڵەک». تێدا ڕۆنیشت کاکەمەم، هەتا ساڵە وەختێکی هیچ خەبەر نەبوو.
خالەق! هەر ئەتووی لە سەر هەمووانە
دێنە ڕووی زەمینێ سێ پەریی دە تەڕلانە
لەسەر کۆشکی کاکەمەمی، کوڕی براهیم پادشای یەمەنێ دەیاندا سەیرانە
خالەق؛ هەر ئەتووی بەتەنێ
سێ پەری دێنە ڕووی وەتەنێ
سەیرانان دەدەن لەسەر کۆشکی کاکەمەمی، کوڕی براهیم پادشای یەمەنێ
خالەق! هەر ئەتۆی لەسەرە
سێ پەری لە ئاسمانی حەوتەمین بەستوویانە لەنگەرە
لەسەر کۆشکی کاکەمەمی هەڵدەنیشتن ئەوبەر ئەوبەرە
خوشکی گەورە دەڵێ بە خوشکی چکۆڵە
خوڵاکەی، خوشکێ، ڕوومەتی کاکەمەمی زەریفە یان چرا و فەنەرە؟
خوشکی گەورە لە خوشکان پرسییە
خوشکی نێونجی وای گوتییە
هەر لە عەرشی تا کورسییە
هەر لە گای هەتا ماسییە
هەموو دنیام پشکنییە
هیچ کەسم نەدیوە، لە گوێن جوانیی کاکەمەمییە
خوشکی گەورە دووبارە کوتی بە خوشکانە
خوشکێ ئەزت ببم بە قوربانە
ئەمن جارێکی دەگەڵ پەریان چوومە ڕاوی چل شەو و چل ڕۆژانە
لە پەریان هەڵبڕام لە منی کردەوە کڕێوە و بۆرانە
ڕێم سەرەودەر نەدەکرد، کەوتمە شاری جزیرێ بۆتانە
لەسەر کۆشکی یایەزینێ دەبووم میوانە
دەبووم بە کۆترێکی شین، دە کونی پەنجەراندا هەڵدەنیشتم لەسەر دەلاقانە
ئەگەر چاوی خۆم بە یایەزینێ هەڵدەهێنانە
ئەو خاتوونەم دیوە ئافتای کاکەمەمی جوانە
خوشکی چکۆڵە کوتی بە خوشکانە
خوشکێ! ئەزو ببم بە قوربانە
بەڵا ئەمە کاکەمەمی هەڵگرین بیبەینە جزیر و بۆتانە
بزانین کاکەمەم زەریفترە یا یایەزین زێدە جوانە
خوشکی نێونجی گوتی بە خوشکانە
خوشکێ! بەقانوون و قاعیدانە
کەس نەیدیوە مێرد بچێ لە دووی ژنانە
هەر ژن هاتوونەوە لە بۆ مێردانە
ئەمە ئەوە کاکەمەممان هەڵگرت و بردمانەوە جزیر و بۆتانە،
تەقا خوڵا ڕازیی لێ نەبوو، ئەمە کاکەمەممان نەگەیاندەوە ئێرەکانە
کاکەمەم دەبێتەوە بێ حورمەت و قەدر نەزانە
دەڵێن: ئەوە شوانە یا گاوانە
کاکەمەم چونکە لە سێوی بەهەشتێ ئیجادبووە، دەبێ براهیم پادشا لە شانی
ڕاستە و چەپەی خۆی بیانبینێ هەوەڵی سبحەینانە.
چونکە لە سێوی بەهەشتێ ئیجاد بووە، هەرکەسێک لە سەلامی نوێژێ بیانبینێ
مەم و بەنگینانە
ئەگەر کافریش ببێ ئینشاڵڵا ساحب ئیمانە
ئەگەر کاکەمەممان نەگەیاندەوە یەمەنی گەورە و گرانە
ئەگەر بابی دەگەڵ سەلامی نوێژی نەیبینێ هەموو سبحەینانە
لەکن دایکی سۆراخ نەکا، لە بورجی بەڵەکێ نەکا بەیانە
لایەکی یەمەنێ نوغرۆ دەکا، تەرەفی دیکەی لە دوو دەکا وێرانە
هەڵدەدڕێ زگی حەوسەد وەزیر و وەکیلی کەوڵ بەشانە
دەکوژێتەوە چەن نۆکەر و قەننەداری بەردەستانە
خوڵا هەڵناگری ببینە باعیسی قەتڵی ئەو موسڵمانانە
دەبڵا، ئەمە بچین یایەزینێ بێنینە ئێرەکانە
بزانین جا کاکەمەم زەریفترە یا یایەزین زێدە جوانە
خوشکی نێونجی زۆر موحتەبەرە
دەڵێ: خوشکێ بەباڵان بفڕە، لە من بگرەوە باڵەخانە و پەنجەرەی سەر بە خێزەرە
بزانە ڕوومەتی کاکە مەمی زەریفە یان چرا و فەنەرە
ئەوە کێ بوو؟ لە پەری دەتەڕلانە
شەقژنیان لە باڵی خۆیان دەداوە، دەیانگرتەوە حەوتەبەقەی ئاسمانانە
لە هیچ کوێیان وچان نەدەدا، هەتا دەچوونە شاری جزیرێ، لەسەر کۆشکی
یایەزینێ دەبوونەوە میوانە
دەبوون بە کۆتری شین دە کونی پەنجەراندا دەچوونە ژوورێ هەڵدەنیشتن لەسەر دەلاقانە
خوشکی گەورە دەڵێ
جەمینێ، سەفینێ، ئەمن و ببم بەقوربانە
ئینجا بزانن کاکەمەم زەریفە یا یایەزین زێدەجوانە
خوشکی نێونجین دەڵێ:
خوشکێ خوڵا هەڵناگرێ پێم بدۆڕێنیەوە ئیمانێ
ڕوحی کاکەمەمی لەوێ ڕاهاتووە ئەوا ڕاوەستاوە دەکا سەیرانێ
ئەگەر بڵێین: یایەزین زەریفە، ڕوحی کاکەمەمی زیز دەبێ، دەچێ، شکایەتمان
لێ دەکا لە کن ساحبی عەرز و ئاسمانێ
ئەگەر بڵێین: کاکەمەم زەریفە ڕوحی یایەزین زیز دەبێ. لێمان دەبێتە عەرزچی
لە خزمەت پێغەمبەری ئاخرزەمانێ
خوشکی چکۆڵە گوتی بە خوشکانە:
ئەمنو ببم بەقوربانە
ئەمە با یایەزینێ هەڵگرین بیبەینە یەمەنی گەورە و گرانە
بزانین کاکەمەم زەریفە یان یایەزین زێدەجوانە
خوشکی چکۆڵە ڕێی خەوێی لە یایەزینێ گرت
خوشکی نێونجی هەڵی ئەستان، بەرگی سەفایەی دەبەر کرد
ڕوومەتی ویی نەخشین کرد
بسکی ویی جوان کرد
وەسمەی برۆی ویی کێشا، زۆر تەمیز و مەحبووب کرد
توندیان دە لێفە و سەرینانەوە پێچا، ڕووحی ڕەوانیان گرت
هەڵیان گرت، لە پەنجەرانیان هێنادەرێ، لەسەر باڵی خۆیان دانا
لە خوڵای پاڕانەوە، هەرەکەتیان لە خۆیان دا، چوونە حەوت تەبەقەی ئاسمانە،
لە هیچ کوێیان، وچان نەدەدا هەتا دەهاتنە شاری یەمەنێ، لە بورجی بەڵەک
دەبوونەوە میوانە،
دە کونی پەنجەراندا دەچوونە ژوورێ یایەزینیان وێڕای میرمەمی درێژ دەکرد شانبەشانە،
بۆخۆیان، دەفڕین، دەچوونە سەر دەلاقانە
خوشکی گەورە کوتی بە خوشکانە:
خوشکێ، وەزو ببم بە قوربانە
بزانن یایەزین زەریفە یا میر مەم زێدەجوانە
خوشکی نێونجی دەڵێ:
لە خۆم بابان وێرانێ
ئەنگۆ تەماعتانە بە من بدۆڕێنن ئیمانێ
دەبێ لە خەوێیان هەڵبستێنین، بزانین، کیهەیان جوانە، کیهەیان قسان چاک دەزانێ
کێ بوو لە خوشکی نەوجوانە
دەبەر یایەزینێی کردەوە ڕووحی ڕەوانە
خوشکی گەورە کوتی: بۆچ کاکەمەمت هەڵنەستاند؟
کوتی: ئەوە ئافرەت و غەریبە؛ لەپێشدا هەڵی بستێنن، نەک لەدوایە خەجاڵەت ببێ
وەخەبەر هات، تەماشای کرد، زەلامێکی لە تەنیشتێ درێژبووە. ئەگەر چاوی خۆی هەڵێنا. گوتی: «خوڵایە! خۆ من ژوانم دەگەڵ کەس نەکردووە، قاسیدی کەسم نەهاتۆتە کنێ؛ ئەوە دەبێ پووڵی دابێ بەکوێخادەرکان، هاتبێتە ژوورێ». کاکەمەم جلی خۆی داکەندبوو. ئاگای لە هیچ نەبوو. خەوی لێ کەوتبوو لەسەر تەختی پشتێ. یایەزین گوتی: خوڵایە! ئەوە ئەبلەیە، یا شێتە؟ قەت پیاو وا دێتە ژوانێ؟».
یایەزین بانگ دێڵێ:
لاوە، وەرە لاوە!
ئەبلەی، شێتی، ئاقڵ ناتەواوە؟
ئەگەر دەهاتیە سەر جێی من بۆچی لە منت نەگێڕاوە؟
کاکە مەم دەڵێ:
خاتوونێ، چاوبەنگییە!
بە هەقی ئەو خوڵایەی بێ شەریکە هیچ شەریکی لەبۆ نییە
ئەمن نەهاتوومە سەر جێی توو بەدزییە
ئێرە ماڵە خۆمە، چ ئاگام لە توو نییە
ئەگەر یایەزین ئەو قسەی لە میرمەمی دەبیست تەواوە
لە پێشەوە مستێکی لە دەمی کاکەمەمی داوە
خوێن لە دەمی کاکەمەمی دەڕۆی وەک جۆگە و بەحر و ئاوە
کاکە مەم بانگ دێڵێ:
بەنگینە، هەرێ بەنگینە
نۆکەرەکەی دانا و گۆچان زێڕینە
سەر لە کەوڵ و سێقەڵاتان دەرینە
لە بۆم بێنە ئافتاوە و مەسینە
بەنگینە سەری لە کەوڵ و فەرەجی دەرهێناوە
ئافتاوە و لەگەنی لە بۆ ئاغای خۆی هێناوە
بە هەر دووک چەپۆکان بەسەری خۆیدا داوە
دەڵێ: ئەی ماڵی وێڕانم! داخوڵا، ئاغای من چی لێ قەوماوە
کاکەمەم دەڵێ:
ئافتاوە و مەسینان بگێڕەوە بچۆوە بە دواوە
چ نەبووە، چم لێ نەقەوماوە
چەنجوڕکێکم لە کەپۆی خۆم داوە
دڵۆپێک خوێن لەوی تکاوە
یایەزین دەڵێ:
لاوە، ئەو دیارییە لە توو قەبووڵ نینە
ئەوە، داخوڵا، چ قەرەکوڵایەکە دەگەڵە خۆت دەهێنا؟
کاکە مەم دەڵێ:
خاتوونێ نەوجوانە
بە هەقی ئەو خوڵای لایەزانە
ئەگەر قبووڵ بکەی ئەوەم چاوەش و پێشخزمەتی، بەردەستانە
خاتوونێ! چاوی تۆم گەلێک زەریفترن لە چاوی سەقران
ددانی توو گەلیک زەریفتر لە دانان دە گەوهەران
ئەگەر ئەتوو لە من قەبووڵ ناکەی پێشخزمەتان دەگەڵ گەورە نۆکەران
بۆخۆت بانگ یەڵە قەرەواشان، کەنیزەکان، کارەکەران
یایەزین بانگ دێڵێ:
قەرەواش، ناو مەلکڕیحانە
لەبۆ من بێنە ڕووبەندێ، چرایە، دەگەڵ فەنەرانە
ئەو شەو زێدە لە شەوان تەعجوبێکی گەلێک تەعجووبی، دەخۆمدا دی، زینی مل بەکوێنی بابان وێرانە
یایەزین بانگ دێڵێ:
قەرەواش، ئەی قەرەواشەی نێو ئەسمەرە
لەبۆ من بێنە، فەنەرێ ڕووبەندی یەکسەرە
ئەوشەو تەعجوبێکی زۆر تەعجوبم دەخۆم دی، زینی مل بەکوێن، قەلەندەرە
یایەزین بانگ دێڵێ:
قەرەواش، قەرەواشی نێو گوڵەندامە
لە بۆ من بێنە فەنەرێ، فانۆسێ، ڕووبەندێکی تەمامە
ئەو شەو زێدە لە شەوان تەعجوبێکی گەلێک تەعجوبی لە منی مل بەکوێن ڕوودامە
کێ بوو؟ لە یایەزینێ بەڵەک چاوە
هەرچەندی گازی دەکرد ئەو قەرەواش و کەنیزی دە نەولاوە
هیچ کەس نەبوو، کەس جوابی نەداوە
یایەزین دەڵێ:
لاوە! لاومەتی جندییە
بەشقی ئەو خوڵای لە ژووری سەرییە؛
ئەگەر ئەتوو پێم نەڵێی بابەت کێیە، بۆخۆت نێوت چییە
کاکە مەم دەڵێ:
خاتوونێ کێل گەردنێ!
ئەمن بۆخۆم میرمەمم، تاقە کوڕەی براهیم پادشای یەمەنێ
ڕۆژی دەعوایە لە دووی بابم سوار دەبێ دوازدە پادشا، هەموو ساحبی تیپ و سوپا و قۆشەنێ
کاکەمەم دەڵێ:
خاتوونێ چاوبەنگییە!
بەشقی ئەو خوڵایەی لە ژووری سەرییە
ئەگەر ئەتوو پێم نەڵێی بابت کێیە، بۆخۆت نێوت چییە
یایەزین دەڵێ:
میرمەم، گیان گیانە!
ئەمن یایەزینێک بووم بەزولفانە
خوشکی میرزێندینم، کچی میرئاودەڵانە
لەکنم خوڵاوەندی ئەمنی بۆ توو بە دیاری ناردووە بە نیشانە
یایەزین دەڵێ:
کاکە مەمی چاوبەنگییە!
بە ئەشقی ئەو خوڵایەی لە ژووری سەرییە،
ئەگەر پێم نەڵێی نێو و نیشانەی کۆشک و پەنجەرەی توو لە شاری یەمەنێدا نیشانەی چییە،
کاکەمەم دەڵێ:
«خاتوونێ، کۆشکی من بڵندە سەر لە حەو تەبەقەی ئاسمانێ
خشتێکی زێڕە یەکێکی زێوە، وەستا دایناوە لە کارخانێ
دەنگی مەلایکەتان دەیگاتێ لە حەوت تەبەقەی هاسمانێ
کۆشکی من کۆشکێکی گەلێک گەورە و گرانە
دیوانی براهیم پادشای یەمەنێ گەلێک بەحوکمە، ساحب دیوانە
لە دیوانی براهیم پادشای ڕۆنیشتوون سەد وەکیل و وەزیری کەوڵ بەشانە
شام و نەهاران چل مەجوعمە بە زەرفەوە دێتە دیوانی براهیم پادشای لە
پێشخانان نۆکەر و میرئاخوڕ و مەیتەران بەدزی دەڵێن: کوێرنانە.
ئەوا کاتیب ڕۆنیشتووە حوکمان دەنووسێ، حاکم دەڕۆن بۆ سەر شارانە
لە لایەکی خەڵاتان دەبەخشێ لە لایە دیکەی زێڕوەشانە
لە لایە دیکەی تەنافی ڕاکێشاوە، جەڵەبی لەوێ ڕادەوەستانە
لە تەرەفی دیکەی سەرباز دەڕوا، لە تەرەفی دیکەی سواران دەداوە لە سانە
لە لایەکی تەویلەیە، لای دیکە یەختەخانە
لە لای دیکە هەڵاوەسراون چەک و سیلاحی دەمەردانە