VI

از کتاب:
شێوەزاری کوردیی موکری
اثر:
اسکار مان (1867-1917)
 6 دقیقه  1123 مشاهده

لە زەمانی قەدیمدا پادشایەک بوو کوڕێکی بوو نێوی ئەحمەد بوو. پادشا زۆری ئەو کوڕە خۆش دەویست؛ ئەنگوستیلێکی بوو، هەرچی حوکمت لێ کردبا، جێبەجێ پێکی دەهێنا. پادشا هاتە وەی بمرێ. ئەحمەدی بانگ کرد؛ گوتی: «ڕۆڵە، ئەو ئەنگوستیلەی قایم هەڵگرە؛ لە پادشایەتیی تۆ چاترە». کوڕەکە ئەنگوستیلەکەی هەڵگرت، دە قامکی کرد. دوو سێ ڕۆژ پێ چوو، پادشا مرد. ئەحمەد ناشتی، لە پاش سەرەخۆشێی لەسەر تەختی دانیشت. قەدەر ئەیامێکی پێ چوو، هەوەسی ژنێی کەوتەسەری. کچی مامی خۆی خواست. ڕۆژێکی ئەنگوستیلەکەی بابی وەبیرهاتەوە. لەکن ژنەکەی دەستی بەسەردا هێنا؛ تەماشای کرد چەند دێوێک پەیدابوون. گوتیان: «ئاغا دەفەرمووی چی بەجێ بێنین؟». گوتی: «لەنگۆم دەوێ قەڵا و باڵەخانێک، خشتێکی لە زێڕی، خشتێکی لە زێوی بێ». گوتیان: «بەڵێ»، لە مودەی مانگێکیدا تەواویان کرد. هاتن گوتیان: «ئاغا! تەواو بووە» ئەحمەد دەگەڵ ژنەکەی چوون؛ تەماشایان کرد خانووبەرێکە هیچ پادشایەک هەتا وێستا نەیبووە. لەوێدا دانیشتن. ژنەکەی گوتی: «دەبێ ئەو ئەنگوستیلەی بدەی بەمن». ئەحمەد گوتی: «ئافرەت! خەساری دەکەی. بۆ توو نابێ؛ ئەگەر دەتەوێ هەتا، سەد هەزار ئەنگوستیلەی جەواهێراتت بۆ دروس بکەم». ژنەکە گوتی: «حوکمەن ئەو ئەنگوستیلەم دەوێ». زۆری لێ پاڕاوە، ئەنگوستیلەی لێ ئەستان. جوولەکەیەکی جیرانیان بوو، خاسیەتی ئەو ئەنگوستیلەی دەزانی. زۆر خەریک بوو، ئەو ئەنگوستیلە بدزێ. هەرچی حەولی دا ڕێی نەبوو. فکری کردەوە گوتی: «مەسڵەحەت وایە ژنی پادشای بکەمە دۆستی خۆم». هەرچی ماڵ و دەوڵەتی بوو، هەمووی کردە پووڵ، لە ژنی پادشای ڕائەسپارد، کە حەزم لێ بکا؛ ژنی پادشای زۆری جنێو بۆ ناردەوە. جووە زۆر خەریک بوو، هەتا ژنی پادشای کردە ڕەفیقی خۆی. قەدەر ئەیامێکی پێ چوو، جووە زۆر هاتوچۆی ماڵە پادشای دەکرد هەتا وای لێ هات، دەستی دەگەڵ ژنی پادشای تێکەڵ کرد. شەوێکی گوتی: «ئەمن و توو مەسڵەحەتە، پادشای ببەتڵێنین، ئەمەش لێ دەین بڕۆین». ژنەکەی گوتی: «خۆ من زۆر حەزێ دەکەم؛ بەڵا بۆمان ڕیک ناکەوێ». جوولەکە گوتی: «ئەگەر حەزێ بکەی، هاسانمان بۆ ڕێک دەکەوێ» ژنەکە گوتی: «چ بکەین؟» جووە گوتی: «ئەو ئەنگوستیلەی پادشا داویە بەتۆ ئەگەر بمدەیێی، ئەمن پادشای دەبەتڵێنم». ژنەکە گوتی: «ئەوە هاسانە. لەو وەختییەوە پادشا ئەو ئەنگوستیلەی داوە بەمن هیچ لێی نەپرسیوەتەوە». ئەنگوستیلەی دا بە جووی دەستی بەسەردا هێنا، دێوەکان پەیدابوون. گوتیان: «دەفەرمووی چی؟» جووە گوتی: «لەنگۆم دەوێ وێستاکانە ئەحمەد پادشای لەسەر تەختی هەڵگرن، فڕێی دەنە دەشتێ؛ ئەو خانووبەرەشم بۆ لەنێو بەحرێ دابنێن». هەر ئەوێ شەوێ خانووبەرەکەیان هەڵگرت، بردیان لە نێوەڕاستی جزیرێکیان دانا. ئەحمەد پاشا سبحەینێ هەڵستا تەماشای کرد، نە ژن ماوە و نە ماڵ و نە خانووبەرە؛ زۆر گریا. جوولەکە و ژن لەوێ خەریکی عەیشێ بوون؛ هەرچی پێیان ویستبا، حوکمیان لەو دێوانە دەکرد بۆیان دێنان. ئەحمەد پادشا سەیەک و پشیلەیەک و مشکێکی بوو لە ماڵێدا. زۆری خۆش دەویستن. ئەو وەختەی کە ئەحمەد پادشا وای لێ قەوما، شەو و ڕۆژێ لەکن ئەحمەد پادشای دەکەوتن. ڕۆژێکی سەگ بە مشک و پشیلەی گوت: «ڕەفیقینە، ئەمە زۆرمان ئەمەگی ئەو پیاوەی لەسەرە. ئەمڕۆکە وای لێ هاتووە، وا چاکە ئەمە خزمەتێکی دەبێ بۆ پیاوەی بکەین. وەرن بچین، ئەو ئەنگوستیلەی بۆ بێنینەوە». مشک و پشیلە گوتیان: «زۆر چاک دەڵێی، هەستە بڕۆین». چوونە کن ئەحمەدی، خوڵاحافیزییان لێ کرد؛ ڕۆین». پشیلە بە سەگی گوت: «ئەمە چووزانین، جووە چۆتە کوێ؟» سەگ گوتی: «ئەنگۆ دەنگێ مەکەن، ئەمن دەزانم چۆتە کوێ؟» ڕۆیین هەتا گەیشتنە سەر بەحرێ. سەگ گوتی: «جووە، هاتۆتە نێو ئەو بەحرەی؛ دەبێ بپەڕینەوە». هەرسێکیان مەلەیان چا دەزانی. لە ئاوێیان دا، چوونە جزیرەکەی. لەوێ هەر چلۆنێکی بوو، خۆیان دە قەلعەکەی هاوێشت. ئەحمەد پادشا بە دووی واندا، هاتە سەر بەحرەکەی، چاوەنۆڕی وان بوو. سەگ ڕۆژێکی بە پشیلە و مشکی گوت: «ئەمن ڕێی ژوورێم نییە؛ ئەنگۆ بچن بزانن جووە ئەنگوستیلەی لەکوێ داناوە؟» مشک و پشیلە ڕۆینە ژوورێ؛ تەماشایان کرد، ئەنگوستیلەکە لە قامکی جولەکەدایە، وەختێکی دەنوێ، ئەنگوستیلەکەی لە کەپۆی دەنێ. پشیلە هات بۆ سەگی گێڕاوە. سەگ گوتی: «وا مەسڵەحەتە، مشک کلکی خۆی لە ئەسپۆنێ وەر بدا. وەختێکی جووە دەنوێ، بچێ کلکی خۆی دە کەپۆی جوولەکەی بنێ، دەپشمێ؛ ئەنگوستیلەکە دەردەپەڕێ، ئەو وەختەی ئەتۆ پڕی بدەیە، بیهێنە دەرێ، لێ دەدەین، دەڕۆین». مشک چوو، کلکی خۆی دە ئەسپۆنێ وەردا، چوو کلکی خۆی دە کەپۆی جوولەکە نا. پشمی؛ ئەنگوستیلەکە دەرپەڕی. پشیلە پڕی دایە و وەدەرکەوت. مشکیش وەدووی کەوت؛ بەخۆشی خۆشی ئەنگوستیلەکەیان بردە کن سەگی. سەگ گوتی: «هێناتان؟» گوتیان: «بەڵێ». ئەنگوستیلەکەیان لە پێش سەگی دانا. سەگ هەڵی گرت، هاتنە سەر بەحرێ. پشیلە گوتی: «ئەنگوستیلەکەی بدەن بەمن، هەڵی گرم هەتا دەپەڕینەوە، ئەو وەختی دەیدەمەوە بە سەگی». سەگ گوتی: «بەتو هەڵناگیرێ، ئەمن هەڵی دەگرم». پشیلە گوتی: «زۆر دەترسم، لێت بکەوێ، ئەتو زۆر دەوەڕی هەر شتێکی ببینی پێی دەوەڕی». سەگ گوتی: «نا، ناوەڕم» لە ئاوێیان دا، تا گەیشتنە نێوەڕاستی ئاوێ. ماسییەک وەدەرکەوت، سەگ پێی وەڕی، ئەنگوستیلەکەی لێ دەئاوێ کەوت؛ ماسییەک قووتی دا، سەگ زۆر خەجاڵەت بوو، پشیلە گوتی: خوڵا غەزەبت لێ گرێ؛ نەمگوت زۆر دەوەڕی، ئەنگوستیلەکە دە ئاوێ دەکەوێ. ئەحمەد پادشا ئەو لەوبەری بەحرێ چاوەنۆڕی مەیە، ئەنگوستیلەی بۆ بەرینەوە. وێستا ئەوا خەجاڵەتی وی بووین» سەگ لە شەرمان هیچ قسەی پێ نەدەکرا. هاتن هەتا گەیشتنە ئەوبەری. چوونە کن ئەحمەد پادشای؛ لێی پرسین: «کوا ئەنگوستیلەکە؟» حیکایەتەکەیان بۆ گێڕاوە. ئەحمەد زۆر عاجز بوو تۆڕەوانێک لەسەر بەحرێ بوو؛ ئەحمەد چوو کنە وی بە نۆکەری. ڕۆژێ چوار ماسی دەستان؛ یەکی بۆ خۆی دەخوارد سێیەکانی دیشی دەدا بەدەعباکان. ڕۆژێکی ماسییەکیان دا بەوی؛ زگی دڕی تەماشای کرد، ئەنگوستیلەکەی لە زگی ویدایە، ئەنگوستیلەکەی هەڵگرت و سەگ و پشیلە و مشکی بانگ کرد. بۆی گێڕانەوە. زۆریان خۆشی خۆشی وێ کەوت؛ ئەحمەد پادشا دەستی بەسەر داهێنا، دێوەکان پەیدابوون؛ حوکمی لێ کردن گوتی: «وێستا خانووبەرەکەی خۆم دەوێتەوە». گوتیان: «زۆر چاکە». دێوەکان ڕۆیین، خانووبەرەکەیان هەڵگرت، هێنایانەوە جێی خۆی. ئەحمەد بە دێوەکانی گوت: «جووە و ژنەکەی بێنن». چوون هێنایانن لە پێش چاوی وی هەردووکیان شەققە کێشان، کەلاکەکانیان هاویشتە پێش سەگەکەی، خواردنی. ئەحمەد ئیدی بەخۆشحاڵی بەسەری برد. هیچ ژنی دیکەی نەهێنا، تۆبەی لە ژنێ کرد.