III

خوڵا لە سوڵتان مەحموودی گەورەترە
از کتاب:
شێوەزاری کوردیی موکری
اثر:
اسکار مان (1867-1917)
 6 دقیقه  1607 مشاهده

پیاوێکی ئاوفرۆش لە شاری غەزنەمکانیدا ئاوفرۆشیی دەکرد. خوڵا وای بۆ بڕیبۆوە، کە هەموو ڕۆژێ تمەنێکی پەیدا دەکرد. شەوێ دەهاتەوە ماڵە خۆی. هێندێکی برادەر بوون، بۆ وانی خەرج دەکرد. شەوێ لە ماڵە وی خەریکی بەزمی دەبوون. قەدەر ئەییامێکی وای ڕابوارد، شەوێکی سوڵتان مەحموودشخص دە شاری غەزنەیدا دەگەڕا، هاتە ئەو کووچەی، گوێی هەڵخست، تەماشای کرد دەنگی گۆرانی و تار دەهات. بە جلکی دەروێشی چووە ژوورێ. سەڵاوی کرد. ساحبماڵ جێی پێ نیشان دا؛ دانیشت. بەخێراتنی کرد. قەدەرێکی دانیشت، خەڵقەکە بڵاوەیان کرد. سوڵتان مەحموود فکری کردەوە، لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەو پیاوە ئاوزەی ماڵێی هیچ نییە؛ ئەو بەزمەی لە چی دروس کرد؟ ناڕۆم هەتا نەزانم، لە کوێی بووە». خۆی داگرت، نەڕۆی. خانەخوێ گوتی: «دەروێش ئەتۆ بۆ ناڕۆی؟» گوتی: «بابە، ئەمشۆ میوانم، لێرە زیاتر چ جێم نییە». ساحب ماڵ گوتی: «دەروێش، قەیدی نییە ئەوشۆ لێرە بە». سەعاتێکی پێ چوو پرسی: «خانەخوێ بە خوڵات سوێند دەدەم، ئەو خەرجەت لە کوێ پەیداکردووە؟ ئەمن دەبینم ئەتوو هیچت نییە». گوتی: «دەروێش! بنوو. لەو قسانە گەڕێ». زۆر پاڕاوە لە ساحب ماڵی. گوتی: «دەروێش، ئەمن هەموو ڕۆژێ ئاوفرۆشی دەکەم، تمەنێکم وەگیر دەکەوێ، بۆ ڕەفیقان خەرجی دەکەم. هەموو شەوێ حاڵم وایە وەکی دەیبینی». دەروێش گوتی: «ئەگەر سوڵتان مەحموود حوکمی بکا کەس ئاوێ نەفرۆشێ چ دەکەی؟» گوتی: «دەروێش خوڵا لە سوڵتان مەحموودی گەورەترە؛ بنوو». دەروێش نووست تا سبحەینێ. سبحەینێ زوو ڕۆی چۆوە سەر تەختی، حوکمی کرد: «ئەمڕۆ کەس ئاوێ نەفرۆشێ». جاریان لە شاری دا کێشا؛ کابرا گوێی لێ بوو. قسەی دەروێشی وەبیرهاتەوە؛ گوتی: «ئەو دەروێشە شەیتان بوو». چوو لە ماڵێ، گوریسێکی هەڵگرت، خەریکی حەمباڵی بوو. ئەوێ ڕۆژێ دیسان تمەنێکی پەیدا کرد، شەوێ بۆ ڕەفیقان خەرجی کرد. سوڵتان مەحموود دیسان، هاتەوە سەڵاوی کرد. ساحب ماڵ بەخێراتنی کرد، دانیشت. پاش قەدەرێکی خەڵقی ڕۆین، گوتی: «دەروێش، بۆ ناڕۆی؟» گوتی: «چ جێم نییە بیچمێ؛ ئەمشۆش لێرە دەبم» دیسان دەروێش پرسی: «ئەمڕۆکە سوڵتان مەحموود بیستم حوکمی کردووە، کەس ئاوێ نەفرۆشێ، ئەتو خەرجی ئەمشۆت لە کوێ بوو؟» ساحب ماڵ گوتی: «دەروێش! وەک قەلێ دەقڕی، ئەمن شەوێ دیم پێ گوتی: خوڵا لە سوڵتان مەحموودی گەورەترە». دەروێش گوتی: «ئەگەر سوڵتان مەحموود حوکمی بکا کەس نابێ حەمباڵی بکا، چ دەکەی؟» گوتی: «دەروێش! خوڵا لە سوڵتان مەحموودی گەورەترە». دەروێش نووست حەتا سبحەینێ، سبحەینێ زوو ڕۆیییەوە سەر تەختی. جاڕیان ڕایەشت، کەس نابێ حەمباڵی بکا. کابرا زۆر مات بوو، هیچ کاسبیی دیکەی نەدەزانی. مەحتەل بوو تا ئێوارە هیچی وەگیر نەکەوت. جلی بێکاریی لە ماڵێ بۆ دەبەری کرد، هاتە سەر کووچەی! ڕاوەستا. تەماشای کرد، دوو لادێیی شەڕیان دەکرد. خۆی لێ کردنە دارۆغە. چوو دوو سێ داری لێ دان، گرتنی؛ گوتی: «دەتانبەمە کن سوڵتانی». پیاوەکان ترسان! گوتیان: «بابە، دوو تمەنت دەدینێ، مەمانبە کن سوڵتانی». دوو تمەنەکەی لێ وەرگرتن، چۆوە ماڵە خەرجی کرد. شەوێ سوڵتان چۆوە دیتی بەزمی ئەمشۆ لە هەموو شەوان زیاترە. چۆوە ژوورێ دانیشت، تا درەنگێکی پرسی: «ڕەفیق، ئەمڕۆ بیستم سوڵتان حوکمی کردبوو، هیچ کەس حەمباڵی نەکا؛ خەرجی ئەمشەوەت لە کوێ بوو؟» گوتی: «زۆر بەدفەڕی، ئەتۆ چت بەسەر ئەو قسانە داوە؟». گوتی: «دەروێش، حیکایەتی وابوو». دەروێش گوتی: «ئەگەر سوڵتان سبحەینێ بتباتە کنە خۆی شیرێکی لە قەدت بەستێ، تا ئێوارێ چ دەکەی؟» گوتی: «دەروێش! سوڵتان چی بەسەر ئەمن داوە؟» دەروێش گوتی: «بەڵکی لە دووی ناردی». ئەو شەوی نووست؛ سبحەینێ هەڵستا، ڕۆیییەوە سەرتەختی دانیشت؛ پیاوی نارد کابرایان هێنا شیرێکی لە قەدی بەست، ڕای گرت تا ئێوارێ. ئێوارێ کابرا خۆی دزیەوە، شیرەکەی بردە کن شیرگەرێکی، گوتی: «وەستا شیرێکی دارم بۆ دروس بکە، ئەو شیرەش گرۆی بیستمەنی بێ، حەتتا سبحەینێ پووڵت دەدەمەوە». پووڵەکەی لێ وەرگرت. چوو خەرجی کرد. ئەوێ شەوێ میوانیێکی چاکی دروس کرد. سوڵتان مەحموود ئێوارێ ڕۆی بۆ ماڵە کابرای گوتی: «بزانم، ئەمشۆ چی هەیە بیدا بە میوانان». ڕۆی تەماشای کرد مەجلیسی ئەوێ شەوێ لە هەموو شەوان خۆشترە. سوڵتان سەرسام بوو، خەرجی ئەوشۆی لە چی پەیدا کردووە؟ ڕۆیە ژوورێ. سەڵاوی کرد. ساحب ماڵ گوتی: «وەدەرێی بنێن، زۆر بەدفەڕە؛ هەموو شەوێ سەدەقم لێ دەدا، هەرچی ئەو دەڵێ وام بەسەردێ». دەروێش زۆر پاڕاوە. دانیشت هەتا شەو درەنگ بوو. خەڵقی ڕۆین، دەروێش بەجێ ما ساحب ماڵ گوتی: «دەروێش بڕۆ». دەروێش گوتی: «ئەگەر بڕۆم حەسەسان دەمگرن». گوتی قەیدی نییە، هەرچی ئەتۆ بڵێی چاترم بۆ دێ». دەروێش گوتی: «بیستم ئەمڕۆ سوڵتان ئەتۆی بردبووە کنە خۆی، تا ئێوارێ لەوێ بووی. خەرجی ئەمشەوەت لە کوێ پەیدا کرد؟». حیکایەتەکی بۆ گێڕاوە؛ دەروێش گوتی: «ئەوێستا شیرەکە دارە؛ ئەگەر سوڵتان سبحەینێ بتبا گونابارێکی بێنێ، بڵێ سەری ببڕە چ دەکەی؟» گوتی: «دەروێش، بنوو، خوڵا لە سوڵتان مەحموودی گەورەترە». سبحەینێ دەروێش ڕۆیەوە سەرتەختی، گوتی: «بچن فوڵان کەسی بێنن». چوون هێنایان. شیرەکەی بەقەدەوە بووە. گوتی: «بچن، گرتووێکی بێنن، ئەو پیاوە سەری ببڕێ». هێنایان. دایانە دەست ئاوفرۆشی کە سەری ببڕێ. سوڵتان چاوی لێیە؛ کابرا گوتی: «یا ڕەبی! ئەو پیاوە ئەگەر گونابار نییە شیرەکە ببێ بەدار». شیری دەرکێشا. لە ئەستۆی کابرای دا؛ نەیبڕی، شیرەکە ببوو بەدار. ئاوفرۆش بە سوڵتانی گوت: «قوربان! ئەو پیاوە گوناهی نییە؛ بۆیە شیرەکە بوو بە دار». سوڵتان زۆر پێ کەنی. خەڵاتی کرد و کردی بە نۆکەری خۆی.

دەسکێک گوڵ دەسکێک نەرگز
مەرگی ئەو جەماتەی نەبینم هەرگیز