چاوم کە دوو مفتاحی کوتبخانەیی سەرمە
از کتاب:
دیوانی شێخ نووری
اثر:
شیخ نوری شیخ صالح (1896-1958)
1 دقیقه
997 مشاهده
چاوم کە دوو مفتاحی کوتبخانەیی سەرمە
قوربانی دوو چاوت بێ، کە ئالوودەیی شەرمە
تەفسیری حەواشی خەتی نەورستەیی کوڵمت
موحتاجی موتاڵا نییە، یەکدەفعە لەبەرمە
ئەو ئاڵییە دیم دوێنێ بە سەر پەنجەیی تۆوە
ناسیمەوە ئەمڕۆ، ئەوە خوێناوی جگەرمە
بۆ کوێ بچم ئەی دیدە لە دەس تانەیی بەدکار
لێم ناگەڕێ بەدبەختە، ئەڵێی خوێنی لەسەرمە
خاڵی ڕەش و ئەبرۆی کەچ و حەلقەیی گێسووت
شاهیدی گرفتاریی و ئازار و کەدەرمە
گریانی منە، باعیسی مەیلت بە ڕەقیبان
خۆشم گلەییم زۆر لە هەناسە و لە ئەسەرمە
نیمە زەڕ و زیو، بیکەمە شاباشی قدوومت
هەر شیعرە کە دانەی دوڕ و ئەڵماس و گوهەرمە