چیڕۆکی کۆمەڵایەتی
از کتاب:
دیوانی زێوەر
اثر:
زیور (1875-1948)
4 دقیقه
884 مشاهده
دیم لە خەودا شەوێ خەوێکی خراپ
کە نە قورئان ئەزانم و نە کیتاب
چوومە خزمەت مەلایەکی عەسەبی
وتم ئەی واریسی عولوومی نەبی
ئەمەوێ فێری خوێندن و خەت بم
لە شەتی عیلمدا وەکوو «بەت» بم
وتی فێربوون -بەگەورەیی- بە پڵاو
پاروو بۆ لووت ئەبەی وە یا بۆ چاو
ئەحمەقی، تۆ نەزانی، نایزانی
چۆن ئەبی تۆ بە «بەت» بە ئاسانی
وتم ئەی نووری دیدەیی ئیسلام!
کاشیفی حیکمەتی حەڵاڵ و حەرام
نائومێدم مەکە حەق و ئوجرەت
نەقدی گیانم ئەهێنمە خزمەت
لەم قسە ئەندەکێ سەری لەرزان
وتی لێم لادە جاهیلی زۆرزان!
ئەتەوێ پێت بڵێم ئەگەر قورئان
ئەمەوێ مانگی ئوجرەتی دە قڕان
کەوشەکەیشم دڕاوە پینەی ئەوێ
بێنە چاکی بکە نەگاتە شەوێ
کەوشەکانی مەلام لەسەر سەر نا
چوومە لای پینەدۆز بە شەوق و غینا
سەیری وەستام کە کرد چ کاری نەبوو
زاهیرەن تاقەت و قەراری نەبوو
وتم ئەی مامە پیری سەنعەتکار
چاوەڕێی لوتفی تۆم لە ناو بازاڕ
جووتێ کەوشم هەیە مەحەللی ئەسەف
پینەی لازمە لەگەڵ ناو کەف
وتی: برسیمە ناتەوانم من
ئەمە دوو ڕۆژە دوور لە نانم من
ڕاکە لای نانەوای کولێرە فرۆش
بێنە نیو حۆققە نانی زۆر بۆن خۆش
کەوشەکەت چاک ئەکەم بەسەرچاوان
تۆ بڕۆ نانێ بێنە بۆم بەدەوان
چوومە لای نانەوا سەلامم کرد
بۆ کولێرە ئیفای مەرامم کرد
وتی باوکم فرۆشتەنیم نییە نان
بێنە ئارد بۆت بکەم بە نانی جوان
چوومە بەردەم دوکانی یەک عەللاف
وتم ئەی حاجی تووبی بەیت و تەواف
هۆقەیێ ئاردی گەندومم بدەرێ
نرخەکەی چەندە پارە بێنمە دەرێ
وتی: ئاردم نییە ئەوی ماوە
موشتەریی پارەکەی هەموو داوە
لای فەلاح بێنە گەندومێکی تەمیز
بۆت ئەکەم زوو بە ئارد و نانی عەزیز
چوومە لای فەلاحی خاوەن جووت
مەخزەنی ڕیزق و مەعدەنێکی قووت
وتم: ئەی خۆشەویستی گیانلەبەران
یەک «مەن»م لازمە گەنم بۆ نان
وتی: نەماوە دانە گەندومی پار
زوو بە زوو ڕاکە، بۆم هەتا بازاڕ
بۆم بچۆرە دوکانی ئاسنگەر
پێی بڵێ مامەکەی هونەرپەروەر
داسەکانی فەلاحەکەم بدەرێ
چەند سەپانێکی گرتووە بەکرێ
داسەکانم بگاتە دەست ئەمڕۆ
بەرکوتت بۆ ئەکەم لەبەر دڵی تۆ
چوومە خزمەت جەنابی ئاسنگەر
دیم کزومات و عاجز و موزتەر
باسی داسی فەلاحەکەم لا کرد
لە وەراما ئەویش قسەی وا کرد:
من چلۆن کار بکەم بە لەرز و تا
تاوێ سەرمامە تاوێکیش گەرما
کەس نییە تاکوو لای پزیشک ڕاکا
بۆم بهێنی حەبێکی لەرز و تا
ناعیلاج چوومە لای پزیشکی وڵات
وتم ئەی عاقڵی بە مەعلوومات
بمدەرێ یەک دوو حەببی سڵفاتە
خەستەخانە مەکانی خێراتە
وتی: تاڕێک ئەخەم دەوایەکی باش
ڕاکە بۆم بانگ کە خەلفەیەکی دارتاش
شووشەکەی تێک شکاوە پەنجەرەکەم
تێکی دا «با» کتێب و دەفتەرەکەم
زوو بە گورجی گەیشتمە بازاڕ
چوومە بەردەم دوکانی یەک نەججار
چۆڵ بوو دوکان لە خەلفە و وەستا
وتیان: ئێستە زۆر نییە هەستا
چووەتە لای خەیات و جل ئەبڕێ
بووک ئەهێنێ تەدارەکی ئەکڕێ
ناعیلاج بووم لەبەر دوکان وەستام
سەیری خەڵکم ئەکرد وەکوو سەرسام
پڕ بوو مەیدان لە لادێی و شاری
هەموو ئاڵاونە یەک بە هۆشیاری
غەڵبە غەڵب و هەرا هەرای مەردووم
خەوە شیرینەکەی لە دەس کردم
ڕاپەڕیم سەیری خۆم و ماڵم کرد
لەم خەوە دیققەت و خەیاڵم کرد
وتم: ئەم خەڵکە وەحشیی و مەدەنی
ئیحتیاجن بەیەک فەقیر و غەنی
وەکوو زنجیرن و تێک ئاڵاون
قاچن و دەستن و سەر و چاون
دەوڵەمەند حەیفە ڕوو نەکاتە فەقیر
بۆ فەقیر نەنگە تەرکی ئەمری ئەمیر
دەوڵەمەند حەیفە کیبر و فیزی بێ
بۆ فەقیر بوخل و ناتەمیزی بێ
تیغی دەستی یەکن غەنیی و فەقیر
شێڵراون هەموو بە چەشنی هەویر
جووتیار و شوان و شاهـ و گەدا
هەموو موحتاجی یەکترن بەخودا