بۆ بانگی کوردستان
از کتاب:
دیوانی زێوەر
اثر:
زیور (1875-1948)
1 دقیقه
890 مشاهده
«بانگی کوردستان» نیشانەی هوشیاریی میللەتە
بۆ ئەسەر خوانی مەعاریف تەزکەرەی سەر دەعوەتە
دەورەی ئیقباڵە دەورەی بانگی کوردستانمان
بانگی سوبحی سادیقە، بەم دەنگە هەستین فرسەتە
سایەی باڵی هومایە بازی زەڕڕین شاپەڕە
چوونە ژێر سایەی نیشانەی بەختیاری و دەوڵەتە
باخچەیەکی پڕ گوڵە دەریاچەیی پڕ گەوهەرە
ڕەنگ و دەنگی فەیز ڕێژە نیعمەتی بێ میننەتە
بۆ تەررقی قەومی کورد و داد خواهیی حاڵییە
تەرجومانی حاڵی زاری میللەتی کەم قودرەتە
بانگی کوردستان لە خارا و حەریر لایقترە
دەک موبارەک بێ بەباڵای قەومی کورد ئەم خەلعەتە
ئاسمانێکە سەراسەر مەتلەعی نەجمی وەفا
گوڵستانێکە سەراپا مەزهەری سەد ڕەحمەتە
ئەم جەریدە تازەیە جەردەی جەهالەت لا ئەبا
سێ زوبان، سێ تیری دەستە واسیتەی سەد نەسرەتە
ڕەببی بۆمان هەر بمێنێ خادیمی موڵک و وەتەن
ئەم لە بۆ پێشکەوتن ئەمڕۆ پشتیوان و قووەتە