سەرگوزەشتەی کاربەدەستانی دەوری عوسمانی

از کتاب:
دیوانی زێوەر
اثر:
زیور (1875-1948)
 2 دقیقه  743 مشاهده
باسی مەئمووری دەوری عوسمانی
هەمووی مەعلوومە لای سولەیمانی
نیک و بەد هەرچی بوو ئەوا ڕابوورد
شیر نەما، دۆ بڕا، کە مانگا مرد
غایەتێ باس ئەکەم لە یەک مەئموور
وەختی ئینگلیز کە تاوی دابوو تەنوور
پیاوێ قەرزی ئەبێ ئەچێتە شکات
حەقی چەند ساڵەکی بدا کە نەجات
ئەنووسێ قەبزەیەک مودیری زەمان
کە ئەبێ بێتە لام فڵانی فڵان
خاوەنی قەرز ئەچێتە سەر کابرا
قەبزەکەیشی لە ڕووی ئەوا دەرئەخا
پیاوی بێ چارە پێی ئەڵێ: ئەی یار
حەقی تۆ سابیتە بەبێ ئینکار
نیمە من عالەمێ بکەم ڕازی
زەبتییە و تۆ مودیر لەگەڵ قازی
بەقەدەر حەقی تۆ ئەبێ دیاری
بۆ مودیر بەگ بەرم نەکا لاری
پیاوی چاک بە، ڕەفیق بە، تووبی خوای
حەقی خۆت وەرگرە مەچۆرەوە لای
مەسئەلە حەلل و فەسڵیان کرد زوو
لێک ترازان بە دڵخۆشی هەردوو
کە ئەوەی بیست مودیر دڵی ئێشا
زەبتییەی نارد و کابرای کێشا
وتی: بۆچی نەهاتی هەووەڵ جار
وتی: ئیش حەل کرا بەبێ ئینکار
وتی: تۆ خائینی نەفام و مناڵ
بدە سەد ڕوپیە و مەچۆرەوە ماڵ
ڕقی زۆر بوو مودیر، جەریمەی کرد
نەک جەریمە، کە قیمە قیمەی کرد
ئەمە بوو حاڵی ئەسبەق و سابیق
خوا بکا ئیتر وانەبێ لاحیق