دەروون زامدار و دڵ غەمگینە بێ تۆ

از کتاب:
دیوانی کوردی
اثر:
کردی (1809-1850)
 1 دقیقه  3338 مشاهده
دەروون زامدار و دڵ غەمگینە بێ تۆ
سەرم گێژ و تەنم بێ تینە بێ تۆ
خەوم بێ هۆشییە، بەرگم پەڵاسە
خۆراکم خوێنە، شادیم شینە بێ تۆ
لە چاو ئەشک و لە دڵ ئاهم کە دەردێ
دەڵێی تۆفانی با و بارانە بێ تۆ
جێگام سەحرایە، وەحشیم یار و هاودەم
دڕک فەڕش و کوچک باڵینە بێ تۆ
لە ئەشک و ئاهی تار ئاوێنەیی دڵ
جەماڵی زەرد و ڕەش ڕەنگینە بێ تۆ
سەرم سەمتوور و سینەم چەنگ و دڵ دەف
خەفەت بار و مەقام ناڵینە بێ تۆ
کەباب دڵ، خۆین مەیە، ساقی فیراقت
قەدەح چاو و مەزەم ئەسرینە بێ تۆ
دەروون گوڵزار و خوێن گوڵ باخەوان دڵ
فوغان بولبول، جەفا پەرژینە بێ تۆ
ڕەقیب ڕووترش و ئەشکی دیدە سوێرە
حەیات تەڵخ و ئەجەل شیرینە بێ تۆ
زومستان مەیلەکەت، پایز براکەم
بەهاری عومر و دین هاوینە بێ تۆ
ئەوا من بووم بە شا و سوڵتان و والی
تۆ خوا سا کاکە گیانە ژینە بێ تۆ
لە هاوسایان لە تاو ناڵینی کوردیتخلص
دوعای مەرگە، لەوێ ئامینە بێ تۆ