ڕۆڵەی بێ دایک
از کتاب:
سروشت و دەروون
اثر:
گوران (1904-1962)
1 دقیقه
2001 مشاهده
نە ئاخ لە سینەدا ئەخواتەوە پەنگ،
نە فرمێسک ئەتوانێ بڕژێ بە بێ دەنگ
نە زمان ئەوەستێ لەمە زیاتر،
نە قەڵەم وەک لاشەی مردووی سارد و سڕ
نە فام لە جێگای خۆی ئەمێنێ، نە هۆش؛
دیمەنێ من بینیم بەرد دێنێتە جۆش
کێ دایکێ ئەتوانێ بێنێتە بەرچاو،
بە مەرگی تاقانەی جەرگی هەڵقرچاو،
دامابێ لە دەشتێ؛ هاواری بە کەس
نەگا هیچ، هەر خۆی بێ و مەیتی کوڕی و بەس!
ئا، سەیری دیمەنی وەها کاریگەر
کام ویجدان ناداتە بەر نووکی نەشتەر؟!
بەڵام ئاخ، ئەوەی من دیم بەم دوو چاوە
مەینەتێکی سووکە ئەمەی بەلاوە:
نەک دایکی کوڕمردوو، دیم کۆرپەی ساوا
لای مەیتی دایکیا، فرمێسک لە چاوا،
کەوتبوو بە بێ شیر، بێ لاوانەوە،
ناو جەرگی ئینسانی ئەچووزانەوە!