بەهاری پاش باران
از کتاب:
سروشت و دەروون
اثر:
گوران (1904-1962)
2 دقیقه
2074 مشاهده
وشکەچەم وەک جەوری سەردەم هەڵساوە؛
بەرگی سەوز و نەرمی بەهار ژاکاوە
هەر هێڵی گاسنی وەردی کێڵراوە
هەتا چاو بڕ ئەکا جۆگەلەی ئاوە
جووتیاری نەقیزەی درێژ سەرشان نەر
بەرەو ماڵ لەقەلەق گای داوەتە بەر!
تا ئەژنۆ لە قوڕدا و کەپەنەک بەسەر،
بۆ ڕانی تەریوی هەڵپە و خەم لەبەر،
مامەی شوان، وەکوو خۆی، بەرخی باوەشی
تەڕتەڕە و هەڵدەستێ هەڵم لە لەشی!
کچانی کۆڵەگیای کوڵاندن بە کۆڵ
ڕووەو دێ ڕەویون وەک مامزی چۆڵ
لە ئاو هەڵکشاوە پەل و پۆی باڵدار،
ڕەنج ئەدا فڕەفڕ ناگاتە سەر دار
تەڵانی ناو باخی پڕ فەرشی گیای سەوز
لێڵاوی باراناو کردوویە بە حەوز؛
لە لێواری حەوزا گوڵاڵە و بەیبوون
ساوان و ئەلەرزن لە تاو نوقوم بوون!
درەختی هەڵووژەی بەفر داپۆشیو،
دارسێوی ڕازاوە بە پۆیلانەی زیو،
هەڵاڵەی وەراندوون تەوژمی باران،
وەک بووکی ڕووت کراو کەوتوونە گریان!
لە بەرپێی نەمامی چوالەدا سەوزاو
لە ڕوومەت تکاوە ڕژاوەتە ئاو
گوڵباخی گەشاوەی گەڵا تێک شکاو
بە کوڵمیا دێتە خوار ئارەق لە گوڵاو،
وەک یاری شەرمنی دەس لە مل ئاڵاو
بە گوپچڕ، دەربازبووی شانە و قژ شێواو!
***
ئەمەیە دیمەنی پاش وەشتی نیسان:
پێ شێلی ستەمە گشت شتێکی جوان،
تا هەوری ڕووی ئاسمان دڕ ئەدا و هەتاو
ئارامیی شیرینتر ئەخاتەوە ناو!