دیمەنێکی بەهار
از کتاب:
سروشت و دەروون
اثر:
گوران (1904-1962)
1 دقیقه
2184 مشاهده
ئەم لا یەک پەڵە، ئەولا یەک پەڵە: هەوری ڕەنگاوڕەنگ؛
لە ناوەڕاستا: بەدەم ئاسۆوە ڕۆژی شۆخ و شەنگ!
سەوزەگیا پاراو، گوڵ و گوڵاڵە مەستی ڕەنگ و بۆ،
درەخت تازە شین، سەر لق ڕازاوەی گوڵ، گەڵا، چرۆ
سەرتاپای چیمەن دەرئەدا چین چین مرواریی ئاونگ،
چەشنی تارای سەوز ئەدرەوشێتەوە، لێی ئەتکێ پرشنگ
نەسیمی بۆن خۆش، کزەبای فێنک، وەک نەوای ئیلهام
سەمای جوانیی پەریی تەبیعەت دێنێتە ئەنجام!
قاسپە قاسپی کەو، نەغمەی چۆلەکە و بولبولی دەنگ خۆش
پیاڵەیی نەشئە، حەتتا بە ڕۆحی بەردیش ئەکا نۆش!
وەک بگری بەکوڵ دنیای سەرمەستی قاقای پێکەنین،
لە هەموو عاستێ فرمێسکی کانیی گەرمی هەڵقوڵین!
***
مەلی سەربنچک، پەل و پۆ ڕەنگین! خۆ من هەڵۆ نیم،
لێم مەفڕن جووت جووت، مەترسن ئاخر، پێتان بڵێم چیم:
منیش وەک ئێوە لە دنیای گەورە گەردێکم بچووک،
حەتتا ناشتوانم بفڕم، بخوێنم، بە باڵ، بە دەنووک!
بەڵام وەک ئێوە لە دڵما ئەگڕێ مەیلی سەربەستی؛
ئەمەش ئایینم وەک ئایینتانە: هەردەپەرستی!