٦

از کتاب:
لالۆ کەریم
اثر:
جمال نبز (1933-2018)
 7 دقیقه  846 مشاهده

نزیکەی سەعاتێکی پێ چوو. لالۆ هەر چرچی لنگی ڕاکێشابوو و لەبەر خۆیەوە وەک گرانەتێدار ئەیناڵاند، بەڵام لەناکاو لە دەنگێکی ئەسپایی ڕاپەڕی. کە چاوی هەڵهێنا و سەرێکی هەڵبڕی، کەسی لە دەوروپشتی خۆی نەدی جگە هاوڕێ خۆشەویستەکەی نەبێ! ئەو هاوڕێیەی کە لەناو هەموو خەڵقی ئاوایێکەدا ئەوی پەسند کردبوو. بەڵێ چاوی بە برایمەئەفەنیی مامۆستا کەوت. بیجامەیەکی ڕەنگاوڕەنگی لەبەر کردووە و جووتێ سۆلی تازەی کردووە بەسەر نوچکی پێیەوە و ئەوەندە سەری خۆی چەور کردووە، ڕۆن بە ناوچەوانیا یەتە خوارەوە و بریقە ئەداتەوە و لە ژوور سەرییەوە وەستا بوو و بە هێواش ئەیوت:

«لالۆ کەریم... هەستە! هەستە!»

برایمەفەنی لالۆی هەستاندە سەر قنگ و سەری نایە پەنا گوێی و بە چرپە پێی وت:

«لالۆ ئەوە چیت کرد خوا بتگرێ! ئەمە ڕۆژی ئەوەیە ماڵوێران! ئێمە وامان وت...! ڕاکە تا زووە دەستی ئاغا ماچ کە، دەی... تا دەری نەکردوویت لە دێکە... ئاخرشەڕ! بە خوا سوێندی لێ خواردوویت هەر ئێستە شاربەدەرت ئەکات.»

ئەمەی پێ وت و خێرا تێی تەقاند. بەجێی هێشت. لالۆ ڕەنگی زەرد هەڵگەڕا و دەستە خوێناوییەکەی هێنا بە دەموچاویا. هەموو لەشیشی خڵتانی خوێن بوو. کە سەیرێکی جلەکانی کرد، تەماشای کرد هەمووی هەلابەهەلان. کڵاو و جامانەکەی چەند هەنگاوێ دوور لە خۆی کەوتوون و سەبیلەکەی لە ئەرزەکەدا فڕێ دراوە و بووە بە سێ چوار کەرتەوە. کیسە تووتنەکەش بووە بە تۆوی ئەو ناوە. کە ئەمەی دی، نەختێک سەرسام بوو و دەستی خستە ژێر چەناگەی وردەوردە فرمێسک هاتە چاویەوە. وەخت بوو خوێنی لاجانگەکانی بشواتەوە، بەڵام دانی بە خۆیا گرت و هێزی دایە بەر خۆی و هەستایە سەر پێ و بە شەلەشەل بەرەو ماڵی ئاغا کەوتە ڕێ. هەر گەیشتە بەردەمی ماڵەکە و نەگەیشت، ئاغا لە پەنجەرەکەوە قیژاندی و وتی:

«ئا دەی بەو سەگبابە بڵێن نەیەت، کوڕە نەخڵەتابن بیەڵن خۆی بخاتە تەویلەکەوە.»

لالۆ سەرێکی بەرز کردەوە بۆ پەنجەرەکە و هەر دوو دەستی هەڵبڕی و بە دەنگێکی تاساوەوە وتی:

«ئاغا بیکە لە ڕاە خوا و مەولوود پێغەمبەرا لێم خۆش وە... ئاغا بیکە وە سنووق سەر منداڵەکانت.»

ئاغا ئەم جارە نەعرەتەیەکی لێ دا، بەڵام چۆن نەعرەتەیەک ئەو ژوورە لە تاوانا دەنگی دایەوە و وتی:

«لاچۆ سەگی سەگباب لەپێش چاوم. با گاڵ نەدەم تەواوت کەن. بە خوا شتێکی باش باشە! پیاوەتی خۆمە یەتەوە ڕێم. لاچۆ سەگبابی بێسفەت لەبەر چاوم... لاچۆ! دەی... ئا دەی کوڕە سەگەکانی تێ کەن.»

ئیتر هەر ئەوەندەی نەزانی، دوو سێ گەماڵی زلەی دڕ ئامبازی بوون و قابیان گرت. ئەویش ناچار ما هەر پێی لێ بکات، بەڵام سەگەکان هەر لێی نەبوونەوە و بە جارێک بووسەیان دا و سەربەرەوخوار بەرەدوایان نا ها لێرە ها لەمی هەتا گەیاندیانە نزیک کۆختەکەی خۆی. لەوێ، لالۆ هێزی ڕاکردنی لەبەر بڕا. لە پەڵوپۆ کەوت. ئەوانیش دەرفەتیان لێ هێنا و هەرچی قاچوقولی هەبوو، هەموو بە کەڵبە چڕیان و هێنایانە خوێن و بە شپرزەیی کوتایان بە ئەرزا.

لەو دەمەدا، بۆرە لە بەردەم کۆڵانەکەیا بێباکانە چەپۆڵەی دادابوو بە زەویا و ئاگای لەم بەزموڕەزمە نەبوو، بەڵام کە لوورەی سەگوەڕەکەی هاتە گوێ و بە دەنگییەوە هات، چاوی بە لالۆی خاوەنی کەوت وا دراوە بە ئەرزا و خوێن لە ئازای ئەندامی ئەچۆڕێ. لە پێشەوە نەختێک حەپەسا، لام وایە بڕوای بەوە نەبوو لالۆ وای لێ هاتبێ شایان ئەو پاداشە بێ. ئاخری، کە بۆی دەرکەوت لالۆیە و لالۆ و هەر ئەوە، ئیتر فووی لە دۆ نەکرد هەڵمەتی بردە سەر سەگەکان و گەمارۆی دان و پاش شەڕێکی هۆبەهۆ توانی هەر دوو سێیەکیان کەلەپارچە بکا و لەو ناوەدا بیانخات. ئینجا، دەستی کرد بە لستنەوەی خوێنەکەی قاچوقولی لالۆ کەریم و بەسەریا ئەنوسکایەوە.

زۆری پێ نەچوو، لەناکاو حەمەی دەمڕاست پەیدا بوو کە دی سەگەکانی ئاغا لەو ناوەدا کەوتوون بە کوژراوی، ئەویش نەیکردە نامەردی. هەڵیکێشایە دەمانچەکەی و دوو گوللەی نا بە بۆرەوە و خستی. بۆرە دەستی کرد بە قوڕسکاندنەوە و لقەفڕتێ و لە خوێنەکەی خۆیا گەوزی ئەدا.

ئینجا، هات بە لای لالۆ کەریموە و وتی:

«وەڕاستی لالۆ سەیەکەت لە خۆت کەرترە! ئەرێ ئەو کەرێتییە چی وو ئەمڕۆکە نواندت؟ دەک شەرمەزار وی ئاوا. جا توخوا تالەکوێر کوڕ هەسەنەگۆج ئەمەی وەکارەوە وو تۆ وا خۆتی وۆ ڕیسوا کەی؟ وەڕاست چی وۆ هاوردوویت؟ وە دیاری وە زڵفنجە زەردەت وێ؟ ... دەتۆش هەڕۆ ئەوە وەشت وێ... ئیتر، جارێ سەرناکەیتۆە وەم دێیەدا...»

بەڵام کە حەمە ئەم قسانەی ئەکرد، دەنگ لە دار و بەردەوە هات لە لالۆوە نەهات. پاش تاوێک، حەمە بەجێی هێشت و وتی:

«دەبڕۆ تۆش بیخۆ، بۆز وە لەڕی.»

لالۆ هەر وەرامی نەدایەوە و وردەوردە بە شەلەشەل خۆی کوتا بۆ کۆختەکەی و بە هەرچی حاڵێک بوو کەلوپەلەکانی پێچایەوە کە هەمووی پێخەفێک و چرایەکی ئینگلیزی و یەک دوو توورەکە و چەند قامیشەجگەرەیەک و یەک دوو پارچە بەردەئەستێ بوو. گشتی خستە ناو جاجمەکەوە و گرێیەکی توندی لێ دا و بە هەزار حاڵ و ناڵی عەلی وەشاندی بە کۆڵیا.

دوایی، بەهێواشی تاکەدەڕابەکەی هەڵگرت و نای بەدەمی دەرگاکەوە، بەڵام ئەم جارە لە دیوی دەرەوە و لەسەرخۆ کەوتە خۆی؛ بۆ ئەوەی کۆچی دوایی لەو دێیە بکات. ئەو دێیەی کە ماوەی چل ساڵی ژیانی خۆی تیا بردەسەر. چل ساڵی ڕەبەق بە هەموو خۆشی و تاڵی و شیرینییەکیەوە.

بەڵام هیچ کەسێک لە خەڵقی ئەو ئاوایییە نەچوو بە لایەوە. تەنانەت تاقە یەکێکت نەدی، ماڵئاواییی ئەو کۆچە پڕ مەینەتەی لێ بکات. وەک هەر نەیانناسیبێ، یان قەت چاویان بە چارەی نەکەوتبێ... لەبەر ئەوە، ناچار بوو بە تاقی تەنیا ڕێگە بگرێتە بەر بۆ شوێنێکی تر. کە چەند هەنگاوێک لە کۆختەکەی هات بەم لاوە، لەپڕ لە شتێک سڵەمی

یەوە. لەناکاو، چاوی بە بۆرە کەوت ئەنوزکایەوە و سەری بەرز ئەکردەوە و ئەیویست گوڕ بداتە خۆی؛ بۆ ئەوەی هەستێتە سەر پێیان وەک جاری جاران و ببێتە هاوڕێی ئەم سەفەرەی، بەڵام هەرچەندی کرد و کۆشا، پێی نەکرا ڕاست بێتەوە. هەتا ئەهات وردەوردە هێزی لەبەر ئەبڕا و ملی ئەشکایەوە، هەتا بە جارێ گیانی دەرچوو و لە جووڵە کەوت. لالۆ نەختێک بە بێدەنگی و ماتییەوە ڕوانییە سەگەکەی. ئەمجار، تەماشایەکی ئەملاوئەولای کرد. چاوی بە لادێیەکان کەوت. هەر یەکە لەسەر بانیژەی خۆی وەستابوو، بەڵام ئەو چاوەی کە گێڕای بە خەڵقەکەدا بە تەواو نەیبڕییە کەس جگە برایمەفەنی نەبێ، کە چاک چاوی تێ بڕی و تاوێک بۆی وەستا وەک گەلێک شت لە دڵیا بێ و بیەوێ هەڵیڕێژێ، بەڵام دانی بە خۆیا گرت و لە جیاتی قسە زەردەیەکی پڕ لە ئێش و ئەشکەنجە هاتە سەر لێوی و ئەمجا، بە کۆڵەکەوە پشتی لە خەڵقەکە کرد و ملی ڕێی نا. خەڵقەکەش بەسەر گوێسوانەکانەوە چاویان تێ بڕی هەتا وردە وردە لە چاو گوم بوو.