پشیلەکەم
از کتاب:
دیوانی گۆران
اثر:
گوران (1904-1962)
1 دقیقه
1030 مشاهده
میاو میاو! میاو میاو! ورد ورد ڕاکە
پشە خرپنەی دەم و لووت پاکە!
کلووە ئاوریشمی گیاندارم
چاو پیرۆزە، کلک کوڵەمارم!
ڕاکە، ڕاکە، وەرە باوەشم
لا مل هەڵسوو تێر لە لەشم!
کلکی تیسکن لوول کە و ڕەپ کە
نەرمەی دەستم گاڵتەقەپ کە
نینۆکی تیژ دەرپەڕێنە
قەی ناکا! بڕنە، بدڕێنە:
دەست و دەم و چاو و جلم
پشە، هەردوو دەست بکەرە ملم!
مووی سمێڵی شاش، لووتی سوور
بگرە بۆ ماچ ماچێنی دوور!
کە مانوو بووی لە دەست بازی
پشە، ڕاهاتووی کۆشی نازی
خۆت پەپکە دە لە سەر ڕانم،
بە پرخە پرخ، پشەکەی جوانم
لێک نێ چاوی مەیلەو شینت؛
وردە جووڵە خەوبینینت،
ئەگەرچی ڕامئەچڵەکێنێ،
بەڵام نەختە نەختە دێنێ
پرخە پرخی یەک ئاهەنگت
شێوەی کش و مات و مەنگت
بۆ چاوی منیش وەنەوزێک،
چاو لێک ئەنێم منیش تۆزێک