چەقەڵ

از کتاب:
دیوانی گۆران
اثر:
گوران (1904-1962)
 1 دقیقه  1262 مشاهده
ئەلوورێنێ...
چەقەڵی پیر ئەلوورێنێ...
بڵێسەی دوو چرای چاوی
بەرەو ئاوایی ئەکشێنێ:
لەناو تاریکاییی شەوا،
کاتێک چاوان وان لە خەوا
کاتێک سەران لەسەر سەرین
بۆ خەو ئەژین! بۆ خەو ئەژین!
چەقەڵ! چەقەڵ! چەقەڵی پیر!
بە لوورە لوور
هاتووی لە دوور،
لەکام کەتنا کول ئەکەی بیر؟
دانت لە گۆشت مریشک جیڕە،
یان کەڵەشێر...؟
یان خەریکی ئەکەی زیڕە
بۆ کولێنی پڕ خێر و بێر؟
یان قەپۆز ئامادەی قەپی
بۆ قۆزتنەوەی کۆتری سپی؟
چەقەڵی پیر! چەقەڵی گەڕ!
بیری پووچی ناو مێشکی لەڕ
لە سەر دەرکە،
خۆت بەس کەر کە!
وا خەریکە: شەبەق ئەدا،
کەڵەشێر بانگی حەق ئەدا،
خاوەن کولێن، وریا و بێدار،
باڵی هەڵماڵیوە بۆ کار،
کۆتر ئەفڕێ و مژدەی ئاشتی
جاڕ ئەدا بە درێژیی گەشتی!
ئیتر چەقەڵ!
تاک یان کۆمەڵ:
شۆڕ کەنەوە کلک بۆ ناوگەڵ،
بکشێنەوە بەرەو شەخەڵ،
بڕۆن، خوای شەیتانتان لەگەڵ!